عەلی بەهرامی
لە دوای شۆرشی ژینا لە كوردستان و ئێران، دۆخێكی تایبەتی دروست بوو و لە دوای شەش مانگ لە دەستپێكی ئەو شۆرشە راستی و دروستی دۆخی رژیم لەلایەك و خەت و رێباز و هێڵە سیاسیەكانی سازمان و حیزبەكانی دژبەری ئەو دەسەڵاتە لەلایەكی دیكە، بۆ هەمووان باشتر روون بووەتەوە.
شۆرشی ژینا بە شێوەیەكی یەكانگیر و بەرفراوان كە لە كوردستان سەری هەڵدا، هەر زوو هەموو سنوورەكانی تێپەراند و زۆربەی ناوچەكانی ئێران گرتەوە. ئەو شۆرشە هەر لە رۆژەكانی سەرەتادا توانی بەرنامە و سیاسەتە دژمنكاریەكانی دەسەڵاتی ئاخوندان لە بەرامبەر نەتەوە، مەزهەب و پێكهاتەكانی ئێران بكاتە بڵقی سەر ئاو و یەكگرتوویی و هاودەنگی و هاوئاهەنگی جەماوەر بووە بەردی بناغەی خەبات و شۆرشی نەتەوەكانی پێكهێنەری ئێران دژ بە ئیستبدادی ئاخوندی. لەلایەكی دیكە شۆڕشی ژینا كۆمەڵگەی جیهانی خستە بەردەم دۆخێك كە نەتوانن چاو لە ویست و داواكانی جەماوەری ئێران ببەستن و لە بەرانبەر دەسەڵاتی شوومی ئاخونداندا بێ هەڵوێست بن. ئەم جارە بەپێچەوانەی رابردوو، رای گشتی جیهانی و دەسەڵاتەكان هاوسۆزیان لەگەڵ شۆرشی گەلانی ئێران و شۆڕشی ژینا و كەس و كاری قوربانیەكانی دەربڕی و فشاری سیاسی و گەمارۆی زیاتریان خستە سەر ناوەند و ئورگانە سەركوتگەرەكانی رژیمی ئێران.
بە بارێكیتردا شۆرشی ژینا، كاریگەری زۆری كردە سەر سازمان و حیزبە دژبەرەكانی رژیمی ئاخوندی و بەرەو رادیكاڵتر بوونی بردن و نیەت و بەرنامەی داهاتووی ئەو لایەنانەی بۆ رای گشتی ئێران روونتر كردەوە. بە درێژەكێشانی شۆرشی ژینا، دژبەرانی رژیمی ئاخوندی لەدەرەوە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون. بەرەیەك بە پێشوونەیەكی دێرین لە خەباتی شۆرشگێڕانە و رێكخراو و بە دیسپلین كە روانگەیەكی كراوەو روونی لە راست نەتەوەكانی ئێران و روخانی رژیم و ئازادیەكان هەیە و خەباتی شێلگیری لەو پێناوەدا كردووە كە ئەویش سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، شۆرای ملی مقاومەتی ئێران، سازمانی موجاهیدینی خەڵكی ئێرانە. بەرەكەی دیكەیش پێكهاتووە لە كوڕی شا و كۆمەڵێك ناو و روخساری تازە هەڵتۆقیو كە بەشێكی زۆری تلویزیون و ناوەندە راگەیەنە فارسیەكانیان لە خزمەتدان بۆ ئەوەی گەورەتر لە قەبارەی خۆیان نیشان بدرێن. بەشێك لە پێكهێنەرانی ئەم بەرەیە هەتا لە ئێراندا بوون لە ئورگانەكانی دەسەڵاتدا خزمەتیان كردوەو كە چوونەتە وەڵاتانی رۆژئاواییش لە پێوەندیدا بوون لەگەڵ نایاك و ئەو دامەزراوانەی لە خزمەت مەساڵح و بەرژەوەندیەكانی رژیمی ئاخوندیدا چالاكن.
بەو پێشەكیە مەبەستمە تیشك بخەمە سەر تێكۆشان و رابردووی خاوێن و پر لە فیداكاری سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران وەكوو بەشێك لە بزوتنەوەی نەتەوەیی كوردستان و بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران. سازمانی خەبات كە لە 44 ساڵی رابردوودا بە مقاومەت و خۆراگری و وەلانانی دەیان بەربەست و تەنگ و چەڵەمە، سەربەرزانە و سەربەستانە تا ئێرە كارو تێكۆشانی خۆی بە دوور لە هەر جۆرە هەڵەیەكی سیاسی درێژە پێداوە. سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بە رەتكردنەوەی دەسەڵاتی شاهی و ئاخوندی هەر زوو مەرزبەندیەكی سیاسی دروستی بۆ كار و تیكۆشانی خۆی كێشاو خۆی بواردوە لە هەر جۆرە وتووێژ یان كارێك كە لە قازانجی رژیمدا بێ. ئەگەر چی بە ناوی جیاجیا هەوڵی زۆر دەدرا سازمانی خەبات لەم رێگەدا پاشگەز یان بە لارێدا ببرێ، بەڵام بیر تیژی و واقعبینی و خۆراگری رێبەریی سازمان بەتایبەت مامۆستا سەید جەلالی حوسێنی وای كرد سازمانی خەبات نەك بەو بایانە نەلەرزێ بەڵكوو لەبەرامبەر هەموو ئەو بوختان و كێشە و تەنگ و چەڵەمانەی بۆی سازدەكرا، خۆراگری بكات و وەلایان بنێ. هەر كەسێكی بە ویژدان ئەگەر سەیرێكی جۆری سیاسەتی مامۆستا شێخ جەلال و سازمانی خەبات لە پێوەند بە پرسە نەتەوەییەكان و بەربەرەكانێی رژیمی ئاخوندی بكات، بەو راستیە دەگا كە مەكتەب و سەنگەری سازمانی خەبات لەسەر بنەمای راستگۆیی و خزمەتی دروست بە نەتەوە و دژمنایەتیەكی جیددی لەگەڵ رژیمی داگیركەری ئاخوندان دامەزراوە و هەتا ئێستایش بە هەموو هێز و توانایەوە درێژەی پێدەدا.
سازمانی خەبات تێكۆشانی خۆی لەسەر بنەما و ئەساسی شەفافیەت لە سیاسەتدا بەرێوەبردووە و بە شێوەیەك نەبووە كە هەر رۆژە لە هەوایەك و بە پێچەوانەی ویستی كۆمەڵگەی كوردەواریی سیاسەتی یەك بان و دوو هەوا كار بكا. بەتایبەت لە دوای ئەوەی خومەینی و هاوبیرەكانی سەلماندیان باوەڕیان بە ئازادی و دیموكراسی نیەو چارەسەری ئاشتیانەی پرسی نەتەوەكانی ئێران و بە تایبەت گەلی كوردیان نیە، مامۆستا شێخ جەلالی نەمر بریاری خەبات و بەربەرەكانێی شۆرشگێڕانەی لە بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە دواكەوتووەدا داو تاكە رێگە بۆ گەیشتن بە ئاسۆی روونی لە نەمانی دەسەڵاتی ئاخوندان و هەر جۆرە فكرێكی تەنگ نەزەر و فاشیستدا دەبینی و لێبڕاوانە تێكۆشانی بۆ كرد.
لە پێوەند بە دۆستایەتی و هاوئاهەنگی و یەكیەتی نێو ماڵی كورد، سازمانی خەبات لە سەرەتای دامەزرانیەوە ویستی پێوەندی و هاوئاهەنگی لە سەر بنەمای رێزی بەرامبەر، خزمەت بە بزوتنەوەی نەتەوەیی كوردستان و پاراستنی نەتەوە و نیشتمان لە بەرامبەر داگیركەران هەبووە. لە كاتێكیشدا كە لە كوردستاندا هەوڵی نانەوەی كێشە، خۆ فەڕزكردن و شەڕی ناوخۆ دەدرا، سازمانی خەبات جوێ لە دیفاع كردن، خۆی لەو كێشە و بگرەو بەردانە پاراست و پارێزگاری لە نیشتمان لە بەرامبەر هێزی پاسدار و بەكرێگیراوی رژیمی كردبووە ئەولەویەتی خۆی. لە قۆناغەكانی دواتری شۆرشی كوردستاندا سازمانی خەبات بەردەوام ئامادەبووە بۆ چوونە نێو هەر بەرە و پلاتفۆرمێكی كوردستانیەوە، بەو شەرتەی دووری بكرێ لە بیری خۆ فەرزكردن، ڕاڕایی لە سیاسەت، جددیەت لە دژایەتی و بەربەرەكانێی دەسەڵاتی ئاخوندی. لەو چوارچێوەدا لەچەندین قۆناغی جیاجیادا بەشداری لە هەوڵەكان بۆ دامەزرانی بەرەی كوردستانی، كاری هاوبەشی لایەنەكان و دامەزرانی ناوەندی هاوكاری حیزب و سازمانەكانی كوردستانی ئێران كردوە.
لە ماوەی40 ساڵی رابردوودا سازمانی خەبات بەردەوام بانگەشەی ئەوەی كردووە كە ئێمە بە تەنیا لە كوردستان ناتوانین رژیمی ئاخوندی بروخێنین و بۆ گەیشتن بە قۆناغی روخان و لەناوچوونی ئەو دەسەڵاتەیش، پێویستە بزوتنەوەی كوردستان تەبایی و یەكیەتی نێو ماڵی خۆی بپارێزێ، هاوكات پێویستە لەگەڵ هێز و لایەنە شۆرشگێڕە ئێرانیەكان كە لە بەرامبەر ئاخونداندا بە جیددیەتەوە خەبات دەكەن و باوەڕیان بە چارەسەری پرسی نەتەوەكانی ئێران هەیە، دۆستایەتی و نزیكیمان هەبێ و پێكەوە دەسەڵاتی ئاخوندان بروخێنین و ئەو دۆستایەتی و هاوكاریانە ببێتە هەوێنی لێك حاڵیبوون و ئاسایش و ئۆقرەیی زیاتر لە كوردستان و ئێراندا جێگیر ببێ.
لە دوای چوار دەیە لە گرتنەبەری ئەو سیاسەتە لەلایەن سازمانی خەباتەوە و تێپەراندنی دەیان كۆسب و تەگەرە و دانی نرخی زۆری سیاسی لەو پێناوەدا، ئێستا شۆرشی ژینا (ژن ژیان ئازادی) بە شێوەیەكی بەرین و فرەرەهەند كاریگەری لە سەر پێگە و هێزی دەسەڵات لە ناوخۆ و دەرەوە داناوە و تا دێ زیاتر دڵنیایی لە روخانی رژیم و سەركەوتنی شۆرشی ئازادیخوازی لە كوردستان و ئێران دروست دەبێ.
لەم كاتە هەستیارەدا كۆمەڵێك كەسی پێشوونە خراپ و ناوزڕاو كە لە راست پرسی كورد و بزوتنەوەی كوردستان ڕاو نەزەری زۆر دژمنكارانەیان هەبووە و لە ماوەی 44 ساڵی رابردوودا لە بەرامبەر رژیمی ئاخوندیدا هیچ بەهایەكیان نەداوە و بگرە بەشێكی بەچاویان خزمەتی زۆریان بە ناوەند و ئورگانەكانی رژیم كردووە، دەمیان هێناوەتە پێش و بە ریز كردنی كۆمەڵێك قسەی زریقە و بریقەدار لە هەوڵی سپی كردنەوەی روخساریان و لەبار بردنی شۆرش و دزینی دەسكەوتەكانین. بە دیاری كراوی رەزا پەهلەوی كوری شای هەڵاتووی ئێران كە ساڵانێكی زۆرە بە پووڵی دزراوی خەڵكی هەژاری ئەو وەڵاتە/ لە وەلاتانی رۆژئاوایی خەریكی كەیف و سەفای خۆیەتی و خاوەن بیر و فكرێكی تەسك و فاشیستیە، بە هاوكاری وەڵاتان و مۆرە خاریج نشینەكانی ئاخوندان هەوای دەسەڵات لە سەری داوەتەوەو دەیهەوێ بە قسەی چەور و نەرم كڵاو لەسەر خەڵك بنێ و خۆی بە جێگرەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی پێناسە دەكا. لێرەدایە بۆ ئەوەی فاشیستان و دژمنانی كورد و ئازادی جارێكی دیكە لە ئێراندا بە دەسەڵات نەگەن پێویستە كوڕی شا و هەر جۆرە فكرێكی فاشیستی رەت بكەینەوەو رێگە نەدەین هیچ كەس و لایەنێك خەبات و تێكۆشانی كورد و نەتەوەكانی ئێران و ئازادیخوازان بە فیرۆ بدەن و لە سەر هەموومانە پارێزگاری لە بەها نەتەوەیی و ئازادیخوازیەكانمان بكەین.
لەو چوارچێوەیەشدا سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بەدوور لە هەر خۆبواردن و خۆلادانێك و هەر جۆرە پێچ و پەنایەك دژایەتی فكری فاشیستی و دووبارەبوونەوەی دیكتاتۆریەت لە ئێران دەكات و پێی وایە دەسەڵات و سیستەمی دەوڵەت لە ئێرانی داهاتوودا دەبێ بۆ ئێرانیەكان و بەپێی بریاری ئەوان بێ، نەك كەسانێكی دەست و پێ سپی و هیچ لەباردا نەبوو بە پشتیوانی وەڵاتان و لە رێگەی میدیاكانەوە، قارەمانیان لێ ساز بكرێ و بەردرێنە گیانی خەڵكەوە.
كۆتا قسە ئەوەیە كە بەو ئەزموونانەی لە دوو دەسەڵاتی دیكتاتۆری شا و ئاخوند لە ئێران وەدەست هاتووە، باشتر وایە بۆ زوتر بە ئامانج گەیشتن و بە فیرۆ نەدانی هێز و پوتانسێلەكان بە یەكگرتوویی و تەبایی رێگەی روخانی رژیم و رەت كردنەوەی هەر جۆرە فكرێكی فاشیستی بكەینە بەردی بناغەی كار و تێكۆشانمان و بێ لارێ كردن و دابەش بوون، هەتا سەركەوتن درێژەی پێ بدەین.