سێ‌شه‌مه 

1 جۆزه‌ردان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

سەروەری گەل : شەهید سەید عەبدوڵڵا ئارام
نووسینی پەژار
زیندەوەرێک کە پێی دەڵێن ئادەمیزاد قازانج ویستە، عەدالەتیشی دەوێ و قازانجیشی دەوێ، بەڵام هەردووکیانی بۆ خۆی دەوێ نەک بۆ ئی دیکە. ئادەمیزاد عەدالەتی بە قازانجی خۆی دەوێ و لە ستەم لە خۆی بێزارە، هەروەها ستەمیشی بە قازانجی خۆی دەوێ و لە ستەمگەری خۆی بێزار نییە. ئەگەر باوەڕ بە هاوبەشی ئینسانان لە ژیان دا پتەو نەبێت، ئەگەر دەروون بە هەست و پڕ شەرم نەبێ، ئەگەر ئینساف و حەق ویستی نەبێ، ئەگەر بەزەیی و دڵسۆزی نەبێ، ئادەمیزاد هەر لەسەر خۆی هەڵ دەقڕێ و هەر بۆ خۆی هاوار دەکات و هەر بۆ خۆی هەوڵ ئەدا، ئەم و ئەو ئاویان لە لالێغاوەی بێ چاوی فرمێسکی تێ ناگەڕێ و ئەگەر سەریان ژێر لەشیان کەوێ دانایەتەوە تلیان پێ بداو وەریان گێڕێ، خۆی چۆنی لوا بۆی ئەوە خووی سروشتی ئادەمیزادە، بەپێی زیندەواریەک کە هەیەتی بەڵام زیندەوەری شتێکە و ئینسانییەت و ئادەمیەتی شتێکە.
ئادەمیەتی بەڕاستی هەموو ئادەمیان بە چاوێک تەماشا دەکاو پەیوەندی نێوان ئادەمیان بە تەنیا ڕەنگ و شێوە نابینێ و ئادەمیەتی لە وێنەو لەش و دیمەندا کورت ناکاتەوە، بەڵکوو ئادەمیزاد بە بوونەوەرێکی بەرزتر لە بوونەوەرانی زیندوو و بێ گیان دەزانێ. بوونەوەرێک دەبینێ کە بە دیمەن زیندەوەرە، بەڵام پڕ لە هەست هۆشیاری، پڕە لە لێهاتوویی سەر دەرچوویی. ژیانی زیندەوەرانە بە شیاوی پلەی بەرزی ئەوان نابینێ، بەڵکوو ژیانی کۆمەڵایەتی و هاوبەشی و هاوکاری و یارمەتی بە شیاوی پایەی بەرزی ئەوان دەزانێ و دەبینێ، ئەو ئادەمیزادانە لە ژیانی (من من و تۆ تۆی و هەر کەس هەوڵی خۆی بێ) داخ دارن و لاڕێ لە ڕێ ڕاست دەبن، جا ئادەمیەتی بەڕاستی دڵسۆزی کۆمەڵی ئادەمەو هەوڵ ئەدا ژیانی ئادەمیزادان ئادەمیانە بڕواتە پێشەوە، دەزەنێ تا ماف دابەش نەبێ بە سەر هەمووان دا و ڕێگە نەدرێ بە هەموو کەس لە چارەسەری گیروگرفتی ژیاندا بە پێی تواناوە ستەمگەری و ناڕەوا نەپێچرێتەوە لە جیهاندا، ژیانی ئادەمیزاد نابێتە ژیانی ئادەمیزادانە و هەر وەک جەنگەڵ و نزار و بێشەڵانی وەحشییانی لێ بەسەر دێ.
لە هەموو ڕۆژگار و چەرخاندا هەندێک ئادەمیزاد هەبوون کە نرخی ئینسانیان بە باشی زانیوە و ڕێبازی ئینسانییەتیان ناسیوە. زانیویانە کە بەرگرتن لە ستەم و ستەمگەران پارێزەری مافی ئینسانانە و حەیوان سفەت و خۆپەرەستان هۆی شێوانی ژیانی ئادەمیزادانن و هەوڵیان داوە کە بە بارهێنان و تێ گەیاندن، نالەبار و تێ نەگەیشتوان بهێنێتە سەر ڕێگەی ئینسانییەت و حەوانەوە و بێ ئازاری، کە پێغەمبەرانی خودا دروودی خودایان لێ بێ سەرۆکی ڕابەر و ڕێنوێنییان بوون، هەتا کرابێ بە تێ گەیاندن و ڕێنوێنی چارەسەری ناتەواوی کۆمەڵیان کردووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەستەیەک لە ئادەمیزادان بوون کە پێشیان ناخۆش و باوەڕیان بە ئینسانییەت لاواز بووە کە بە ئامۆژگاری نەهاتوونە سەر ڕێ، پێویستی کردووە بە هێزی دەسەڵات بەر لە زیان کاریان بگیرێ و کۆمەڵێک ئینسان لە دەست ئەوان بپارێزی، واش ڕێ کەوتووە بەوە نەتەکینەوە و بەربەرەکانی دڵسۆزەکانیان کردووەو سەری کێشاوەتە جەنگ و تێک هەڵچوون و پێک داهاتن. کێ حەقە و کێ لە ڕێ ڕەوادا دەکوژرێ و ژین و مردنی بەرزە و بەنرخە، کە لە لاساری و لەباری داو لە دەستدرێژی دا دەکوژرێ، نە ژیانی نرخی هەیە و نەمردنی لاساری و لاڕێی لاسار و لاریان دەردی ناو کۆمەڵی ئادەمیزادە و بەربەرەکانی و خەباتیش دەرمانی بەرگری ئەو دەردە ژیان شێوێنەیە، خۆیان دەبینن کە ئێمە گەلی کورد بیست و چەند ملیۆنی چەن چەرخە کە چارەنووس و خاک و ئاو بوونەوەرمان لە دەست چەوسێنەرە و داگیرکەراندایە و کەرامەت و ئیحترامی ئینسانیان وەک میللەتێک کە سەرکردە زەوی پێشێلکراوە و ستەمگەران بە خووی دڕندەیی لەگەڵ ئێمە دەبزوونەوە، نە بە خووی و ئینسانی. ئەوەکێبێ بە داوی ئێمە بگات و دەرمانی ئەو دەردە درێژخایەن و ئەو نەخۆشییە کە وەک ڕەگی گوڵی وایە بگات؟ تەنیا گەلی کورد بۆ خۆیەتی کە دەبێ لەسەر خۆی هەڵداتێ و بەر لە ناڕەوای ئەم و ئەو بگرێ و مافی خۆی بە دەست بێنێ و نەهێڵێ دڕەندە خووان لەوە زیاتر بیخۆن و ئێسکی بکرۆژن. دەنا بە داخەوە ئادەم خووانێکی یەکگرتووی بە دەسەڵات نین کە لەسەر حەق فەوتاوان هەڵقڕێن، دەستی زۆرداران کورت بکەنەوە. هەموو دەسەڵات داران لە کڕین و فرۆشی گەلان و ساتوو سەودا لە سەر قازانجی ئەم و ئەودان.ئەوی هەیە و نییە، ڕاپەڕینی گەلی ستەم لێکراوی کوردە کە ڕاپەڕن و دەستی زۆر داران کورت کەنەوە و بژین لە خەباتداو بمێنن لە ڕێ خەباتدا، ژیانی بە شانازی و مەرگی پڕ لە شانازی بۆ خۆیان بەرن، جا لەسەر ئەو بنەڕەتە بێ درز و کەلەبەرەیە و لەسەر ئەو بیرە ڕاستەو لەسەر ئەو باوەڕە بنەڕەت دارە کە لە دوخ ڕاستترەو دەدرەوشێتەوە، وەک ڕۆژی ڕووناک و پەڵە هەوری دوودڵی تێدانییە.
گەلی کوردی ستەم لێکراوی بەشخوراو، ماوەی چەند ساڵە خەبات دەکا خۆینی بە دەستی بێگانە چاو چنۆکەکان دەڕژێ و مێشکی عەداڵەت خوازی بە گولەی ستەمکاران دەپژێ. هیچ پەشیمان نییە لەو ڕێگە گرتویەتە بەری لەو خەبات و خۆبەختکردنە کە چووەتە سەری ئای چەند خۆشە مەرگی لەڕێی خەبات و موبارزەدا، چەند تاڵ و ناخۆشە ژیانی بە ژێردەستی و چاولەبەری، چەندە بەرزن ئەوانەی کە سەری خۆیان گورزی کوێری لە مەیدانی خەبات دا، چەند خۆشە ناڕەتەی شێرانەی شێرە کوڕانی ڕاپەڕیوی کوردەواری کە دڵی دوژمنانی چاوچنۆکیان لەبەر دەلەرزی، جا چەندە خۆشە گیاندانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان لەو کاتەدا کە دەبینن زەربەتی گەورەیان لە دوژمن داوە ئەم گیان دەدا و هەڤاڵانیشی گیان لە دوژمنان دەستێنن، جا چەندە خۆشە پێشمەرگە لە گیان گەیشتندا لە بیری شانازییەکەی خۆیەتی و بە خوێنی گەشی گەرم و گوڕی دروشمی پڕ لە شانازی خۆی لە شاخ و داخەکانی کوردستان بنووسێ. بەڵێ پاڵەوانی ئەمڕۆمان لە یادی سەروەران دا کاک سەید عەبدوڵڵا ئارامە کە ناوی سازمانیی مامۆستا وریایە، بەڕاستی ڕەنگە لە هیچ ڕیزێکی شۆڕشی کوردستان دا هەڵ کەوتویێکی وا نەبوبێ کە بەو شێوە ژیانی شۆڕشی بردبێتە سەر و بەو شێوە سەرنج ڕاکێشە شەهید بوبێ.
مامۆستا شەهید ئارام ڕۆژی ئاسمانی خەباتی خوێناوییە. ئیمان تەواو و خودا پەرست و دادخواو ئەمین بە ئیمان بە سەبرو ڕۆڵەی نەبەزیوو. کاک ئارام کە ساڵی دووی دانشگا بوو زۆر جار هەناسەی هەڵ دەکێشا کە ئاخ کورد سەردەکەوت و دەچوومە دانشگا دەم خوێند.
بەڵێ مامۆستا ئارام بەو عەشقەوە کە بە خوێندن و زانیاری بووی و بێ ئەوەی پێش دەرکەوتنی پەیوەندی بە سازمانی خەبات و شۆڕشەوە لێ دەرکەوتبێ لەتاو دەردی گەلە خۆشەویستەکەی هاتە ڕیزی شۆڕشەوە لە پێناوی سەرکەوتنی شۆڕش دا لە تێگەیاندنی خەڵک و عامڵاندنی پێشمەرگەو هەر ئەرکێک کە دەخرا سەرشانی بە ئەو پەڕی لێبوردن و دڵسوزیەوە ڕەنجی بۆ دەکێشا.مامۆستا وریا سەید عەبدوڵڵا ئارام کوڕی حاجی مەلا سەید حوسێن لە سەیدەکانی بوغدەداغی لە ساڵی ۱۳۲۳ لە دێی باخچەی ناوچەی بۆکان لە دایک بووە، دایکی زوو بارگەی بۆ لای خودا پێچاوە. لە ژێر سێبەری بە بەزەیی باوکیدا گەورە بووە و لە ناو فەقێیان خوێندن و عیلمە دینییەکانی تەواو کرد، پاشان لەو لاوە دیپلۆمی وەرگرت و چووە دانشگاو لە ورمێ کە لە هێرشی ناڕەوای ڕژیمی خومەینی بۆ سەر کوردستان دەست پێ کرا ناڕەزایی لە ڕژیم لە دڵی گەمەی کرد بە جۆرێک کە دڵی هەڵی نەدەکرد نەیەتە ناو ڕیزی شۆڕشەوە تا لە پاییزی ۱۹ دا هاتە ناو ڕیزەوەو دەستی کرد بە موبارزە شان بە شانی برا پێشمەرگەکانی لە سازمانی خەبات.
لەبەر لێهاتوویی دوایی ساڵ و نێوێک بوو بە ئەندامی ناوەندی سازمانی خەبات و بەرپرسیارەتی کاری تەشکیلاتیی ناوچەی بۆکانی پێ سپێردراو و بەوپەڕی دڵگەرمی و باوەڕە خەریکی پەرەپێدانی باوەڕی شۆڕش بوو.
لە یەکێک لە گەڕان و چالاکیە سیاسییەکانی ناوچەدا لە دێهاتی پشت ناڵەشکێنەی بۆکان ڕۆژی ۱٦ی خاکەلێوەی ۱۳٦۱ لە نزیک دێی یەکشەوە کەوتنە گەمارۆی هێزێکی زۆری دوژمن کە تانک و هەلی کۆپتەر پشتیوانیان لێدەکردن دوای شەڕێکی قارەمانانە کاک وریا خۆی و شەش کەس لە هەڤاڵانی شەهید کران. کاک وریا یەکەم گولە لە ئەستۆی درا بوو لە کاتێکدا کە خەریک بوو بە خوێنی خۆی لەبەردێکی دەنووسی وریا بۆ کوردستان نەگەیی بنووسێ، خۆی فیدا کرد، گیانی فڕی بۆ کۆڕی شەهیدان و ماوەی نووسراوەکەی هەڵگرت بۆ بەهەشتی شەهیدان.
هەزار دروود لە گیانی پڕ لە شانازیان
سەرکەوتوو بێ خەباتی گەلی کورد
مردن بۆ داگیرکەران و خۆ فرۆشان.


2 ساڵ و 1 مانگ و 16 ڕۆژ و 16 کاتژمێر و له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن