دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

سەروەری گەل: شەهید عومەر بەهرامی
ڕۆژ یەک بە دوای یەکدا تێدەپەڕن و لە بەستەی مانگانەدا دەچێندرێن و لە سندوقی ساڵانە دەهاوێژرێن.
هەر ڕۆژە هەنگاوێکە بەرە و مەرگ و بڕانەوە و هەر مانگە وچانێکە لە ڕێی ژیاندا بەرەو نەمان و هەر ساڵە مەنزلگەیەکە بۆ پشوودان و چاو گەرم کردنێکی ڕێبوارانی ڕێی مەرگ.
ژیان هەر ئەوەندەی خۆشە کە دەست پێدەکەی لەو بەدوا پەیتا پەیتا ڕووداو و مەترسی دەنگت دەدەن بۆ سەفەر بۆ بیابانی لە بڕان نەهاتووی مەرگ، ئەو مەرگەی کە زمان دەبەستێ و دلێ پێ زیندوو دەبێتەوە. ئەو مەرگەی کە ناوی مەرگەو بەڵام ژیانی بێ مەرگی پێوەیە. ڕۆژگار یەک لە دوای یەک هەنگاون بەرەو نەمانی ڕواڵەتی و هەر هەنگاوە ئەنێی بەڕەو مەرگ و ژیان دەبزوێ و تاوێک ناوەستێ، دەڵەی زۆر بە پەلەیە کە بگاتە مەرگ، دەڵەی لێی تووڕەیەو دەیەوێ لە ناوی بەرێ.
بەڵام ژیان خەیاڵی خاوە، مەرگ لەگەڵ هێزی ژیان نەبڕاوە، هاوپەیمانە، مەرگ دوژمنی ژیانی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو دەرکەوانی دەروازەی ژیانی لەبن نەهاتووە.
چەند خۆشە کە بە ڕووسوور و سەربەرزی و شانازییەوە لەو دەروازە تێپەڕی و لە جیهانی نەبڕاوەدا ڕوو بکەیتە وڵاتی سەربەرز و ڕووسووران. چەند خۆشەی کە بەرگەی تێپەڕبوون بۆ وڵاتی بەختەوەرانت بەدەستێکەوە بێت و بەرگەی مانەوەش بە دەستەکەی ترەوە بێت.
ئای چەند خۆشە ڕوو بکەیتە ئەوانە کە لە ژیانی کەم تەمەندا سەریان لێ نەشێواو و لە بیری پاشە ڕۆژی خۆیاندا بوون، ژیانیان بۆ چاکەویست و بەرهەمی چاکەیان لێوەرگرت. ئەم ژیانە کورتەیان کە سەردێری ژیانی نەبڕاوەیە بە چاکەو لە قازانج بوردوویی ڕەنگاند. چاکە چەند زۆرن و چەندەی ڕێگر و بەرگر لە ڕێدان، کێ بێ بچێ گوڵی چاکەیەک بچنێ و درکی گوناهو تاوان لە پەنجەی هەڵ نەچەقێ؟
وەک لەلای گوڵ درک هەیە لە لای چاکە گوناە هەیە. تۆ بڵێی چاکەیەک هەبێ کە یەک دانە بێ بەڵام بری هەموو چاکەیەک کەوێت و دڕکی گوناە ئاگردا. چاکەیەک بێت کە خەڵک لە ژێر سێبەریدا بحەسێنەوە. هەبوونی ستەم ڕاداو بارانی ڕەحمەت و دادگەری بە دوادابێ، چاکەیەک بێت کە بایەخ بدا بە ژیانی خاوەنی و ڕووی پێ لە کۆڕی بەختەوەرانی ئەو جیهانە بکات. بەڵێ هەیە، چاکەیەک لە ڕێی ئینساندا کە بۆ بەختەوەری هەڤاڵان پەلە لە ژیانی کورتی خۆی دەکاو گیانی لە پێناو دادگەری و لاچوونی ستەم و دابین بوونی عەداڵەتدا دادەنێ، شەهادەت کە بەرگی سوور و لەشی لە خوێندا شەڵاڵ، بەرگەی تێپەربوونە لە دەرگای مەرگەوە بەرەو وڵاتی بەختەوەران، لە پێغەمبەران و پیاوچاکان، دەڵێن ئەو کەسەی کە گیان دەبەخشێ لە هەموو کەس دلاوەرترە، بەڵێ ئەو کەسەی کە گیان لە پێناو ڕاستی و دادگەری دادەنێ، بە گیان کڕیاری چاکەیەو بە خوێنی گەشی هەموو تاوانی لەخۆ شتۆتەوە، بە تایبەت شەهیدانی کوردستان کە پلەیان بەرزە، چەندە ستەمگەرانی کوردستان پلەیان نزمە و چەندە ستەمگەرانی کوردستان سەر نەوین لە بارەگای خوادا ئەوان ئەوەندە سەربەرزن لە دیوانی پەروەردگاری دادگەردا، شەهیدانی کوردستان کە بۆ ڕزگاری وڵات و ئازادی گەلەکەیان چش لە ژیانی خۆیان دەکەن دەروازەی بەهەشتی بەرینیان بۆ کراوەتەوە بە تایبەت شەهیدانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کە دڵیان بە نووری ئیمان بە خواو باوەر بە ڕەوای خەباتەکەیان ڕووناکە گرێیەک لە ڕێی خۆیاندا نابینن بەرەو فردەوسی بەرین. ناویان لە جیهان لە بیر گەل ناچێ، باسی هەر کام دەکەی کە دنیایەک بە باسی رووناک دەبێ حەماسەیان حەماسە دەبزوێنێ چالاکیان موچڕکە بە لەش دادێنێ، هەر کام ڕۆڵەی بە ناوبانگی کوردستانن، چۆڵەچرای تاریکە شەوی کوردستانن. باسی کام دەکەی کە ناوازە نەبێ، ئەمڕۆ باسی قارەمانێکی هاوباوەر و هاوسەنگەرێکی خەبات دەکەین کە هەر چەند ماوەی چەند ساڵی لە شەهید بوونی تێدەپەڕێ. بەڵام دیمەنی پڕ لە مەردانەگی لە پێش چاوی هەڤاڵانیدا ڕادەبوورێ، ئەم قارەمانە کاک عومەر بەهەرامییە، کەم لاوی بانە هەیە کە ئەو قارەمانە نەناسێ و بە باسی نەتاسێ. کاک عومەر بەهرامی کوڕی ڕەحمان خەڵکی شاری بانە لە ساڵی ١٣٣٩ لە شاری بانە لە بنەماڵەیەکی ڕەنجکێش لە دایک بووە. دوایی تێپەڕبوونی تەمەنی منداڵی ڕووی لە قوتابخانە کرد و بە وریایی و تێکۆشان درێژەی بە خوێندندا و تا ٢ی نەزەری ( دەبیرستان )ی خوێند. شەهید عومەر دوایی ڕووخانی ڕژێمی شایەتی و هاتنە سەرکاری ڕژێمی وەلایەتی فەقێی دڕەندە خوو و هێرشبردنی هێزی خوێنمژ بۆ سەر کوردستان دڵی پڕ لە غیرەت و ئازادیخوازی هەڵی نەگرت و ئارامی لێ هەڵگرت کە وێرای لاوە بە شەرەفەکانی کوردستان دەست داتە خەباتی چەکدارانە و موبارزە .
لە زستانی ١٣٥٨ دا هاتەناو ڕیزی پێشمەرگەکانی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەددین و لە دواییدا سازمانی خەباتیان پێکهێنا. شەهید عومەر لاوێکی چوست و چالاک و وریا و بە جەرگ بوو، ئەرکی پێشمەرگایەتی وەکو خوی سروشتی لەشان سووک بوو شەهید عومەر بە ئیمان بە مافی ڕەوای گەلی کوردەوە هاتە مەیدانی خەباتەوە

و بڕیاری دەروونی ئەوە بوو کە لە ڕیزی خەباتدا بمێنێتەوە تا کوردستان سەردەکەوێ یان بە پلەی شەهادەت دەگا. پێیوابوو کە ژیانی لاوانی گەلی چەوساوە کاتێک ژیانە کە لە بەربەرەکانێی دژمندا بگوزەرێ، بەو بڕیار و بەو باوەڕەوە لە ناو ڕیزدا بوو و لە هیچ فیداکارییەک خۆی نەدەبوارد.
شەهید عومەر بۆ شەڕی ٣٨ ڕۆژەی پادگانی بانە لە بەهاری ١٣٥٩ دا بە دڵی پڕ لە شەوق و شادییەوە ئامادە بوو و زۆر فیداکارانە تێدەکۆشا تا لە سەعات ٩ی شەوی ٤/ بانەمەڕ/ ١٣٥٩ دا بە گوللە خۆمپارەی دوژمنی داگیرکەر پێکراو سەربەرزی بە خوێنی شەهادەت ڕەنگاو گیانی پاکی دوای نیو سەعات فڕی بۆ کۆڕی شەهیدانی سوور خەڵاتی کوردستان و تەرمی پیرۆزی برایە گۆڕستانی شەهیدان لە دێی بۆیەنی خواروو.

هەزاران سڵاو لە گۆڕی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان


2 ساڵ و 26 ڕۆژ و 10 کاتژمێر و 21 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن