نه‌بوونى ئه‌منیه‌تى گیانى له‌ هێلى هه‌وایی ئێرانداو بۆ چاره‌سه‌ر كردنى كه‌م و كورِه‌یه‌كانى ئه‌و به‌شه‌ پێشنیارى زۆر له‌لایه‌ن پسپۆرِان و كارناسان ده‌خرێته‌ به‌رده‌م ده‌سه‌لاتداران، به‌لام تا ئێستاش له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتى ئاخوندیه‌وه‌ هه‌نگاوێكى ئه‌كتیڤ هه‌ڵنه‌گیراوه‌. و به‌ تێ په‌رینى زه‌مه‌ن و كۆنتر بوونى فرۆكه‌ نه‌فه‌ر هه‌ڵگره‌كان له‌ ئێران ده‌بینین زه‌ره‌ر و زیانه‌كان تا دێ زیاتر ده‌بێ.
رژیمێك له‌ دواى ٣٠ ساڵ ده‌سه‌لاتدارى هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هێلى هه‌وایی ئێرانى نه‌دابێ و مسافیره‌ ئێرانیه‌كان هه‌ست به‌ ئه‌منیه‌تى گیانى نه‌كه‌ن، بۆ ده‌بێ رژیم بتوانێ چه‌ندین بنكه‌ى ناوكه‌یی له‌ ئێران دروست بكا و له‌و باره‌دا پووڵێكى زۆر بداته‌ رووسه‌كان به‌لام نه‌توانێ چه‌ند فرۆكه‌یێكى پێشكه‌وتوو بخاته‌ هێلى هه‌وایی بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و خه‌ڵك به‌ خه‌یاڵێكى راحه‌ت گه‌شت و سه‌یرانى خۆیان بكه‌ن. له‌ كاتێكدا پووڵێك كه‌ خه‌رجى دروست كردنى بنكه‌یێكى ناوكه‌یی ده‌كرێ ده‌توانرێ هه‌موو كه‌م و كورِیه‌كانى هێلى هه‌وایی پێ چاره‌ سه‌ر بكرێ و چى تر خه‌ڵكى ئێران نه‌بنه‌ قوربانى كه‌مته‌ر خه‌مى و بێ ده‌ربه‌ستى ده‌سه‌لاتداران.
له‌ ماوه‌ى ٢٠ ساڵى رابردوودا زیاتر له‌ ١٨٠٠ كه‌س به‌ رووداوى كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ى فرۆكه‌ له‌ ئێراندا گیانیان داوه‌. له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ ٦٥٠ كه‌سیان له‌ ١٠ ساڵى رابردوودا و له‌ كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ى فرۆكه‌دا گیانیان داوه‌. ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ چاو رێژه‌ى جه‌ماوه‌ر، به‌ زۆرترین ژماره‌ زیانى رووداوى هه‌وایی له‌ جیهاندا داده‌نرێ.
جوێ له‌ دوو جۆرى دیكه‌ له‌ فرۆكه‌ رووسى ـ ئوكرایینیه‌كانى ( ئه‌یلوشین و ئانتونف)، كه‌ هه‌ر دوو جۆره‌كه‌ له‌ ئێراندا پێشوونه‌ى كه‌وتنه‌خوار و زه‌ره‌ر و زیانى به‌رچاویان هه‌بووه‌، فرۆكه‌ى جۆرى تۆپۆلۆف پێشه‌نگه‌ له‌ زه‌ره‌ر و زیان له‌ هه‌ڵفرینه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ ئێراندا.
یه‌كه‌م فرۆكه‌ى تۆپۆلۆف ١٥٤ له‌ ره‌شه‌مه‌ى ١٣٧١دا كه‌وته‌ خواره‌وه‌. ئه‌و فرۆكه‌ كه‌ سه‌ربه‌ هێلى هه‌وایی ئێران ئیر بوو له‌ دواى هه‌ستان له‌ فرۆكه‌خانه‌ى مێهرئاباد و له‌ كاتى سه‌ریع بووندا درا له‌ فرۆكه‌یێكى شه‌رِكه‌رى جۆرى سیخۆ٢٤ كه‌ سه‌ر به‌ هێزى هه‌وایی بوو.له‌و رووداوه‌دا ١٣١ كه‌س له‌ موسافیره‌كان گیانیان دا.
له‌ خه‌رمانانى ساڵى ١٣٨٥دا فرۆكه‌یێكى تۆپۆلۆفى دیكه‌ كه‌وته‌خوارێ له‌ كاتى هه‌ڵفرین دا ته‌گه‌رى فرۆكه‌كه‌ ته‌قى و ده‌رپه‌رِى و ئاگرى لێ كه‌وته‌وه‌ و فرۆكه‌كه‌ له‌ ئاگردا سووتا و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ تیایدا بوون به‌ هۆى دوكه‌له‌وه‌ مردن. هه‌روه‌ها له‌ ره‌شه‌مه‌ى ساڵى ١٣٨١دا له‌ خوره‌م ئاباد یه‌كێكى دیكه‌ له‌و فرۆكانه‌ كه‌وته‌ خوار و هه‌ر ١١٩ كه‌سه‌كه‌ى كه‌ تیایدا بوو كوژران.
به‌ هۆى سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كانى رژیمى ئێران له‌ دواى شۆرشى ١٣٥٧، و به‌ره‌نگارى ئه‌و سیاسه‌تانه‌ له‌لایه‌ن وه‌لاتانى رۆژئاواوه‌ ئابڵوقه‌ى جۆراوجۆر به‌ سه‌ر ئه‌و رژیمه‌ سه‌پاوه‌ كه‌ ئه‌و ئابڵوقانه‌ فرۆشتنى فرۆكه‌ى نه‌فه‌ر هه‌ڵگر به‌ رژیم ده‌گرێته‌وه‌.
رژیمى ئێران له‌ كاتێكدا بۆ هێلى هه‌وایی خۆى پشت به‌ فرۆكه‌ى كاركردووى رووسى ده‌به‌ستێ كه‌ وه‌لاتى روسیه‌ بۆ هێلى هه‌وایی ده‌ره‌وه‌ كه‌ڵك له‌ فرۆكه‌كانى بویینگى ئه‌مریكا و ئیرباسى دروست كراوى ئوروپا وه‌رده‌گرێ.
چه‌ند ساڵ له‌وه‌ پێش بۆ چاره‌سه‌ر كردنى به‌شى هه‌وایی ئێران، رژیم شه‌ش فرۆكه‌ى ئیرباسى كاركردووى كۆنى له‌ توركیه‌ كرِی، ماوه‌یێك له‌ دواى وه‌رگرتن، ئه‌و فرۆكانه‌ به‌ هۆى ئه‌وه‌ى متۆره‌كانیان پێویستى به‌ چاكردنه‌وه‌ بوو، بێ كار كه‌وتوون.
بژارده‌ى دیكه‌ى رژیم كرِینى فرۆكه‌ له‌ روسیه‌ و ئوكراین و درووست كردنه‌وه‌یان له‌ ئێران. رژیم هاوكات رایگه‌یاند كه‌ فرۆكه‌ى ئێران ١٤٠ (ئانتونف) بۆ فرینى كورت ماوه‌ دروست ده‌كاته‌وه‌.
هه‌روه‌ها له‌ ماوه‌ى رابردوودا هه‌یئه‌تیك له‌ شیركه‌تى روسى تۆپۆلۆف بۆ فرۆشتنى پێنج فرۆكه‌ى تۆپۆلۆفى ٢٠٤ و رێكه‌وتن له‌ سه‌ر دروست كردنی ئه‌و جۆره‌ فرۆكه‌ له‌لایه‌ن رژیمه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ئێران.
له‌ ئێستادا ٢٠ له‌ سه‌دى گواستنه‌وه‌ى هه‌وایی له‌ ئێران به‌ تۆپۆلۆف ده‌كرێ و به‌ كرینى ئه‌و پێنج فرۆكه‌ى دیكه‌ رێژه‌ى ئه‌و جۆره‌ فرۆكانه‌ له‌ ئێران به‌ره‌و سه‌ر ده‌چێ. جوێ له‌ تۆپۆلۆف شیركه‌تى روسى (ئه‌یلوشین) له‌ هه‌وڵ دایه‌ خۆ بخزێنێته‌ بازارى ئێران به‌تایبه‌ت فرۆشتنى ژماره‌یێك فرۆكه‌ى بارهه‌ڵگر به‌ ئه‌رته‌ش و سوپاى پاسداران. له‌ ئێستادا ١٥ فرۆكه‌ى ئه‌یلوشین كه‌ له‌ كاتى شه‌رِى عێراق له‌گه‌ڵ رژیم دا هێنرانه‌ ئێران له‌ به‌شى هه‌وایی رژیم دا كه‌ڵكیان لێ وه‌رده‌گێری.
رووداوى هه‌وایی له‌ ئێراندا ته‌نیا به‌ هۆى كۆن بوونى فرۆكه‌كان و به‌ كارهێنانى كه‌ل و په‌لى كۆنى فرۆكه‌ نیه‌، به‌ڵكوو كادرى فه‌ننى لاواز و نه‌بوونى سه‌رده‌رچوویی و به‌رێوه‌به‌رى سیاسى چاودێر له‌ رێكخراوه‌كانى فرۆكه‌وانى وه‌لات، لاواز بوونى به‌رێوه‌به‌رىبه‌شى هه‌وایی و به‌كارهێنانى فرۆكه‌ى هه‌رزانى خراپى روسى، هۆى سه‌ره‌كین.
له‌ لایێكى دیكه‌ و له‌گه‌ڵ دروست كردنه‌وه‌ى فرۆكه‌ روسیه‌كان له‌لایه‌ن رژیمه‌وه‌ به‌و شێوه‌ى كه‌ مه‌نوچێهرى مه‌نتقى به‌رێوه‌به‌رى له‌ سه‌ركار لادراوى شیركه‌تى ماشین سازى ئێران هه‌واڵى دا كه‌ رێژه‌ى مه‌ترسى و رووداوى فرۆكه‌وانى له‌ ئێراندا رۆژ له‌ دواى رۆژ له‌ زیاد بووندا ده‌بێ.
له‌ كۆتایی دا به‌و ئاكامه‌ ده‌گه‌ین كه‌ ده‌سه‌لاتدارانى رژیم به‌و رێگه‌ى گرتوویانه‌ته‌ به‌ر كارێك ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نیا به‌ زه‌ره‌رى خه‌ڵكى ئێران ده‌شكێته‌وه‌، چوونكه‌ دروست كردنى فرۆكه‌ گه‌لێك كه‌ ئیستانداره‌ده‌ جیهانیه‌كانى تێدا رچاو نه‌كرابێ نه‌ك هه‌ر چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى ئێستا ناكا، به‌ڵكوو ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى ئێران زیاتر ببنه‌ قوربانى سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كانى ده‌سه‌لاتداران.


ڕێکه‌وت: 2009-08-16 13:20:17
به‌شی: ( وتاره‌کان )





سیاسی