کامیل نورانی فەرد
لە ئاكامی گەمارۆی قەیرانە یەك لەدوای یەكەكانی دەوری دەسەڵاتی ئاخوندی، هەر جارەو شاهیدی سەرهەڵدانی قەیرانێكی نوێ ئەبین كە ئاخوندەكان لە چارەسەر كردنی دۆش دائەمێنن و ئاكامەكەشی بەرەوسەر چوونی فشاری زیاتر بۆ سەر خەڵكی هەژار و خوولانەوە لەناو بازنەی تەنگەبەری مەینەتی دەستكردی دەسەلاتدارانی دیكتاتۆرە.
لەماوەی دوو حەوتووی رابردوو دەوڵەتی رەئیسی هەواڵی ئازاد كردنی نرخی ئارد و بەرەوسەر چوونی نرخی پێداویستە خۆراكیەكانی وەك بەرهەمە شیرییەكان، رۆن، مریشك وهیلكەی راگەیاند و لە ئاكامی ئەو راچڵەكاندنە ئابووریە نازانستی و بێ بیركردنەوەیە خەڵكی ئێران لە زۆربەی شارەكانی ئێران ڕژانە سەر شەقام و دەستیان دایە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و بەرزكردنەوەی دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و دەسەڵاتی ئاخوندی .
بەڵام هۆكاری ئەو گرانی و شێواندنی بازاڕە لە لایەن ئاخوندانەوە بۆ چی ئەگەڕێتەوە؟
وەڵامی ئەو پرسیارە ئەبێ بە شیكردنەوەی رەهەندی دۆخی نێونەتەوەیی و ناوچەیی و پاشان ناوخۆیی دەسەڵات پێ بگەیین و ئەو دۆخەی ئێستای دەسەڵات و خەڵكی ئێران لە ئاكامی سیاسەتە هەڵەكانی چەند دەیەی ڕابردووی دەسەڵاتداریەتی ئاخوندانی تارانە.
چیرۆكەكە بەمجۆرەیە كە لە ئاكامی هەڵسەنگاندنی بووجە ساڵی 1401 دەركەوتووە كە 450 هەزار میلیارد كەسری بووجە بوونی هەیە و ئەو كەسری بووجەیە چارەسەر نەكرێ قەیرانەكان زۆر لەوەی ئێستا زیاتر پەرە ئەستێنن. تەحریمەكانی نیونەتەوەیی هەر وەك خوی بەردەوامن و دانووستانەكان بۆ زیندووكردنەوەی بەرجام لەسەر بابەتی لابردنی سپای پاسداران لە لیستی ترۆری ئەمریكا وەستاوە و ئەوەی كە باسی لێوە ئەكرێ ئەگەری زۆرە وتووێژە سەرەتاییەكان بۆ جارێكی تر شكست بهێنێ و ڕوون و ئاشكرایە بوونی سپای پاسداران لە ناو لیستی ترۆر بۆ دەسەلات بە مانای بەستنی شادەماری هاتووچۆی خوێنە بۆ جەستەی نەخۆشی دیكتاتوریەتی ئاخوندی و زۆر جار لە لایەن بەرزترین لێپرسراوانی رژیم گرینگی و بایەخی مانۆر و پەرەدانی نفووزی رژیم لە ئاستی جیهان و ناوچەكە وەبیر هێندراوەتەوە و بۆیە هەر گۆرانكاریی و قەرەبووی كەسری بووجەیێك نابێ لەسەر حیسابی پشتیوانی لە گرووپە ترۆریستیەكانی ناوچەكە بێ. ئەوەی كە باسی لێوە ئەكرێ تەنانەت رژیم لە دابینكردنی بووجە بۆ تاقمە ترۆریستیەكانی پشتیوانی وەك حیزبولای لوبنان تووشی كێشە بووە و داوای زیادكردنی بووجە لە لایەن حیزبوللاوە ئاماژەیە بۆ ئەو ڕاستیە. لە لایێكی ترەوە لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی لوبنان گروپی ترۆریستی حیزبوڵلا گەورەترین شكستی خوارد و زۆرینەی پەرلەمانی لەدەس دا و لە بەشی باشووری ئەو وڵاتە كە بە پێی نەریت هەمیشە دەنگی زۆری هیناوە ڕێژەی دەنگەکانی بۆكەمترین دەنگ دابەزی. لە لایێكی ترەوە ئیسرائیل لە چوارچێوەی سیاسەتی نزیك بوونەوە لە وەڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكان خەریكی دەرفەت دروست كردنە و بەردەوام خەریكی دیپلۆماسی و بەرنامە ڕێژی بۆ كەمكردنەوەی ئوتۆریتەی رژیم لە هێندیك وەڵاتی وەك عێراقە كە نفووزێكی زۆری هەیە. لە وەڵاتی سوریاش لە پاش سەرقاڵ بوونی روسیە بە شەری ئوكراین بە پێچەوانەی بیركردنەوەكان كە ئەوترا رژیمی ئاخوندی ئەو بۆشاییە پر ئەكاتەوە بە عەمەلی لە لایەن ئیسرائیل و هێرشە بەردەوامەكانی لەدژی هێزەكانی رژیم ئەو خەونە بۆتە بلقی سەرئاو . هەموو ئەو كەشە رژیمی هێناوەتە سەر ئەو باوەرەی ئەگەر تێچوویەكی زیاتر لە ئاستی ترۆریسمی نیونەتەوەیی بە كار نەهینێ رۆژ لەدوای رۆژ پێگەكانی لەدەس ئەدا و بۆیە بژاردەی قەرەبووی كەسرییەكان لەسەر حیسابی سیاسەتی ترۆریسمی ناوچەیی بە تەواوی پووچەل وتەنانەت پێویستی بە قەرەبوو و تەرخان كردنی پارەیێكی زیاتر بۆ ئەو بەشەیە.
گەمارۆكانی كۆمەڵگای جیهانی بەردەوامە و دەسەڵات دەیهەوێ هەموو هەوڵێكی خوی بدا بۆ ئەوەی لانی كەم مەیدانی ناوچەیی و پشتیوانی لە گرووپە ترۆریستیەكانی لێ نەستێندرێتەوە و لە ئاستی ناوخۆیی كەسری بووجە هەیە. لە حاڵەتێكی وا ئاسانترین بژاردە دەسدرێژی بۆ داهات و ژیان و بژیوی خەڵكە و لەئاكامی ئەو بیركردنەوەیە پیلانی نەشتەرگەری ئابووری لە لایەن دەوڵەتی رئیسی جەلاد دەستی پێكردووە.
ئەوەی كە تا ئێستا ئەبیندرێ و زۆرێك لە ئابووری ناسانی تەنانەت نزیك لە دەسەڵات باسی لێوە ئەكەن ئەو پرۆژەیە ئەبێتە هۆی كێشەی زیاتر بۆ دەسەلات و لابردنی ئەرزی تەرجیحی و سووبسید لەسەر شت ومەك و پاشان لە رێگەی پێدانی پوولی مانگانە لە ژێر ناوی یارانە بە بێ بوونی بەستێنی لەبار و پشتیوانەی پێویستی ئابووری تەنیا پووڵ و نەقدینەگی لە كۆمەڵگا دروست دەكات و ئەوەش هەڵاوسان پەرە پێ ئەدا. دەسەڵات ئەیهەوێ كەل و پەل و پێداویستیەكان بە نرخی ئیستانداردی دولاری جیهانی بێ، بەلام حەق دەست و مەعاشی خەڵك بە نرخی بێ بەهای تمەنی ئاخوندی بێ.
بێگومان لە رەوشێكی وا دا ناهاوسنگیەكی زۆر دروست دەبێ و ئاكامەكانی خراپتر بوونی رەوشی ئابووری كۆمەڵگا و تێكچوونی ژیانی خەڵكە. دەوڵەت بە درۆی خوی ئەیهەوێ پێش بە قاچاخی كەل و پەل و شت و مەك بگرێ و ئەو پارەیەی قەرارە لەچوارچێوەی سووبسید بدرێ راستەوخۆ ئەخریتە حیسابی خەڵك .بەلام ئەو وتەیە لەكاتێكدایە كە سپای پاسداران و بەشێكی زۆر لە ئاغازادەكان و كەسانی ناوبازنەی دەسەلات لە پشتی ئەو رەوشە نەبوونایە و لەراستیشدا بتواندرابا پێش بەو رەوتە بگیردرێ. كورتكردنەوەی دەستی سپای پاسداران لەو بەستێنە واتای بەرزبوونەوەی ئەگەرەكانی كوودتا و هەڵگەرانەوەی ئەو هێزەیە كە تاكە پشتیوان بۆ مانەوە و بەردەوامی حوكمی نامەشروعی دەسەڵاتی ئاخوندییە. بۆیە سپای ترۆریستی پاسداران و خودییەكانی دەسەلات بەردەوام ئەبن لەسەر تاڵان و برۆی خویان و تەنیا بەرزبوونەوەی چەندین بەرانبەری فشارەكان بۆ سەر خەڵك وەدی دێ.
ئەوەی كە ئەبیندرێ خۆشبەختانە كۆمەڵگا لەسەر بابەتەكان هەڵویست ئەگرێ و لە ئێستاش دا چاوەكان لەسەر جوولەی دەسەلاتە و ئەو خرۆشان و نارەزایەتیە جەماوەرییانە هەر وا بە سانایی كپ نابن و كۆمەڵگا وا بەرەو یەكدەست بوونەوە و ساغبوونەوەی تەوتەواو لەسەر ئەو حەقیقەتە ئەچێ، كە هەتا ئەو دەسەلاتە لەسەر كار بمێنێ هیچ هیواێك بۆ باشتر كردنی دۆخی ژیانی هاوەڵاتیان بوونی نییە و تاكە چارەسەر نەمان و لاچوونی ئاخوندان لەسەر حوكم و هاتنە سەر كاری دەسەلاتێكی دیموكراتیك و خەڵكیە.