خه‌ڵكى كوردستان به‌شێوه‌یێكى یه‌كگرتووانه‌ شانۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى رژیمیان بایكوت كردله‌ شاره‌كانى ورمێ، سه‌ڵماس و ناوچه‌ى ته‌رگه‌ور و مه‌رگه‌ور ژماره‌یێكى زۆر كه‌م كه‌ به‌ زۆرى حه‌لقه‌ له‌ گوێ رژیم وون به‌شداریان كردوه‌.
به‌ پێى هه‌واڵه‌كان خه‌ڵكى شارى سه‌قز به‌ شێوه‌یێكى گشتى خۆیان بوارد له‌ چوونه‌ سه‌ر سندووقه‌كانى ده‌نگدان و زۆرێك له‌ خه‌ڵك چوونه‌ته‌ سه‌یرانگاكانى ده‌ره‌وه‌ى شار و بایه‌خێكیان به‌ شانۆى هه‌ڵبژاردن نه‌داوه‌.
وه‌ك ده‌گووترى له‌ بنكه‌كانى مه‌دره‌سه‌ى سه‌عدى، مه‌دره‌سه‌ى مسته‌فاى خومه‌ینى زۆرترین كه‌س به‌شدارى كردوه‌ كه‌ ژماره‌یان نه‌گه‌یشتۆته‌ ١٠٠ كه‌س. هه‌روه‌ها هێزه‌كانى رژیم له‌م شاره‌دا له‌ حاڵه‌تى ئاماه‌باشی دا بوون.
له‌ بنكه‌كانى گه‌ره‌كى شاناز، مه‌دره‌سه‌ى لاله‌هاى انقلاب، ستوده‌، بێهداشتى به‌هارستان و سه‌لاحه‌دینى ئه‌یوبی و مه‌دره‌سه‌ى ٧ى تیر، شه‌قامى حافز، مه‌دره‌سه‌ى فاتیمه‌ى زارا، كۆمیته‌ى ئیمدادى خومه‌ینى، هۆڵى فه‌همیده‌ ژماره‌یێكى زۆر كه‌م له‌ شانۆى رژیمدا به‌شداریان كردوه‌ و ئه‌وه‌ى به‌شدارى كردوه‌ كارمه‌ند و مۆره‌كانى رژیم بوون.
به‌ پێى هه‌واڵ خه‌ڵكى شارى نه‌ه‌غه‌ده‌ و ده‌ورووبه‌رى، هیچ بایه‌خێكیان به‌ شانۆى هه‌ڵبژاردنى رژیم نه‌داوه‌ و ته‌نیا مۆره‌كانى رژیم له‌ سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان دا بیندراون. به‌شدارى نه‌كردنى خه‌ڵكى نه‌غه‌ده‌ له‌و شانۆیه‌ى رژیم له‌ حاڵێكدا بوو كه‌ هێزه‌كانى رژیم هه‌وڵى زۆریان ده‌دا خه‌ڵك ببه‌نه‌ بنكه‌كانى ده‌نگدانه‌وه‌.
له‌ ره‌وانسه‌ره‌وه‌ هه‌واڵمان پێ گه‌یشتووه‌ كه‌ سندوقه‌كان له‌ ئیداره‌ى رێ و بانكى میلله‌ت و مزگه‌وتى جامێعه‌ ژماره‌یێكى زۆر كه‌م خه‌ڵكى تێدا بووه‌ و زۆرێك له‌ خه‌ڵك یان له‌ شار چوونه‌ته‌ ده‌ر یان ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ ماڵه‌كانیان نه‌هاتوونه‌ ده‌ر.
به‌شدارى نه‌كردنى خه‌ڵكى ئه‌و شاره‌ له‌ شانۆى هه‌ڵبژاردنى رژیمدا بێ وێنه‌ بووه‌، هێزه‌كانى رژیم هه‌وڵیان داوه‌ كه‌ به‌ زۆر و هه‌رِه‌شه‌، مووچه‌خۆره‌كان ببه‌نه‌ بنكه‌كانى ده‌نگدان به‌لام خه‌ڵك ئاماده‌ى به‌شدارى له‌و شانۆیه‌دا نه‌بوون.
به‌ پێى هه‌واڵى گه‌یشتوو له‌ سنه‌، سندوقه‌كانى ده‌نگدان له‌ گه‌ره‌كه‌كانى حه‌سه‌ن ئاوا و غه‌فوور، موبراه‌ك ئاوا و مه‌یدانى كوهنه‌وه‌رد، گه‌ره‌كى ئاقا زه‌مان، فه‌رجه‌، كارئاموزى، كانى كوزه‌ڵه‌، عه‌باس ئاواى سه‌ر و خوار، به‌هاران، وه‌كیل، بوار خوسره‌و ئاوا، شه‌قام سه‌فه‌رى، شه‌قامى مه‌ردوخ، ده‌رمانگاى ئیمام شافێعى، مه‌دره‌سه‌ى سه‌ره‌تاى گوركانیان نژاد و مه‌دره‌سه‌ى مه‌لا سه‌درا به‌ شێوه‌یێكى گشتى چۆڵ بووه‌ خه‌ڵكێكى كه‌م له‌و بنكانه‌دا ده‌بیندران.
له‌ دێكانى بێساران عه‌نبربزان و چه‌ند دێى سه‌ر به‌و شاره‌ به‌ شێوه‌یێكى به‌رچاو هه‌ڵبژاردن كراوه‌. مزگه‌وتى جامێعه‌ى ئه‌و شاره‌ یه‌كێك له‌ بنكه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى ده‌نگدان بووه‌ كه‌ جوێ له‌ پاسدار و عاڵقه‌له‌ گوێكانى رژیم كه‌سی دیكه‌ نه‌بیندراوه‌.
له‌ مه‌هاباد پێشنیوه‌رۆى هه‌ینى بنكه‌كانى شانۆى هه‌ڵبژاردن له‌ مه‌دره‌سه‌كانى دانش و خوله‌فاى راشدین زه‌ویه‌كانى شاردارى، گه‌ره‌كى باغى سیسه‌، مه‌دره‌سه‌ى باغى لاله‌ له‌ شاره‌كى مه‌هاباد، مه‌دره‌سه‌ى حه‌سه‌ن زاده‌ له‌ مه‌یدانى ئیستقلال خه‌ڵكێكى زۆر كه‌مى تێدا بینراوه‌.
بایكوتى شانۆى هه‌ڵبژاردن له‌م شاره‌دا به‌ باشى به‌رێوه‌چووه‌ و خه‌ڵك خۆیان بورادوه‌ له‌ چوونه‌ بنكه‌كانى ده‌نگدان و ته‌نیا مۆره‌كانى رژیم و پاسداران له‌و بنكانه‌دا بینراون.
هه‌ر چه‌ند هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانى رژیم هه‌وڵیان داوه‌ خه‌ڵك ببه‌نه‌ پاى سندوقه‌كان به‌لام خه‌ڵكى شۆرشگێرِى مه‌هاباد هیچ بایه‌خێكیان نه‌دا به‌ هه‌وڵه‌كان و شانۆى رژیم.
به‌ پێى هه‌واڵ بنكه‌كانى شانۆى هه‌ڵبژاردن له‌ شارى سه‌رده‌شت چۆڵ بووه‌ و خه‌ڵك به‌شداریان نه‌كردوه‌ و به‌ زۆرى به‌سیجیه‌كان له‌و بنكانه‌دا بینراون و زۆربه‌ى خه‌ڵك بایه‌خیان نه‌داوه‌ به‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ و داواى سه‌رانى رژیم بۆ به‌شدارى.
به‌ پێى هه‌واڵ زۆربه‌ى دێكانى سه‌رده‌شتیش هه‌مان هه‌ڵوێستى شۆرشگێرِانه‌یان بووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ شانۆى هه‌ڵبژاردن.
له‌ شارى مه‌ریوان و ده‌ورووبه‌رى له‌وانه‌ دێكانى چوور و نه‌نه‌ و ئاڵمانه‌ بایكوتى شانۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن خه‌ڵكى ئه‌و شاره‌وه‌ به‌ شێوه‌یێكى به‌رچاو به‌رێوه‌چووه‌. بنكه‌كانى ده‌نگدان بریتی بوون له‌ گه‌ره‌كى تازاوا ، شاره‌كى كانى دینار، جوجه‌ سازى و نێ جوێ له‌ كه‌سانى به‌سیج و سه‌ربه‌ رژیم كه‌سی دیكه‌ى تێدا نه‌بیندراوه‌.
هه‌روه‌ها هێزه‌كانى رژیم به‌ شێوه‌یێكى به‌ربلاو خه‌ریكى گه‌ران بوون له‌ شاردا.
هه‌واڵه‌كان له‌ پیرانشار ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌ن كه‌ جوێ له‌ هێندێ كارمه‌ند و مۆره‌ى رژیم و پاسدار، كه‌س نه‌چۆته‌ بنكه‌كانى ده‌نگدان و ئه‌و بنكانه‌ به‌ شێوه‌یێكى به‌رچاو چۆڵ بوون.
سندوقه‌كانى ده‌نگدان له‌ كرماشان كه‌ له‌ گه‌ره‌كه‌كانى ٦ى به‌همه‌ن، مه‌یدانى فرده‌وسى، مه‌یدانى قودس، كه‌سرا، شاردارى پێشوو، ئاوه‌دانى مه‌سكه‌ن، موسه‌دیق، كارمه‌ندان، موعه‌لیم و باقى بنكه‌كانى دیكه‌ى شار خه‌ڵك به‌ شێوه‌یێكى كه‌م به‌شداریان كرد و زۆربه‌ى خه‌ڵكى ئه‌و شاره‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بایكوت كرد.
به‌ پێى هه‌واڵ له‌ كرماشان خه‌ڵكى شۆرشگێرى ئه‌و شاره‌ به‌رنگارى هێزه‌كانى ئینتزامى رژیم بوونه‌وه‌ و بۆ ماوه‌ى چه‌ند ده‌م تێكگیران له‌ نێوان خه‌ڵكى ئه‌و شاره‌ و هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانى رژیم به‌رێوه‌ چوو.
شانۆگه‌رى رژیم له‌ شارى بانه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكى ئه‌و شاره‌وه‌ گرینگى پێ نه‌درا و به‌ شێوه‌یێكى یه‌كگرتووانه‌ ئه‌و شانۆگه‌ریه‌یان بایكوت كرد.
به‌ پێى هه‌واڵ بنكه‌ى ده‌نگدان له‌ ئیداره‌ى سه‌بت ئه‌حواڵ، بارهێنان و په‌روه‌رده‌، مانگى سوور، مه‌دره‌سه‌ى نمه‌كى، جیهاد، مه‌دره‌سه‌ى حیجاب، سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان و مه‌دره‌سه‌ى پیرموراد ژماره‌یێكى یه‌كجار كه‌م خه‌ڵكى تێدا بیندراوه‌، و له‌ دێ كانى بۆیه‌ن و ئارمه‌رده‌ ژماره‌ى ده‌نده‌ران له‌ ٢٠٠ كه‌س تێ نه‌په‌ریوه‌.
به‌ پێى هه‌واڵى گه‌یشتوو له‌ كامیارانه‌وه‌، خه‌ڵكى كامیاران و ده‌ورووبه‌ر به‌ شێوه‌یێكى به‌رچاو خۆیان بوواردوه‌ له‌ به‌شدارى كردن له‌ شانۆى هه‌ڵبژاردنى رژیمى ئاخوندى. سندوقه‌كانى ده‌نگدان له‌ كانونى ئیرشادى ئیسلامى، كانوونى فاتیمه‌ و ده‌بیرستانى غه‌فارى و دێى مه‌رزه‌وانى چۆڵ و هۆڵ بووه‌.
به‌ پێى هه‌واڵێك كه‌ له‌ شارى بۆكانه‌وه‌ پێمان گه‌یشتووه‌ خه‌ڵكى نیشتمان په‌روه‌رى ئه‌و شاره‌ نه‌ك هه‌ر به‌شداریان له‌ شانۆى هه‌ڵبژاردنى رژیمدا نه‌كردوه‌ بگره‌ به‌ شێوه‌یێكى گشتى دوكان و بازاره‌كان داخرابوون. به‌ جۆرێك كه‌ ئیمام جومعه‌ى بۆكان تووره‌ بووه‌ و داواى له‌ خه‌ڵك كردوه‌ ئه‌گه‌ر به‌شدارى شانۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكه‌ن به‌لانى كه‌مه‌وه‌ له‌ نوێژى هه‌ینى دا به‌شدار بن.
هه‌واڵه‌كان له‌ دیوانده‌ره‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ خه‌ڵكى ئه‌و شاره‌ به‌ گشتى هه‌ڵبژاردنه‌كانى رژیمیان بایكوت كردوه‌ و له‌ مزگه‌وتى ئه‌و شاره‌ جوێ له‌ مۆره‌كانى رژیم و ده‌سته‌یێك به‌سیجى كه‌سى دیكه‌ى تێدا نه‌بینراوه‌.

ڕێکه‌وت: 2009-06-13 19:08:41
به‌شی: ( وتاره‌کان )





سیاسی