دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی پیری سەنگەر حاجی برایم فیروزی

یادی پیری سەنگەر حاجی برایم فیروزی
کەریم فەیزیان

زوڵم و زۆر، ستەم و بێدادی لە ڕادەبەدەری رژێمە داگیرکەر و خۆسەپێنە یەک لە دوایەکەکان بە سەر کوردستاندا،  وایکردووە خەڵکی کورد لە هەموو تەمەنە  جیاوازەکان،.....

کەریم فەیزیان

 زوڵم و زۆر، ستەم و بێدادی لە ڕادەبەدەری رژێمە داگیرکەر و خۆسەپێنە یەک لە دوایەکەکان بە سەر کوردستاندا،  وایکردووە خەڵکی کورد لە هەموو تەمەنە  جیاوازەکان، ژن و پیاو ، لاوان و بەتەمەنەکان، وەک یەک لە شۆرشی پیرۆزدا کە بۆ رزگاربوونی وڵات لە داگیرکاری و ئازادی گەلەکەیان لە ژێردەستی هاتوونەتە مەیدان، زۆریان شەهید بوون یان تا کۆتایی تەمەنیان لە خزمەت بە نەتەوەکەیان بەردەوام بوون، یەک لەو هەزاران کەسەی کە هەموو ژیانی خۆی بۆ  شۆرش و خزمەت بە گەلەکەی لە ریزی تێکۆشەرانی سازمانی خەباتدا تەرخان کرد، خوالێخۆشبوو  حاجی برایم بوو کە ئەمرۆ بۆ پێزانین بە رەنج و تێکۆشانی پیری سەنگەر حاجی برایم فیرووزی کە ناسراو بوو بە حاجی بلە پیرۆز یان (حاجی برایمی قاوەچی) یادی ئەکەینەوە و وەک وەفایەک رێز دەگرێن لەم تێکۆشەرە قارەمانە کە تا ئەو کاتەی هێز لە لەش و ترووسکایی لە چاوەکانیدا بوو، لە خزمەت کردن بە شۆرش لە ریزی پێشمەرگە قارەمانەکانی سازمانی خەباتدا،بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی سەردەمیانە بۆ گەلەکەی، لە بەرخۆدان هەدای نەدا.

 دروود و سڵاو ئەنێرین بۆ ڕۆحی پاکی ئەم کەڵە پیاوە کە لە بە تەمەنترین پێشمەرگەکان بوو لە سەفی سازمانی خەباتدا لە ساڵانی ڕابردوودا . حاجی برایم خەڵکی شاری بانە لە بنەماڵەیەکی شۆرشگێری ئەم شارە قارەمانپەروەرەی رۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دنیا هەڵهێنا . وەک خۆی بۆی دەگێراینەوە ژیانێکی پر مەینەت و دژواری تێپەراندبوو لە سەردەمی رژێمی پەهلەویدا ، چەند جاریک چۆتە شاخ و دژ بە رژێمی ئەو کاتە شەری کردووە. نابەرانبەری و ستەمی رژێمی شا بەرانبەر بە گەلی کوردی و بۆ تەحەموول نەکراوە پەیوەندی بە کەسان و گرووپە شۆرشگێرەکانەوە کردووە و لە ریزی ئەواندا دژی رژێمی پەهلەوی جەنگاوە ، زۆر وەخت حاجی لە گەڵ مام رەحمان کەریمی ناسراو بە ( رەحمان چەپەر ) کە ئەویش پێشمەرگەی بە تەمەنی سازمانی خەبات بوو، ڕۆحی شاد،پێکەوە لە گەڵ خولەپیزە، لە دژی رژێمی ئیران و عیراق شەریان کردبوو ، باسی ژیانی ئەو سەردمەی خویانیان بۆ  دەگێراینەوە، وەک حاجی دەیگێراوە رژێمی شا ئەو جەماعەتەی وەک چەتە و رێگر بە خەڵک دەناساند بەڵام حاجی برایم وای باس دەکرد کە خولەپیزە و جەماعەتەکەی خەڵکێکی باش ، دڵسۆز، و ئازا بوون، دیارە خولەپیزە بە هۆی زوڵم و زۆری  رژێمی عێراق و جاشەکانی ناوچەکە  تاوی چەکی دابوو و چوبووە شاخ دژی رژێمی عێراق و رژێمی ئیرانیش دەجەنگان و ناوچەێکی پارێزراویان هەبوو لێ‌ دەمانەوە .

حاجی برایم دوای ئەوەی خولەپیزە و جەماعەتەکەی توشی شکست دەبن، بۆ ماوەیەک دەچێتە گوندی تەگەران لە شارباژێر ناوچەی قەڵاچوواڵان ، بە هۆی ئەوەوە کە ژیانێکی کوللەمەرگی ڕادەبرد و نەیدەتوانی بگەرێتەوە بۆ شاری بانە بە ناچار بە یارمەتی دۆستێکی خۆی دەچێتە لای قادرخانی ئارمردە لە ناوچەی بانە ، ماوەیەکی زۆر لە لای قادرخان دەمێنێتەوە و، دواتر بەر لێبوردنی رژێمی شا دەکەوێ . حاجی دەگەرێتەوە بۆ شاری بانە و خۆی بە کاری چاییخانەوە سەرقاڵ دەکات، حاجی برایم ئەو پیاوە بوو کە ببوە خۆشەویستی خەڵکی شار و گوند، دایم چاخانەکەی جمەی دەهات لە مشتەری، لە مانگی رەمەزاندا پیر و جوانی شاری بانە لای حاجی کۆدەبوونەوە و تا شەوێکی درەنگ پاشاوەزیرێنەو کایەی جۆراوجۆریان دەکرد و ، شەوەکەیان بە خۆشی لە دەورییەک دەبردەسەر. خەڵکی گوندەکانیش کە دەهاتن بۆ شار و فریای رۆیشتنەوە نەدەکەوتن لە لای حاجی لە چاخانەکەدا دەمانەوە و حاجی پێشوازی لێ دەکردن ، حاجی برایم پیاوێکی خۆشمەشرەف، رووخۆش و شۆخ و دایم لێو بە بزە و سەری حاڵ بوو ، حاجی لە گەڵ ئەوەدا کە تەمەنی لە سەرووی ٧٠  سالییەوە بوو ، پێشمەرگەیەکی چالاک و وریا بوو ، لە سەرەتای نارەزایەتییەکانی خەڵکی ئیران دژ بە دەسەڵاتی رژێمی پەهلەوی  لە ساڵی ١٣٥٧، حاجی برایم یەکێک لەو کەسە لێهاتوو و ئازایانە بوو کە بە چەکی خۆیەوە هاتە مەیدان بۆ پشتیوانی جەماوەر، هەر لە سەرەتای شۆرشەوە لە دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین دەبێتە پێشمەرگە و لە خزمەت مامۆستا شێخ جەلال دا بووە کاتێک کە بۆ پشتیوانی خەڵکی سنە دژ بە رژێمی پەهلەوی چووبوونە شاری سنە و دەورووبەری. دوای ئەوە کە رژێمی شا رووخا و ئاخوندەکان لە ئیراندا دەسەڵاتیان گرتە دەست و شەریان دژ بە گەلی کورد راگەیاند، لە چەند ناوچەیەک پێشمەرگەکانی دەفتەری مامۆستا بەرەنگاری هێرشی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئیران بوونەوە و لەو شەرانەدا چەند پێشمەرگەیەک بریندار دەبن ، ئەوکاتە بە هۆی هێرشی رژێمی ئاخوندەکان بۆ سەر ناوچەکە بە تاییبەت شاری بانە کە رژێم پێشمەرگەی غافلگیر کرد و لە بری ئەوەی لە گەردەنەی خانەوە پێشرەوی بکات بەرەو شاری بانە کە ئێمە لە داوێنی کەلیخان هەر لە درۆڵەوە تا نزیک قورووچاو سەنگەرمانگرتبوو و ئامادەی بەرەنگاربونەوە بووین ، بەڵام پاسدارەکان و هێزی دژمن لە  جادەی قەرەژدابانەوە هێرشیان بۆ ناو شاری بانە هێنا و شاریان داگیر کرد ، بە هۆی ئەو هێرشەوە چەندین بنەماڵە لە گەڵ ئەو بریندارانە دەچنە ناوچەیە‌کی سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان ، کە چەند رۆژێک لەو شوێنە دەمێننەوە ، دەولەتی عیراق ئاگادار دەکەنەوە لەبوونی خۆیان لەو شوێنە بۆ ئەوەی رووداوی نەخوازراو لە نێوانیاندا روو نەدا ، دوای ئەو ئاگادارکردنەوە لە ناکاو شەوێک ئەرتەشی عێراق دەوری جەماعەت دەگرن و بریندارەکان لە گەڵ ئەندامانی ئەو بنەماڵانە و چەند پێشمەرگەیەک کە حاجی برایم یەک لەوان بوو لە زیلی ئەرتەشییان دەخەن و دەیانبەن بەرەو ماوەت ، لە ماوەت جێگا و رێگایان پێ ئەدەن و بریندارەکان دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی ماوەت، حاجی وەک یارمەتیدەری بریندارەکان ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانەی ماوەت لای بریندارەکان دەمێنێتەوە. لە پاییزی سالی ١٣٥٨،حاجی ئیبراهیم  گەرایەوە بۆ ناو شاری بانە کە ئەوکات شاری بانە و دەورووبەری بە دەست پێشمەرگەوە بوو ،  حاجی برایم وەک بەرپرسی تەدارووکاتی بنکەکانی ناو شار داندرا و خۆی سەرپەرەشتی نان و خوانی بنکەکەی دەکرد ، کەسێکی دڵسۆز و لێهاتوو و لەسەر خۆ و دەم بە پێکەنین و قسە خۆش بوو، لە ناو شاری بانە مایەوە تا ئەوکاتەی رژێمی ئاخوندی هێرشی  بەربڵاوی کردە سەر تێکڕای کوردستان و ، دوای ماوەیەک شەڕ زۆربەی شارەکانی کوردستان لە لایەن بەکرێگیراوانی رژێمەوە داگیر کرا ، کە بە شەری سێ مانگە ناو دەبرێ، هەر لە سەرەتای مانگی دووی ساڵی ١٣٥٩ هێرشی دوژمن گەیشتە شاری بانە و ماوەی ٣٨ رۆژ پێشمەرگە زۆر قارەمانانە بەرگریان لە شارەکە کرد و نەیانهێشت بەکرێگیراوانی رژێم داگیری بکەن ، رژێم کە زانی بە ئاسان ناتوانێ دەست بە سەر شارەکەدا بگرێت پڵانێکی چەپەڵی دژ بە شارەکە بەکار هێنا، بە بۆمبی ناپاڵم ناو شاری بۆمب باران کرد، پێشمەرگە لە بەر ئەوەی زیانی ماڵی و گیانی بە خەڵکی شارەکە نەگات شاریان چۆڵ کرد و پاشەکشەیان کرد بۆ گوندەکانی دەوروبەری شار. دوای ئەوەی پێشمەرگە لە شار هاتنەدەرەوە حاجی گوازرایەوە بۆ بارەگای سەرەکی دەفتەری مامۆستا کە ئەو کاتە لەناوچەی بلەکێ لە بناری سوورکێو لە نزیک گوندی کانی مامر جێگیر کرابوو. ئەم شوێنە بە ناوی مقەری کانیمامر ناودەبرا و دواتر کە سازمانی خەبات راگەێندرا ناوەکەی گۆرا بۆ قەڵای خەبات، بە تێپەربوونی زەمان ئەم شوێنە چەندین بنکە و بارەگای تێدا دروست کرا بە هۆی هاتنی

پێشمەرگەیەکی زۆر بۆ ناو ریزەکانی سازمانی خەبات ، ئەو خانووەی کە لە سەرتاوە درووست کرا دایان بە خالە شێخەمین ، سەیید موحەممەد ، شەهید خالید ، شێخ حەسەن و حاجی برایم ، ئەم شوێنە بە مقەری حاجی برایم دەناسرا ، حاجی کە پیاوێکی دنیادیدە بوو زۆربەی وەخت دەکرێ بڵێم شەو و رۆژ بە ئاگا بوو و کەس نەیدەتوانی بە مەبەستی خراپە نزیک ئەو شوێنە بکەوێ کە حاجی لێبوو ، لە دوورەوە دەنگی هەموو کەسێکی ئەدا، جا شەو بوایە یان رۆژ. دوای ساڵێک مانەوە لە قەڵای خەبات خانوویەکی زۆر گەورە بە پانتاییەکی بەرین بە هاوکاری هێزی بەرگری ، پێشمەرگەکان و خەڵکی ناوچەکە دروست کرا، لەم شوێنە وەک مزگەوت بۆ جەماعەت و لە هەمانکاتدا کەڵکی لێ وەردرگیرا بۆ کۆنفرانس و کۆبوونەوەی بەرین ، ئەرکی پێشوازی و رێکخستنی بارەگاکە لە ئەستۆی شەهید کاک خالید سەقزی و حاجی برایمدا بوو ، ماوەی سێ بۆ چوار ساڵ کە سازمانی خەبات بارەگاکانی لەم ناوچەیە بوو، حاجی  کۆڵەکەی قایمی ئەم بارەگایانە بوو ، لە ماوەی مانەوەمان لە قەڵای خەبات کە من خۆم ماوەیەک لێی مامەوە بیرەوەری زۆر خۆشم لە گەڵ حاجی برایم دا هەیە ، ئەوکات من تەمەنم حەڤدە ساڵ بوو ، برایەکی پێشمەرگە کە بە تەمەن لە من بچووکتر بوو لە حاجی پرسی ، حاجی تەمەنت چەندە ، حاجی لەسەرخۆ وتی تەمەنی منت بۆ چییە ؟ سێ جار سی ساڵ .

تەمەنی حاجی زۆر بوو بەڵام نازانم ئەوەی گوتی بەراستی بوو یان شۆخی کرد. لە سەر بانی مزگەوتەکە جەماعەت کۆببوونەوە کە زۆربەیان گەنج بوون و بە هیوا بوون چەند فیشەکێک بە نیشانەوە بنێن، نیشانەێکیان بەوبەر مەقەرەکەوە داکردبوو ، حاجی کە هەم شۆخی باز بوو و هەم دنیادیدە ، هاواری کرد: ئاگات لە خۆت بێ نەکەوی بە پشتا ، جەماعەت دایانە پڕمەی پێکەنین ، یەک لە جەماعەتەکە وتی: بۆ حاجی تۆپ ئەتەقێنین ؟ حاجی گوتی : بۆ تازەکار وەک تۆپ وایە . ئەوەی حاجی گوتی قسەکەی زوو هاتە دی . ئەوەڵ کەس کە فیشەکی یەکەمی گرتە نیشانەکە ، بە پشتا کەوت ، حاجی گوتی هەی عاقڵ، پێم نەوتی ئاگات لە پشتەوە بێ ، لە سەرەتاوە زۆربەمان چەکی( پەرەشوتمان) درایە کە هەر وەک برنۆ بوو ، بەڵام چەخماخەکەی خوار بوو هەر فیشەکی برنۆی دەخوارد، زۆر بە تەکان بوو، زۆر جاریش کوێرەی دەکرد و دەرنەدەچو ، ئەگەر بمانەوێ بەسەرهات و قسەخۆشەکانی مەرحوومی حاجی برایم باس بکەین و بینوسینەوە وەختی دەوێ و دورودرێژە، ئەمە قەترەیەکە لە دەریای تێکۆشان و قسە خۆشەکانی حاجی . . ئێستا کە کاتژمێر یەکی دوای نیوەشەوە و ئەم دێرانەی باسی یادی حاجی برایم دەنووسم ، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوو هەزاران کەس بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان گیانیان لە دەست داوە و بە دەیان هەزار تووش بوون ، کە باسی کۆرۆنا دەکرێ و رێنوێنی دەدرێتە هاووڵاتیان دەستیان جوان بشۆن و نان و پێخۆری باش و بەکەڵک بخۆن ، ئەکەومەوە بیری سەردەمی پێشمەرگایەتی و ئەو ژیان و ئیمکاناتەی کە پێشمەرگە بووی ، خۆشۆردن زۆر کەم بوو دایم دژوێن و چڵکن بوین ئیمکانات و جێگاو رێگایەکی باش نەبوو ئەگەر کەمێکیش بووبێ بۆ ئەوانە بوو کە لە بارەگا سەرەکییەکاندا دەمانەوە ، بیرم دێ حاجی هەمیشە ژەمە گۆشتێکی هەڵگرتووی هەبوو کە خوێی زۆری پێدا دەکرد و لە شوێنێکی فێنک لە قولینچکێکی مەقەرەکە دەیشاردەوە. لە قەڵای خەبات هەموو حەوتویەک و لە رۆژانی هەینی حەیوانیان سەردەبری و هەرکەسەو بەشە گۆشتی خۆی دەدرایە ، هەر کەسەو چۆنی پێخۆشبایە وای دەخوارد، حاجی پێچەوانەی جەماعەت بەشە گۆشتە کۆنەکەی دەخوارد و تازەکەی هەڵدەگرت ، ئەوە چ رازێکی تێدا بوو من نەمزانی . بەو تەمەنەوە کەم وابوو نەخۆش کەوێ. جارێکیان لە سەر کانی لای مزگەوتەکە ریشی ئەتاشی ، بە ئاوی سارد و تۆزێک سابوون، بە بێ فڵچەی ریشتاشین ،گۆپی چرچ و لۆچێکی زۆر تێ‌ کەوتبوو دەموو چاوی داپۆشیبوو ، زوو زوو فوی دەکردە گوپی و زمانی دەتگوت مارە لە دەمیدا دەهات و دەچوو، پرسیم حاجی ئەوە چییە ؟ بۆ زمانت ئاوا دێت و دەچێ ؟

لە جوابدا گوتی : با تەمەنت بێتە سەر ئەو کات دەزانی، لە بەر ئەوە کە تیخی ریشتاشینەکە ئەو چاڵ و چۆڵ و قوپاوییەی نەدەگرتەوە، بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەش بگرێتەوە فەقیرە ئاوا بە نارەحەت ریشی پێ دەتاشرا ، لە سەر ئەو هەموو زەحمەتەوە ، هەموو رۆژێک حاجی خۆی جوان دەکرد و ڕیشی دەتاشی .  بەسەرهاتی خوالێخۆشبوو لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا ئەوەندە زۆرن کە گێرانەوەیان کۆتایی نایا، لە شەوانی دوور و درێژی پاییزاندا حاجی دەلاقەی دڵی بۆ دەکردینەوە و باس و بەسەرهاتی تاڵ و شیرینی ژیانی ڕابردووی خۆی بۆ دەگێراینەوە ئێمەش زۆر بە تامەزرۆییەوە گوێمان بۆ وتەکانی دەگرت .  حاجی  ئەرکی پێشمەرگایەتی لە بارەگا سەرەکییەکانی سازماندا پێ دەسپێردرا ، وەک ، قەلای خەبات ،  سەرکردایەتی لە میراوا ،  ماوەت ،چوارتا ، رانیە ، شەیبانێ ، بەکرەجۆ و سلێمانی . ئەوەی پێشمەرگایەتی سازمانی خەباتی کردبێ بە دڵنیاییەوە حاجی برایمی دیوە و ناسیوە .

 ناخۆشترین کاتی حاجی برایم لە پێشمەرگایەتێدا کە من بیزانم ئەو کاتە بوو کە عومەری کوری بە تاوانی سیخوری بۆ رژێم لە لایەن پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتەوە گیرا و دوای ماوەیەک مانەوە لە بەندیخانەی سازمان ، بە تاوانی سیخوری کردن  بۆ رژێم  و دەست تێدا بوون لە شەهید کردنی چەند پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات لە ناوچەی بانە لە دەوری وشترمل بە هۆی زانیاریدانی ئەوەوە لە سەر دەستنیشانکردنی شوێنی پێشمەرگەکان بە بەکرێگیراوانی رژێمی  ئیران و هێندێک کردەوەی نەشیاوی دیکە دژ بە سازمانی خەبات، سزای کوشتنی بە سەردا سەپا ، حاجی لە هەموو ماوەی مانەوەی کورەکەی لە بەندیخانەی سازماندا داوای چاوپێکەوتنی نەکرد ، بیر و باوەری حاجی برایم بە سازمانی خەبات و ڕێبازەکەی ئەوەندە بە هێز و پتەو بوو لە کاتی بردنی کورەکەیدا بۆ سزاکەی ، تەنانەت داوای لە سازمان نەکرد کە ئالوگۆر لە سزاکەیدا بکەن ، ماوەیەک دوای بە سزاگەیاندنی کورەکەی ، جارێک لە بنکەی میراوا زۆر کز و لاواز و بێتاقەت حاجیم دی ، هەرچەن حاجی خێزانەکەی لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا سەردانی نەکرد ئەویش نەیدەویست باسی بکات : ئەوەی سەردانی دەکرد و جار جار شتێکی بۆ دەهێنا کاک سەیفەی کوڕی بوو کە ئەو ماوەی لە قەڵای خەبات بووین . ئەوەندەی من بیزانم حاجی سێ کوری بوو، کاک سەیفە ، عومەر و کاک خەلیل ،  کاک خەلیلی کوریشی کە لەم دواییانەدا بووە پێشمەرگەی سازمانی خەبات و لە گەڵ باوکی لە رانییە ناوچەی پشدەر پێکەوە بوون.  لێم پرسی : بیری عومەری کورت دەکەی ؟ فرمێسک بە چاویدا هاتەخوار، گوتی ئا : گوتی : زۆرم پێناخۆش بوو وا فریوی دوژمنی خوارد و ئەم کارەی بە سەر خۆی هێنا و بووە هۆی شەهید بوونی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە ، بۆ ئاگاداریتان عومەر لە گوندی ناوە کە دەکەوێتە پاش ئاربەبا لە ناوچەی بانە دەمایەوە هەر لەوێوە بە بێسیم تەماسی لە گەڵ بەکرێگیراوانی رژێم جێگیر لە مۆڵگەی ئاربەبا دەگرت ، عومەر بە هۆی ئەوەوە کە براگەورەکەی کە ناوی دەروێش سەیفە بوو و لای شێخ باقی ناوە کاری دەکرد ئەمیش لە ژێر باڵی ئەودا خۆی حەشار دابوو ، کەڵکی لەو شوێنە وەردەگرت بۆ سیخوری کردن بە سەر پێشمەرگەدا ، هەر لەوێش بە دەستی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات بە هەموو بەڵگە و کەل و پەلێک کە بە کاری دەهێنا بۆ سیخوری گیرا .

 خوا لێخۆشبوو حاجی برایم لە ریزی پێشمەرگەکانی سازماندا مایەوە تا ئەو کاتەی هێزی لێ برا و چاوەکانی توانای بینینی زۆر کەم بوو ، لە سەر ئیزنی سازمان چووەوە بۆ شاری بانە و دوای ماوەیەک کۆچی دوایی کرد، هەزاران دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی حاجی برایمی هەمیشە زیندوو ، کە دەبێ دەرسی خۆراگری و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان و سازمانی خەبات لە کردەوە وئاکاری ئەم پیاوە خۆڕاگر و بە وەفایەوە فێر بین .


3 ساڵ و 7 مانگ و 18 ڕۆژ و 23 کاتژمێر و 20 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی پیری سەنگەر حاجی برایم فیروزی

یادی پیری سەنگەر حاجی برایم فیروزی



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن