هه‌ینی 

21 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادێک لە مامۆستا کەریم سەییادی (ڕاوچی) ساردەکۆسانی

یادێک لە مامۆستا کەریم سەییادی (ڕاوچی) ساردەکۆسانی

بابەشێخ حوسەینی
یادکردنەوەی تێکۆشەرانی رێگەی ئازادیی،ئەوانەی رەنجی زۆریان لە پێناو ئازادی گەل و نیشتمان، لە مەیدانی نووسین و ئەدەب و لە مەیدانی خزمەت بە مرۆڤای

 

بابەشێخ حوسەینی
یادکردنەوەی تێکۆشەرانی رێگەی ئازادیی،ئەوانەی رەنجی زۆریان لە پێناو ئازادی گەل و نیشتمان، لە مەیدانی نووسین و ئەدەب و لە مەیدانی خزمەت بە مرۆڤایەتی،دەوریان گێڕاوەو کاری شیاو بەرچاویان کردوە گەلێک پێویستە.دیارە رێزگرتن لە کەسایەتیەکان لەو کاتەی لە ژیاندان زۆر پێویستە، بەڵام بە داخەوە لە کوردستاندا کەمتر بیندراوەو بیستراوە کە یادی تێکۆشەران و رەنج دیتوو زاناو بیرمەندانی نەتەوەکەمان بکرێتەوە.خۆزگە ئەوە بکرایەتە نەریت و دیاردەێک کە قەدری تێکۆشەران و بیرمەندان و زانایان لە کاتی تێ‌ پەڕینی رۆژەکانی ژیانیان بکرێتەوە.
یەکێک لە ئەدیب وتێکۆشەرانەی کە لەسەردەمی ژیانیدا کەمتر گرینگی و بایەخی پێدراوە مامۆستا مەلا کەریمی سەییادی ناسراو بە مامۆستا مەلاکەریم ساردەکۆسانی (ڕاوچی)یە.
مامۆستا مەلاکەریم یەکێک لەهاوکارانی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی بوو بۆ دامەزراندنی سازمانی خەبات،بەڕێزیان پێش دامەزرانی سازمانی خەباتیش تێکۆشەرێکی ئازادیخواز بوو وکاری سیاسی دەکردو چەند ساڵ ئاوارەیی و دەربەدەری لەسەر گەلی کورد چێشتبوو.
بە مەئموریەتی سازمانی راسپێردرام بۆ وەرگرتنی بەرپرسایەتی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات لە ناوچەی بۆکان و سەقز لە گەڵ خوالێخۆشبوو حاجی مینەی زەرواو،و فەرماندەی لیهاتووی سازمانی خەبات شەهید کاک تەهاڕۆحی(تەهاسوور) و هەروەها تێکۆشەرو برای خۆشەویستم کاک رەشید سلێمانی ناسراو بە کاک رەشید کانی مامری و چەند پێشمەرگەی بەڕێزی دیکە، بەرەو ناوچەی گەورکی مەهاباد بەڕێکەوتین.بە هۆی ئەوەی خوالێخۆشبوو حاجی مینە چووبوە تەمەنەوەو کاک رەشید نەخۆش بوو نەیان دەتوانی بەخێرایی رێگە ببڕن دوو رۆژمان پێ چوو تا گەیشتینە ساردەکۆسان.
بە گەیشتنمان بۆ ساردەکۆسان چووینە بنکەی سازمان کە لە مەدرەسەی دێ‌ دا بوو.زۆری نەبرد مامۆستا مەلاکەریم تەشریفیان هات و زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی کردین. دوای باسی کارەکانی داهاتووی کومیتە شارستانی بۆکان و سەقز و کۆبوونەوە لە گەڵ بەرپرسانی سازمانی خەبات، مامۆستا مەلاعەبدوڵای قەدیم ومەلا عەزیز حوسەین پوور و شەهیدی قارەمان شەهید خەلیفە شەمسوڵا، ئەرک و بەرپرسایەتیەکان دابەش کران. دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەو دابەشکردنی ئەرکەکان مامۆستا مەلاکەریم زۆر بە گەرمی خوڵقی کردین بۆ ماڵی خۆی. فەرمووی چێشتی بەربەسێڵ مان هەیە. بانگهێشتی بەڕێزیانم قەبوڵ کرد.یەکەم جار بوو چێشتی بەربەسێل بخۆم. بە تامەزرۆییەوە بۆ خواردنی چێشتی بەربەسێڵ چووینە ماڵی مامۆستا بەگەرمی بەخێرهاتنی کردین.کەسایەتێکی قسە خۆش و زمان شیرین و میوانداربوو.زۆری سیغار دەکێشا. قتوی توتن و پەڕەکەی دەرهێناو زۆر شارەزایانە سیغارێکی پێچایەوەو بە حەزەوە سیغارەکەی کردە دەمنە(مۆدنە) دار بەڵالوکەکەی. دەمنەو سیغارەکەی بەلالێویەوە ناو چەرخەنەوتیکەی (فندک)لێ‌ خستەکارو دوای دووسێ‌ جارلێدان ئاور لە چەرخە نەوتیەکە هەستا،زۆری پێ‌ نەچوو دوکەڵی سێغار ژوورەکەی داگیرکرد.بە دەم سێغارکێشانەوە قسەی خۆشی بۆ دەکردین.
بەربەسێل و نانی نێوەڕۆمان خوارد و گەراینەوە بنکەی سازمان. دوای چەند ڕۆژ و بە بەشداری مامۆستا گەڕانێکی سیاسیمان بۆ ناوچەی بۆکان و گەورکی مەهاباد دەست پێ‌ کرد. وەرزەکەی بەهار بوو.لەو گەڕانەدا هەم لە ڕێگاداو هەرروەها لە ماڵانیش لە گەڵ مامۆستا بووم کەڵکی زۆرم لە قسەو ڕێنوێنیەکانی وەرگرت لە رێگەدا شیعری بە دەنگی بەرزو بە ئاهەنگ بۆ دەخۆێندمەوە.لە هەموو حەسانەوەیەکدا سیغارێکی دەکێشا،جۆرێک سیغاری دەکێشا کەهەر کەس بیدیایە حەزی بۆ سێغار کێشان دەچوو.نابەرەێکی لە پشت بەستبوو چەند نان و هێندێک پەنیرو شیرێژی تێدا بوو.خوڵقی دەکردم بۆ خواردنی بابۆلەی نان و پەنیر. لەسەر کانی و ئاوی سازگار بە برسیایەتی و ماندوویی، تامێکی لە بیرنەکراوەی هەبوو. ئەو چەند رۆژە لە دەورانی پێشمەرگەیی بەشێک بوون لە رۆژەخۆش و لەبیرنەکراوەکان بە تایبەت کە هاوڕێیەتی مامۆستا،کەڵکی زۆری هەبوو و خولیای نوسین و خوێندنەوەم تێدا زیاتر بوو.بەڕێزیان کەسێکی قسە خۆش و خاوەن بیرکردنەوەی دروست و سەردەمیانە بوو.خەڵکی ناوچە بە باشی مامۆستا مەلا کەریم یان دەناسی و خۆشیان دەویست بۆ هەر مالێک دەچووین گەرمترین پێشوازیان لێ‌ دەکرد.
دوای گۆڕانکاریە سیاسیەکان و فشارە بەردەوامەکانی چەند لایەنی سیاسی کوردستانی بۆ سەر سازمان و هەروەها لە دوای هێرشی هێزەکانی رژیمی ئاخوندی بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی سازمانی خەبات ئاڵوگۆر لە قەوارەو پێکهاتەی تەشکیلاتی سازمان و بنکەو ناوەندەکانی لە ناو خۆداو دوور کەوتنەوە لە ناوچە بوونە هۆی پێکەوە گرێدانی بەشەکانی سازمان.
ماوەی چەند ساڵ تێ‌ پەری و بەشێک لە بنکەو بارەگاکانی سازمان و لایەنەکانی دیکەی کوردستانی ئێران لە سنوورەکانی کوردستانی عێراق نیشتەجێ‌ بوون.لەو رۆژو دەورانەشدا مامۆستا مەلاکەریم بە پێی‌ توانای هەولی دەداو چالاک بوو کە بە داخەوە نەخۆشی روی تێ‌ کرد.
تەشریفی هاتە ماڵی ئێمە لە سلێمانی، نەخۆش بوو جێگەیان بۆ راخست ماوەی چەند رۆژ لە جێگەدا بوو. بردیانە لای دوکتور عومەر شەریف لە سلێمانی دوکتۆرێکی شارەزابوو. دوای چەندین تاقی کردنەوەی خوێن و عەکسبەرداری(ئەشەعە) دوکتوری ناوبراو بە مامۆستای راگەیاند نەخۆشیەکەی زۆر کاریگەرەو چاک بوونەوەی زەحمەتە. ئەو هەواڵە بۆ مامۆستا زۆر قورس بوو بە تایبەت کە خێزانی لە گەڵ نەبوو تەمەنیشی زۆر بوو. ئەو هەلومەرجە نالەبارە وای کرد مامۆستا مەلاکەریم ئیجازە لە رێبەری سازمان و سەرکردایەتی بخوازێ‌ بۆ ئەوەی ئەو ماوەی تەمەنی لە ناو خاوخێزانیدا بێ‌. مامۆستا رۆیشتەوە بۆ ناو خاوخێزانی بە خۆشیەوە زیاتر لە 20 ساڵ تەمەنی بردەسەرو خزمەتی ئەدەبیات و شیعری کوردی کرد و بە ددان سازی ژیانی دابین دەرکرد.
لەو چەندین سالەی کە لە ناوخۆشدا بوو پێوەندی لە گەڵ سازمانی خەبات بوو هەمیشە غەم خۆرو دڵسۆزی رێبازەکەی مایەوەو بە غەم سازمانی خەبات ئەو نەمامە ساوایەوە بوو کە بە هیممەت و ماندوو بوونی خۆی و مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی و چەندین مامۆستای ئایینی و تێکۆشەری دیکە دامەزرا.
رۆحی مامۆستا مەلا کەریم ساردەکۆسانی (مامۆستا راوچی) شاد و جێگەی بەهەشتی بەرین بێ‌.

5 ساڵ و 3 مانگ و 10 ڕۆژ و 16 کاتژمێر و 34 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادێک لە مامۆستا کەریم سەییادی (ڕاوچی) ساردەکۆسانی

یادێک لە مامۆستا کەریم سەییادی (ڕاوچی) ساردەکۆسانی



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن