دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

سەروەری گەل: شەهید ڕەسوڵ ئەحمەدی ناسراو بە ( ڕەسوڵ دەڕۆڵەیی )
کوردستان نیشتمانی کورد، چەندین سەدەیە بە دەست داگیرکەرانەوە دەناڵێنێ. میللەتی چەند ملیۆنی سەر ئەو خاکە بە هەموو شێوەیەک دەچەوسێتەوە و قەتڵی عام دەکرێن و بەرهەم و داهاتیان بە تاڵان دەبرێ. شۆڕشی ڕەوای گەلەکەمان ماوەی چەندین ساڵەی دژ بە دوژمنانی ئەو ئاو و خاکە بێ پسانەوە درێژەی هەیە. دوژمنانی گەل و شۆڕش بۆ سەرکوت کردنی ئەو بەرەنگاریە لە هیچ تاوان و جینایەتێک درێغیان نەکردووە و لە تەواوی ئیمکاناتی بەردەستیان کەڵکیان وەرگرتووە. بەڵام کوا دژمنانی گەلی کورد بە خوڵقاندنی جینایەت و شەهید کردنی پیر و جەوانی کوردستان توانیویانە بەر لە شۆڕش و بزوتنەوەی بەرحەقی گەلەکەمان بگرن. تا بێگانە زۆری هێنابێ و جینایەتی کردبێ زیاتر خوێنی ڕۆڵە بەشەرەفەکانی گەلی کورد گەرم داهاتووە و هەستی تۆڵەیان بزوتووە و زیاتر ڕوویان لە شۆڕش کردووە. ڕۆڵە ئازاو بە شەرەفەکانی کوردستان، کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ماهیەتی ڕژێمی دژی گەلی حاکم بە سەر ئێرانیان بۆ دەردەکەوێ، وەک هەمیشە گەرم گوڕ و بە باوەڕ مایە لە گیانیان دادەنێن. بەو پەڕی سەربەرزییەوە ڕوو لە شۆڕش دەکەن و نایەڵن ڕێگای شەهیدە سەربەرزەکانمان کوێر ببێتەوە و چەکی پیرۆزیان بکەوێتە سەر زەوی. تا شۆڕشی گەلی کورد خاوەنی ئاوا قارەمانانێک بێت و پاڵ پشتی گەلی بەشەرەفی کورد بێت قەت لەبن نایەت و هەر سەردەکەوێ، با دوژمنان هەر پیلان بگێڕن و جینایەت بکەن. ڕۆڵەکانی کوردستان بۆ لەحزەیەکیش دڵیان سارد نابێتەوە و قەت ناهومێدی ڕوو لە دڵیان ناکات. لە نووسراوی ئەمڕۆماندا یادی قارەمانێکی دیکەی گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشان دەکەین کە مایەیان لە گیانی خۆیان داناو بەوپەڕی لە خۆبردوویی و سەخاوەتەوە، هاتە ڕیزی پێشمەرگایەتیەوەو تا کاتی شەهیدکرانی ئەوەندەی توانی بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی شۆڕش هەوڵیداو بەوپەڕی سەخاوەتەوە گیانی پیرۆزی بەخشی. شەهید ڕەسوڵ ئەحمەدی کوڕی مستەفا خەڵکی ئاوایی دڕۆڵەی ناوچەی بانە لە ساڵی 1342ی هەتاویدا لە بنەماڵەیەیکی زەحمەتکێش چاوی بەدنیای پڕ لە مەینەتی کوردەواری هەڵێنا. شەهید ڕەسوڵ وردە وردە گەورە بوو تا پێی نایە 7ساڵیەوە، باوکی زەحمەتکێشی ناردیە بەرخوێندن، تا وەک خۆی لە خوێندن بێ بەهرە نەبێت. شەهید ڕەسوڵ تا چواری سەرەتایی لە ئاوایی دڕۆڵە درێژەی بە خوێندن دا، بەڵام ئەویش وەک زۆربەی منداڵە بێبەشەکانی کوردستان لەبەر کەم دەسەڵاتی بنەماڵەکەی نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات و بۆ پەیدا کردنی بژێوی بنەماڵەکەی شانیدایە بەر کاروکاسبی، هەر بۆیە لە پەیدا کردنی بژێوی بنەماڵەکەی یارمەتی باوکی دەداو لەم بوارەدا لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک درێغی نەدەکرد.
شەهید ڕەسوڵ بۆ پەیدا کردنی کاروکاسبی ڕووی کردە شارە فارس نشینەکان. کاتێک ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژ بە ڕژێمی خوێنمژی پاشایەتی دەستی پێکرد، شەهید ڕەسوڵیش وەک باقی ڕۆڵە چەوساوەکانی کوردستان لەو خۆ پێشانانەدا بەشداری کرد. دوای هاتنە سەرکاری ڕژێمی ئاخوندی و بە دەسەڵات گەیشتنی دەستەیەک ئاخوندی مەسڵەحەتی، شەهید ڕەسوڵ وەک کوڕە کوردێکی ئازاو شۆڕشگێڕ، بە بینینی ئەو هەموو جینایەت و تاوانانەی کە گۆپاڵ بە دەستانی هێزی داگیرکەر لە کوردستاندا دەرحەق بە گەلەکەمان دەیان کرد، نەیتوانی خۆی ڕاگرێت و بەو پەڕی لە خۆبردوویی و گیانبازیەوە لە پایزی 1364دا هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتەوە. دوای بارهێنان و ڕاهێنان نێردرایە هێزی شەهید سەید خەلیلەوە. شەهید ڕەسوڵ کوڕێکی هێواش و لە سەرەخۆ بوو، بۆ ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانی سازمان لە هیچ چەشنە هەوڵ و تێکۆشانێک درێغی نەدەکرد. شەهید ڕەسوڵ لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی سەقز و بانە بەشداری کرد و ئازایەتی و گیانبازی خۆی نیشاندا. شەڕی قارەمانانەی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات لە ( سیوچی ) ناوچەی بانە نیشان دەری لە خۆبردووی و گیانبازی شەهید ڕەسوڵە. بەڵام بە داخێکی گرانەوە مەرگ مەودای نەدا، شەهید ڕەسوڵ زیاتر لە ڕیزی سازماندا، خزمەت بکات.
لە ڕۆژی 28/ڕەزبەر/1365دا کە بە کرێگراوانی ڕژێمی ئاخوندی دەستیان بە تۆپ باران کردنی یەکێک لە مەقەرە مەرزیەکانی سازمان لە ماوەتی کوردستانی عێراق کرد، لە ئاکامی ئەو تۆپ بارانەدا، دوو پێشمەرگە بریندار بوون، کە یەکێکیان شەهید ڕەسوڵ بوو، بەداخەوە لەبەر کاری بوونی برینەکەی پاش نیو ساعەت بەربەرەکانێی لەگەڵ مەرگدا، شەهید بوو و گیانی پیرۆزی بە دایکی نیشتمان بەخشی و ڕۆحی پاکی بەرەو بەهەشتی شەهیدانی سازمانی خەبات لە شەقەی باڵیدا. تەرمی پیرۆزی شەهید ڕەسوڵ لە ناو خەم و پەژارەی هەڤاڵانی و خەڵکی ناوچە لە شارۆچکەی سوورە قەڵاتی شار باژێر سەروە پارێزگای سلێمانی بە خاک سپێردرا.


هەزاران سڵاو ورێز بە گیانی بێت


2 ساڵ و 7 مانگ و 12 کاتژمێر و 15 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن