لە بەرایى پێنجى خەرمانان ساڵڕۆژى دامەزراندنى سازمانى خەباتى کوردستان بەدامەزراندنى سازمانى خەباتى کوردستان لە 5ى خەرمانانى 1359، بۆشایێکى بەرین لەڕەوتى خەباتى شێلگیرى خەڵکى کوردستان پڕبووە. زەروورەتى پێک هێنانى سازمانێکى نەتەوەیى لەبارودۆخێکداهاتەئاراوە کە زۆربەى لایەنەکان بەدور لەڕێبازێکى نەتەوەیى هێزە نەتەوەیى ونیشتمان ولەژێر هێژمونى بەرەى سوسیالیستى هەرجۆرە خەباتێکیان لەچوارچێوەى نیشتمانى ونەتەوەییدا بەدواکەوتوو حیساب دەکرد. لەلایەکى دیکەوە هەڵسوڕانى کۆمەڵێک لەمامۆستایانى ئاینى ونیشتمان پەروەر وهێزێکى تۆکمەى وەکوو هێزى سوپاى قودس شکێنى گاردى جاویدان لەژێرناوى دەفتەرى مامۆستا وموبارەزەى بێ وچانیان، ئەو پێویستیەى هینائاراوە کە قەوارەییکى سیاسى بەناوى سازمانى خەباتى نەتەوایەتى وئیسلامى پێک بێنن. بەدامەزراندنى سازمانى خە بات لەوبارودۆخە پڕکێشمە کێشەدا ئەو کەلێن و قوژبنانە پڕ بوونەوە کە خۆى لەنەبوونى هێزێکى سیاسی وەک سازمانى خەبات دەبینیەوە. دروست بوونى چەندین هێزى پێشمەرگە لەناوچەکانى کوردستان و دامەزراندنى چەند کومیتە شارستان و مەڵبەند و پەیوەست بوونى هەزاران کەس لەخەڵکى کوردستان بە بیروبۆچوونى رێبازى سازمانى خەبات و پێک هاتنى هێزى بە بڕستى بەرگرى لەزۆربەى ناوچەکان، گوڕوتەوژمێکى باشی بە جوڵانەوەى رزگاریخوازانەى خەڵکى کوردستان بەخشی.
لەگەڵ دژایەتى و رێگرى سەختى هێزە پاوانخوازەکانى کوردستان لەبەرانبەر چالاکى هێزى پێشمەرگەى سازمان، بە خۆشیەوە رێبوارانى بەوەفا و بەئەمەگى رێبازى سازمانى خەبات لەکڵ چوونە دەر و بە هەموو نەیاران و دژمنانى دژە داب و نەریت و فەرهەنگى خەڵکى کوردستانیان سەلماند کە خاوەن باوەرانى رێبازى پیرۆزى هێزێکى نەتەوەیی و نیشتمانى وەک سازمانى خەبات زۆر لەوە بەهێزترن کە بە هەرەشە و گوڕەشە، مەیدان چۆل بکەن و خەڵکى کوردستان تەنیا جێ بهێڵن.
لەماوەى چەندین سال هێرشى هیزە بەکریگیراوەکانى رزیمى ئاخوندى بۆسەر کوردستان و بەکۆمەڵ کوشتنى لاوان ، حەماسە خوڵقێنانى سازمان خۆراگرانە دیفاع و موقاوەمەتیان کرد و داستانى پر لەسەروەرى چەندانى وەک شەرى "هەژدە دۆڵان"وپردى بانە کە بووە هۆى شکانى گاردى جاویدان و هەروەها شەرەکانى بۆکان و سەقز و مەریوان کە لەوانە دا هیزى پۆڵایین و لەبڕان نەهاتووى پێشمەرگەیان بە دژمنانى قین لەدڵى گەلەکەمان نیشان دا و بەدەیان دەزگا ماشێن و تانگى رژیمیان سووتاند و دەیان پارچە چەکى جۆراوجۆریان گرت. لەسەردەمێکدا کە هێزى پێشمەرگەى سازمان لەنەبەرد و خۆراگرى دابوون لەبەرانبەر هێزى پووشتە و داپڵۆسێنەرى رژیمى ئاخوندى ، هەبوون کە دەبوونە رێگر ى شەڕى قارەمانانە و حەماسە خوڵقێنى هێزى پێشمەرگەى سازمان ، بەڵام رێبەرایەتى بەوەجى سازمان بە پێداگرى لەسەر ئەسڵى موبارزە و سووربوون لەسەر داواکانى گەلى کوردستان، درێژەى بە چالاکى دەدا و وێراى پێشمەرگە نەبەز و چاو نەترسەکانى لەبەرەى شەڕ و دیفاع لەخەڵکى کوردستان خۆیان دەبینیەوەوپووپاگەندەناراست بێ بناغەکارى نەدەکردەسەروەرى بەرزیان.
شەهیدان، کاک سەیید عەبدوڵلا ئارام ناسراو بە وریا، مامۆستاى شەهید سەیید خەلیل شەریفیان، کاک سەیید عەبدولکەریمى حوسینى وشەهید خالید حەسەن نەژاد، شەهیدرەحمان قادرى،شەهیدعەبدولائەحمەدپور، شەهید توفیق کەریمپوور، لەشەهیدانى رێبەرایەتى و ئەندامى دەفتەرى سیاسی سازمانى خەبات ى کوردستانن کە هاوکات لەگەڵ هێزى بەرینى پێشمەرگە دلێرەکان لەشەردا شەهیدبوون و وێڕاى دەیان کادر و پێشمەرگەى وەک شەهیدان مەلاعەلى رەسولى وحسین کەریمى وشەهید خەلیل ڕەشاش و عەبدوڵلا هەمزە و عەتتا قادرى و ناسر نانەوا و ئەبوبەکرى چەکوشەیی و رەحمان قادرى (ئەنجێنەى) و هێرش فروغى و دەیانى دیکە لەشەر دژى رژیمى خوێنمژ و کورد کوژى ئاخوندى شەهید بوون و ناویان بۆ هەتاهەتایە لەدەفتەرى سەروەرانى سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران تۆمار کرا.
کاروانى پڕ لەفیداکارى و سەروەرى سازمانى خەبات وا ماوەى 28 ساڵە لەرێگادایە و بێ وچان رێگەى گەیشتن بە ئامانجەکانى گەلى کوردستان دەپێوێ. لەو رێگە پیرۆز و پڕ هەڵدێر و هەوراز و نشێوە دا دەیان جار پیلانى لەناوبردنى دارێژراوە و سەدان کۆسپ و تەگەرەى بۆ دروستکراوە و لەدەورانى تاراوگەش دا ماڵ بەکۆڵى و گواستنەوەى بارەگا و بنکە و ئوردوگاکانى چەند جار رووى داوە. بەردەوام رژیمى ئاخوندى لەرێگەى مۆرە بەکرێگیراوەکانیەوە هەوڵى ترۆر کردنى سکرتێرى گشتى سازمان و ئەندامانى رێبەرایەتى و کادر و پێشمەرگەکانى داوە و بۆ لەناوبردنى ئەندامانى رێبەرى و لاواز کردنى سازمانى خەبات چەندین نەخشەى کێشاوە کە بە خوشحالیەوە بە هۆى وردبینى و ووشیارى ئەندامانى سازمان، پیلانەکانى بونەتە بڵقى سەر ئاو.
لەگەڵ ئەوەى کە رژیم پیلانى جۆراوجۆرى داڕشتووە، ناحەزانى بێ باوەر بەموبارزەى شێلگێرى خەڵکى کورد لەسەنگەرى سازمان، کەم نەبوون کە بوونەتە سەر ئێشە و لەمپەر لەپێش کارەکان و سازمان بۆ ماوەیێک تووشی ناکۆکى نێخۆیی بکەن، بەڵام بە خۆشیەوە سیاسەتى لێزان و ژیرانەى رێبەرایەتى سازمان، هەموو ئەو تەم و مژو و ناخۆشیانەى ڕەواندەوە و بەپاک کردنەوەى رێزەکەى لە کەسانى کەم باوەر و لەق بە روحیەیێکى بەرزتر هاتَۆتەوەمەیدان و شێلگێرتر لەرابردوو تاوى داوە کار و رێگەى پێشکەوتن و نوێ بوونەوەى هەڵبژارد. کونگرەى سێهەم کە بە کونگرەى پێشکەوتن ناسرا، خاڵێکى وەرچەرخان بوو لەمێژووى 28 ساڵەى سازمان. ئەو راستیە بۆ کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان روون بووە کە سازمانى خەبات هێزێکى پێشکەوتنخوازە و لەگەڵ گۆڕان و رووداوەکانى ناوچە و جیهان دەچێتە پێش. شیتەڵکردنى بارودۆخى ئێران و کوردستان و ناوچەکە ئەو راستیە دەردەخات کە دەوران، دەورانى گۆڕانە و دەبێت هەر جۆرە بیرێکى کلێشەیی وەلابندرێ و بە پێى زەرورەتى گۆڕانەکان بچێتە پێش. هەر سازمان و رێکخراوێک ئاڵوگۆڕلەسیاسەت وهەڵوێستى پێک نەهێنى ناچێتەپێش و لەکاروانى پێشکەوتن خوازى وەدواى داوە و زیانى پێدەگا.
لەگەڵ ئەم سەردەمى گۆڕان و پێش کەوتنانە دا کە جیهان گۆڕانى زۆر بەسەردا هاتووە و شێوەى خەبات بە هەموو جۆرەکانیەوە گۆردراوە و توندوتیژى جێگەى خۆى داوە بە دیپلوماسی و تارادەیێکیش جوڵانەوەکان گۆڕانیان بەسەر شێوەى بیرکردنەوەى خۆیاندا هێناوە، سازمانى خەبات هەنگاو بە هەنگاو چۆتەپێش و بە هەڵگرتنى دروشمى سەردەمیانە و تاکتیکى نوێى شۆڕشەوە رێگەى گەیشتن بەمافە ڕەواکانى خەڵکى کوردستان دەپێوێ.
سیاسەتى ئوسوڵ و سەردەمیانەى سازمان بۆ هەمووان ئاشکرایە هەر بۆیە رۆژ لەدواى رۆژ روو لەپێشکەوتن و سەرکەوتنە و تادێ زیاتر لەناو کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان ریشاژۆ دەکات ولەهەموو ناوچەکانى کوردستان هەر لەکرمانشان و ئیلام و سنەوە تا ورمێ و باقى شار و شارۆچکە و گوندەکان، چالاکى بەرینى سازمان ئەنجام دەدات. تەشکیلاتى ناوخۆ بە تایبەت لەماوەى سێ ساڵى رابردوو دا زۆر کارى بەرچاوى کردووە و فیداکارى زۆریان ئەنجام داوە. تەزاهورات و نارەزایەتیەکانى خەڵکى کوردستان لە گەلاوێژى 1384 دا ئەو حەقیقەتەى سەلماند کە سازمانى خەبات بە پشت بەستن بە جەماوەرەکەى تا چ حاستێک توانایی هەیە و لەکاتى پێویست دەتوانێ رابوون دروست بکات.
پێوەندى سازمانى خەبات لەگەڵ هێزە سەرانسەرى و کوردستانیەکان، ئێستا لەبارێکى زۆر باشدایە و لەراست نزیک بوونەوە و گرێدانى پێوەندییەکان و کۆبوونەوە لەبەرەیێکى هاوبەش بە مەبەستى رێکخستنى ریزەکانمان، بێ ووچان لەهەوڵ دابووینە و لەهەمبەر نەهێشتنى ناکۆکیە نێوخۆییەکانى حیزب و سازمانەکان و لەئاکامدا لێکدابڕانیان، کارى بەرچاومان کردووە کە هەمووان هەوڵ بدەین لێک دابڕان نەبێ و ماڵى کورد ئاژاوەى تێدا نەبێ.
بۆ بەدەست هێنانى پشتیوانى هێزە سەرانسەریەکان لەخەباتى خەڵکى کوردستان لەپێناو مافە ڕەواکانیدا، سازمانى خەبات زۆر ژیرانە رەفتارى کردووە و توانیویەتى لەگەڵ شوراى میللى موقاوەمەت و سازمانى موجاهیدینى خەڵق دۆستایەتى وهاوپەیمانى لەپێناوئامانجەکانى گەلى کوردوئازادیخوازان پێک بێنێ.
پێویستە هەمووان پێکەوە رێز لە 28 ساڵ موبارەزەى سازمان لە پێناو ئارمانجەکانى خەڵکى کوردستان بگرین و دڵخۆش بین بەوەى کە خاوەنى هێزێکى نەتەوەیی و نیشتمانى وەک سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێرانین کە لەمێژووى 28 ساڵەیدا خاڵێکى ڕەشی نییە و وەک یەکێک لە سەرەکیترین و رەسەنترین جوڵانەوەکان لەمەیدان دا ماوەتەوە.
لەبەرایی یادى پێنجى خەرمانان ساڵرۆژى دامەزراندنى سازمانى خەبات، سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ئەو کەسانەى کە بەدڵ و بە گیان ئەگەر بۆ ساتێکى کەمیش بووبێ خزمەتیان کرد و لەپێناو ئامانجە رەواکانى میللەتەکەمان هەوڵیان دا و هەوڵ ئەدەن.
ڕێکه‌وت: 2008-08-04 18:20:41
به‌شی: ( وتاره‌کان )
بێهروز ئەردەڵان





سیاسی