دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

سەروەری گەل شەهید کاک ئیسماعیلی سولەیمانزادە...
گەلانی ستەم لێکراو ژێر دەستی زۆردارانن و چەوساوەی ستەمکارانن.
دەسەڵاتدارانی بێ بەزەیی بوونە دەریالوش و بە هیچ شتێک تێر نابن. گەلان تاڵان دەکەن و وڵات دەگرنە ژێر دەست و سەروەت و سامانیان ڕاماڵ دەکەن.
دەسەڵاتداران هەموو کردەوەیانە و هەموویان بە یەکتری دەڵێن (نەمن دەنگ ونە تۆ دەنگ) پشتیان لە یەکتری کردووە دەمیان ژاندۆتە کەلاکی بێ چارەو بێ دەسەلاتان. ئەوەی کەوت کەس نییە دەستی بگرێ و سەری ژێر خۆی کەوێ کەس نییە ڕاستی کاتەوە، کەس بە هاواری لێقەوماوان نایێ و کەس لەسەر هەژاران هەڵ ناقرێ.
هەژار و ژێر چەپۆکەکان دەبێ بۆ خۆیان فریای خۆیان بکەون و خۆیان لە هاواری یەکتر بێن. گەلانی ژێر چەپۆکی ژێر دەست هەر خۆیانن کە خۆیان ڕزگار دەکەن هەر دەبێت خۆیان ڕاپەڕن و باری گرانی زۆرداران لەسەر خۆیان لابەن و ئازادی و سەربەخۆیی و کامەرانی و شادی بۆ خۆیان پێک بێنن. گەلی کوردی لێقەوماوی خاک دابەشکراوی حەق فەوتاو، وەک هەموو لێقەوماوانی تری جیهان دەبێ خۆی فریای خۆی کەوێ. دەبێ کوردی لێقەوماوی خاک دابەشکراو خۆی تاوداتە خەبات و بەربەرەکانێی زۆردار و داگیرکەران. کارگەرو ڕەنجدەران کە بەشی زۆری گەلی کوردن، زیاتر لە هەموو کەس هەست بە ستەم دەکەن و خەبات و تێکۆشان بە ئەرکی سەرشانیان دادەنێن، دەبینن کە ڕێبازی سازمانی خەبات چونکە ڕێبازی کوردایەتیە، بۆتە جێگە و پێگەی هەژاران و ڕەنجدەران لە هەموو لایەکەوە لێی ئاڵاون و دێنە ڕیزیەوە. دەبینێ کاروانی شەهیدان کاروانی هەژار و چەوساوانە بەرەو بەهەشت و ڕەزای خودا ڕێ دەکەون.
فیداکاری و لە خۆبردوویی ئەوانە بێ وێنەیە. چونکە چاک ئیمانیان بە پێویستی و زەرورەتی خەبات هەیە و ئەوان چاک دەزانن کە چەوساوەیی گەلی کورد بە دەست بێگانەی داگیرکەر بۆتە هۆی دواکەتن و ڕۆح شکاوی ئەو گەلەو گەشەی لە دڵیان نەهێشتووە. هەر شەهیدێکی سازمانی خەبات دەیگری نمونەی ئازایی و قارەمانییە چونکە تا ئیمان پتەوتر بێت بە خەبات داخ لە ستەمگەر زۆرتر دەبێ. تێکۆشان و خۆ بەختکردن و فیداکاری زیاتر دەبێ.
بەهبەە ! چەند خۆشە یادی شەهیدە بەنرخەکان کە لای خەڵک سەربەرزن. گوڵی مەجلیس یادی سەروەری ئەمڕۆمان، ئیسماعیل سلێمان زادەی ساردە کوێستانیە.
ئیسماعیل لە بنەماڵەیەکی کاسب و بەخۆوە ژیودا لە دایک بووەو تەمەنی خۆی لە سەرەتای مێر منداڵیەوە هەتا کاتی شۆڕشی کوردستان بە ڕەنج و هەوڵی خۆی و زەحمەتی زۆر بۆ پەیدا کردنی بژیوی گوزەراندووە. پاشان ئەرکی پەیاکردنی بژیوی خاوخێزانێکی زۆری بەئەستۆوە بووە. لەگەڵ ئەوەش دا کە ژیانی خاو خێزانێکی زۆری بە ئەستۆوە بووە هەستی نەتەوایەتی و باوەڕ بە خەبات و تێکۆشانی گەلەکەی و داخ لە ستەمگەران و داگیرکەرانی کوردستان هانی دا کە لە خەباتی پیرۆزی کوردستان هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگایەتیەوە.
لە سەرەتای ساڵی ٥٩ دا هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگایەتی لە سازمانی خەبات داو زۆر بە دڵسۆزی و لێ بوردووییەوە لە خەباتی حەقخوازانەی گەلەکەمان بەشداری کرد. تا لە ڕۆژی ١٦ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦١دا لە گوندی یەکشەوە لە پشتی بۆکان لەگەڵ شەش هەڤاڵی تێکۆشەر، شەش برای کوردپەروەر و بەنرخ کە سەردەستەی شەهادەتیان کاک وریا ئارام بوو، شەهید ئیسماعیل لە پلەی بەرپرسیارەتی نیزامی دا شەهیدبوو، بوو بە یەکێک لە حەوت ئەستێرەی پڕشنگ داری ئاسمانی خەبات و بەڕێز و بەسەر لە هەندایەکی لە گۆڕستانی گوندی شنکی کەندی لە پەنای یەکدا نێژران.

شەهیدان نامرن سمبوڵی ئازادین شاخی سەر بەرزن فەخری میللەتن

(پەژار)


2 ساڵ و 1 مانگ و 20 ڕۆژ و 12 کاتژمێر و 26 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن