پێنجی خه‌رمانان و هیوا به‌ داهاتوێکی پرشنگدار! ئه‌وه‌ دیسان سه‌ری له‌ هه‌وارگه‌ی دڵان، مه‌زراو مه‌کۆی گوڵان، کوردستانی له‌ سه‌ده‌ی بیست ویه‌که‌مدا هێشتا بن ده‌ست و پێخوست له‌ لاێک و، سه‌نگه‌ری سه‌روه‌ران و خه‌باتگێڕانی رێگای رزگاری نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان له‌ لایه‌کی تر، دایه‌وه‌. هه‌ر به‌خێر بێت ئه‌و خه‌رمانانه‌ی که‌ له‌ رۆژی پێنجه‌می دا، دامه‌زراندنی سازیی و رێکخراوێکی رێباز به‌ خوێن ره‌نگاو. ئه‌و سازمانه‌ی که‌ خاوه‌نی رووباری خوێنی شه‌هیدانیکه‌ که‌ ته‌نیا و ته‌نیا بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌یی، خۆ به‌خش بوون و به‌و په‌ڕی دلۆڤانی وسه‌خاوه‌ته‌وه‌ تا سه‌ر لوتکه‌ی وه‌فا چوون و خۆیان له‌ پێناو نه‌مری گه‌ل دا کرده‌ قوربانی، که‌ ئه‌ویش سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێرانه‌. ئه‌و سازمانه‌ی که‌ تا دیت راسته‌ رێ و راست وێژ و به‌راوێژتر ده‌رده‌که‌وێ !. سازمانێک که‌ تا کات و زه‌مان تێده‌په‌ڕێ، زیاتر باڵا ده‌کا و به‌روه‌ لوتکه‌ی به‌رزی پێشکه‌وتن و تێگه‌یشتن و دوارۆژ روونتر هه‌ڵده‌گه‌ڕێ!.
ره‌نگه‌ زۆر پێویست به‌وه‌ نه‌کات که‌ هه‌ر کات ویستمان له‌ سه‌ر پێنجی خه‌رمانان و بیره‌وه‌ریه‌کانی ئه‌م رۆژه‌ مێژووییه‌ بدوێن ، هێندێک ووشه ‌و رسته‌ی چه‌ندین ساڵه‌ دووپاته‌کراوه‌، دووپات که‌ینه‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن کێ و له‌ کوێ وچۆن، ئه‌م رۆژه‌ دیاری کرا. به‌ڵکو ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا جێگای باسه‌ و قسه‌ی رۆژه‌ و نانی ئه‌مرۆێ له‌ خوانه‌ شرۆڤه‌بکه‌ین. که‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و سازمانه‌ی له‌م رۆژه‌دا ده‌مه‌زراوه‌ و 29ساڵ به‌سه‌ر راگه‌یاندن و ئاشکرابوونی دا تێده‌په‌رێ، به‌ره‌و کوێ گاڤ ده‌هاوێژێ و چ ره‌ویه‌ و ره‌وتێکی سیاسی شیاوی قۆناغی ئێستای گرتۆته‌ به‌ر و له‌م راستایه‌دا چ قورسایی و سه‌نگێکی بزاڤی رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ سه‌ر شانه‌و له‌ پێناو ئاشتی و هاوده‌نگی و لێک نزیک بونه‌وه‌ و هاوهه‌ڵوێستی هێزو لایه‌نه‌ خه‌باتگێر و ره‌سه‌ن و خاوه‌ن ده‌نگه‌ کانی دڵسۆزو به ‌ده‌ربه‌ست له‌ هه‌مبه‌ر چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا و بۆ خاشه‌ برکردنی هه‌ر چه‌شنه‌ سته‌م و ناره‌واییکی کومه‌لایه‌تی و سه‌قامگیرکردنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ، ماندویی نه‌ناسانه‌ له‌ گۆڕێیه‌ و، تا چه‌نده‌ به‌ رابردووی خۆیدا چۆته‌وه‌ وخاڵه‌ لاوازه‌کان ده‌بێنێ و به‌وپه‌ڕی شه‌هامه‌ت و ئه‌مانه‌تداری و ته‌وازوعه‌وه‌ ، قامک له‌ سه‌ر هه‌ڵه‌ و په‌ڵه‌کانی خۆی دا‌ده‌نێ و بۆ داهاتووێکی پڕ له‌ ده‌ستکه‌وت ونزیک بوونه‌وه‌ له‌ ئاوت و ئامانجی پیرۆزی گه‌ل، خه‌ت و نیشان داده‌نێ و له‌ پێناو گه‌شه‌ و په‌ره‌ی هه‌ست و بیری به‌ نه‌ته‌وه‌یی کردنی بزاڤی ره‌وای کوردی دا، به‌و په‌ڕی باوه‌ڕ به‌ ئه‌سڵه‌کانی دیموکراسی و مافی به‌رانبه‌ری ژن و پێاو و هاندانی کوران و کچانی گه‌نجی کورد بۆ هاتنه‌ مه‌یدانی تێکۆشان و سه‌رئه‌نجام هه‌وڵدان بۆ ده‌مه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی کراوه‌ی پێشکه‌وتووی مه‌ده‌نی و شادبوونی تاک و کۆمه‌ڵ به‌ مافه‌ ره‌واکانیان و سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری هه‌ر چه‌شنه‌ چه‌وساندنه‌وه‌و ماف پێشێلکارێک له‌ ناو چێن و توێژه‌کانی کورده‌واری دا و ریزگرتن له‌ مافی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کانی تر، تێکۆشاوه‌ و قوربانی داوه‌ و به‌ نیازیشه‌ تاسه‌ر له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وام بێت؟ ‌
چاو خشاندنێک به‌سه‌ر کار و هه‌ڵسووڕان و هه‌ڵوێسته‌کانی سازمانی خه‌بات دا، سه‌باره‌ت به‌ رووداو و پرسه‌ هه‌نووکه‌ییه‌کان، ئه‌و راستیانه‌ ده‌خات روو که‌ ئه‌م سازمانه‌، به‌هه‌ست کردن به‌ به‌رپرسیاره‌تی و به‌ هێندگرتنی روودا و کاره‌ساته‌کان له‌ هه‌ر شوێن و کاتێک دا، هه‌ڵسه‌نگاندن و راوێژی کردوه‌ و ژیرانه‌ و بوێرانه‌ هه‌ڵوێستی شیاوی گرتوه‌. له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر کرده‌وه‌ و پلانێکی دژمنانی کورد و کوردستان دا زۆر شه‌فافانه‌ وبوێرانه‌، به‌ پیی توان و بۆ کران هه‌ڵوێستی گرتوه‌ و بۆ له‌ قاودانیان به‌ پێی پێویست هه‌ڵسوڕاوه‌ و وتاری داوه‌ و له‌ هاندان و پشتیوانی کردن له‌ هه‌ر جووله‌ و حه‌ره‌که‌تێکی شۆڕشگێرانه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ دژی دژمنانی مرۆڤیه‌تی، به‌تایبه‌ت له‌ دژی رژیمی کۆنه‌ په‌ره‌ستی ئاخوندی له‌ ئێران دا، ده‌وری شیاو و به‌رچاوی گێڕاوه‌. له‌گه‌یاندنی ده‌نگی نارازی و ره‌وای چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران به‌گشتی و خه‌ڵکی خه‌باتگێڕ و خۆراگری کوردستان به‌تایبه‌تی، به‌ گوێی حه‌قخوازان وپارێزه‌رانی مافی مرۆڤ و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، شێلگیرانه‌ له‌ هه‌وڵ و تێکۆشاندا بوه‌.
له‌ بواری هاوده‌نگی و هاوکاری و یه‌ک ریزی وهاو هه‌ڵوێستی و لێک نزیک بوونه‌وه‌ له‌ نێوان هێز و لایه‌نه‌کانی سه‌ر گۆڕپانی خه‌باتی ره‌وای گه‌له‌که‌مان له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا، هه‌رده‌م له‌ هه‌وڵ و هه‌ڵسوڕاندابوه‌ و تاراده‌ێک له‌م باره‌وه‌ کاری به‌رچاو و به‌ به‌رهه‌می به‌رێوه‌بردوه‌ که‌ هیوادارین له‌ داهاتوش دا له‌م باره‌وه‌ زیاتر چالاک و به‌رچاوبین و هه‌ستی ده‌ربه‌ست بوون به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وه‌یی زیاتر گه‌شه‌بکات و هه‌موولاێک له‌م پێناوه‌دا زیاتر و فیداکارانه‌تر و شه‌فافتر هه‌نگاو هه‌ڵگرین. به‌تایبه‌ت که‌ دژمنی سه‌رکیمان ،، رژیمی کۆماری ئاخوندی،، له‌ هه‌مووکات زیاتر که‌وتۆته‌ ژێر فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و له‌ سۆنگه‌ی شه‌ڕی ده‌سه‌لات له‌ نێو خۆی دام و ده‌زگاکانی دا و دژایه‌تی سه‌رسه‌ختی مۆره‌کانی ئه‌م رژیمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتری گه‌یشتۆته‌ ئه‌وپه‌ڕی خۆی، کۆمه‌لانی وه‌زاڵه‌هاتوو به‌ شێوه‌ێکی به‌رچاو و نه‌ترسانه‌ ده‌نگی ناره‌زایه‌تیان به‌رز بۆته‌وه‌ و ته‌لیسمی ترس و خۆف له‌م دام و ده‌زگا خۆێنڕێژه‌یان شکاندوه‌ و ئاماده‌ی قوربانی دانن، باشترین هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌ بۆ هه‌رچی زیاتر هاوکاری و لێک نزێکی و هاوخه‌می و کۆده‌نگی لایه‌نه‌کانی کوردی له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ لایه‌ک و ئاوڕده‌نه‌وێکی پڕ له‌ هه‌ست و سۆزی شۆرشگێڕی و نیشتمان په‌روه‌ری ، لایه‌ن و ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسانی به‌شه‌کانی تری کوردستان، به‌تایبه‌ت به‌شی باشوور، که‌ ماڵی هیوای هه‌موو کورده‌ له‌ کوردستانی پان و به‌رین دا، له‌ لایه‌کی تره‌وه ،له‌ کاتی ئێستا دا له‌هه‌موو کات زیاتر زه‌ق و به‌رچاو و پیویسته‌!. ئه‌وه‌ی که‌ جێگای دوو دڵی و گومان نییه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ دام و ده‌زگای سه‌رکوتگه‌ری رژیمی دژی ئینسانی و دیموکراسی (رژیمی ئاخوندی ئێران) کۆتاییه‌کانی ته‌مه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی پڕ له‌ تاوان وخوێنرێژه‌کانی خۆی ده‌پێوێ و هه‌موو میعیار و معاده‌لاته جیهانی و ناوچه‌ییه‌کان، چ سیاسی و چ کۆمه‌لایه‌تی هتد، به‌ئاشکرا باس له‌ وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی تر له‌ ناوچه‌که‌دا ده‌که‌ن که‌ به‌رچاوترینیان پێچانه‌وه‌ی تۆماری ده‌سه‌لاتی ئه‌م رژیمه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ دڵ خۆش کردنی ده‌رو جیران به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ و ده‌مه‌زراندنی پێوه‌ندی بازرگانی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی له‌گه‌ڵی دا، ره‌نج به‌ خه‌سار چوونه‌ و په‌شیمانی دوارۆژی له‌ دوایه‌ . ئه‌و ده‌سته‌ و هیز و لایه‌ن و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تانه‌ که‌ به‌ شێوه‌ێک له‌ شیوه‌کان هاوکاری و هاوده‌نگی ده‌سه‌لاتی خۆێنڕێژی ئاخوندی ئێرانن یان نیاز و پلانه‌کانی ئه‌م دام و ده‌زگایه‌ دێننه‌جێ و به‌رێوه‌ ده‌به‌ن، ده‌بێ دڵنیا بن له‌وه‌ی که‌ مێژوو شه‌رمی له‌ که‌س نییه‌ و ده‌بێ رۆژێک له‌ رۆژان وڵامده‌ری ئه‌و هاو کاری و خۆشخزمه‌تیانه‌یان بن، چونکه‌ به‌راستی هه‌ر جۆره‌ لێک نزیکی و هاوکارێک له‌ گه‌ل ئه‌م رژیم و ده‌سه‌لاته‌، ده‌چێته‌ خانه‌ی هاوکاری و خزمه‌تکردن به‌ دیکتاتۆری و دژایه‌تی دیموکراسی و ئازادیخوازه‌نه‌وه‌ ! .‌
کوردانی دڵسۆز، خۆشک و برایانی خۆشه‌ویستی خاوه‌ن باوه‌ری کوردایه‌تی له‌ سه‌ر رێبازی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران! وێرای پیرۆزبایی گه‌رمی خۆمان به‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌وه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان ، زیندانیانی سیاسی، کادر و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان،و هه‌موو ئه‌و دۆست و دلشۆز و ئه‌ندام و لایه‌نگرانه‌ی که‌ له‌هه‌نده‌رانن و له‌ هه‌ر هه‌ل و مه‌رج و کاتێک دا‌ دۆست و پشتیوان و خه‌مخۆری سازمانه‌خۆشه‌ویسته‌که‌مانن، داوا له‌گشت دۆستان وخۆشه‌ویستان ، به‌ تایبه‌ت له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگران و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی که‌ رۆژێک له‌ رۆژان له‌ریزه‌کانی سازمان دا له‌ پێناو کورد و کوردستان دا تێکۆشان ده‌که‌ین که‌ وه‌رن با به‌پیی توان وبۆکران و هه‌رکام له‌ جێگا و شوێنی خۆمان سه‌ر له‌ نوێ و به‌ دڵێکی پڕ متمانه‌ و وه‌فاداریه‌وه‌ بۆ خۆێنی شه‌هیدان و بزاڤه‌ ره‌واکه‌ی کوردستان، چاکی دڵسۆزی و به‌رخودانی لێ به‌لاداکه‌ینه‌وه‌ و ده‌ینی خۆمان به‌ رێباز و خوێنی شه‌هیدانمان، به‌ره‌نج و ئاره‌قه‌ی ساڵانی رابردوومان ، به‌ خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌ری شۆرشگێڕ و خه‌باتی و خه‌بات خۆشه‌ویستان ئه‌دا که‌ین و ویکڕاو تێکڕا له‌ ده‌وری یه‌کتر وه‌کۆ بین و دڵسۆز و خه‌مخۆری خۆ بین . دڵنیا بن هیوا به‌داهاتوێکی پڕله‌ شانازی پڕشنگداری رزگاری و شادبوون به‌ ئاوت وئامانج و ئاره‌زوه‌کانمان، هه‌ر ئێستا له‌ هه‌موو کات زیاتره‌. به‌ تایبه‌ت که‌ به‌ره‌و قۆناغێکی نوێ له‌ میژووی پڕ له‌ سه‌روه‌ری سازمانه‌که‌مان ده‌رۆین و به‌روه‌ کۆنگره‌ێکی تر بۆ ئاڵ وگۆر و په‌ره‌گرتن و به‌ره‌و سه‌رچونی زیاتر به‌رێوه‌ین. به‌ره‌و کۆنگره‌ێک که‌ له‌ودا بڕیار له‌سه‌ر کارو باری داهاتوومان ده‌ده‌ین چاو به‌سه‌ر رابردووی خۆمان دا ده‌خشێنین و که‌م و کوڕیه‌کانمان ده‌ست نیشان ده‌که‌ین و به‌ده‌رس وه‌رگرتن له‌ کاره‌ باش و خراپه‌کانی نێوان کۆنگره‌ی پێشومان، تا ئه‌م کۆنگره‌مان ، گاڵاڵه‌ و پلانی شیاوی قۆناغی ئێستای بزاڤی ره‌وای گه‌له‌که‌مان ده‌ده‌ریژین و سیاسه‌ت و ستراتیژی داهاتوومان دیاری ده‌که‌ین. ده‌نگ و بۆ چوون و پێشنیار و راویژی هه‌موان ده‌توانێ بڕیاری شیاوتر و گه‌ڵاڵه‌ی به‌رچاوتر و به‌رنامه‌ی کاری بێگرێ و گۆڵتر بێنیته‌ کایه‌وه‌. چ به‌رز و به‌رێزن ئه‌و هه‌ستانه‌ی بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان ده‌بزوون و چ پته‌و و به‌هێزن ئه‌و دڵ وده‌رونانه‌ی‌ پرن له‌ هه‌ستی به‌رزی مرۆڤ دۆستی بۆ سه‌ربه‌ستی و سه‌ر ئه‌نجام چ به‌ توانا و له‌ شکان نه‌هاتوون ئه‌و ده‌ستانه‌ی که‌ له‌پێناو په‌رگرتن و سه‌رکه‌وتنی بیرو باوه‌ڕی سازمانه‌ خۆسه‌ویسته‌که‌مان دا ده‌خرێنه‌ ناو یه‌ک و، چ جوان و به‌رچاوه‌ دیمه‌نی ئه‌و رۆژه‌ی که‌ هه‌موو پێکه‌وه‌ بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌رک و کاره‌کانمان یه‌کتر له‌ ئامیزی باوه‌ڕ به‌ یه‌کبوون ده‌گرین . ده‌با پیرۆز بێ پێنجی خه‌رمانان 29 هه‌مین ساڵرۆژی دامه‌زرانی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئیران، له‌ هه‌ر کوردێکی به‌شه‌ره‌ف ، له‌ هه‌ر خه‌باتێکی خاوه‌ن باوه‌ڕ، له‌ ئه‌وان و له‌ ئێوه‌ و له‌ خۆمان!. بژی کورد ئازاد ، ئاوه‌دان بێ کوردستان.
5ی خه‌رمانانی 1388 کۆچی خۆرێ 2708 کوردی.






ڕێکه‌وت: 2009-08-26 22:51:17
به‌شی: ( وتاره‌کان )
رێبوار حوسێنی، وڵاتی سوئێد.





سیاسی