دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

شەهیدانی هەژدەی ڕەزبەر

شەهیدانی هەژدەی ڕەزبەر

م (پەژار)

م (پەژار)

سڵاو لە کۆڕی ئەدیبان کە لە دیوەخانی خێزانی شەهیدان دەگیرێ، گەرمای دەرونی دایکی دڵ بە کوڵ، لەرزی ترس لە دڵی کەسیرەکانی ورە دەردەکا، زوقمی بێ ئیمانی دەتوێنێتەوە، دەیکاتە گەندە نمی شەرمەندەیی لە نێو چاوانی بێ خوێن و خۆ بوێران هەڵدەنیشێ، یان بە فرمێسکی پەشیمانی لە بێ ئیمانی و تاوانکاری، بە چاوی سەر شۆڕاندا دێتە خوار.

کۆڕی ئەدیبانی دڵ بە تاو، کە چەق و چۆی ترس لە دڵیان نەنیشتوەو کەڕە سیسەی بێ ورەیی نەبۆتە باری سەر لێویان.

دڵیان بە یادی شەهیدان ئاوەدانە

ژیـاون و دەژیـن بەو پێـو دانـە

دەردی بێ باوەڕی لەو کۆڕەدا دەرمانی دێ و بێ سەرو سامانی لەوێ سامانی دێ

ئەو کۆڕە کارگەی شیرگەرانەو شیری باوەڕی لێهەڵدەبڕێتەوە، بڕیاری لێدەدرێ و دوو گومانی لێدەبڕێتەوە، بە تایەبەت کۆڕی ئەمڕۆمان کە میوانی خێزانی شەهیدانی هەژدەی ڕەزبەرن، ئەو ڕەزبەرەی کە خەزەڵی تەمەنی سێ شۆڕە لاوی وەراند و نەونەمامی باڵای بە خوێنی گەش ڕەنگاندن و کرمی خۆ فرۆشی ئاوماڵ لە ڕەگی دان و بە باڕەشی هێرشی داگیرکەر و دێڵە جاشان ڕاهاتن و کەوتنە باوەشی گەرمی نیشتمانی بە ئەمەکیان کە ئەو لاوانەو هەزاران لاوی بە شەرەف خۆیان لە پێناو نا.

هەژدەی ڕەزبەر، کە پاییزی باغی پێشمەرگەی هەراش کرد و نەمامی نۆبەری شۆڕە لاوانی خەباتی لەبەر خست، هەژدەی ڕەزبەر، کە چەتری سێبەری لاواندەوە و دڵ دانەوەی لە سەری نۆبووک و کۆرپەی ساواو پێڕۆکان لاداو خێزانی بێ سەرەندەری بێ داشدار و سەر پەرست کرد.

ئەم کۆڕە کۆڕی ئەدیبانی شەهید پەروەرە کە جێداری شەهیدانی ڕیزی خەباتی لێ باردێن و چەکی میراتی شەهیدانیان لەوێدا دابەش دەکرێ.

لەو کۆڕەدا باسی سێ شۆڕە لاوی خەبات دەکرێ، شەهیدانی هەژدەی ڕەزبەر کە سەریان داناو سەریان بۆ دژمن دا نە نەواند. سێ شێرە کوڕی خەبات کە تا گیانیان لەبەر بوو، دژمنیان بێ گیان دەکرد. بە تایەبەت شێری سوری ڕوو سور کە بە هەنارۆکی دەستی، هەناری پڕ لە زوخاوی دڵی لە باڵای نەو نەمامی خۆی کردوە و بە نارنجۆکی دەستی بەرۆکی بێزاری لە دژمن هەڵتەکاند و لە داخی دژمنی داگیرکەر لە بری ئێخەی سینەی خۆی دادڕی.

بەڵێ ئەمڕۆ یادی ئەو سێ شەهیدەیە لە کۆڕی ئەدیباندا، تا یادیان هەستی شۆڕش ببزوێنێ و دڵی کەم تین گەرم دابێنێ.

بەجێیە کۆڕی ئەدیبان لە ناو شینگەی سێ شەهیدی هەژدەی ڕەزبەری 1365 کە ڕەزی وان لە ڕەزبەردا بەری وەراند، بەڵام باخی شانازی و سەربەرزیان وەبەر هات. سەریان کردە پێ کڵی پردی خەبات و بەرنوایان بوە بەرنوای ئارەزوو و ئاوات.

پایزەو بەرگی هەژارانی دڕی

ڕاخوڕی دار و دەوەن ڕەنگی پەڕی

داری داماڵی خەزەڵوەر لە کەژان

خشڵی زێڕینی بە نێو هەردی پژان

ڕەزبەری تێپەڕی دار بێ بەرمان 

بێبەر و ڕوتەڵی دەستی سەرمان

ماتەمی زوقمە لە جیاتی شادی

کونی ئەشکەوتە لە جێی ئازادی

کەڕە سیسە لەبری سوێسن و گڵووک

کزه هاویشتیە پێی زاواو بووک

کوردی ئاوارە لەگەڵ خاسە کەوان

جێ ژیانیان ڕەوەزن ڕۆژ و شەوان

بێ نەوا و دەربەدەر و هاودەردن 

ڕەنجەڕۆی دەستی کەسی نامەردن

خـانـە تەنـگانەیـە بـۆ ئـاواران

چۆن دڕا بەرگی هەژار و داران؟

وەک خەزەڵوەر بە ڕەزەوە ڕەزبەرمان

لێـدەدا بۆ بەر و بەرگ و سەرمـان

بە کزەی هەڵدەورێن بەرگی گوڵان

هەڵدەچۆقێنێ کزەی جەرگ و دڵان

ڕۆژی قوربانیـە هـەژدەی ڕەزبـەر

قۆچی قوربانی کوڕی جەنگاوەر

دەبـڕێن سێبـەری شـۆڕە لاوان

لە سەری هاوسەر و کۆرپە ساوان

سەیری پێڕۆکەکە چـاوە چـاوی

داخۆ کەی دێتەوە باوکی لاوی؟

بابی تیاچوو بە شەرەف پارێزی

دایە شانازی لە جێی ئامێـزی

سورە شێرم لە خەباتی سورە

کورد کوڕی وایە هەیە وا ڕوو سورە

دای دڕی لە بری بەرۆکـی سینـەی

دەربـڕێ زۆرە لـە دژمـن کینـەی

قارەمانان سەریان نابێ نەوی 

دەمـرن نابنـە دیـلی نـەتـەوی

دڵی پڕ باوەڕی لاوان بە خەبات

دوانە ئامانجی مەرگ یان ئاوات

بـۆو کڵـی شۆڕشە ئاووردومـان

لاوی تێکۆش و لە گیان بردوومان

ئەرکـمانـە نـەبـەزی و نـەسرەوتـن

خۆبـەخت کردنـە تـا سەرکەوتـن

(کێلێ) سەرماوەزی ١٣٦٥  ک. خ

 


3 ساڵ و 7 مانگ و 9 ڕۆژ و 8 کاتژمێر و 20 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

شەهیدانی هەژدەی ڕەزبەر

شەهیدانی هەژدەی ڕەزبەر



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن