له‌گه‌ڵ مه‌حكومیه‌ته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، رژیم پێداگره‌ له‌سه‌ر ئێعدام كردنى مێرمندالان ئێران كه‌ وه‌لاتێكى هه‌مه‌رِه‌نگ و فره‌ چه‌شنه‌ به‌ ئاقارى یه‌ك هێڵ و نیشان داده‌بردرا و ئاخوندانى ده‌سه‌لات ویست و خودكامه‌ ده‌یانهه‌وا هه‌موو خه‌ڵكى ئه‌و وه‌لاته‌ وه‌ك وان بیر بكاته‌وه‌. هه‌ر بیرێكى جیاواز له‌ بیرى ئاخوند و رژیمیه‌كان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ى دژبه‌ریى نیزامى موتڵه‌ق گه‌راو هه‌ر ده‌ربرِینێكى ئازادیخوازى و ماف ویستیانه‌ به‌ تێكدانى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى دێته‌ ئه‌ژمار. به‌و پێیه‌ هه‌ر نارِه‌زایه‌تێكى كۆمه‌لایه‌تى و سیاسى و هتد... هێڵى سوره‌ و به‌پێچه‌وانه‌ى بیرو مه‌یلى سه‌رانى رژیمه‌، هه‌ربۆیه‌ ئیجازه‌ به‌ خۆیان ده‌ده‌ن هه‌وسارى چه‌قۆكێش و به‌رگه‌راجى به‌سیج و سوپا و باقى دامه‌زراوه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانى بۆ گیانى خه‌ڵكى ئازادیخواز شل بكه‌ن و به‌جۆره‌ها شێوه‌ى درِندانه‌ له‌ناویان به‌رن. منداڵ و مێرمنداڵ و لاوان، قوربانیانى سیاسه‌ته‌ چه‌په‌ڵه‌كانى رژیمن و له‌ هه‌موو لاێیكه‌وه‌ تووشى دارِمان و له‌ناوچوون بوون. با ئه‌وه‌ى گه‌لاڵه‌ى رۆشنبیرى و به‌رنامه‌ى تایبه‌تیان هه‌با، له‌كاتى ئه‌نجام دانى هه‌ر تاوانێك، با لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بارى سایكۆلۆژى و له‌ش ساغى ئه‌و چینانه‌ له‌گه‌ڵ قورسترین سزا به‌ره‌ورِوو ده‌بن. له‌ماوه‌ى ده‌سه‌لاتى رژیمدا ده‌یان منداڵى خوار ١٨ ساڵ ئیعدام كراون و هه‌زارانى دیكه‌ش بۆ درێژماوه‌ زیندانى كراوون. چاڵه‌ ره‌شه‌كانى رژیم ئاخندراوه‌ له‌ منداڵ و لاوان و ئێستا ١٣٠ منداڵ چاوه‌رِێى په‌تى سێداره‌ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ رێكخراوه‌ جیهانیه‌كانى پارێزه‌رى مافى مرۆڤ، هه‌نگاوه‌ دژه‌ مرۆڤانه‌كانى رژیم له‌و پێوه‌ندیه‌دا مه‌حكوم ده‌كه‌ن و به‌توندى داواى لێ ده‌كه‌ن ئێعدامه‌كان به‌تایبه‌ت له‌سێداره‌دانى منداڵ و مێرمندالان رابگرا و چیتر به‌و حوكمه‌ درێژه‌ نه‌دات. له‌ سه‌روده‌مى له‌سێداره‌دانى چه‌ند مێرمنداڵ و تێكۆشه‌رى سیاسى، چه‌ند سازمانى نێوده‌وڵه‌تى پارێزه‌رى مافى مرۆڤ به‌ بلاوكردنه‌وه‌ى بانگه‌وازێك، له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌ دان كه‌ به‌ توندى داوا له‌ سازمانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بكه‌ن كه‌ له‌ هێندێك وه‌لات له‌داردانى لاوانى خوار ١٨ ساڵ ئێستاش درێژه‌ى هه‌یه‌ و ده‌با ئه‌و سازمانه‌ تا بكۆشا پێشى پا بگرا. بانگه‌وازى نێوده‌وڵه‌تى بۆ راگرتنى ئێعدامى مێرمندالان، بیرى چاودێرى مافى مرۆڤه‌، به‌لام باقى سازمانه‌كانى مافى مرۆڤ یه‌ك له‌وان سازمانى لێبوردنى نێونه‌ته‌وه‌یى، كه‌مپه‌ینى نێوده‌وڵه‌تى مافى مرۆڤ له‌ ئێران، فیدراسیۆنى نێوده‌وڵه‌تى كۆمه‌ڵه‌كانى مافى مرۆڤ و سازمانى جیهانى موباره‌زه‌ له‌گه‌ڵ شكه‌نجه‌، پشتیوانیان لێ كردوه‌. ئامانج له‌و بانگه‌وازه‌ كۆكردنه‌وه‌ى واژوه‌ بۆ راگرتنى له‌داردانى مێرمندالان و ناردنى بۆ سازمانى نه‌ته‌وه‌كانه‌ تا كۆمه‌ڵه‌ى گشتى سازمانى نه‌ته‌وه‌كان فشار بهێنا بۆ ئه‌و رژیمانه‌ى كه‌ منداڵ له‌دار ده‌ده‌ن و هه‌وڵ بدا به‌رى پا بگرا. له‌و بانگه‌وازه‌دا هاتووه‌: ته‌واوى وه‌لاتان به‌ڵێنیه‌كانى نێوده‌وڵه‌تیان واژو كردوه‌ و به‌پێى ئه‌و یاسایه‌ ده‌با مندالانێك كه‌ له‌خوار ١٨ ساڵ توشى تاوان ئه‌بن، ئێعدام نه‌كرێن. زۆربه‌ى وه‌لاتانى جیهان ئێعدام كردنى مندالانى خوار ١٨ ساڵیان راگرتوه‌ و له‌ ساڵى ٢٠٠٥ ى میلادیه‌وه‌ تا ئێستا ته‌نیا ٥ وه‌لات ناسێندراون كه‌ ئێستایش مێرمندالان ئێعدام ده‌كه‌ن، رژیمى ئاخوندى ئێران له‌ سه‌روى ئه‌و ٥ وه‌لاته‌وه‌یه‌. به‌پێى راپۆرتى سازمانى چاودێرى مافى مرۆڤ له‌ رێكه‌وتى ١٢ى به‌فرانبارى ساڵى ١٣٨٣وه‌ تا ١٢ى خه‌رمانانى ساڵى ١٣٨٧ به‌لانى كه‌مه‌وه‌ ٣٢ مێرمنداڵ له‌و ٥ وه‌لاته‌ ئێعدام كراوون. له‌ ئێرانى ژێر ده‌سه‌لاتى ئاخوندى (٢٦نه‌فه‌ر) عه‌ره‌بستانى سعودى (٢نه‌فه‌ر) سودان (٢نه‌فه‌ر)، پاكستان ( یه‌ك نه‌فه‌ر) و یه‌مه‌ن ( یه‌ك نه‌فه‌ر). ئێستا زیاتر له‌ ١٠٠ منداڵ چاوه‌رِێى به‌رِێوه‌بردنى حوكمى ئێعدامه‌كه‌یانن. ئه‌و ژماره‌، ئامارێكى ره‌سمیه‌، به‌پێى ناره‌سمیه‌كان زۆرزیاتر له‌و ژماره‌ چاوه‌رِێى مه‌رگن. له‌ پێوه‌ند به‌ ئێعدام كردنى منداڵ و مێرمندالان له‌ وه‌لاتان به‌تایبه‌ت له‌ ئێرانى ژێر ده‌سه‌لاتى ئاخوندان، شوراى مافى مرۆڤى سازمانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان به‌توندى ره‌خنه‌ى له‌ رژیمى ئێران گرتوه‌. گوته‌بێژێكى كومیساریاى به‌رزى شوراى مافى مرۆڤ له‌ ژنێڤ، ئێعدام كردنى دوو مێرمنداڵى له‌ ئێران به‌ پێشێل كردنى مافى مرۆڤ له‌و وه‌لاته‌ زانى.مانگى خه‌رمانانى رابردوو نیزامى دادوه‌رى رژیمى ئاخوندى دوو مێرمنداڵى به‌ ناوه‌كانى ره‌زا حیجازى و بێهنام زارع ئێعدام كرد. بێهنام زارع و ره‌زا حیجازى له‌ ته‌مه‌نى ١٥ و ١٦ ساڵیدا كه‌سێكیان كوشتبوو. بێهنام له‌كاتى له‌داردانى ١٩ ساڵه‌ و ره‌زاش ٢٠ ساڵه‌ بوو. حوكمى ئێعدامى ئه‌و دوو مێرمنداڵه‌ با ئاگادار كردنه‌وه‌ى وه‌كیل و بنه‌ماڵه‌كه‌ى به‌رِێوه‌ چوو. گوته‌بێژى شوراى مافى مرۆڤى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان گوتى: ئێعدام كردنى ئه‌ودوو مێرمنداڵه‌ به‌پێچه‌وانه‌ى كۆنوانسیۆنى مافى مندالانه‌ كه‌ رژیمى ئێران واژووى كردوه‌. حوكمى ئێعدام و هه‌تا هه‌تایى نابا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ربچا كه‌ ته‌مه‌نیان له‌خوار ١٨ ساڵه‌. قه‌رارى ١٦ ى راگه‌ێندراوى جیهانى مافى مرۆڤ پێداگرى ده‌كات كه‌ سزاى مردن نابا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌خوار ١٨ ساڵ تووشى تاوان ده‌بن، ده‌ربچا. به‌پێى راپۆرتى سازمانه‌كانى پارێزه‌رى مافى مرۆڤ، رژیمى ئاخوندى له‌لایه‌نى راده‌ى ئێعدام، له‌دواى چین له‌ پله‌ى دووهه‌مدایه‌. هاوكات رژیمى دیكتاتۆرى ئاخوندى یه‌ك له‌و سێ رژیمه‌یه‌ كه‌ مندالانى ژێر ١٨ ساڵ ئێعدام ده‌كات. له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م ساڵى میلادیه‌وه‌ تا ئێستا ٦ مێرمنداڵ له‌ ئێران ئێعدام كراوون. له‌ مانگه‌كانى رابردوودا یه‌كیه‌تى ئوروپا و سازمانه‌كانى نێوده‌وڵه‌تى مافى مرۆڤ وه‌كو لێبوردنى نێونه‌ته‌وه‌یى و چاودێرى مافى مرۆڤ، داوایان له‌ نیزامى به‌ناو دادوه‌رى رژیمى ئاخوندى كردوه‌ كه‌ ئێعدام كردنى مێرمندالان رابگرا. پارێزه‌رانى مافى مرۆڤ ده‌ڵێن: كوشتنى مێرمندالان نه‌ به‌رِێوه‌بردنى عه‌داڵه‌ته‌ و نه‌ دابین كردنى ئاسایشه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاى ئێران. یه‌كیه‌تى ئوروپاش هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ باقى رێكخراوه‌كانى دیكه‌ و بۆ پاڵپشتى كردن له‌ ده‌نگى نا بۆ ئێعدام، نارِه‌زایه‌تى له‌ به‌رانبه‌ر ئێعدامى ٧ نه‌فه‌ر له‌ ئێران ده‌ربرِى. ئه‌و ٧ نه‌فه‌ره‌ش له‌كاتى توش بون به‌ تاوان ته‌مه‌نیان له‌خوار ١٨ ساڵ بووه‌. سه‌رۆكى ده‌وره‌یى یه‌كیه‌تى ئوروپا رۆژى هه‌ینى ٢٥ ژانویه‌ له‌ بروكسیل گوتى: ئێعدامى ئه‌و كه‌سانه‌ به‌پێچه‌وانه‌ى رێكه‌وتنه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كانه‌ كه‌ رژیمى ئاخوندى واژوى كردوه‌. یه‌كیه‌تى ئوروپا هه‌روه‌ها داواى له‌ رژیمى ئاخوندى كرد كه‌ سزاى ئێعدام به‌تایبه‌ت بۆ مێرمندالان هه‌ڵبگرا. له‌ راگه‌ێندراوى سه‌رۆكایه‌تى یه‌كیه‌تى ئوروپا ره‌خنه‌ى توند له‌ رژیم گیراوه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ى به‌رده‌بارانه‌وه‌ مرۆڤه‌كان له‌ناو ده‌بات. له‌ ماوه‌ى رابردوودا دوو كه‌س له‌ شیراز له‌رێگه‌ى به‌ردانه‌وه‌یان له‌ به‌رزیه‌وه‌، حوكمى مه‌رگیان به‌رِێوه‌ بردن. له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگدا ئه‌مه‌ دووهه‌م جاره‌ كه‌ یه‌كیه‌تى ئوروپا له‌ به‌رانبه‌ر ئێعدامه‌كان له‌ ئێران ره‌خنه‌ له‌ رژیمى ئاخوندى ده‌گرا. له‌ مانگى ئۆكتۆبرى رابردوودا، سه‌رۆكى پارلمانى ئوروپا داواى له‌ رژیم كرد خۆى له‌ ئێعدام كردنى منداڵ و مێرمندالان بپارێزا. ئێعدام كردنى مه‌كوان مه‌ولود زاده‌ى ٢١ ساڵ خه‌ڵكى مه‌ریوان، نوێترین حوكمى ئێعدامه‌ كه‌ رژیم به‌رِێوه‌ى برد. مه‌كوان به‌ تاوانى ده‌ستدرێژى بۆسه‌ر كچێكى مێرمنداڵ له‌كاتێكدا كه‌ ١٣ ساڵه‌ بوو به‌ ئیعدام مه‌حكوم كرا. ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ گومانیان لێ هه‌بوو شایه‌دیان له‌دژ دا بوو به‌لام له‌دوایدا قسه‌كانى خۆیان خوارده‌وه‌. سزاى ئێعدام له‌ ئێران رۆژ له‌دواى رۆژ زیاتر ده‌با. مێرمنداڵ و لاوان و ته‌نانه‌ت كه‌سانى به‌سالا چوو له‌سه‌ر تاوان گه‌لێك كه‌ شیاوى ئێعدام نیه‌، ده‌با بچنه‌ پاى دارو له‌ناو بچن. رژیمى ئاخوندى له‌ په‌ره‌پا دانى حوكمى ئێعدام و به‌رِێوه‌بردنى، ده‌یهه‌وا دوو ئامانج بپێكا، یه‌كه‌م خه‌ڵكى ئازادیخواز و ماف ویست چاوترسێن بكات و دوایش كۆتایى به‌ نه‌یارانى بێنا. ئاخوندانى جینایه‌تكار نه‌ك نه‌یانتوانیوه‌ به‌و كارانه‌یان نارِه‌زایه‌تى خه‌ڵك بوه‌ستێنن و حه‌ره‌كه‌تى ئازادیخوازى له‌كار بخه‌ن و خه‌ڵك چاوترسێن بكه‌ن، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ لافاوى رق و تورِه‌یى پیرۆزى نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكان و پێك هاته‌كانی ئێران به‌ره‌ورِوو بووه‌ و هه‌موو رۆژێك له‌لایه‌ن یه‌كیه‌تیه‌ك یان رێكخراوێك مه‌حكوم ده‌كرا.
ڕێکه‌وت: 2008-10-03 13:35:02
به‌شی: ( وتاره‌کان )





سیاسی