سێ‌شه‌مه 

1 جۆزه‌ردان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

سەروەری گەل: شەهید جەلالی تاژانی

سەروەری گەل: شەهید جەلالی تاژانی
بەهۆی گرنگی کوردستان لە باری ئابووری و جوغڕافیاییەوە لە لایەن نەیارانەوە ئاسمیلە کراوە وهەژاری و بێکاری و نەخوێندەواری و نەبوونی خزمەت گوزاری و دوکتور و دەوا و دەرمان و برسیەتی تەنگی بەژیان هەڵچنیوە.
ناخۆشی و نەخۆشی ژیانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی فەوتاندووە. بەهەزاران لاو و پیر و منداڵ، بە بیانووی جۆراو جۆر لە دار دراون و ئێستاش هەر درێژەی هەیە و چاڵە ڕەشەکان ئاخێندراون و لاوانمان لە ژێر قامچی ئەشکنجەدان. شان بە شانی بێ بەشی و چەوسانەوە، خەباتی ڕزگاری خوازانە دژ بە هەر چەشنە زوڵم وستەمێک لە ئارادا بووە و ئەم نەتەوە ڕێگەی تەسلیم بوونی هەڵنەبژاردووە و بەرەو جیهانێکی پڕ لە شادی و کامەرانی چەرخی پێشکەوتنی خسۆتە گەڕ.
هەر لەو سەردەمەوە شنەی ئازادی بۆتە هەوێنی ژیان و بەنرخترین ئاوات و ئارەزووی هەر کوردێکی بەشەرەف. منداڵەکان لەو دەمەدا کە تازە فێری دایە و بابە دەبن فێری وشەی ئازادی کورستان و ئاواتە لە مێژینەکەی دەبن. بڵێسەی گڕی ئاگری خەباتی کوردستان و تێکۆشان بەرز دەبۆوە و وردە وردە وەڵاتی ڕووناک دەکردەوە، دوژمنانی کورد و ئینسانیەت دەکەوتنە فێڵ و تەڵەکەیەکی زیاتر بۆ دامرکاندنی شۆڕش و تاریک کردنەوەی کوردستان. ساڵ دەهاتن و دەڕۆشتن کاروانی شۆڕش سەخت و پڕ لە دڕک و داڵی دەبون. لەبن هەر دەوەنێک و لەسەر هەرشاخێک قارەمانان دەبوون بە فیدای ڕزگاری. ئێستاش کاروانی شەهیدان هەر درێژەی هەیە و تا سەرکەوتن درێژەی دەبێت. یەکێک لەو قارەمانانەی کە گیانی پاکی خۆی کردە قوربانی لە پێناوی ئازادی نیشتمانەکەیدا کاک جەلال تاژانیە.
ڕاستە کە ئێمە لە درێژەی خەباتی بێ وچانماندا باشترین و خۆشەویسترین هاوسەنگەرانمان لە دەست دەدەین و شەهید بوونی هەر هاوسەنگەرێک داخێک دەنێتە سەر دڵی چەوسێنەرانی کوردستان، بەڵام دەبێ دژمنان باش بزانن تا جینایەت و چەوساندنەوە هەبێت، موبارزە دەبێ و ئەنجامی هەموو شۆڕشێکی ڕەوایش هەر سەرکەوتنە. گەلی کورد تا بە ئامانجی خۆی نەگات، لە قوربانی دان بۆ ڕزگاری ڕاناوەستێ و لە جێی هەر دڵۆپە خوێنی شەهیدێکی کوردستان، چەند کەس لە دژمنان دەخاتە گۆڕ. 
شەهید جەلال عوسمانی (تاژانی) کوڕی حوسەین ،لە گەرمای هاوینی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاویدا لە بنەماڵەیەکی هەژار لە ئاوایی تاژانی بانە چاوی بە ژینی بەشخوراوی و نەداری هەڵێنا. لە ئامێزی دایکی خۆشەویستی دا گەورە بوو، تاکو تەمەنی گەیشتە شەش ساڵی و پاشان لە ئاوایی خۆیان نێردرایە قوتابخانە. شەهید جەلال تا پێنجی سەرەتایی درێژەی بە خوێندن دا، بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی ئیمکاناتی ژیان نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات و بەناچاری دەستی لە خوێندن هەڵگرت و وێڕای دایک باوکی بەو شلکە لاویە دەستی دایە کار وکاسبی. شەهید جەلال کە لە بنەماڵەیەکی هەژار و جوتیار گەورە ببوو، ڕێبازی کوێرەوەری و جوتیاری تاقی کردبۆوە و زیاتر هەستی بە بەشخوراوی گەلەکەی دەکرد، هەر بۆیە لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧دا لە ئاوایی تاژانەوە، دەچوو بۆ شاری بانەو لە زۆربەی خۆپیشاندانەکاندا بەشداری دەکرد و کاتێک دەگەڕایەوە بۆ ئاوایەکەی، لاوانی ئاوایی دەستە دەستە کۆدەکردە و چی لە خۆپیشاندانەکاندا بیبیستایەو بی بینیایە بۆی دەگێڕانەوە. لاوانی تێدەگەیاندن کە کورد دەبێ مافی خۆی هەبێت. شەهید جەلال لە ساڵی ١٣٦٠  پێوەندی بە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێرانەوە کرد و وەک لایەنگرێکی دڵسۆز لە ناوچەدا کاری دەکرد. مەئمووریەت و کاری پێ سپێردراوی لە ناو شاری بانە و ئارمردە بوو. نووسراو و تراکتی سازمانی لە شوێنە حەستەم و بەرچاوەکانی ئەو شارەدا بەدیوارەوە دەچەسپاند. هەمیشە پیشمەرگەی لە جموجۆڵی دوژمن ئاگادار دەکردەوە. شەهید جەلال لەو ماوەیەدا کە لایەنگر بوو و لە ئارمردەو نێو شاری بانە کاری دەکرد لە لایەن ڕژیمەوە 3 جار گیراو دوای چەند ڕۆژ شکنجە و ئازار و خۆڕاگری و قارەمانەتی، ددانی بە هیچدا نەدەنا و لە ئاکامی خۆڕاگریدا ئازاد دەکرا. سەر ئەنجام لە مانگی بەفرانباری ١٣٦٣دا بۆ چوارەمین جار لە لایەن ڕژیمەوە وە پیلانی گرتنی بۆ داڕێژرابوو، ئەمجارە خۆی بەدەستەوە نەداو چووە ڕیزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات. شەهید جەلال دوای ئەوەی چەکی پیرۆزی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی کردەشان و نێردرایە نێو لقی شەهیدانی بۆیەن سەر بەهێزی شەهید سەید خەلیل و لەو لقەدا هەر زۆر زوو لە بەرەکانی شەڕدا قارەمانەتی و ئازایەتی لە خۆی نیشاندا. شەهید جەلال لاوێکی ڕوو خۆش و ودەم بە پێکەنین بوو. هێندەی پێنەچوو کە بە یەکێک لە پێشمەرگە ئازاکانی سازمانی خەبات ناوی دەرکرد و لە پێشمەرگە ناودارەکانی سازمان نەدەماوە. شەهید جەلال سەرەڕای ئەوەی
پێشمەرگەیەکی ئازا و بەجەرگ بوو، پێشمەرگەیەکی دەست پاک و ڕازدار بوو. خۆشەویستی خەڵکی ناوچەبوو، هەمیشە لەگەڵ خەڵکی ناوچە دادەنیشت و شۆڕشی گەلی کورد و سیاسەتی سیاسەتی سازمانی خەبات ی بۆ ڕوون دەکردنەوە. شەهید جەلال بەهۆی لێهاتوویی خۆیەوە لە مانگی خاکە لێوەی ١٣٦٤کرایە ئەندامی ڕێکخراو و دوای ماوەیەک کارکردن لەو ڕێکخراوە، لە لایەن هێزی شەهید سەید خەلیل دوبارە نێردرایەوە نێو لقی شەهیدانی بۆیەن و بەرپرسیارەتی تەداروکاتی ئەو لقەی پێ سپێردرا. لە کاتێکدا کە لە پاییزی ساڵی ١٣٦٤دا هێز وپەلەکانی سازمان لە ناوچەی بانەدا بە تەواوی ئاڵو گۆڕیان پێکرا، شەهید جەلال نێردرایە مەڵبەندی یەک و لەو مەڵبەندەدا کرا بە بەرپرسی ڕێکخراوی نهێنی. زۆر هەڵسووڕاوانە کاری تەشکیلاتی لە ناوچەی پاش ئاربەبا دەست پێکرد. پاشان بەهۆی لێهاتویی و لێ وەشاوەییەوە، لە ڕێکەوتی ٩/١/١٣٦٥لەکۆبوونەوەێکی مەڵبەندی یەکدا ،لە لایەن کادر و ئەندام و پێشمەرگەی ئەو مەڵبەندەوە بە ئەندامی هەیئەتی ئیجرای مەڵبەندی یەک دیاریکرا و بەرپرسیاریەتی کاری تەشکیلاتی مەڵبەندی یەکی پێ سپێردرا. شەهید جەلال لە ماوەی پێشمەرگایەتی دا زۆرتر کاری تەشکیلاتی لە ئەستۆ بوو و زۆر بە دڵسۆزیەوە ئەو ئەرکە گرنگەی بە ئەستۆگرت و دەستی دایە کار و هەڵسووڕان. سەر ئەنجام لە ڕێکەوتی ٦/٣٠ /١٣٦٦ بەهۆی ناشارەزایی ڕێگا لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات لە دەشتی (وەزنی)بەر بناری قەندیل لە مەڵبەندەکان هەڵدەبڕن و دەکەون بەسەر بنکەی تۆپخانەی دوژمن لە دەشتی وەزنی داو تەقەیان لێدەکرێت. بەداخەوە شەهید جەلال دەپێکرێ و دڵی پڕ لە ئیمانی لەکار دەکەوێ و ڕۆحی پاکی بەرەو بەهەشتی بەرین دەفڕێ و درێژەی خەباتی گەلی کورد بەهاوسەنگەرانی دەسپێرێت.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید جەلال و هەموو شەهیدانی کورد وکوردستان


3 ساڵ و 8 مانگ و 1 ڕۆژ و 4 کاتژمێر و 18 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن