دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

سەروەری گەل: شەهید عەلی دەرماهی ناسراو بە (سۆران)

سەروەری گەل: شەهید عەلی دەرماهی ناسراو بە (سۆران)

 
شۆڕش و خەبات و ڕاپەرین دژ بە داگیرکەران و ماف پێشیلکەران بۆ وەدەست هێنانی مافی دیاری کردنی چارەنوسی گەلی بەشخوراوی کورد ئەوەندە بەرحەق و پیرۆزە، کە هەر ڕۆلەیێکی بە شەرەف و هەموو مروڤێکی کوردی خاوەن هەستی کوردایەتی وەک پیرۆزیەکی ئایینی و نەتەوەی چاوی لێدەکاو تاڕادەی گیان فیداکردن لە پێناو سەرکەوتنیدا بێ پەرواو و بێ دوو دڵی، دێتە گۆڕەپانی ئەو خەباتەوە. ئەوانەی کە بڕیاری سەرەکی و یەکجاریان، خۆبەخت کردنە لە پێناو ڕزگاری گەل و ئازادی و ئاوەدانی نیشتمان دا خوشەویستترین ئەندامی کۆمەڵی کوردەوارین، ئەوانەی کە هەموو چین و تویژەکانی گەل سویند بە پاکی و چاکی و چەلەنگی و جوانمێری و ئیمانداری و مەتینیان دەخوێنن و وەک فریشتەی ڕزگاری و بەختەوەری لێیان دەڕوانن، گەل بە بونیان دڵخۆشە و بە سەرکەوتنیان شادمانە و بە شەهید بون و لە ناوچوونیان ڕەشپۆش و تازیەبارە و بە خەسارێکی گەورەیان دەزانێ کە لە نەتەوەکەیان کەوتن. ئەوانەی کە وا خۆشەویست و هیوای دوا ڕۆژی گەلن لە لایەن دژمنانی گەلەوە زیاتر لە خەتەردان و دژمنان بۆ لەناو بردنیان لە هەوڵی بەردەوامن لە لادانیان لە شۆڕش و خەبات. وەک چۆن مایەی بەردەوامی شۆڕش و خەباتن، ئاواش مایەی ترسی قوڵی دژمنان و دژمن زیاتر بۆ لە ناوبردنیان تێدەکۆشی. ئەو شۆڕشگیڕ و پیشمەرگانە کە ١٧ ساڵ و ١٨ ساڵ بەردەوام لە شۆڕش و خەبات دا بوون و هەن و هەوێن و هۆی مانەوی شۆڕش و خەباتن و بنەمای ڕاپەڕین و بناغەی کوردایەتی و خەباتی پیرۆزی کوردانن. هەربۆیە برینی لە ناوچون و شەهید بوونیان بەناسۆرەو کۆچیان جەرگبڕەو مەرگی بە شانازیان هێزی ئەژنۆ بڕە و هەستی هەموو خاوەن هەستان دێنێتە جۆش و هەناوان دێنێتە خرۆش، ئەوەتا بۆ وێنە بۆ بەڵگەی ئەم ڕاستیە دوای کۆچی بە ناوختی ڕۆڵەی خەباتگێڕی کورد پێشمەرگەی ١٧ ساڵەی سازمانی خەبات (شەهید عەلی دەرماهی) ئەوەی کە ناسیویە بۆ ساتێک لە گەڵیدا ژیاوە و هەڵسووکەوتی لەگەڵ کردوە، بۆی بە داخن و تازیەبارن. بەڵام ئەوە شتێکی ڕاست و نکۆڵی هەڵنەگرە کە سەرە ئەنجامی هەر خەباتگێڕێکی بەڕاستی فیداکار و لێبوردە خۆ بۆ گەل فیداکردنە، جا هەر شۆڕش و خەباتێک خەباتگێڕی وای هەبێ ڕزگاری بە ئاوات گەیشتنی مسۆگەرە و درەنگ یا زوو دەگاتە لوتەکەی ئامانج. شەهید عەلی دەرماهی کوڕی کاک عەبدوڵا لە دایک بوی ساڵی ١٣٤٤ کۆچی خۆری، خەڵکی ناوچەی سەقزە. کەسوکاری شەهید عەلی بەهۆی نەداری و دەست کورتی نەیانتوانی جگەرگۆشەکەیان بنێرنە قوتابخانە تا لە بەرهەمی خوێندن بەهرە وەرگرێ، هەر بۆیە شەهید عەلیش وەک زۆر لە منداڵانی نەتەوەکەمان بە نەخوێندەواری پلەکانی ژیانیان دەبڕن. دوا بە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕژیمی شایەتی و هێرشی بە کرێگیراوانی ڕژیمی جەهل و جینایەت (ڕژیمی خومەینی) بۆ سەر کوردستان شەهید عەلی نەمر لە ڕۆژی ١٣٥٨/٩/٢٠ دا هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکانی دەفتەری ماموستا شیخ عیزەدینی حسەینی و لە شەڕی٣٧ ڕۆژەی شاری بانە دا چالاکانە ویڕای هاوسەنگەرانی بەشداری کرد. کاتێک سازمانی خەبات، دامەزرا، شەهید عەلی دەرماهی وێڕای هاوباوەڕانی لە سازمانی خەبات دا دریژەی بە پێشمەرگایەتی دا. لە ساڵەکانی ١٣٦٠  و ١٣٦١ دا لە تەشکیلاتی بۆکانی سازمانی خەبات دا ئەرکی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی بەڕیوە برد. لە بەهاری ساڵی ١٣٦٥ دا درا بە مەڵبەندی ٤ی سازمان و لە ساڵی ١٣٦٨ دا بە هۆی ڕازداری و دەست پاکیەوە کرا بە کادری تەداروکاتی گشتی سازمان. شەهید علی ناسراو بە سۆران سەقزی پاشماوەی ژیانی پێشمەرگایەتی کە پڕاوپر بوو لە شانازی و وەفاداری و پاکی لە مەلبەندی ٢ی سازمان کە ئەرکی پاریزگاری لە سەرکردایەتی سازمانی بە ئەستووەیە بردەسەر، تا سەرەنجام لە ڕوژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری سالی ١٣٧٥ کە بۆ ئەنجامدانی مەئموریەتی سازمانی چوو بوە شاری هەڵەبجە کوردستانی عیراق لە لایەن بە کرێگیراوانی تروریستی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە، بە شیوەیەکی وەحشیانە و دوای شکەنجەو ئازارێکی زۆر، ترۆرکراو گیانی پاکی لە پێناو ڕێبازی سازمانەکەیدا بە گیان ئافرین بەخشی و چووە ناوڕیزەکانی شەهیدانی سوور خەڵاتی سازمانی خەباتەوە.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاک و پیرۆزی شەهید کاک علی دەرماهی (سۆران) و گشت شەهیدانی ڕیگای ڕزگاری و بەختەوەری کورد کوردستان. بڕوخی ڕژیمی دژی گەلی ئاخوندی


3 ساڵ و 7 مانگ و 13 ڕۆژ و 2 کاتژمێر و 3 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن