ڕێزان شەهیدی پەنا
دیارترین تایبەتمەندییەكانی قۆناغی هەرزەكاری بریتیە لە ئارەزووی بەهێز بۆ سەربەخۆییو وەرگرتنی ئازادی كەسی، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كەپەیوەندییە خێزانییەكان كەم بكەنەوە بەڵكو لەم قۆناغەدا بەردەوام هەست بە پشتیوانی دەكەن لەلایەن خێزانەكانیانەوە لەڕووی ئابووریو دەروونیو كۆمەڵایەتیەوە، هەربۆیە خێزان ڕۆڵێكی سەرەكیو سەرەتایی دەبینێت لە ژیانی منداڵو دروستكردنی كەسایەتیدا لە قۆناغی هەرزەكاریدا، لێکوڵینەوە زانستییەکان باس لەوە دەکەن کە لە٨٠٪ ی کێشەکانی هەرزەکار بە هۆی ئەوەوەیە کە باوک ودایکان دەیانەوێت منداڵەکانیان بە حەزی خۆیان بە داب و نەریت وبیروبۆچونی کۆمەڵگاکەیان،رەفتار بکەن. لێرەدا پێویستە پەروەردەکاران دیالۆگ لەگەڵ کەسوکاری هەرزەکاردا بکەن چونکە زۆرجار دایک وباوک لەحەزی ئارەزو وپێداویستیەکانی هەرزەکارەکەی خۆی تێ ناگات وچارەسەریشی بۆ نادۆزێتەوە. لێکوڵینەوەکان پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە هونەری گوێگرتن لەم قۆناغەدا بەشێکە لە کێشەکانی هەرزەکار و هەروەها گرینگە ڕایەڵەیەکی هاورێیانە و زمانێکی ناسک بەکاربهێندرێت لەگەڵ هەرزەکاردا.
ئەم قۆناغە بە پێی کارتێکەری کۆمەڵایەتی و ئارامی وجوگرافی وکەلتوری و رەگەزی دەگۆرێت، بۆ نمونە کچان زوتر دەچنە ئەم قۆناغەوە وەک لەکوران، هەروها ئەوتاکانەی لەناوچە گەرمەکاندان زوتردەچنە قۆناغی هەرزەکاری. لەکۆمەڵگا مەدەنیەکان دا شێوازی جۆراوجۆری هەیە بەپێی ئەوژینگەیەی کە هەرزەکار تێیدا دەژیت لەوانە:
هەرزەکاری سروشتی وخۆگونجێنەرو بێ کێشەوگرفت،هەرزەکاری کشاوە لە کۆمەڵگاو خێزان وهەڵبژاردنی کێشەکانی خۆی و گۆشەگیری و تەنیایی وتێرامان،
هەرزەکاری لادەر کە ئەمەش لە چەند رەفتارێکی لادەرانەدا خۆیان نیشان دەدەن وەکو بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرکان، دزی کردن، پوکانەوە وکاڵ بونەوەی، كەسایەتی دروست و ڕاستڕەو كاتێك دروست دەبێت كە متمانەو دڵسۆزیو خۆشەویستی لەتاكەكاندا بوونی هەبێت ئەمەش لە ئەنجامی جۆری ئەو پەیوەندییەوە دروست دەبێت كە منداڵ لەگەڵ دایكو باوكو خوشكو برا لەیەك ماڵدا دەژینو لە هەندێك كاتدا هاوڕێكانیشی دەگرێتەوە، دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ كەسوكارو كەسانی پێگەیشتوودا ڕەگەزێكی بنەڕەتیە لەگەشەكردنی هەرزەكاردا، هەربۆیە بوونی هەڵەیەك یان لادانێك لەڕێگەی دروست لە پەروەردەكردنو پەیوەندی خێزانی دەبێتە هۆی نەگەیشتنی هەرزەكار بەو پێگەو كەسایەتیەی ئارەزووی دەكات تاببێتە تاكێكی بەسوود بۆ كۆمەڵگەو خێزانەكەشی.
ئەوەی دەبێتە هۆی دروستكردنی كەسایەتی لاواز لە هەرزەكاردا لە داهاتوودا پێنەدانی ڕۆڵی لاوەكیە بە منداڵ لە هەندێك حاڵەتداو پشتگوێ خستنیەتی لەڕووی گرینگی پێدانو پشتیوانیو پەروەردەكردنییەوە چونكە ئەمە دواتر كاریگەری هەیە لەسەر ئەو كەسایەتیەی دروست دەبێت لەدوای پێگەیشتوویی ئەگەر ژن بێت یان پیاو، و ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئەو خێزانەی پێكی دەهێنێت و شێوازی پەروەردەكردنی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی هاوسەرگیرییەوە دروست دەبن.
هاوكاری وهاوسۆزی دایك و باوك و یەك هەڵوێستی وگونجاندنیان لە چوارچێوەی خێزانێكی بەختەوەردا ڕەنگدانەوەو كاردانەوەی دەبێت لەسەر منداڵەكانیان بەتایبەتی ئەوانەی لە قۆناغی هەرزەكاریدان چونكە هۆكارێكە بۆ پەروەردەیەكی دروست و متمانەی تەواو دەدات بە هەرزەكار بۆ بڕوا بە خۆبوونو كەسانی دەوروبەری و ئەو ژینگە كۆمەڵایەتیەی تیایدا دەژی، بە پێچەوانەوە هەر كاتێك خێزانێكی نائارام و پەیوەندی تاكەكان باش نەبێت بە تایبەتی دایك و باوك، كاردانەوەی نەرێنی دەبێت لەسەر منداڵەكان و بەتایبەتی كەسایەتی هەرزەكار لە داهاتوودا بۆیە پێویستە دایك و باوك و ئەندامانی خێزان زۆر بەووریای و ژیرانەوە هەڵسوكەوت بكەن لەگەڵ هەرزەكارداو وەڵامدانەوەی ئەرێنیان هەبێت لەبارەی ئەو گۆڕانكاریانەی لەو قۆناغەی تەمەنیاندا ڕوودەدات.
ئەوەی گرنگەو پێویستە هەمووان بزانن كەقۆناغی هەرزەكاری لە دایك بوونێكی تازەیەو پێویستی بە گرنگیدان و هاوكاری و هەماهەنگی هەیە تاوەكو هەرزەكارەكانمان بتوانن ئەو قۆناغەی تەمەنیان بەدروستی و ئارامی و دوور لە لادان تێپەر بکەن.
(بە هیوای ئەوەی کە بتوانین باشترین قۆناغ بۆ منداڵەکانمان دروست بکەین )