له‌یادى شه‌هیدان مامۆستا ئارام و هاورِێیانیداهه‌ژاران به‌ تینى هه‌تاو له‌شیان گه‌رم داده‌هات، به‌رخ و كارى ساوا هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زیان بوو به‌و سروشته‌ رازاوه‌ شادییان ده‌گێرِا.
كیژ و كورِانیش دڵخوش بوون به‌وه‌ى له‌ به‌هاردا به‌ كه‌ژ و كێودا دێن و ده‌چن له‌ گه‌ڵ هه‌ڵكه‌ندنى كه‌نگر و گێلاخه‌ و چاوتووتكه‌ و گژوگیا هه‌واى بێگه‌ردى به‌هاریان هه‌ڵده‌مژى و سۆزیان ده‌كرد.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا شارى بۆكانى رازاوه‌ى مه‌كۆى ئه‌دیبانى كوردپه‌روه‌ر وه‌ك زۆر شارى نیشتمان به‌ هێزى رژیمى ئاخوندى ئابڵۆقه‌ درابوو, شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كانى پارێزه‌رى سته‌م وتاریكى ژیانیان له‌ خه‌ڵك تاڵ كردبوو. له‌ به‌رانبه‌ردا پێشمه‌رگه‌ دلێره‌كان پارێزه‌رى نیشتمان, هه‌ڵو به‌رزه‌فرِه‌كانى كوردستان, رۆڵه‌ دڵسۆزه‌ پاك و بێ گه‌رده‌كانى سازمانى خه‌بات به‌گژ دژمندا ده‌هاتنه‌وه‌. هه‌ر له‌و پێوه‌نده‌دا, ته‌شكیلاتى بۆكانى سازمانى خه‌بات ى كوردستانى ئێران به‌ رێبه‌رایه‌تیى مامۆستا سه‌ید عه‌بدوللا ئارام ده‌ورێكى كاریگه‌ر و به‌رچاوى هه‌بوو له‌ ووشیار كردنه‌وه‌ى زیاترى جه‌ماوه‌ر و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانى رژیم و خۆفرۆشان له‌ ناوچه‌ى بۆكان. مامۆستا سه‌یدعه‌بدوللا ئارام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌ندامى كومیته‌ى ناوه‌ندى سازمان و به‌رپرسى ته‌شكیلاتى بۆكان بوو, له‌ هه‌مان كاتدا له‌ مه‌یدانى نه‌به‌رد له‌ به‌رانبه‌ر دژمنى غه‌داردا له‌ هیچ سڵى نه‌ده‌كرده‌وه‌, هه‌روه‌ها له‌ پاریزگارى له‌ سازمانى خه‌بات له‌ به‌رانبه‌ر نه‌یاران دا فیداكارى ده‌كرد و له‌كاتى رووبه‌رووبوونه‌وه‌دا پێشه‌نگى هێرش به‌ران بوو.
تێكۆشه‌ران وشه‌هیدانى وه‌ك ماموستا سه‌ید عه‌بدوللا ئارام, شه‌هید مام سلیمان سلیمانژاد, شه‌هید كاك عوسمان عه‌بو و شه‌هید كاك محه‌مه‌دشینانى, شه‌هید كاك سادق زندى, شه‌هید حوسین ساحبنه‌زه‌, شه‌هید كاك مه‌حمه‌د خالیدى و ده‌یان شه‌هیدى خۆشه‌ویست وقاره‌مان به‌خوێنى پاكیان سه‌نه‌دى حه‌قانیه‌ت و ره‌وای سازمانى خه‌بات وجولانه‌وه‌ى ئازادیخوازیى كوردستانیان مۆر كرد و به‌ خۆراگرییان له‌ به‌رانبه‌ر نه‌ویستانى سازمان و پاوانخوازاندا وێستان و سه‌نگه‌ریان به‌رنه‌داو پاریزگاریان له‌ بوونى سازمان ده‌كرد.
داخ و هه‌زاران داخ, ماموستا سید عه‌بدولا ئارام و هاورِێیانى له‌ شانزده‌ى خاكه‌لێوه‌ى ساڵى ١٣٦١ له‌دواى ئه‌وه‌ى خۆفروشێك شوێنى مانه‌وه‌یان به‌ هێزه‌كانى رژیم راده‌گه‌یێنێ, ده‌كه‌ونه‌ ئابڵوقه‌ى دژمنه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى مقاومه‌ت و ئازایه‌تێیكى كه‌م وێنه‌یان نیشان دا و ژماره‌یێكى به‌رچاو له‌ هێزه‌كانى رژیمیان به‌ سزا گه‌یاند, تێكه‌ڵ به‌ كاروانى شه‌هیدانى پرِ رێبوارى ئازادیخوازى و سازمانى خه‌بات ى كوردستانى ئێران بوون.
هه‌زاران سلاو له‌ روحى پاكى شه‌هید ماموستا سه‌ید عه‌بدوللا ئارام و هاورِێیانى شه‌هیدانى یه‌كشه‌وه‌ و تێكرِاى شه‌هیدانى سازمانى خه‌بات و شه‌هیدانى كوردستان.

ڕێکه‌وت: 2009-05-01 15:27:29
به‌شی: ( وتاره‌کان )





سیاسی