پینجی خه‌رمانان و خه‌رمانێک به‌رهه‌می به‌رچاو! توێکردنێکی وردی زانستیانه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی مه‌نتیقیانه‌ی هه‌ل و مه‌رج و قۆناغ، له‌ بیرو میشکی مرۆڤی زانا و خه‌باتگێڕ و ده‌ربه‌ست به‌ مافه‌کانی مرۆڤ و دابین کردنی ئازادی و سه‌ربه‌ستی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان و نه‌هێشتنی دواکه‌وتوویی و ژێر ده‌ستی و هه‌ژاری و دیلیه‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌کرا و له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ و رێکخراوێکی سه‌ر به‌خۆی بڕیارده‌ر و خۆراگر و به‌ ده‌ربه‌ست و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و پرینسیبی سیاسی دیموکرات خواز و فیداکاردا خۆی نواند . هه‌ر دوابه‌دوای خۆناساندن و بڵاوکردنه‌وه‌ی یه‌که‌م راگه‌ێندراوی ئه‌م رێکخراوه‌، جه‌ماوه‌ری کورده‌واری به‌ هه‌موو چین و توێژه‌کانیه‌وه‌ له‌ ده‌وری کۆبونه‌وه‌ و له‌ ماوه‌ێکی کورتدا بوه‌ یه‌کێک له‌ لایه‌نه‌ به‌رجاوه‌کانی کوردستانی و له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی خه‌بات بۆ وه‌دی هێنانی مافه‌ زه‌وتکراوه‌کانی کورد دا له‌ هیچ چه‌شنه‌ فیداکاری و دڵسۆزێک بۆ نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان کۆتایی نه‌کرد.
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران له‌ ره‌وتی به‌ره‌وپیش چون و هه‌ڵدان و پیگه‌یشتنی خویدا، گه‌لیک قۆناغ و هه‌ل و مه‌رجی دژوار و زۆر هه‌وراز و نشێوی بڕیون و به‌ سه‌ر زۆر که‌ند و کۆسپ دا زاڵ و سه‌رکه‌وتووبوه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ره‌سه‌نایه‌تی بیر و باوه‌ڕ و هه‌ڵبژاردنی گونجاوترین خه‌ت و رێبازی سیاسی و خوێندنه‌وه‌ێکی سه‌رده‌میانه‌ی رووداوه‌کان و راستگۆیی و خۆ گونجاندن له‌ گه‌ڵ ویست و داخوازیه‌کانی گه‌ل و شۆڕش و فیداکاری پێویستی رۆڵه‌ به‌ شه‌ره‌فه‌کانی ئه‌م رێبازه‌ و ژیری و وردبینی سه‌رکردایه‌تی و گۆڕانکاری به‌رده‌وام له‌ شێوه‌ی کار و چاڵاکی سیاسه‌ت و ره‌وتی کاری ئه‌م رێکخراوه‌دا نه‌بوایه‌، سازمانی خه‌باتیش وه‌ک زۆر لایه‌ن و جه‌ریانی تر،چ کوردی و چ غه‌یره‌ کوردی، که‌ نه‌ک هه‌ر نه‌یان توانی خۆراگرن و بوونی خۆیان بپارێزن، به‌ڵکو هه‌ر ئاسه‌واریشیان نه‌ما و له‌ بیر جه‌ماوه‌ر و ته‌نانه‌ت دامه‌زرێنه‌ر و په‌یڕه‌وانیشیان چوونه‌وه‌، ئاسه‌واری نه‌ده‌ما و خوێن و ره‌نجی شه‌هیدان و دڵسۆزانی به‌ فیڕۆ ده‌چوو!. به‌ڵام کاتێک که‌ داوا و رێباز و بیر و باوه‌ڕ ره‌سه‌ن و، به‌ڕێوه‌به‌ری دڵسۆز و ژیر و ، کادر و به‌ده‌نه‌ فیداکار و تێگه‌یشتوو بوون ، به‌رده‌وامی و به‌ره‌و پێشچوون و هه‌ڵدان و پێشکه‌وتن و پێگه‌یشتن و هاو ته‌ریب بوون له‌ گه‌ڵ ره‌وتی به‌ره‌و پێشچوونی رووداوه‌کان و هاوئاهه‌نگی و سه‌رئه‌نجام یه‌ک ده‌نگی و هاو هه‌ڵوێستی له‌ گه‌ڵ لایه‌نی تری هاوبه‌ش و هاو ئامانج دا، مسۆگه‌ر ده‌بێ و که‌س ناتوانێ به‌ر له‌ راستی و ره‌وایی و هه‌وڵ و تێکۆشانێ وه‌ها رێکخراو و لایه‌نێک بگرێ.! که‌ به‌ خۆشیه‌وه‌ سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران ، خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و پرێنسیب و خاڵه‌ ئه‌رێنیانه‌یه‌ که‌ ده‌بێ لایه‌ن و رێکخراوێکی کوردی ره‌سه‌ن و خه‌باتگێڕ بۆ رزگاری گه‌ل و ئاوه‌دانی و پێشکه‌وتنی نیشتمان هه‌یبێ.! ئه‌وه‌ی که‌ده‌بێ به‌ بێ له‌ خۆبایی بوون په‌یڕه‌وان و هاوباوه‌ڕانی رێبازی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران شانازی پێوه‌بکه‌ن ، ئه‌و بیر و باوه‌ڕه‌ بێخه‌وشه‌ کوردایه‌تیه‌ خۆماڵیانه‌ و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و ئاشتیخوازانه‌یه‌ که‌ داوی 28 ساڵ به‌ بێ دوودڵی و ماندوو بوون، په‌ره‌ی پێ ده‌درێ و قۆناغ له‌ دوای قۆناغ به‌ پێی پێداویستی سه‌رده‌م و هاوته‌ریب له‌ گه‌ڵ ئاڵ و گۆڕه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌ییه‌کان ، په‌ره‌ی پێداراوه‌ و ره‌نگ و بۆی سڵ کردن و نامۆیی لێ که‌م و کاڵ کراوه‌ته‌وه‌ و له‌ چوار چێوه‌ی ته‌سکی ئیدئۆلۆژی قۆرغ کراو دا هێندراوه‌ته‌ ده‌ر و شان به‌ شانی لا‌یه‌نه‌ جێ باوه‌ڕ و متمانه‌کانی تری سه‌ر گۆڕه‌ پانی سیاسی و خه‌باتی ره‌وای کوردایه‌تی بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان ده‌وری به‌ر چاوی هه‌یه‌. به‌ جۆرێک که‌ له‌ باس و خواس و رووداوه‌کان دا خاوه‌ن ده‌نگ و ناوه‌ و به‌ ئیقراری به‌شیکی زۆر له‌ وانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌تای دروست بوونی دا نه‌یاریان ده‌کرد و رێگه‌یان له‌ په‌ره‌گرتنی ده‌گرت ، یه‌کێک له‌ رێکخراوه‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست و ده‌نگه‌کانه‌ و ناکرێ له‌ په‌راوێز خرێ و له‌ معاده‌لاته‌ سیاسیه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی شۆڕشی ره‌وای کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا ده‌ر هاوێژرێ.
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران وه‌ک رێکخراوێکی خاوه‌ن باوه‌ڕی قوڵ به‌ دیموکراسی و مافی مرۆڤ به‌ گشتی و بیری ئازاد و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، رێگای خه‌باتی ره‌وای خۆی به‌ره‌و مه‌نزڵگای سه‌که‌وتن گرتۆته‌ پێش . رێڕه‌و و رێبازێکی وای ده‌ست نیشان کردوه‌ که‌ بۆته‌ مایه‌ی دڵخۆشی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ له‌خه‌می نه‌ته‌وه‌ و نیشتان دان . ئه‌مه‌ش نیشانه‌ێکی به‌رچاوی تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتنی بیر و تێرامانی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی سازمانی خه‌باته‌ هه‌ر له‌ سه‌رکردایه‌تیه‌وه‌ تا به‌ده‌نه‌ی، که‌ زۆر بوێرانه‌ و ژیرانه‌ هه‌ل و مه‌رجه‌ سیاسیه‌کان له‌ کات و شوێنی خۆیدا تاوتوێ ده‌که‌ن و به‌ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رده‌میانه‌ی رووداو و ئاڵ و گۆڕه‌کان، نایانه‌وێت له‌ رێڕه‌وی کاروانی به‌ره‌و پێشچوون دووره‌ په‌رێز بوه‌ستن و له‌ په‌راوێز خرێن و ته‌ریک بکه‌ونه‌وه‌.! ئه‌وه‌ی که‌ بۆ ئێمه‌ی خه‌باتی ، وه‌ک خه‌مخۆرانی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌ت و به‌نه‌ته‌وه‌یی کردنی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی کورد جیگای شانازیه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ، سازمانه‌که‌مان سه‌ره‌رای زۆر گیر و گرفتی سه‌ر رێگامان ، دوابه‌داوی کۆنگره‌ی سێهه‌م و سه‌رله‌نوێ رێکخستنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌کانی سازمان و دیاری کردنی ریزێک به‌رنامه‌ و گه‌ڵاڵه‌ دارشتن بۆ کار و چالاکی و خۆ تووند و تۆڵ کردنه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بڕیاره‌ به‌ جێ کانی کۆنگره‌ ، هه‌موو دڵسۆزان وخاوه‌ن باوه‌ڕانی رێبازی شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کانمان له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ ، چ له‌ ناخۆی کوردستان و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ،یه‌ک هه‌ڵویست و بۆ یه‌ک مه‌به‌ست ، به‌ بڕیار و باوه‌ڕێکی پته‌و و به‌ بێ دوودڵی له‌ قاڵب و چوار چێوه‌ی کومیته‌ و به‌ شێوه‌ێکی ریزبه‌ندی ته‌شکیڵاتی ، که‌وتنه‌ کار بۆ هه‌رچی زیاتر په‌ره‌ پێدان و به‌ره‌و پێشبردنی سازمان و خزمه‌تکردن به‌ بزاڤی ره‌وای گه‌له‌که‌مان له‌ به‌ر تیشکی رێباز و بڕیاره‌کانی کۆنگره‌ی سێهه‌می سازمان دا. له‌ماوه‌ی یه‌ک ساڵی رابردوو دا گه‌لێک کار و چالاکی به‌رچاو له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ولات به‌رێوه چوون و سازمانی خه ب‌ات به‌ پێی توان و بۆ کران و بگره‌ تاراده‌ێک زیاتر له‌وه‌ش به‌شداری هه‌ر چه‌شنه‌ چالاکێکی سیاسی و پشتیوانی له‌ هه‌ر حه‌ره‌که‌تێکلی جه‌ماوه‌ری له‌دژی دژمنانی گه‌ل ، نه‌ک هه‌ر له‌ رۆژهه‌ڵات کوردستان بگره‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری کوردستاندا کردوه‌ و کورد و کوردستانی به‌ یه‌ک زانیوه‌ و کێشه‌ی کوردی له‌ کوردستانی به‌رین دا به‌یه‌ک کێشه‌ چاو لێکردوه‌. به‌ شێوه‌ێکی زۆر تۆکمه‌ و ته‌واو له‌ هه‌وڵی به‌ نه‌ته‌وه‌یی کردنی کێشه‌ی روای کورد دابوه‌ و بۆ پێک هێنانی به‌ره‌، یان لانی که‌م وه‌دی هێنانی که‌ش و هه‌واێکی دۆستانه‌ و هاوکاری و هاو هه‌ڵوێستی له‌ نێوان هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسی و شۆڕشگێڕه‌کانی کوردستان به‌گشتی و رۆژهه‌لاتی کوردستان به‌تایبه‌تی دا له‌ هه‌وڵ دابوه‌، که‌ ئه‌م هه‌وڵ و تێکۆشانانه‌ له‌م پێناوه‌ پیرۆزه‌دا به‌رده‌وامن و تا گه‌یشتن به‌ ئاکامێکی شیاو و پاشانیش بۆ پاراستن و گه‌شه‌ پێدانی هه‌ر ده‌ستکه‌وتێک له‌م باره‌وه‌، له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ شۆڕشگێڕانه‌یه‌ی سوور ده‌بێ و ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ ساڵی راردوو دا سازمانی خه‌بات توانیویه‌تی به‌ هه‌وڵ و تێکۆسانی دڵسۆزانی خۆی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ ژێر رێ نوێنی سه‌رکردایه‌تی سازمان دا له‌ چه‌ندین وڵاتی ده‌روه‌ وه‌ک: سوئێد ، نۆروێژ، کانادا، فنلاند ، کومیته‌ی چالاک و کارامه‌ دامه‌زرێنێ که‌ هه‌رئێستا ئه‌و کومیتانه‌ به‌شێوه‌ێکی کارامه‌ و چالاک کارده‌که‌ن و زۆر لێزانانه‌ و سه‌رکه‌وتوانه‌ سیاسه‌ت و ئامانجه‌کانی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران ، ده‌گه‌یننه‌ ده‌ستی دۆستان و خه‌مخۆرانی بزاڤی ره‌وای گه‌له‌که‌مان و له‌م پێناوه‌ دا گه‌لێک دۆست و هاوکار و خه‌مخۆریان له‌ ناو گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ لێیان نیشته‌جێن پریداکردوه‌. سه‌ره‌رای هاوکاری و لێک نزیکی و به‌ڕێوه‌بردنی زۆر چالاکی به‌رچاو و پێویستی نه‌ته‌وه‌یی له‌ لایه‌ن کومیته‌کانی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران له‌گه‌ل کومیته‌کانی سه‌ربه‌ لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌، یه‌کێکی تر له‌ ده‌ستکه‌وتی هه‌وڵ و تێکۆشسانی کومیته‌کانی ئۆروپای سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران، ده‌رکردنی گۆڤارێکی وه‌رزی گشتییه‌ به‌ ناوی ،،گۆڤاری ســاوان،، که‌ له‌ ماوه‌ێکی زۆر که‌می ته‌مه‌نی ئه‌م گۆڤاره‌دا، توانیویه‌تی به‌شێوه‌ێکی به‌رچاو له‌ لای خوێنه‌رانی له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی کوردستاندا، جێگای خۆی بکاته‌وه‌ به‌ شیوه‌ێکی وا که‌ 45 له‌ سه‌دی بابه‌ته‌کانی ئه‌م گۆڤاره‌، چ سیاسی و چ ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و چ کۆمه‌ڵایه‌تی ، له‌ لایه‌ن دۆستان و دڵسۆزانی ناوه‌وه‌ ده‌نووسرێن . که‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی شانازیه‌کی گه‌وره‌ه و ده‌ستکه‌وتێکی باییداره‌ بۆ سازمانی خه‌بات که‌ توانیویه‌تی له‌ سه‌نگه‌ری رووناکبیریه‌وه‌ هه‌ڵگرانی چه‌کی قه‌ڵه‌م بۆ شۆڕشی رۆژنامه‌گه‌ری کوردی له‌ ده‌وری یه‌ک وه‌کۆ کا و له‌ خه‌می ئه‌وبه‌شه‌ له‌ خه‌باتی ره‌وای چێنن و توێژه‌کانی گه‌ل دابێ!. له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ده‌ست راگه‌یشتن به‌ کۆڕ و کۆمه‌ڵانی کورده‌واری له‌ ناو خۆی کوردستان دا ، سازمانی خه‌بات توانیویه‌تی به‌ هۆی که‌ڵک وه‌رگرتنی زانستیانه‌ له‌ که‌ره‌سته‌ و ئامرازه‌کانی راگه‌یاندن و پێوه‌ندی گرتن، به‌تایبه‌ت تۆڕه‌کانی ئینتڕنێته‌وه‌، پێوه‌ندێکی تۆکمه‌ و ته‌واوی به‌ کۆمه‌لانی کورده‌واریه‌وه‌ هه‌بێ و نه‌ک هه‌ر رێکخستنه‌کانی پێشوی نۆژه‌ن و چالاک کردۆته‌وه‌ ، بگره‌ به‌شێوه‌ێکی به‌رچاو له‌ ناو هه‌موو چین و توێژه‌کاندا رێکخستنی چالاک و کارامه‌ی دامه‌زراندوه‌ که‌ پێوه‌ندی به‌رده‌وامیان به‌ ئۆرگان و ناوه‌نده‌ پێوه‌ندیداره‌کانی سازمانه‌وه‌ هه‌یه‌ و رۆژ له‌ دوای رۆژ له‌ زیاد بوون و گه‌شه‌ و نه‌شه‌دان.
لێره‌دا وێڕای دستخۆشی له‌ هه‌موو دڵسۆزانی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران ، رۆژی پێنجی خه‌رمانان، 28 هه‌مین ساڵرۆژی دامه‌زراندنی سازمانی خه‌بات به‌ هه‌موو ئه‌ندام و لایه‌نگران و دۆستانی، پیرۆزبایی ده‌لێم و سڵاو ده‌نێرم بۆ گیانی به‌رز و پیرۆزی شه‌هیدان و سه‌ری رێز بۆ بنه‌ماڵه‌ و که‌س و کاریان داده‌نه‌وێنم.سڵاو ده‌نێرم بۆ زیندانیانی سیاسی و قه‌ڵافه‌تی مێرانه‌ی چلاکانی سیاسی و شۆڕشگێڕانی رێگای رزگاری نێشتمان و خاوه‌ن هه‌ڵوێستانی به‌ باوه‌ڕ له‌ ئامێزی خۆشه‌ویستی ده‌گرم . وه‌ک رێبوارێکی رێگای شه‌هیدان و ئه‌ندامێکی خاوه‌ن ئه‌رک و به‌ڵێنده‌ر له‌ پێناو هه‌رچی زیاتر گه‌شه‌ و نه‌شه‌ی سازمان ، روو ده‌که‌مه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ خۆیان به‌ دڵسۆزی شۆڕش و هه‌ڵگری بیری به‌ نه‌ته‌وه‌یی کردنی خه‌باتی رره‌وای گه‌لی کوردن و له‌ روانگه‌ی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێرانه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئاسۆی رزگاری نه‌ته‌وه‌که‌مان، ده‌که‌م و ده‌ڵێم: وه‌رن با بیره‌ووری 5ی خه‌رمانان بکه‌ینه‌ وزه‌و تین بۆ هه‌وڵ و تێکۆشانمان له‌ پێناو خه‌باتی ره‌وای گه‌له‌که‌ماندا. وه‌رن با به‌ بێ دوودڵی و چاوله‌دوواییک، چاکی دڵسۆزی لێ به‌لادا که‌ین و هه‌ر کام له‌ به‌ر خۆمانه‌وه‌ به‌ پێی گه‌ڵاڵه‌ و به‌رنامه‌ی دیاری کراو له‌ به‌ر رووناکی رێ و شوێن و بڕیاره‌کانی سازمان دا، ده‌ست بده‌ینه‌ ده‌ستی یه‌ک و چی له‌م پێناوه‌دا له‌ده‌ستمان دێ کۆتایی نه‌که‌ین. دڵنیا بن هه‌موومان به‌ هاوکاری و هاو فکری یه‌کتری ده‌توانین به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌ت بکه‌ین و رووحی شه‌هیده‌کانمان شاد و شانازی بۆ خــۆمان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین!. به‌رز و پیرۆز بێ پێنجی خه‌رمانان،ئه‌ستێره‌ی پێنج په‌ڕی ئاسمانی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان. بژی کورد، ئازاد و ئاوه‌دان بێ کوردستان.!












ڕێکه‌وت: 2008-08-26 13:30:09
به‌شی: ( وتاره‌کان )
رێبـــوار حسێنی ــ وڵاتی سوئێد





سیاسی