دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

سەروەرانی گەل:شەهید ئەبوبەکر موحەممەدی وشەهید عەبدوڵاموحەمەدی

سەروەرانی گەل:شەهید ئەبوبەکر موحەممەدی وشەهید عەبدوڵاموحەمەدی

یادی سەروەران

یادی سەروەران
سەروەرانی گەل شەهیدان: شەهید ئەبوبەکر موحەممەدی ناسراو بە ئەبوبەکر چەکوشەی و شەهید عەبدوڵا موحەمەدی ناسراو بە ( عەبدوڵا نستانی)
هەر چەندیی کوردستان دەخەملێ و هەر چەندیی دیمەن دەڕەنگێ. هەرچەندیی گوڵ دەگەشێنەوە، و هەر چەندیی چیمەن دەڕازێنەوە، هەر چەندیی کەژوکێو دەبنە پەلکە حۆری، چەندیی گرد گلکە دەبنە تۆپە گوڵ، چەندیی جۆگە و جۆبار دەبنە بەرۆکی زیوین بە بەرۆکی کەژ وکێودا، چەندیی سوورە بەڵەکی نوالامان دەیبینن کە شەبەقی زیندوان لە قۆپنەی هەڵزجار و مەندی جاران دەداو ڕەنگی وانیش زیندوان سپات دەکات. هەر چەندی بولبول دەخوێنن و خوێن لە دڵی گوڵ دەزێنن، هەرچەندی قاسپەی بەر بەیانی کەوان خەوی شوانی شەوێن دەڕەوێنێ و باوێشکیان دەتارێنێ، چەندی شەنگە بێری بە گوڵینگەی توربینیان ئاگری دڵی ئەوینداران دەگەشێننەوەو بەخرینگەی هەیاسەیان،خورپە دەخەنە دلێ دڵدارانەوە و بە لەنجەولاریان بەندی دڵان دەشکێنن، چەندی گۆڕستانی کوردستان دەبنە بەهەشتی سەر زەوین. چەندیی گوڵان باڵایان بەباڵای کێلان دەپێون و لاولاو پشتێنی کەسک لە کێلی وەجاغزادان دەبەستن. چەندی کۆڕی هەڵاڵە گەڕان گەڕی گۆڕی شەهیدان، کۆڕی شین دەبەستن وخۆڕا دەژێنن و بەشەرمەوە فرمێسک دەڕژێن، چەندیی نیازداران ڕێچکە دەخەنە ناو گۆرستان بەرەو چاک وپیران، چەندی چاومان لە هێزی داگیرکەرە کە گوڵزاری کوردستانمان لێ پێشێل دەکات، چەندیی قیسپی ئاسن دەبینین کە پەرژینی تەلدڕویان ڕاگرتووە، کەڕێمان نەبێ بچینە ناو نیشتمانی خۆمان، چەندیی گوێمان لە دەنگی تۆپ و بۆمب و ناپاڵم دەبێ کە زماندارو بێزمانی وڵاتەکەمان دادەچڵەکێنێ، چەندی خوێنی ڕژاو و مێشکی پڕژاوی هاونیشتمانەکانمان دەبینین کە لەسەرخاکی خۆیان بەناڕەوا ڕژاون وپڕژاون، چەندی دایکانی جەرگ سووتاو و باوکانی پشت شکاو دەبینین کە ڕۆڵەی شیرینیان ڕۆیشتووە و هاتنەوەی نییە، چەندی ژنانی ڕووسووری ڕەنگ زەرد دەبینین کە بەتەنیا بەسەر هێلانەی بێچوە ساوایانەوە مانەوەو دەروو ژوور دەکەن و بەڵام هەواڵێک لە هەڤاڵی خۆشەویستیانەوە نابیستن. چەندی پێڕۆکان دەبینین کەسەری زمان و بنی زمان بابەیەو، بەڵام مەگەر لە خەودا بچنەوە باوەشیان و ڕومەت بە ڕومەتیانەوە نێن، چەندی بەندیخانەکان دەبینین کە لە تێگەیشتووە ئازادیخوازەکان پڕن و لە داد و بەزەیی چۆڵن، چەندی لە داری قەناری دەڕوانیین کە گیانی سەربەرزانی پێڕا هەڵدەچێ، بۆ بارەگای یەزادنی دادگەر و خودای چەوساوەکان، چەندی سینگی پڕ باوەڕ دەبینین کە بەرانبەر پیاو کوژانی بێ باوەڕ گیراون، کە بە گوللە ئاگر لە باوەڕیان بەردەن، چەندی گەمارۆی نیزامی و ئابوری دەبینین کە پەلە قاژەیی لە خەڵک بڕیوە و بێ هێزوتینی کردوون. چەندی پاسداری بەد ڕەفتار دەبینین کە بە چاوی شمرو یەزید دەڕواننە خەڵکی و ڵاتەکەمان. چەندی ئاخوندی وڕێنە پەرەست دەبینین کە دەیانهەوێ بە فێڵ گەوهەری ڕاستی بە مووروە کەرانە لە دەست خەڵکی وڵاتەکەمان دەربێنن. چەندی دەڕوانین و دەبینین کە دژمن دژمنە و هەر بە دۆست نابێ، هەر چەندی ئەو سەوزو سوورو زەردو واڵایە دەبینین و ئەو هەموو ستەم وبێ داد وناڕەوایە دەبینین، ئەی شەهید! ئەی مردوویی بە نرختر لە زیندوو ت مان لا بەنرختر دەبێت و خوێنی ڕژاوی تۆمان بە جێتر دێتە بەرچاو. هەتا ئەو نیشتمانە جوانە پڕ لە بژێو وجێ ژیانە دەبینین و ئەو هەموو ناهومێدی و هەناسە ساردیەی گەل دەبینین، ڕێگەی تۆمان چاکتر لەبەرچاو شیرینە و مەرگی وەک مەرگی تۆمان پێ چاکتر لە ژینە. دەزانین تۆ ئەرکی خۆت بە جێ هێناو مەرگی پڕ لە شانازیت بۆ خۆت وەدی هێنا، ڕێی ڕاستت گرت و تازە هەڵە ڕوو لە تۆ ناکات ئەو دێڕە تۆ بە خوێنی خۆت کێشا. ڕاستە ڕێگەیە بۆ ژیانی بەسەر بەرزی و مەرگی پڕ لە شانازی. خۆشی بۆ شەهید بۆ ئەویندارانی شەهید، خۆشی بۆ هەڤاڵی شەهید و بۆ ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدی ڕێی ڕاست، ڕێی خەبات و موبارەزەیە کە قارەمان باردەهێنێ و بە خوێنی شەهیدان، مێژووی پڕ لە شانازی دەڕەنگێنێ. سەر بەرزی بۆ سازمانی خەباتی خوێناویە کە لە بەنرخترین کوڕی کوردستان هێزی قارەمانێتی پێک هێناوە و کاروانی شەهیدانی بەرەو بەهەشتی شەهیدان بەڕێ کردووە و پسانەوەی نابێ تاسەرکەوتن. جا باسی کامیان دەکەی کە یەکەو هەڵکەوتوو نەبێ، سەر گوزەشتەی کامیان لەسەر گوزەشتەی ڕوستەمی دەستان دەمێنێتەوە. بەڕاستی لە هەرچی دەدوێی و پێی هەڵدەڵێی دەبینی ناگەیە داوێنی لێهاتوویی، تا ئێستا چیمان باس کردبێ هەڵکەوتوو ناو دەرکەوتوو نەبوبێ؟
باسی جوتێ شۆڕە سواری مەیدانی خەبات وگیانبازی دەکەین کە ڕوناکی باوەڕیان چۆڵە چرای شۆڕشگێڕان بوو، دوو قارەمانی لە خۆ بردوو کە لە پاکی و ڕاستیدا کەم وێنە بوون.
شۆڕە سوارە کاک ئەبوو بەکری محەممەدی ناسراو بە(ئەبوبەکر چەکوشەی) کوڕی محەممەد لە دێی چەکوشەی ناوچەی گەورکی سەقز لە ساڵی 1342دا لەبنەماڵەیەکی ڕەنجدەر لە دایک بوو. چەند ساڵێکی خوێندنی سەرەتایی خوێند، پاشان بۆی نەکرا کە درێژە بەخوێندنی بداو لەگەڵ کەسووکاری خەریکی کشتوکاڵ بوو.



لە زستانی 1358هاتە ڕیزی هاوباوەڕانی سازمانی خەباتەوە، ماوەی دوو ساڵ و پێنج مانگ پێشمەرگایەتی کرد پاشان لەبەر هێندێک گیروگرفتی خێزانی چووەو ڕیزی پێشمەرگایەتی بە جێهێشت، بەڵام لەسەر باوەڕی خۆی جێگیربوو و پەیوەندی بە سازمانی خەباتەوە نەپچڕی و نزیک بە سێ ساڵ خەریکی کاری ژیان بوو، ئەو ماوەیە دڵی هەر لە لای هاوباوەڕانی بوو، تا لە 5 ی سەرماوەزی 1364دا هاتەوە ناوڕیزی پێشمەرگایەتی و چەکی خەباتی لە سازمان دا هەڵگرتەوە و بە ئیمانێکی پتەوترو بڕیاری لێبوردوانەوە دەستی کردەوە بە کار لە مەڵبەندی 3ی سازماندا و دوای ماوەیەک بوو بە فەرماندەی لقی شەهید تەها سوور. شەهید ئەبوو بەکر لە جەنگەکانی زستانی ١٣٥٨و بەهاری ١٣٥٩ لە کامیاراندا چەند مانگێک هاوبەشی کردو هەروەها لە جەنگەکانی ساڵی ١٣٥٩ و ١٣٦٠  لە ناوچەی بانە و بۆکان بەشدار بوو.
پێشمەرگەیەکی ئازاو لێهاتوو بوو شەهید ئەبووبەکر کە زۆر جێگەی هیوای شۆڕش و ورەی ئاواڵان بوو بە داخێکی گرانەوە لە بەیانی ١٣٦٥/٤/٧ دا لە شەڕێکی چەند ساعەتی دا کە لە پشت دێی ساڵوکی ژوورووی ناوچەی بانە کرا، دژمن زیانێکی زۆری لێکەوت، بە گوللەی تۆپی سەدو شەش، لەگەڵ هەڤاڵی عەبدوڵا نستانی پێکراو گیانی فڕی بۆ کۆڕی شەهیدان، تەرمی پیرۆزی لە گۆرستانی ساڵوکی خواروو لەناو کۆڕی گۆڕی شەهیدانی سازمانی خەبات نێژرا.
شەهید عەبدوڵا محەممەدی ناسراو بە (عەبدوڵا نستانی)
کۆڕی ئەحمەد لەساڵی 1343دا لە بنەماڵەیەکی وەرزێر لە دێی نستان لە دایک بوو. لەبەر ناجۆری ژیانی بنەماڵەکەی و نەبوونی ئیمکاناتی خوێندن نەیتوانی بخوێنێ. کاک عەبدوڵا لە مناڵییەوە بە پاکی وچاکی بار هاتبوو بە پاکی و دروستکاری مایەوەو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لێی زیاد دەکرد. شەهید عەبدوڵا هەستی بە ستەملێکراوی گەلی کورد دەکرد. لە سەرەتای شۆڕشەوە پەیوەندی لەگەڵ سازمانی خەبات بوو، تا ١ی/ جۆزەردانی/ ١٣٦٢ دا هاتە ناو تەشکیلاتی سازمانی خەبات لە ناوچەی سەردەشت و زۆر بە پاکی و لێبوردوویی ئەرکی پێشمەرگایەتی بەجێ دەهێنا. شەهید عەبدوڵا پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و بەرهەست بوو، بەوپەڕی بێدەر بەستیەوە لەناو سازمان دا بەرهەڵستی ناڕەواو نا دروستی بوو.
شەهید عەبدوڵا دوور بوو لە هەموو ناڕێکی وبێ نەزمی، بە جۆرێک وا کە چەندە بەهۆی نەخوێندەوارییەوە پلەی سەر دەستەی سەر نەکەوت، بەڵام نرخێکی مەسئولێکی بەرزی لە باری دڵسۆزی و قسە دروستییەوە بۆ دادەنرا. شەهید عەبدوڵا لە جەنگەکانی سازمانی خەبات لە ساڵەکانی ١٣٦٢و ١٣٦٣و ١٣٦٤ لە ناوچەی سەردەشت بەشداری کرد و هەروەها لە جەنگەکانی ١٣٦٥ لە ناوچەی بانە تا ڕۆژی شەهید بوونی هاوبەش بوو. شەهید عەبدوڵا پێشمەرگەیەکی لەخۆ بردوو چاونەترس بوو. بە داخێکی گرانەوە لە بەیانی ٧ی /پووشپەڕی/ ١٣٦٥ لە پشت ئاوایی ساڵوکی ژووروو لەناوچەی بانە لە گەڵ هەڤاڵێکی تێکۆشەری بە ناوی ئەبوبەکر چەکوشەیی بە تۆپی سەدو شەش پێکراو گیانی بە ئیمانی فڕی بۆ ناو هەڤاڵانی لە بەهەشتی شەهیدان و تەرمی پیرۆزی هەر دووک لاوی قارەمان لە گۆڕستانی ساڵوکی خواروو لەناو کۆڕی گۆڕی شەهیدانی سازمانی خەبات نێژران و چونە لای براکانیان شەهید جەماڵ عەبباسی و شەهید عابید فەیزیان و شەهید ئەمیر مەریوانی و ئەستێرەی 5پەڕی شەهادەتیان پێک هێنا.
هەزاران سڵاو لە گیانی پڕ لە ئیمانیان


2 ساڵ و 10 مانگ و 22 ڕۆژ و 14 کاتژمێر و له‌مه‌وپێش‌

سەروەرانی گەل:شەهید ئەبوبەکر موحەممەدی وشەهید عەبدوڵاموحەمەدی

سەروەرانی گەل:شەهید ئەبوبەکر موحەممەدی وشەهید عەبدوڵاموحەمەدی



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن