هاونیشتمانانی بەرێز!
هۆگرانی ئازادی!
لە كاتێكدا جێژن دەگرین كە كوردستان و ناوچەكە لە كێشەوە ئاڵۆزی بەرینی سیاسی و كۆمەلایەتی دایە، سەرەرای ئەو هەلومەرجە نالەبارانەش، لێكدانەوەكان و هەڵوێستەكانی ژمارەیەك لە لایەنە سیاسی و كەسایەتیە سیاسیەكان تەنیا لە چوارچێوەی بیركردنەوەی تەسكی حیزبی و شەخسیدایەو كەمتر بیر لە بنەماكانی ئازادی و خەباتی رەوا لە پێناو بەربەرەكانی ستەمگەراندایە.
لەم هەلومەرجە ناسكەدا، بەراوردو هەڵوێستی ناسیاسیانە و دوور لە بنەماكانی خەبات بەرانبەر ستەمگەران، دەیبینین و دەیبیستین كە جێگەی سەرسوڕمانە،هەڵوێستی ئەوتۆ كە رژیمی ملهورو ستەمكاری ویلایەتی فقیە بە دۆست و یار و هاوكاری گەلی كورد و فریاد رەس دەناسێندرێ، لە كاتێكدا رژیمی ئێران لە دوژمنە سەرسەختەكانی گەلی كوردو ئازادیخوازانە و هیچ كاتێك چاوی بە تەبایی ویەك هەڵوێستی لەناو ڕیزەكانی شۆڕشگێڕی بزوتنەوەی كورد هەڵ نایه و هەموو هەوڵێكیش دەدا بۆ لەناوبردنی ئەم یەكڕیزیەو،بە هەموو توانای هەوڵدەدا بۆ قۆستنەوەی بارودۆخەكە بۆ قازانج و بەرژەوەندی خۆی. دەسەڵاتی ملهوڕانەی ئاخوندەكان لە ئێران، كە سەرچاوەی ئاژاوە و تیرۆرن، هەوڵ دەدا زیاتر پێگەو بەرژەوەندیەكانی خۆی لە عێراق جێگیربكا و وای نیشان بدا كە ئەو دۆست و فریادڕەسی خەڵكی عێراقە. گرنگە بۆ هەموو لایەك كە ئاگاداری ئەو سیاسەتە چەپەڵەی دوژمن بن و ڕێگر بن لە دزەكردنی زیاتری سیاسەتەكانی ڕێژیمی ئاخوندی لە ناوچەكەدا.
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لە ئێستاش و لە ڕابردوش دا بڕوای بە یەكدەنگی و هاوكاری نێوان هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەگشتی و كوردستانی ئێران بە تایبەتی هەبوە و هەیە و لەو پێناوەش دا خاوەن نەزەر و پرۆژە بووە و پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵ و پرۆژانە كردوە كە لە پێناو پێكهێنانی هاودەنگی و هاوكاری لایەنە سیاسیەكان پێشكەش كرابێ،هەر بە پێ ئەو بنەمایەی كە سازمانی خەبات باوەری تەواوی بە هاوكاری و یەكدەنگی لایەنەكانی كوردستانی ئێران هەیە، هەر جۆرە هەوڵ و بەنامەیەكی پاوانخوازانەی و خۆسەپاندن ئەم لایەن وئەو لایەنی كوردستانی بە نەشیاو دەزانێ و پشتیوانی لێ ناكا، بەڵكو بە پێچەوانەوە پێی وایە كە كردار و هەڵوێستی لەو جۆرە هەوڵدانە بۆ تێكدانی یەكڕیزی و تەفرەقە و ناكۆكی نانەوە لە نێوان هێزە سیاسیە شۆڕشگێڕەكانی كوردستانی ئێران دا.
بەو هومێدەی بیركردنەوەكان و هەڵۆێستەكان لە پێناو خزمەت بە دۆزی رەوای گەلی كوردو لە چوارچێوەی خەبات لە بەرانبەر رژیمی سەرەرۆی ئاخوندیدا بێ.
جارێكی دیكە گەرمترین پیرۆزبایی بە بۆنەی جێژنی قوربان پێشكەش دەكەم.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
بەرێوەبەری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
4/10/2014