بەداخەوە دایە عیسمەت مورادخانی دایكی كاك مەحمودی یوسفی كادری دڵسۆز و چالاكی سازمانی خەبات دوا ماڵئاوایی لێ كردین. رۆژی پێنج شەممە 29ی جۆزەردانی 1399ی هەتاوی، بەداخێکی زۆرەوە دایە عیسمە مورادخانی دایكی کاک مەحمودی یوسفی پێشمەرگەی دێرین، كادری دڵسۆز و چالاكی سازمانی خەبات و بەرپرسی پێوەندیەكانی كومیتەی نۆروێژی سازمانی خەبات كۆچی دوایی كرد. دایە عیسمەت دایكێكی نیشتمانپەروەر، دڵسۆزی نەتەوە كورد و خەباتی خۆشەویست بوو كە بەو پەڕی سەخاوەت و دڵئاواڵەیی یەكێك لە قارەمانترین رۆڵەكانی خۆی پێشكەش بە ریزی پێشمەرگەی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران كرد و هەمیشە گەورەترین شانازی بە ریزی شۆرش خۆراگری كوردستان و سازمانی خەباتەوە دەكرد و خۆی بە دایكی هەموو پێشمەرگەیەكی سازمانی خەبات دەزانی.
كاك مەحمودی یوسفی یەكێكە لە دڵسۆزترین و بەباوەڕترین رۆَلەكانی نەتەوەی كورد كە هەر لە هەڕەتی لاوەتیەوە رووی لە ریزی پڕسەروەری پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات كرد و بەو پەڕی دڵسۆزیەوە تا ئێستاش خزمەت بە بەرنامە و ئامانجەكانی سازمان، رێبازی مامۆستا سەید جەلال حوسێنی و شەهیدان دەكات. بەبۆنەی كۆچی دوایی دایە عیسمەت مورادخانی، بەناوی یەك بە یەكی كادر و ئەندامانی رێكخستنەكانی دەرەوەی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی بە كاك مەحمود و خانەوادەو تێكڕای كەس و كار لە شاری بانە و ناوچەی سەقز دەكەین و لەو كۆستەدا خۆمان بە هاوبەشی خەم و ناخۆشیان دەزانین.
خوای گەورە دایە عیسمەت بخاتە بەر بەزەیی و لێبوردەیی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شاد بكات.
رێكخستنی دەرەوەی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران