نەتەوەی كورد لە ئێران لەمێژ ساڵە بۆ رزگاری و گەیشتن بە مافە نەتەوەییەكانی لە خەبات دایە و بەشداریشی لە راپەرینە جەماوەریەكانی ساڵی 1357ی گەلانی ئێران دژ بە رژیمی دیكتاتۆری پەهلەوی، بۆ ئەو مەبەستە بوو كە بە یەكجاری كۆتایی بە ژێردەستەیی و چەوسانەوە بێ، بەڵام لە دوای روخانی رژیمی پاشایەتی، بەپێچەوانەی ویستی جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان و ئێران، ئاخوندان بە كەڵك وەرگرتن لە هەستی مەزهەبی جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست و سیستەمێكی چەند قات دیكتاتۆر و نادیموكراتیك و مەزهەبیان دامەزراند و بەوەش هیواو بەرهەمی ڕاپەرینی نەتەوەی كورد و گەڵانی ئێرانیان بە فیرۆ دا.
گەلی کورد زوو هەستی بە مەترسی دەسەڵاتی نوێ کردو دژی تاكرەوی و خۆسەپێنی ئاخوندان هەڵوێستی گرتو دژایەتی خۆی لەگەل ئەو دەسەڵاتە نادیموکراتیك و دیکتاتۆرەدا ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەشدا لە پێناو ماف و ئازادیەكانی، هەوڵی زۆریدا بە رێگەی ئاشتیانە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان لە یاسای بنەرەتی ئێراندا بگونجێ، بەڵام ئاخوندان بە جێی گوێ گرتن لەویستەكانی کوردو رێزگرتن لە داواو ماف و ئازادیەكانی ئەو گەلە، زمانی هەڕەشەو چاوسوور کردنەوەیان بە کارهێناو دەستیان دایە هێرش بۆ سەر بزوتنەوەی مافخوازانەی خەڵكی کوردستان. ئاخوندان بریاری شەڕی سەرتاسەریان لەگەڵ کورد داو خومەینی ڕێبەری دیكتاتۆر و خوێنرێژی رژیم، لە 28ی گەلاوێژی 1358دا فەرمانی جیهادی دژ بە هەوڵی ئاشتیخوازانەی خەڵكی كوردستان دەرکرد و لەو فەرمانە نارەوایەدا بە تەواوی هێزەکانی راگەیاند كە پەڵامار و هێرش بەرن بۆ سەر كوردستان.
فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ داگیرکردنی كوردستان زیانی گەورەی بە شار و گوندەكان گەیاند بەڵام ئەو دەسەڵاتە بە پەلامار و وێرانكاری نەیتوانی زیان بە ورە و ئیرادەی پۆڵایینی خەڵكی كوردستان بگەیەنێ. خەڵكی كوردستان لەبەرامبەر دەستدرێژی و پەلاماری هێزەكانی رژیم بریاری خۆراگری و مقاومەتیان دا و دژ بە هێرشی ئەو هێزانە راوەستان. خەڵكی خۆراگری كوردستان و هێزی پێشمەرگە بۆ بەرەورووبوونەوەی هێزە داگیرکەرەکانی رژیم هەموو رێگەیەکی دروست و رێگەپێدراو مەشروعیان هەڵبژارد و توانیان لە زۆربەی ناوچەکان زەربەی کاریگەر لەو هێزانە بدەن.
كاتێك سەرانی دەسەڵات لە تاران خۆراگری كەم وێنەی خەڵك و پێشمەرگەی كوردستانیان بینی بریاریان دا بە هەموو هێزەوە كۆتایی بە پرسی كورد لە ئێران بێنن، بۆ ئەو مەبەستە زۆرێك لەو هێزە پۆشتەو پەرداخانەی رژیمی پێشوو كە وەك خۆی هێشتبوویاننەوە بۆ سەركوتی بێ بەزەییانەی كوردی بەكارهێنان. یەك لەو هێزە پۆشتانەی رژیم رەوانەی كوردستانی كردبوو هێزی گاردی جاویدان(سپای قودس) بوو.
هێزی گاردی جاویدان كە توانیبووی لە زۆرێك لە ناوچەكانی كوردستان بەبێ سەرئێشە تێپەرێ و بەری پێنەگیرێ، لە دوای تێپەرینی لە بانە و چوونی بۆ سەردەشت، لە گەرانەوەی بەرەو شاری بانە، مامۆستا شێخ جەلالی حوسەینی بە پێچەوانەی هێندێک لایەنی دیكە، پێی وابوو دەبێ سنوورێک بۆ داگیركاری و ملهوڕی و پاوانخوازی و جینایەتەکانی رژێمی نوێ لە كوردستان دانرێ، بڕیاری لێدانی هێزەکانی رژیمی بەتایبەت گاردی جاویدانی داو پێشمەرگە گیان لە سەردەستەکان لە پێچەکانی هەژدەدۆڵان و کەوپێچی نێوان سەردەشت ـ بانە بەریان بە گاردی جاویدان گرت و تا دەروازەی شاری بانە زۆرێک لەو هێزە پۆشتەیان تەفرو توونا کرد و ژمارەیەکیشیان لێ بەدیل گرتن. سەبارەت بە زیانەكانی هێزی گاردی جاویدان بەشداربووانی شەڕەکە ئاماژە بە کوژرانی زیاتر لە ۷۰۰ کەس لە بەکرێگیراوانی رژیم و تێکشکاندنی نزیک بە ٨۰ دەزگای ماشین دەکەن. رژیمیش لە رۆژنامەی ئیتلاعات دا ئاماژەی بە کوژرانی 500 پاسدار و بەکرێگیراوی خۆی کردبوو.
وەك ڕوون و ئاشکرایە لەو قۆناغەدا داستانی ۱۰ی خەزەڵوەر بووە هۆی رووخانی ورەی هێزەکانی رژیمی ئێران و دوو حەوتوو دوای ئەو قارەمانەتیەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە 26ی خەزەڵوەردا خومەینی بە ناچار رایگەیاند (خەڵکی کوردستان دەنگی ئێوەم بیست) و داوای ووتووێژی لە گەلی كورد کرد و ئاگربڕی ڕاگەیاند. ئەم قارەمانەتیەی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات و پاشەكشەی سەرانی رژیم، لەلایەك دەستکەوتێکی سەربازی بوو بۆ كورد و لەلایەكی دیكە دەستکەوتێکی سیاسی گرینگ بوو كە رژیم لەو هەموو پاوانخوازی و خۆبینی و كەللەرەقیەی دەینواند مەجبور بە پاشەكشەو ئاگربڕ كرا.
قارەمانەتی و دەستکەوتی رۆژی 10ی خەزەڵوەر بەرێژەیەک گەورە و بەرچاوبوو کە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، وەک رۆژی پێشمەرگەی ناودێر کرد و ساڵانە لەو رۆژەدا رێز لە قارەمانەتی پێشمەرگەو خوێنی شەهیدانی ئەو داستانە كەم وێنەیە كە بریتین لە شەهیدان حسێن حسێنی، جەهانگیر مەولانی، حەسەن مەولانی، ئەحمەد ئەحمەدی، كەریم ئەحمەدی، جەلالی محەمەدپوور، رەسوڵ ساڵحزادە و دەروێش ئەحمەد رەسوڵی، دەگرێ.
۱۰ی خەزەڵوەر ئەو رۆژەیە كە تیایدا خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی سازمانی خەبات بە چەك و چۆڵ و ئیمكاناتێكی زۆر سەرەتایی بەڵام بە ورە و ئیمانێكی قاییم بە گژ هێزە داگیركەرەكانی رژیمی ئاخوندیدا چوونەوە و ئەو پەیامەی پێدان كە كورد ئەگەر رێگەی ئاشتیانەی لێ بگیرێ ئەوە لە مەیدانی نەبەردی دا گورزی جەرگبڕیان لێ دەوەشێنێ و هیچ كات رێگە نادا داگیركەران هەرچەند بەهێزیش بن لە نیشتمانەكەیدا بحەسێنەوەو هەست بە ئارامی بكەن.