ترۆریستیە بۆ ساڵی 2004 لەدوای راگەیاندنی (كۆمەڵەی تەوحید و جیهاد ) لە لایەن ئەبومەسعەب زەرقاوی دەگەرێتەوە . لە بنەرەت دا داعش لە ئاكامی چەندین قۆناغ و تێكەلێكە لە چەندین گرووپ و رەوتی تر كە هەتا پێش دروست بوونی داعش خولیا و ئامانجی تایبەت بە خۆیان هەبوو. هەر چەند نابێ فەرامۆش بكرێ كە سەرچاوەی هەموو ئەو رەوتانەش بۆ ئەلقاعیدە ماكەی ترۆریسمی نێودەوڵەتی دەگەرێتەوە و بە عەمەلیش لە پێوەندییەكی توندوتۆڵ دابوون لەگەڵ ناوەندی ترۆریسمی جیهانی (ئەلقاعیدە).
ئەگەر بەسەر مێژووی كاركردی هەر كام لەو رەوت و جەریانانەی وەك رایلكەی ئەلقاعیدە لە وەڵاتی رافیدین و شۆرای راوێژكاری موجاهیدین و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و كەسایەتیە دیارەكانی ناو ئەو رەوتانە وەك زەرقاوی و رەشید بەغدای و ئەبو عومەر بەغدادی و ئەبوحەمزە موهاجر و و ئەوانی دیكە كە داعشیان لێ دروست دەبێ، باز بدەین و بێینە سەرباسی چۆنیەتی وەدەست هێنانی ئەو پێگەیەی ئێستایان و رووداوەكانی دواتر، دەبێ خوێندنەوەێك بۆ كاركرد و سیاسەتی دەوڵەتی نوری مالیكی لە ماوەی سالانی سەرۆك وەزیری دا بكەین. دەوڵەتی یاسا بە سەپەرەشتی نوری مالیكی مۆرەی فەرمانبەری دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران دەستی بالای هەیە لە هەموو بشێوییەكانی وەڵاتی عێراق و دواجار گەیاندنی داعش بەو پێگەیەی ئێستای لە وەلاتەكە دا. شاراوە نییە كە زێدەخوازییەكانی مالیكی و خەونی گەڕانەوەی عێراق بۆ سەردەمی دیكتاتۆری و قۆرخ كردنی هێز لەناو دەستی خۆیدا وەڵاتی عێراقی تووشی دۆخێكی دژوار و وریابوونەوەی باقی پێكهێنەرانی تری وەلاتی عێراق كرد و پێش داعش شەرێكی گەرم لە نێوان پێكهاتەی شیعە و سووننە و هەروەها كورد لە ئارادابوو كە تەوەری كێشەكەش كاركردی دیكتاتۆرانەی دەوڵەتی نوری مالیكی لە ژێر رێنوێنیەكانی دەسەڵاتی تاران و ئاخوندەكان و پەراوێزخستنی پێكهاتەكانی تر لە كاروباری حكوومەت و بریاری سیاسی ئەو وەلاتە بوو. مالیكی بە عەمەلی دەستی بەسەر سەرجەم جومگەكانی دەسەڵات داگرتبوو و بە بەردەوامی لە هەوڵی پەراوێزخستنی هاوبەشەكانی تر لە حكوومەت دابوو.
لەناو بەرەی سووننە دا، سەرەتا تارق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری سوننی مەزهەب و دواتر ساڵح موتلەق جێگری سوننی مەزهەبی سەرۆك وەزیران بە هۆی رەخنەكانیان لەدەسەڵات، كەوتنە بەر تیغی مالیكی و بێ دەسەڵات كردن و تەنانەت حوكمی ئیعدام بۆ تاریق هاشمی بە تۆمەتی بەعسی بوون دەرچوو. دوابەدوای ئەو رووداوانەش زۆربەی پارێزگا و شارە سوونیەكان بوونە شوێنی نارەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵكی سووننە مەزهەب كە لەوێش دا مالیكی بە جێێ وەڵامدانەوەی دروستی خواستەكانی خەڵكی راپەریو دەستی كرد بە كوشت و بڕ و هەڕەشە و مۆڵەت دیاریكردن بۆ كۆتایی هێنان بە نارەزایەتیەكانیان.
لەو سەروبەندە دابوو كە ئەو هێزەی كە ئێستا بە ناوی داعش دەناسرێ كە پێشتر لە چوارچێوەی كردەوەی ترۆریستی و كاری تەقینەوە سنوری كارەكانی تێنەدەپەری و هێڵی سەرەكی كارەكانیشان وەرسووراندبوو بۆ وەلاتی سوریا و لە ژێر ناوی یارمەتی پەیرەوانی سووننە مەزهەب لە وەڵاتی سوریا و بۆ جیهاد دژی بەشار ئەسەد تێكەڵ بە هێزەكانی تری ناو سوریا ببوون، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ژینگە لەبارەی لە وەلاتی عێراق لە ئارادایە كەوتنە خۆ و یەكمجار بە ئالای رەش و لە ژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام هێرشیان كردە سەر پارێزگای ئەنبار و توانیان زەبرێكی كاریگەر لە حكوومەت و دام و دەزگاكانی بدەن و لەنزیكەوە دركیشان بەو پارادیمە گرینگە كە پشتیوانی خەڵكی مەدەنی سووننە مەزهەب بوو كرد و بیرۆكەی هێرشێكی بەرفراونتر بە مەبەستی پێكهێنانی خەلافەتی ئیسلامیان لە مێشیكیان دا دروست كرد. لە پاش كپ كردنەوەی رۆاڵەتی ئەو هێرشە ئەمجارە هێرشێكی قورستر لە پارێزگای موسڵەوە دەستی پێكرد و بە شێوەیێكی چاوەرواننەكراو لە ماوەێكی كورت سپای گەورەی حكوومەتی عێراق تێكشكا و داعش توانی دەست بگرێ بەسەر ئەو پارێزگایە كە دووهەمین پارێزگای وەڵاتی عێراقە و دەست بەسەر چەندین كەرتی ئابووری و زاخەی پڕ چەكی تەقەمەنی و سیلاح بگرێ و خەلافەتەكەی رابگەێنێ. ئەو سەركەوتنە بەرچاوە، داعشی بە هێزتر و مكۆرتر كرد بۆ بەرفراونتر كردنی سنوورەكانی و لە درێژەی هێرشەكانی دا دەستی بەسەر چەندین شاری گەورە و سەدان دێهاتی تری عێراق گرت و لە ئێستا دا مەترسی كەوتنی بەغدا پێتەختی وەڵاتی عێراق بوونی هەیە.
لەو ساتەوەختە دا خوێندنەوەی بەهێز ئەوە بوو كە داعش بە نیازی داماڵینی حكوومەتی مالیكی لەناوچە سووننی نشینەكانە و هیچ بەڵگە و دەركەوتەیێك بۆ پشت راست كردنەوەی هێرش بۆ سەر كوردستان لە ئارادا نەبوو و تەنانەت داعش لە چەندین لێدوان نەبوونی هیچ بریارێك بۆ سەر هەریمی كوردستانی ئاشكرا كرد و لە لایێكی ترەوە بریاری خۆتێوە نەگلاندن لە شەری داعش لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە راگەێندرا و رۆژەڤی هەرێمی كوردستانیش لە ئاكامی كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا پرۆژەی رێفراندۆم و یەكلایكردنەوەی كێشەكان لە رێگەی جیابوونەوە لە عێراق بوو. هەر بۆیە وەرسوورانی داعش بۆ سنوورەكانی هەرێمی كوردستان خوێندنەوەكانی پێشوو لەسەر رەوتی داعشی هەڵوەشاندەوە. هەر چەند هەر لەسەرەتاوە چەندین وەڵات وەك پاڵپشت و دیاریكەری هێل بۆ داعش وەك وەلاتی عەرەبستان و قەتەر و تركیا ناو دەهێندرا ، بەڵام خالێكی جەوهەری كە زەرورە بۆ خوێندنەوەی وردی ئەو رەوتە لەبەرچاو بگیردرێ ئەوەیە كە داعش خۆی نابەستێتەوە بە بەرژوەندیی وەلات و هێلێكی دیاریكراو ، بەڵكو قازانجی زیاتر بۆ گەیشتنی خێرا بە ئامانجە دیاریكراوەكان نرخی ئەو گرووپە ترۆریستیە دیاری دەكات و وەك كالایێك هەر لایەنێك زۆرترین نرخی لەسەر دابنێ دەتوانێ لە مەزادەكەدا كالاكە بباتەوە و بۆ ئامانجەكانی خۆی بەكاریبێنێ. بە واتایێكی تر هەر وەلاتێك بیهەوێ نرخی زیاتر بدات دەتوانێ داعش بخاتە ژێر كاریگەری و بە كاری بێنێ بۆ مەرامەكانی خۆی بەمەرجێك ئەو بە كارهێنانە لەگەڵ بناغە و فەلسەفەی بوونی داعش ناتەبا نەبێ. زۆر بە ئاشكرا لە پێوەند بە هێرش كردنە سەر هەرێمی كوردستان ئەو راستیەمان بۆ دەركەوت. لەكاتیكدا كە لەبەرەیێك بە سەختی داعش لە جەنگ دابوو دەكرێ كردنەوەی بەرەیێكی نوێ كە ئاكامەكەشی هاتنە مەیدانی هێزە هاوپەیمانەكان بوو لە چی دابێ؟ لەكاتیكدا كە هیچ جۆرە مەترسیەك لە خاكی كوردستان بۆ سەر داعش بوونی نەبوو هێرشی پێش وەختی داعش بۆ سەر كوردستان دەبێ چ هۆكارێكی لە پشت بێ؟ ئەگەر بشوترێ داعش بە نیازی پەرەدان بە خەلافەتەكەی بووە دەكرا لە دوای سەقامگیر بوونی تەواو لەبەرەی جەنگ دژی حكوومەتی عێراق بگەرێتەوە سەر كوردستان. ئەو هێرشە پێشوەختە ئامانجی تێوەگڵاندنی هەرێمی كوردستان لە شەری دژی داعشی لە پشت بوو لەبری كۆمەلێك قازانجی شاراوە كە چۆتە ناو گیرفانی داعش. بێگومان بە پێی بەڵگەكان و لێدوانەكانی خودی بەرپرسانی حكوومی ئەو وەڵاتەی زۆرترین قازانجی لە تێوەگلانی هەرێمی كوردستان دەبوو ئەوە رژیمی ئێران و دەوڵەتە تێكشكاوەكەی نووری مالیكی بوو و هەر بۆیە رێی تێدەچێ لە رێگەی دەلاڵەكانیانەوە دەستیان هەبووبێ لە كردنەوەی بەرەی جەنگ لە كوردستان.
هەر چەند لە هێرش بۆ سەر هەرێمی كوردستان توانیان دەست بەسەر هێندێك شار و ناوچەی كوردستان بگرن بەڵام لە پاش ماوەێكی كورت بە یارمەتی هێزەكانی ئەمریكا و حەماسە و نەبەردی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تواندرا داعش لە بەشێك لە خاكی كوردستان پاك بكرێتەوە و رێگەی هاتنە پێشەوەی لێ بگیردرێ. لە لایێكی دیكەوە ئەو هێرشە یەكگرتووی و هاسۆزییەكی نەتەوەیی دروست كرد و حیزب و رێكخراوەكانی سەرجەم پارچەكانی كوردستان وێرای پێشمەرگەكانی هەرێمی كوردستان چوونە ناو سەنگەرەكانی خۆراگری لەبەرانبەر داعش و لە ناویشیان دا سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بە پێی ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی لە میحوەرەكانی گویر و خازر هێزی پێشمەرگەی جێگیر كرد و تا ئازاد كردنی شاروچكەی گوێر لە بەرەكانی شەر مایەوە و لە ئێستاشدا لە هەر ساتێك كە مەترسیەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان پەرە بستێنێ ئامادەی جوڵاندنی هێز بۆ بەرەكانی شەرە. داعش بە هێرش كردنە سەر هەرێمی كوردستان هەڵەیێكی ستراتیژی كرد، چوونكە لە ئاكامی ئەو هێرشە هاوپەیمانەتیەكی بەرفراوانی نێودەوڵەتی پێكهاتوو لە 20 وەڵاتی زلهێزی جیهانی لە بەرانبەر خۆی دا دروست كرد و لە ئێستا دا داعش بە مەترسیەك بۆ سەر جیهان دەناسرێ.
لە دوای وەستانی داعش لە هەرێمی كوردستان و شكستە یەك لەدوای یەكەكان داعش رووی كردە كوردستانی سوریا و كەوتە هەوڵدان بۆ گرتنی كوبانی. هەر چەند پێشتریش هەوڵی گرتنی ئەو شارەی دابوو بەڵام سەركەوتوو نەبوو، بەڵام ئەمجارە بە چەك و تەقەمەنیەكی زۆرەوە رووی كردە كوبانی و بە خەیاڵی خۆیان دەتوانن لە ماوەێكی كورت دا دەست بەسەر كوبانی دا بگرن. هۆكاری كردنەوەی ئەو بەرە نوێیەی جەنگ دەگەرێتەوە بۆ ستراتژیی بوونی كانتۆنی كوبانی هەم لەبەر ئەوەی كە هاوسنوورە لەگەڵ وەڵاتی تركیا و هەم ئەوەی كە پردی پێوەندی نێوان كانتۆنەكانی تری كوردستانی سوریایە و بێگومان بە كەوتنی كوبانی رێگە بۆ دەست بەسەر داگرتنی كانتۆنەكانی دیكەی كوردستانی سوریا خۆش دەكرێ و لە هەمانكاتیشدا رێگەیێكی زۆر ستراتژیی بۆ گەیاندنی هاوكارییە لۆجەستیكی و چەك و چۆل و هەروەها هاتنی هێزی نوێ دەكرێتەوە. بە خوشحالیەوە لە ئەنجامی خۆراگری كەم وێنەی یەكینەكانی پارێزەری گەل و یەكینەكانی پارێزەری ژنان و هەروەها هێرشە ئاسمانیەكانی هیزە هاوپەیمانەكان داعش هەتا ئەم ساتەش لە وەدیهێنانی ئەو ئامانجەی شكستی هێناوە و تەنانەت زەربە و خەسارێكی بەرچاویشی بەركەوتووە.
سەرەڕای هەموو كارەساتە مرۆییەكانی گەلی كورد لە دوای هێرشی ترۆریستانی داعش رووبەرووی بووە لەهەمان كاتدا بۆتە دەرفەتێك بە مەبەستی پێش خستنی دۆزی گەلی كورد لە ئاستی جیهانی و ئەمرۆ لەسەرجەم ناوەندە میدیایی و سیاسیەكانی جیهان باسی ئەوە دەكرێ كە گەلی كورد لە بری تەواوی جیهان شەر لەگەڵ داعش دەكات و ئەوە لە چوارچێوەی بەرزكردنەوەی پێگەی كورد لە ئاستی نێودەوڵەتی كاردانەوەی زۆر باشی دەبێ. رەنگ بێ شەری داعش چەند ساڵیك بخایەنی و لە هێندێك بوار دا كوردستان بوەستێنێ بەلام بە دڵنیاییەوە لەدوای كۆتایی هاتنی ئەو شەرە ، كۆمەڵیك دەسكەوتی گرینگی نێودەوڵەتی بۆ گەلی كورد بە دواوە دەبێ. ئەوەی وەك بۆشایێك هەستی پێدەكرێ یەكگرتوویی گەلی كورد لە ئاستی نێوخۆییە كە ئومێد دەكرێ ئەو بۆشاییەش بە هەست بە بەرپرسیارەتی زیاتر پڕ بكرێتەوە و كورد بە یەكگرتوویی بتوانێ مەترسیەكان بۆ سەر خاك و گەلەكەی دوور بخاتەوە و سیمای راستەقینەی خۆی پیشانی جیهانیان بدات و لە ئاستی گشتی دا ببێتە دیفاكتۆێك كە ئیتر هیچ وەڵات و لایەنیك نەتوانێ حاشای لێبكات و لەبەرچاوی نەگرێ.