دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

سەروەری گەل: شەهید محەممەد ئەمین غەزاڵی

سەروەری گەل: شەهید محەممەد ئەمین غەزاڵی
دابینکردنی مافی ڕەوای هەر گەلێک بەستراوەتەوە بە خەباتی نەپساوە و شۆڕشی بەردەوام تا گەیشتن بە ئامانجەکانی. ئەو ڕێگەیە قوربانی پێویستە و بە هاتنە مەیدانی لاوان و چین و توێژەکانی دیکەی کوردستان، ئەو ئارمانە بەدی دێت.
مێژوو باسی پیاو چاکی و لە خۆ بردوویی و فیداکاری، نەترسی و تێکۆشان و خۆ بەخت کردنی ڕۆڵە بە شەرەف و جوانمێرەکانی گەلەکەمان دەکات کە چۆن لە دژی داگیرکاران و زۆرداران، ڕاوەستاون و چۆن خاکی کوردستانیان کردوە بە گۆڕستانی دوژمنان و چیا سەربەرزەکان و پێ دەشتەکانی ئەم کوردستانە پیرۆزەیان بە خوێنی پاکی خۆیان ڕەنگاندووە و بەڵگەی سەرکەوتنیان پێ مۆر کردووە و شنەی ئازادیان هێناوە.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران وەک لاپەڕەیەک لە لاپەڕە خەت زێڕینەکانی مێژووی خەباتی ئەو قۆناغەی فیداکاری شەهیدەکانمان، وەک کوپەڵەیەکی پڕ لە زێڕ بە بێ دەست لێدان و زایە بوون هەڵگرتووە، لە یادیان دا هەڵیدەداتەوە و یادی شاسواری گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشان و هەڵۆیەک لە هەڵۆ بەرزەفڕەکانی چیا حەستەمەکانی کوردستان، دەکاتە داستانی پڕ سەروەری ئەم جارەی یادی سەروەران، کە چۆن لە مەیدانی ئازایەتیدا ئەسپی شەرەفی لینگداو چۆن کەمەندی مەرگی بۆ دوژمن دەهاویشت. ئەو شۆڕە سوارە و چاو نەترسە شەهید محەممەد ئەمین غەزاڵی یە.
لە بنەماڵەیەکی هەژاری کوردەواری لە گوندی ساوانی ناوچەی بانە، هاواری منداڵێکی ساوا، بێ دەنگی شەوە زەنگی ئەم کوردستانە خوێناویەی شکاندوو چاوی بە دنیای پڕ لە کەسەری کوردستان هەڵێناو دایک و باوکی بە هەزاران هیوا و هومێد ناوی (محەممەد ئەمین) یان بە گوێ دادا. شەهید محەممەد ئەمین لە ناو باوەشی دایکی و بێشکە دارینەکەی کوردەواریدا گەورە بوو و پێی نایە ناو پلەکانی ژیانەوە. ژیانی نەداری و بێبەشی ماوەی پێنەدا بەرەو قوتابخانە بچێت و بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی لە کار و فەلاحەتدا یارمەتی باوکی دەدا. پلە پلە گەورە بوو تا پێی نایە تەمەنی 15 ساڵییەوە، لەبەر ئەوەی کە بنەماڵەکەی بنەماڵەیەکی ڕەشایی بوو و لە کوردستان شوێنی کار کەم بوو، بەرەو زۆربەی شارە فارسەکانی ئێران وەکو قۆم و تاران و مەشهەد دەچوو. شەهید محەممەد ئەمین لەگەڵ ئەوەدا کە خوێندەواری نەبوو، بە ڕەگ و پێست هەستی بە نەداری و بەشخوراوی گەلەکەی کردبوو و لە شۆڕشی گەلانی ئێران دژی رژێمی پاشایەتی وەک ڕۆڵەیەکی ئازاو تێگەیشتوو خەباتیکرد و لە هەموو خۆپێشاندانەکاندا بەشداری هەبوو. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران کە دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشە بوو بە نەغدینەی ناو چنگی خومەینی و دار و دەستە نەزانەکانی، کە وەکو هەموو خوێنمژە مێژووییەکانی کورد کوژان دیسان دەمیان نایە ناو جەرگی کوردەوە و خوێنی جگەر گۆشەکانی گەلی کوردیان مژی و هێرش کرایە سەر کوردستان، شەهید محەممەد ئەمین وەک ڕۆڵەیەکی بە شەرەفی گەلەکەی چەکی دیفاعی لە شان کرد و لە بەرانبەر هێرشی ناڕەوای دوژمندا وەک قەڵایەکی لە ڕووخان نەهاتوو ڕاوەستا و لە کاتێکدا کە دەشتە ڕەنگاو ڕەنگەکەی شاری سەقزی خوێناوی لە خوێنی پاسدارە بە کرێگیراوەکان شەپۆڵی دەدا، لە ناو سەنگەری خۆڕاگریدا لە ڕۆژی 6/خەرمانانی /1358 دا بە گوللەی خوێنمژانی مێژوو، گیانی پیرۆزی فیدای گەل و نیشتمان کردوو بە بەخشینی گیانی وەک یەکەم شەهیدی سازمانی خەبات لە نێو کۆڕی شەهیدان دا تۆمار کرا.
هەزاران سڵاو لە خوێنی پاکی شەهیدان


2 ساڵ و 8 مانگ و 22 ڕۆژ و 8 کاتژمێر و 34 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن