دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

پەروەردە بنەمای سەرەکی کۆمەڵگا

پەروەردە بنەمای سەرەکی کۆمەڵگا
ئازاد خەبات

پەروەردە یەکێکە لە سەرەکی ترین و بنەڕەتی ترین بەردی بناغەی بونیادنانی هەر ڕێکخراو یان کۆمەڵگایەک و هەروەها کرداری ڕاهێنان و پێگەیاندی تاک یارمەتی دەرە تا وەکوو

 

ئازاد خەبات

پەروەردە یەکێکە لە سەرەکی ترین و بنەڕەتی ترین بەردی بناغەی بونیادنانی هەر ڕێکخراو یان کۆمەڵگایەک و هەروەها کرداری ڕاهێنان و پێگەیاندی تاک یارمەتی دەرە تا وەکوو بتوانێ لە پێناو کۆمەڵگا یان ڕێکخراوێکی تایبەتدا بە شێوازێکی گونجاو و درووستدا ئەرک و کارەکانی پێکبێنێ و هەروەها لە گەڵ تاکەکانی دیکە بتوانێ لە کار و خەباتی مەبەستدا بگونجێ و بە ئامانجی هاوبەشیان بگەن.

دەتوانین بڵێین پەروەردە بەر لە هەر شتێک کار کردنە لە سەر کردار و ڕەفتاری خۆمان و دۆزینەوەی کەم و کۆڕی و هەڵەکانی خۆمان و هەروەها دۆزینەوەی خاڵە بەهێزەکانمان تا بتوانین چاکتر خۆمان بناسێنین و بە باشترین شێوە هاوکار بین لە گەڵ کەسانی دیکە بۆ دەست نیشان کردنی ئامانجی هاوبەشمان و پێکەوە هەوڵ بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتن بدەین. بە تێڕوانینێکی‌ دیکە دەکرێ بڵێن پەروەردە ئەو بواریە کە ڕۆڵێکی زۆر گرینگ دەگێڕی لە داهاتوو و داڕشتن و واتا دان بە تاک و کۆمەڵگادا. لە یەکەمین فۆڕمەکانی(شێوازەکانی) ژیانی مرۆڤایەتیەوە پەروەردە بنەمای سەرەکی بوە بۆ بنیادنانی هەر کۆمەڵگایەک. لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا ئەو مژارە وەک ڕاهێنان و فێرکردنی تکنیکەکانی ڕاو و شەڕ ، کشت و کاڵ و چنین گرینگی پێدراوە و هەنووکەش هیچ بوارێکی ژیان نیە کە پێویستی بە پەروەردە نەبێ. دوای گەشە کردنی توانای بیرکردنەوە و قسەکردن لە مرۆڤەکاندا تاکوو ئەمڕۆ ڕۆژبەڕۆژ زیاتر و زیاتر کۆمەڵگا و ژیانی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزتر دەبێت و لە ڕاستیدا ئەوە کۆد و هێما و ئاماژەکانن کە ڕێنوێنیمان دەکەن بۆ ژیار و هەڵسوکەوت لە نێو ژیان و کۆمەڵگادا. تێگەیشتن و شڕۆڤەی ئەو کۆد و هێمایانە پێویستی بە کات و ڕاهێنانی تایبەت هەیە و هەر ئەوەشە پەروەردە واتادار دەکات و دەبێتە بابەتێکی حاشا هەڵنەگری ژیان.

هەر کۆمەڵگایەک بە پێی دەرفەت و توانا، شێواز و فۆڕمی پەروەدەی تایبەت بە خۆی هەیە و به پێی تێپەڕبوونی کات و پێشکەوتی دونیا گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە. باسی پەروەردە تا ڕادەیێک پێشکەوتوە کە تا ئێستە سەدان لەقی لێ دەبێتەوە و تکنیک و شێوازی جۆراوجۆر داهێنراوە تا ڕاندمان و بەرهەمی کارەکان بەرفراوانتر بکرێ. بە کۆی گشتی سەرەکیترین ئامانجەکانی پەروەردە و هەموو مژارەکانی پەیوەست بەوە لە فەلسەفەی پەروەردەدا خۆیان دەبیننەوە. ڕاستە پەروەردە یەکێکە لە سەرەکی ترین و گرینگترین پێداویستێکانی ژیان و کۆمەڵگایە بەڵام تەنیا بوونی پەروەردە نیە کە بۆ تاک و کۆمەڵگا گرینگە، بەڵکوو چۆنیەتی و ئەو ئاراستەیی ئەوەیە کە تاک و کۆمەڵگای پێ ڕائەهێندرێ گرینگتر و هەستیارترە. دەکرێ پەروەردە ئاراستەیەکی درووستی هزری بدا بە کۆمەڵگا و هاندەری پێشکەوتن و سەرکەوتن بێ، ژیار لە سەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری پێک بێنی و ببێتە هەوێنی پێکەوە ژیانی تاکەکان و شعوری بەرپرسیارەتی و تێگەیشتنی ئامانجدار گەشە پێبدا و هەروەها بە پێچەوانەوە دەشکرێ ببێتە هۆکاری دواکەوتوویی، تاک گەرایی، بشێوی و ئاڵۆزی لە کۆمەڵگا یان ڕێکخراوێکی دیاری کراودا. پەروەردەیەکی هەڵە نەک نابێتە هۆکاری گەشەسەندی کۆمەڵگا بەڵکو لە دواکەوتوویی‌دا نوقمی دەکا و ڕێگە دەگرێ لە هەموو جۆرە پێشکەوتنێک. ئەوەی دۆخی ئەمڕۆی وڵاتی ئێمە پێوەی دەناڵێ نەبوونی سیستێمێکێ پەروەردەی تۆکمە و پتەو لە سەر بنەمایەکی درووستە، تەنانەت لە ناو ڕێکخراوەکانیشدا بە جێگەی پەروەردە بنەمایەک بێ بۆ پەرەپێدانی یەکسانی و ئازادی، بەربەستێکە بۆ پەرەپێدانی بیری سەقەت، تاکڕەوانە و بە دوور له بنەماکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی.

هەروەها بە هۆی نەبوونی پەروەدەیکی دروس و بیرکردنەوەیکی دروست فکری سیاسی و بنەمای پەروەردەی سیاسی لە نێو کوردان دا زیاتر لەوەی ببێتە هەوێنی یەکگرتوویی بە پێچەوانەوە بۆتە هۆکاری پارچە پارچە بوون و دوور کەوتنی زیاتر و بە جێگەی ئەوەی وڵات لە ناوەند و سەنتەری تێکۆشان، هەوڵدان و خەباتمان دابێ، تەریک خراوە و ئەوەی زیاتر لە هەر شتێک گرینگی پێدەدرێ، تاک یان بیرێکی تایبەتە لە بەرژەوەندی کەسانی تایبەت.

ڕۆڵێکی گرینگ و سەرەکی دیکەی پەروەردە گەشەپێدانی گومان دروست کردن و هێزی لێکۆڵینەوە و لێگەڕینە لە تاکدا. هەر وەک ئاماژە کرا لێرەدا مەبەست لە گومان، گومانە بە واتا ئەرێنی و دروست، بەواتای ئەوە کە گومان ببێتە هۆی ئەوەی ئێمە بیر بکەینەوە، لێکۆڵینەوە بکەین و لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە‌دا ڕاست و هەڵە لەیەک دەربخەین و بگەین بە بابەتی سەرەکی و بنەڕەتی ڕاست، نەک گومان بە واتا نەرێنی و هەڵە.

پەروەردەی درووست دەبێ توانای شڕۆڤە و لێکدانەوەمان تێدا گەشە پێبدا، ببێتە هۆی ئەوە گومانی ڕاستەقینە لامان درووست بێ، سەرلەبەری سیستێمی فکری و سیاسیمان گەشە بکا و ببێتە هەوێنی پێکەوەژیان و لێک تێگەیشتن و هەروەها دەرفەتی نرخاندنی کۆی بابەتەکانی پەیوەست بە ژیان بڕەخسێنێ.

گرینگیەکی دیکەی پەروەردە و فێرکاری درووست پێگەیاندنی نەوەی داهاتوویە بۆ بەڕێوە بڕدنی کۆمەڵگا. پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندرووست ڕەنگه سەرەکیترین ئەرکی پەروەردە بێ چونکە داهاتووی وڵات ڕاستەخۆی پێوەندی بەوان هەیە. تێگەیشتن لە ویست و داخوازی نەوەی داهاتوو و هەوڵدان بۆ کاناڵیزە کردنیان لە ئاراستەی نەتەوەیی و نیشتمانی‌دا دەبێ یەکێک بێت لە سەرەکیترین ئامانجەکانی پەروەردە.

لە سیستێمی پەروەردەی درووست‌دا شوێنێک بۆ پیرۆزی نییە بەڵکوو هەموو شتێک دەکرێ و دەبێ ببێتە بابەتی لێکۆلینەوە و هەڵسەنگاندن. تەنانەت دەکرێ سەر لە بەری سیستێمی ژیاری، هزری، سیاسی و دینیش هەڵسەنگاندنی دروست و دور لە حاڵەتی تاکڕەوانەی بۆ بکرێ و لە گەڵ بارودۆخی ئێستا و هەلومەرجی هەنوکەییمان ڕێکبخرێت.

• لە پێوەندی لە گەڵ پەروەردەدا دوایین مژارێک کە جێگەی باسە، نوێکردنەوە و بەڕۆژ کردنە. پێشکەوتنی خێرای دونیای ئەمڕۆ ناچارمان دەکا هەموو چرکەیەک لە هەوڵی نوێبوونەوە دابین. بیر و هزر ،چۆنیەتی ژیان و پێوندیمان بە دونیای دەرەوە، هەروەها شێواز و فۆڕمی ژیان بە بەردەوامی گۆڕانکاریان بە سەردادێ و لە نوێبوونەوەدان. هەر بۆیەش دەبێ ئێمەش به بەردەوامی خۆمان و سیستێمی هزری و ژیاریمان نوێکەینەوە. ئەوەش تەنیا لە سەر بنەمای پەروەردەیەکی درووست کە داهاتووی تێدا ڕەچاو کراوە دێتەدی.


2 ساڵ و 23 ڕۆژ و 12 کاتژمێر و 32 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەروەردە بنەمای سەرەکی کۆمەڵگا

پەروەردە بنەمای سەرەکی کۆمەڵگا



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن