دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

شەهیدان عەتا قادری ، کاوە نانەوا و جەمیل سەجادی

سەروەرانی گەل
شەهیدان عەتا قادری ، کاوە نانەوا و جەمیل سەجادی
لە دوایەکانی مانگی گوڵانی ساڵی(1372) کۆچی خۆری بەرانبەربە 1994 ی زایینی، دەستەیەک لە پێشمەرگە قارەمانەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، سنەیان لە هێزەکانی دوژمن کردبووە چەرمە چۆلەکە، لەو شارە پان و بەرینەدا، دژمن کونە مشکی لێببوە قەیسەری. لەو ڕۆژانەدا ئەگەر ڕووت لە شاری قارەمان پەروەری شۆڕشگێڕی سنە بکردایە ئەو شارە کە پایتەختی حکومەتی پان و بەرینی ئەردەڵان بوو و ئێستاش پایتەختی حەماسەو لێ بووردوییە، پایتەختی خوێندەواری و تێگەیشتنە، مەکۆی ئازادی خوازانی کوردستانە، ئەگەر بەو شارە دڵ پڕ و پڕ دڵ و دڵدارەدا ڕابووردیایە، شاهێدی نیگاو چاو بڕکێ و زەماوەند و شایی و پیرۆزبایی دەبووی، لەگەڵ ئەوەشدا کە مانگی گوڵان خەریک بوو لە گەنج و لاوان وکوڕ و کاڵان و لەبەر چاو کەژاڵان ماڵاوایی بکا، تا بەهاری داهاتوو بە خودایان بسپێرێ، دەتدی لە پڕ مانگی گوڵان دەژێتەوە، ڕۆژگاری شادمانی سەرهەڵدەداتەوە، بەهاری شۆڕش دێتەوە، دەتدی پێشمەرگەکانی سازمان بە قریشکەی چەکەکانیان بەهاری خەبات بە خەڵک مزگێنی دەدەن، لە خوێنی خۆیان چەپکە گوڵی هەڵاڵە بە خەڵکە دڵسۆزو و قارەمان پەروەرەکەی پێشکەش دەکەن. ئەگەر بەناو کوڵان و شەقامی ئەو شارەدا گەڕابایەی، ئەگەر سوار ماشێنی خەت یان تاکسی بوایەیت هەر باسێک باس بوو. هەر شادمانێک دڵی پیاو و ژن و گەورە و بچوکی ئەو شارەی پڕکردبوو. باسی قارەمانیەتی پێشمەرگەی سازمانی خەبات و شادمانی بە حەماسەی بێ وێنەیان، باس هەر باسی هەڵۆ تیژباڵ و بە جەنگەکانی سازمان بوو، کە ئەو شارە گەورەیان لە دوژمنان پڕکردبوو لە مەترسی. ماوەی 8شەو و ڕۆژ لە شاری خەباتگێری سنەدا تەنگیان بەهێزەکانی دوژمن هەڵچنیبوو. وایان دەزانی سەدان پێشمەرگەی سازمانی خەبات لەو شارەدان و لە کەمیندان بۆ هێزەکانی ڕژێم. بەڵام لە ڕاستی دا نەهەزار ونە سەد و نە دەیان کەس، دەستەیەک بوون لە ڕۆڵە یەک بە هەزارەکانی کوردستان و سازمانی خەبات، شارێکیان پڕکردبوو لە مەترسی لەسەر هێزەکانی دوژمن، هەروا پڕیان کردبوو لە شادمانی بۆ خەڵکە خەباتگێڕ و شۆڕش دۆستەکان.
ڕۆڵە قارەمانەکانی سازمانی خەبات لە 26 بانەمەڕەی (1372)دا دەگەنە شاری سنە. لە ڕۆژی (3) جۆزەردانی(1372) لە شاری سنەدا دەمێننەوە و خەریکی حەسانەوە و شناسایی دەبن، یان شەو بێ یان ڕۆژ زەربەت لە هێزەکانی دوژمن دەوەشێنن. ڕۆژانی 29 و 30 و 2 جۆزەردانی 1372 کۆچی خۆری تیمی قارەمانی سازمانی خەبات زەربەت لە هێزەکانی دوژمن دەدەن و زیاتر لە دە جێ بەرنگاری هێزەکانی دوژمن دەبن. ڕۆڵە قارەمانەکانی سازمانی خەبات ئەوەندە بێپەروا لە شاری سنەدا بە دوای هێزەکانی ڕژێم دەبن، کە لە هەموو کوچە و خەیابانێک شک دەبڕن. بە شەو و بە ڕۆژی ڕوناک بەر لە نیوەرۆ و دوانیوەڕۆ بە ئاشکرا دەست لە هێزەکانی دوژمن دەوەشێنن. شاری سنە کە چوار پێنج ساڵ بوو پێی پێشمەرگەی کوردستانی لێ نەکەتبوو، تیمی گیانبازی سازمانی خەبات، مژی ماتی ئەو شارەی بە قریشکەی چەکەکانیان ڕەواند. خەڵکە تامەزرۆکەی شاری سنە کەتینووی دیداری پێشمەرگەی دەست وەشین بوون سەریان لە دەروازە و پەنجەرەکانیان دەردەهێنا تا چاویان بە دیداری پێشمەرگە ڕوون کەنەوە ، بەوە سوکنایان نەدەهات و دەهاتنە دەرەوە کە لەو زەماوەندە دا کە پێشمەرگە با شاباشی خوێن و سازی دەنگی کەڵاشینکۆف دەیانگێڕا، هاوبەش بن، نەدەترسان لەوە کەبەگوللـەی وێل یان بە گوللـەی ڕاستەخۆی دوژمنانی کورد بپێکرێن. دەیانگوت کە گیانی ئێ٠Žمە لە گیانی پێشمەرگە ئازیزترنیە. کە چاویان بە پێشمەرگە چاو نەترسەکان دەکەوت عومریان نوێ دەبووە و گلە خۆشیان وەخت دەبوو باڵ بگرن و بپەڕنە بەر دەم پێشمەرگەکان و دەست لە ئەستۆیان کەن و لاچاویان ماچکەن و ببنە سپەری بە ڵاوەگێڕان لە بەرانبەر هێزەکانی دوژمندا و شانیان بکەنە سەرینی لوولەی چەکەکانیان کە ڕێی دەستیان ببێ ئەرکی موقەدەسیان بە جێ بێنن. بەڵێ پێشمەرگە گیان بازەکانی سازمانی خەبات ژیانیان بۆ خەبات دەویست و خەباتیشیان بۆ زەربەت وەشاندن لە دوژمن، کە یان زیانی زۆری پێ بگەیەنن یان خۆیان لەو ڕێگەدا بە پلەی شەهادەت بگەن. لەگەڵ ئەوەدا کردنی دەینی گیانیان، ئەرکی موبارزە بۆ هەڤاڵانی بە وەفا بەجێ بهێڵن. قارەمانەکانی سازمانی خەبات ی خوێناوی دەردێکیان بە هێزەکانی ڕژێمی خوێن ڕێژدا، کە ئەو ماوەو چەند ڕۆژی دوای 2ی جۆزەردانی 1372یش هێزە سەر کوتگەرەکانی نەیاندەوێرا بە ماشێنی دەوڵەتی و بەبەرگی ڕەسمی پاسدار و پۆلیس و بەسیجەوە بگەرێن، ناچار بە بەرگی شەخسی و بە ماشێنی شەخسی دەگەڕان. حەبیبی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران کە قەرار بوو بێتە سنە و مەرکەزی گاز ئیفتتاح کا، نەیوێرابێ و ناچار گەڕایەوە بۆ تاران. هەروا لەو ڕێیانەوە کە لە شارانەوە بەرەو شاری سنە دێن بە خەڵک دەگوترا کە شاری سنە شێواوە و پێشمەرگە هاتوون. پێشمەرگە هاتوونە ناوشار ولە تەواوی شاردا شەری پێشمەرگەو هێزەکانی دوژمن
لەو شەڕانەدا کە پێشمەرمەرگەکانی سازمانی خەبات لەگەڵ هێزەکانی دوژمن کردیان دوژمن زیاتر لە 50کەسی کوشتەو برینداری بوو. ڕژێم کە پێی وابوو ئەوانەی کە ناوی ناوون، زیدی شۆڕش(ئینقلاب)تازە ناتوانن ڕوو بکەنە شاری سنەوخەو لەوان هەراسان نابێ. بە پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات ئارامیان لێ هەڵگیرابوو خەویان لێزڕاو دڵیان کەوتە لەرزین هاکە بەندی دڵیان بپسێ. تیمێک پێشمەرگەی سازمانی خەبات سنەیان ڕزگار کرد، دوای چەند ساڵ کە دوژمن بە ئەرخەیانی و بێ مەترسی لە پێشمەرگە خەریکی زەبرو زەنگ و ئەشکەنجە و ئیعدامی ناڕازیان و ئازادی خوازان بوو سنەیان ڕزگار کرد و تەلسیمیان شکاند و شاریان لە دوژمنان شلەقاند. خەڵکی ئەو شارە قارەمانە و ئازادیخواز وفیداکارە ئامادەن کە ڕۆڵە لە خۆ بردووەکانی گەل لە ئامێزگرن و بە گیانیان بیانپارێزن. وەک ڕۆڵەی عەزیزی خۆیان وەک جەرگ و دڵ لەناو قەفەزی سنگیان گرن. بەڵام چ دەکەی کە کەس نیە کەسی میللەت بێ و لەسەر ئەو ڕێگەیە موبارزە بکات کە میللەت دەیەوێ، هەر تەنیا سازمان و ئەویش لە وەتی هەیە نا ڕێکان پیلانی بۆ دەنێنەوەو تۆڕی درۆی لە سەر دەتەنن و داوی دوژمنانی لە سەر دەنێنەوە. سازمانی خەبات بەو کارە گەورە کە تیمێک شارێکی شلەقاند ئیسباتی کرد کە ڕیزەکەی لە گیانبازەکانی گەل پێک هاتووە و ئیمانیان بەشۆڕش دووبارە بەیەکەوە باداوە و لە پسان نایە. بە کوردستانی ڕاگەیاند کە خەباتی هاوباوەڕی نەتەوەی کورد و ئازادیخوازی کورد و ئەوە کە بە پشتیوانی میللەتی بە شەرەفی کوردەواری دام و دەزگای ڕژێم لە کوردستان بخاتە لەرزەو لەرزی مەرگی بهێنێتەوە. قارمانەکانی سازمانی خەبات زەربەتی گیان و ماڵی زۆریان لە دوژمن دا لە شاری سنەدا ، ورەی هێزەکانی تێک ڕووخاند و ئەو سەرکەوتنەیان بە خوێنی 3 ڕۆڵەی لە گیان بووردوی هەڵگری باوەڕی ئازادی کوردستان مۆرکرد و یادگاری خەباتی خوێناویان لە دڵ و دیدەی خەڵکی بە شەرەفی شاری سنەدا بە جێ هێشت. ئەوسێ ڕۆڵە سەربەرز وشانازی بەخشانە بریتی بوون. لە فەرماندەی تیم کاک عەتا قادری جێگری فەرماندەی تیم کاک کاوە نانەوا وکاک جەمیل سەجادی پێشمەرگەی گیانبازی سازمانی خەبات.
عەتا قادری، یەکەم فەرماندەی تیمی بێ وێنەی قارەمانی سازمان، کوڕی شوکروڵا ساڵی (1349)ی کۆچی خۆری لە دێی یەمەنانی سەرەوە لە ناوچەی ژاوەڕۆ لە بنەماڵەیەکی وەرزێر لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی لە ئاواییەکی خۆیان تەواو کرد، دوایی هاتۆتە شاری سنە و سیکڵی وەرگرتووە. ساڵی (1363 ی کۆچی خۆری)بە مەبەستی موبارزە دژی رژێمی ئاخوندی دەچێتە یەکێک لە ڕێکخراوە چەپەکانی کوردستان وە نزیک بە دووساڵ لەو ریزەدا دەمێنێتەوە و پاشان هەستی نەتەوایەتی و دڵسۆزیان بۆ نەتەوەی کورد هانی دەدا کە بۆ گەلی کورد و بۆ ڕزگاری لە دەست ستەمی نەتەوایەتی چەند قات بچێتە ئەو ڕیزانە و بۆ ئەم ئامانجە خەبات دەکەن و تێدەکۆشن. شەهید عەتا سازمانی خەبات ی کوردستای ئێرانی هەڵبژاردو خۆی تێدا بینیەوە. شەهید عەتا لە پاییزی ساڵی (1365)دا هاتە ناو ڕیزی سازمانی خەباتەوە. شەهید عەتا ئینسانێکی زیرەک و ئەهلی کار وتێکۆشان بوو. سازمان دوای ماوەیەک ناردییە دەورەی کادری دەرمانییەوە. پێی نەچوو کە بە کادرێکی سەر دەرچوو بە کەڵک لە کڵ هاتە دەر. ئەمجار لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەرکی دەرمانی دەدی، یارمەتی بەشی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی دەدا و لە بەشی بۆڵتنیش دا کاری دەکرد. کاتێک تیمەکانی عەمەلیاتی نیزامی دەردەکەوتن شەهید عەتا بەناوی کادری دەرمانی لەگەڵ تیم دەڕۆیی.
بەڵام تەنیا کاری ئەوەندە نەبوو بەڵکو وەک پێشمەرگەیەکی قارەمان و لێهاتوو بە هەڵمەت و دڵسۆز و دەست وەشێن و لێزان لە چالاکییەکاندا بەشداری دەکردو ڕێزی بەر چاوی بوو لە ناو هەڤاڵاندا. شەهید عەتا ئازا و دلێر بوو واتە شوجاعەتێکی ئینتحاری هەبوو. بەکوردی خۆمان هەرملی پێوە دەنا. دیواری ترس لە بەرانبەری دا هەڵمە دووکە بوو. شەهید عەتا لە چالاکیەکانی پێشمەرگەی سازمانی خەبات لە ناوچەکانی بانە ومەریوان دا بەشدار بوو. لە چالاکی لە حەسانەوەو تەداروک گرتن، لە بنکەکانی پێشمەرگەدا، تفەنگ و تاقمی لەخۆ دەدا و پوزەوانەکانی هەڵدەکێشا بەرەو گۆڕەپانی جەنگ دژی هێزەکانی رژێم، باری لەسەر لێوی دەستی پێ دەکرد و بەڕا کردن سورایی شادمانی لە لێوی دەگەڕا. هەر بەو حەماسە گەرم و بڕیارە کول نەبووەوە، ژیانی پێشمەرگانەی درێژە پێ دا. شەهید عەتا قادری چون بۆ مەیدانداری هێزەکانی دوژمن بە شایی و زەماوەند دەزانی، لە بەهاری ساڵی 1370دا لە بەر هێندێ هۆ لە هاوسەنگەرانی لە سازمانی خەباتدا هەڵبڕاو وناچار بە چوونەوە ژێر دەسەڵاتی ڕژێم بوو. ڕژێم گرتی و لە زیندانی کرد و دوای ماوەیەک ئازارو ئەشکەنجە لە مەحکەمەیەکی گۆپاڵی دا حوکمی ئیعدامیان بە سەر دا سەپاند. لە بەهاری ساڵی1371دا لە گێرانەوەی لە دادگا بۆ زیندان بە دەست بەندەوە توانی خۆی فڕێ داتە ناو جەماوەرەوە وهەڵبێ و خۆی بگەیەنێتە ماڵی برایەکی کوردی پاک لە شاری قارەمان پەروەر وقارەمان پارێزی سنەدا. لەو شارە کوردی پاک زۆرن دەستبەندی بۆ دەکەنەوەو دوای حەسانەوە بەڕێی دەکەنە ناو کۆڕی هەڤاڵان لە بنکەکانی سازمانی خەبات. شەهید عەتا لەگەڵ برا هاوسەنگەرەکانی بە یەک شاد بوونەوە. لە دواییەکانی بانەمەڕەی 1372دا بە فەرماندەی تیمێک بەرەو مەریوان و پاشان سنەو دەرووبەری بەڕێ بوون ،لە 26ی بانەمەڕەدا خۆ دەگەیەننە شارە قارەمان پارێزە کورد پەروەرەکەی سنە، ماوەی 8 ڕۆژ لەو شارە مانەوە و زیاتر لە دە عەمەلیاتیان دژ بە هێزەکانی ڕژێم ئەنجام دا. وەک لە سەرەتادا گوترا ئەو تیمە شاری سنەیان پڕ کردبوو لە پێشمەرگەی سازمانی خەبات. مەرگ لە هەموو کوچە وکۆڵانێک لە سەر هێزەکانی ڕژێم دەگەڕا.

(شەهید کاوە نانەوا)
شەهید کاوە نانەوا کوڕی شەریف لە ساڵی(1353) ی کۆچی خۆری لە بنەماڵەیەکی ڕەنجدەرو هەژار لە شاری بانە چاوی بە دنیای پڕلە رەنج و پڕ لە شانازی هەڵێنا. خوێندنی سەرەتایی لە کوردستانی عێراق دا دەست پێ کرد، لە بەر موشکیلاتی خێزان لە 5ی سەرەتایی زیاتر نەیتوانی بخوێنی. شەهید کاوە جوێ لەوەی کە زۆربەی بنەماڵەکەیان لە شۆڕشی کوردستان و لەڕیزی سازمانی خەباتدا بوون و پەیوەندی ڕیشەداریان بە شۆڕشی ڕەوای سازمانی خەباتەوە بەتایبەتی بوو، ڕۆڵەیەکی خاوەن شەرەف و پاک و خاوەن باوەڕ بوو کە ئیمان بە عەداڵەت و دژایەتی لەگەڵ ستەمگەران داگیرکەران لە ئیمان و مەبەستەکانی بوو. ئەو ڕۆڵە پاک خوڵقاوە، چاک بار هاتووە بەر لە هاتنی بۆ ڕیزی پێشمەرگایەتی شانازی شەهادەتی برای گەورەی شەهید ناسر نانەوا و بەر لەویش شەهادەتی ئامۆزای شەهید عەبدوڵا نانەوا و بە ئیعدامی خاڵۆی شەهیدی ئەبووبەکری کەریمی کە ئامۆزای باوکی بوو بە دەستی هێز و جەلادەکانی ڕژێم ، هەستی شۆڕشی لە دەرونیدا ڕیشەدار کردبوو، ڕێگای خەبات و شانازی بە سەرکەوتن، یان شەهادەت ئامانجی بوو کاتێک بە لەش لە هێزی پێشمەرگە دوور بوو بە دڵ لێیان هەڵنەدەبڕا، ڕۆحی وەک پەروانە لە دەوری گڕی چەکەکانیان دەگەڕا. خۆی بە پێشمەرگەی سازمانی خەبات دەزانی و دادەنا کە سەر دەکەتن، ئاواتی بوو کە لە گەڵیان بووایە کە شەهادەت نەسیبی یەکێکیان دەبوو ئاواتی بوو بە نەسیبی خۆی بووایە. بەو بیرو باوەڕە بەو دەروونە پڕ لە شانازییەوە لە بانەمەڕی (1371)ی کۆچی خۆریدا هاتە ڕیزی پێشمەرگەی سازمانی خەباتەوە. دوای ڕاهێنان و بارهێنان چووە مەڵبەندی دووی سازمانەوە. شەهید کاوە نانەوا لە چالاکیەکانی ساڵی (1371)دا بەو پەڕی چاو نەترسی وئازاییەوە بەشداری کرد. جێی ڕەزای هەڤاڵان و فەرماندەران بوو، شیاوی پشت بەستن بوو. شەهید کاوە لە بەهاری ساڵی (1372)دا بە جێگری فەرماندەی تیم لە گەڵ ژمارەیەک لە قارەمانەکانی سازمانی خەبات بەرەو مەریوان و سنە و دەورووبەری بەڕێ بوون. ماوەی 8 ڕۆژ لە شاری سنەی خەباتگێڕ و کورد پەروەردا مانەوە بە چالاکی بێ وێنە و یەک لە دوای یەکیان هێزەکانی دوژمنیان تۆقاند و دڵی یەکە یەکەی خەڵکی ئەو شارەیان گەشاندەوە و بەهاری شادیان بۆ خەڵکەکەی گێڕاوەو بە خوێنی پاکیان و بە خوێنی سوور وئاڵی وەک هەڵاڵەیان شەقامەکانی سنەیان ڕەنگاند و خوێنی پیسی هێزەکانی ڕژێمیان لەگەڵ ماشینە وەرگەڕاو و پڕ لە کەلاکەکانیان بە جەدوەلی خەیابانەکانی سنەدا کرد.
تا ساعەت 3ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 2/3/1372 جەنگی ڕووبەڕووی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات و هێزێکی بێ ژماری دوژمن لە مەیدانی ئیقباڵ دا ڕێکەوت. ڕۆڵە لە گیان بوودووە لە شەرەف نە بووردووەکان دادی قارەمانیان دا. وایان مەیدانی جەنگ گەرم کرد کە مێژووی کوردستان ئەو سەحنەیە لەبیر ناکاو لە سەروی شانازییەکانی شۆڕشی کوردستان بنووسێ. 

(شەهید سەید جەمیل سەجادی)
سەید جەمیل سەجادی کوڕی سەید محیەدین ساڵی (1347)لە شاری سنە دا لە دایک بوو. کە تەمەنی گەیشتە 7ساڵ چووە مەدرەسە تا سێ ڕاهنمایی خوێند. سەید جەمیل ساڵی (1371) هاتە ناو ڕیزی سازمانی خەباتەوە. دوای ڕاهێنان و بارهێنان لە کاری پێشمەرگایەتی و تێگەیاندن لە ڕێبازی و ئامانجی دوا ڕۆژی سازمانی خەبات، چووە ناو مەڵبەندی دووی سازمانی خەبات. بەو پەڕی دڵگەرمی و دڵسۆزییەوە گوێ بیستی دەستوور و بە جێ هێنانی ئەرکی پێشمەرگایەتی بوو. شەهید جەمیل لەگەڵ تیم و گروپەکانی نیزامی دا بۆ ناوچەکانی بانە و مەریوان بۆ کاری نیزامی دەڕۆیی و بە پێشمەرگەیەکی ئازا ناسرا بوو. شەهید سەید جەمیل لە دواییەکانی مانگی بانەمەڕی(1372)دا لەگەڵ تیمێک بە فەرماندەهی شەهید عەتا قادری کەوت، تا گەیشتە ناو شاری سنە. شەهید جەمیل بە ئازایی و بە جەرگ بە دەستووری فەرماندەی تیم لە چالاکییەکانی ناو شاری سنەدا بەشداری دەکرد و ئەرکی ڕێنوێنی دەبینی، لەو شارە گەورەدا بۆ بەدی کردنی جێی متمانە بۆ حەسانەوە و بەرنامەڕشتن بۆ هەلسووڕان و چالاکی پێشڕەو بوو. تا لە سەعات سێی دوانیوەڕۆی ڕۆژی (2/3/1372)لە شەقامی حاجی ئاوا و مەیدانی ئیقباڵ لە شاری سنەدا لە گەڵ هێزێکی زۆری دوژمن کەوتە شەڕ. شەهید جەمیل لە فەرماندەی تیم شەهید عەتا قادری و جێگری فەرماندەی تیم شەهید کاوە نانەوا جوێ نەدەبۆوە. ئەوڕۆڵە قارەمانەی سازمانی خەبات لەو جەنگەدا بە گوللـەی ناپاکان بە پلەی شەهادت گەیشت. فەرماندەی تیم شەهید عەتا و جێگری فەرماندە بەو پەڕی قارمانیەوە لە بەرانبەر ئەو هێزە زۆرەی دوژمندا جەنگین. شەهید جەمیل بە پێوە شیعاری خەباتی دەدا و بە کەڵاشینکۆفی گەرم داهاتوو وەک دڵی شەهید عەتا خۆی لە هێزەکانی دوژمن وەردەگێڕاو بە دروشمی بژی سازمانی خەبات و حەماسەی دەخولقاند و ورەی پاسدار و جاشی خۆفرۆشی دەڕوخاند. شەهید کاوەی قارەمانیش نەدەماوە، لە جەنگی مان و نەماندا لەگەڵ قریشکەی کەڵاشینکۆف ونرکەی پڕ لە داخ درووشمی شەرەف بزوێنی خەباتی خوێناوی تیکرار دەکردەوە، بە پەلە بوونی سەرکەوتنیان فڕین بۆ ناو کۆڕی شەهید و هەڤاڵانی لە خوێندا شەڵاڵ، هەر دووک قارەمان بریندار بوون شەهید عەتا نۆ دانە برینی کاری هەڵگرت فیشەکی لێبڕا. شەهید عەتا نارنجۆکی کێشا کە بە زیندوویی نەکەوێتە بەردەستی ئەم دوژمنانە کە کوردستان دەیانناسێ و هی وەک شەهید عەتا کە ئەشکەنجەو ئازاریانی زۆرتر دیوە و ڕادەی بێدادیان دەناسێ، بەڵام چەسپێک کە زووتر لە ماشەی نارنجۆکەکەی هاڵاندبوو ناهێلێ بتەقێتەوە، هاوکات خوێنڕێزی زۆر بێهۆشی دەکا. کاوەی قارەمانیش بە برینداری بێ فیشەک و زەخیرەی دیفاع دەمێنێ، هەر دووک قارەمان بە برینداری دەکەونە بەر دەست دوژمنانی کوردستان و مرۆڤایەتی. دەبرێن برینەکانیان تیمار دەکەن و پاشان لە دادگا گۆپاڵیەکانی ڕژێمدا هەر دووک بە ناڕەوا لە سەر دیفاع لە کوردستان بەرانبەر بێگانەی داگیرکەر بە مەرگ مەحکووم دەکرێن. وەک خۆیان بە هاوڕێیانی زیندانیان گوتووە ئەوەی لە پەروەندەکەدایە ئیعترافی ئەوان نییە و دەست تاشی قازی جەللادە. شەهید عەتا و شەهید کاوە، لە موبارزە و بەربەرەکانی ناو زیندان دا کەمتر نەبوون لەوەی کە بوون لە مەیدانی ئیقباڵ و خەیابانەکانی سنەدا. لە بیر هەڤاڵان ناچێ ئەو دروشمە پڕلە حەماسەییانەی شەهید عەتا کە دەیگووت: بژی سازمانی خەبات و بژی پێشمەرگە قارەمانەکانی. لەبیر ناچێ ئەو مەتانەت و بە جەرگی و بە ئیمانییەی شەهید کاوە لە دواییەکانی ژیانیدا. دوو قارەمانی سازمانی خەبات و کوردستان لە 18ی ڕەزبەری 1373ی کۆچی خۆریدا لە شاری سنە ئیعدام کران و گیانی بەرزیان فڕی بۆ کۆڕی شەهیدانی سوور خەڵاتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید عەتا و شەهید کاوە و شەهید سەید جەمیل و گشت شەهیدان.


((مامۆستا پەژار))


 


3 ساڵ و 7 مانگ و 11 ڕۆژ و 14 کاتژمێر و 29 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن