دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران



یادی سەروەری گەل شەهید ڕەحمان پوور کەریمی ناسراو بە ڕەحمان ساردەکۆسانی

نووسینی: سیامەند

ئەی نیشتمانی ڕەنگین ڕۆڵەکانت بە تاسەی ئازادیت سەر دەنێنەوە، لاوانی خوێن گەرم دەست لە ژیان و خۆشیەکانی هەڵدەگرن و لە ماڵ و کەس و کاریان پەرتەوازە دەبن لە پێناو ئازادی و سەربەستی و گەیشتنی گەل و نیشتمان بە مافی ڕەوا. لە مێژساڵە ئەم نیشتمانە مەیدانی نەبەردیی و نەبەزی ڕۆڵە خاوەن هەست و لە گیان لەسەر دەستەکانە، کە لە بەرانبەر هێز و دەسەڵاتی داگیرکەر و دژمنانی قین لە دڵ و حەق نەبیست تێدەکۆشن و خەبات دەکەن. کوردستانیانی خێر لە خۆ نەدیو، دەردەداری خۆسەپێنی دەسەڵاتە ملهوڕەکان و داگیرکراوی نیشتمانی ڕەنگین و زوڵمی بێ‌ بەزەییانەیانن. هۆ داگیرکەرانی بەدفەساڵی ناشیرین و دزێو، ئێوە بۆ حەق نابیستن و لە کەلی شەیتان نایەنە خوار، مەگەر نەتانزانیوە خەوی داگیرکردنی کوردستان و لە ناوبردنی گەلی کورد هیچکات نایەتە دی، لە مێژ ساڵە ئێوە هەر لە خۆڕا خۆتان و چارەنووستان بە داگیرکردنی کوردستان و بە چۆکدا هێنانی گەلی کورد بەستۆتەوە، بزانن ئەوە ویستێکی بێ بنەمایه‌‌‌ کە بێجگە لە دۆڕانی خۆتان هیچ دەستکەوتێکی بۆ وەدی نەهێناون.



لە ماوەی چەندین ساڵ دەسەڵاتی ئاخوندە مێشک وشک و دواکەوتووەکان لە ئێران، هێزی پاسدار و بەکرێگیراو هەروەها بە فریودانی ژمارەیەک کوردی خۆفرۆش بە خەیاڵی خاویان دەتوانن هیممەتی مەردانەو بڕیاری لێبڕاوانەی گەلی کورد و ڕۆڵە نەبەزەکانی سست بکەن، بەڵام ئەوەی دیارەساڵانێکە بە هەموو توانایان و بە خەرجکردنی پووڵێکی زۆر و بەکارهێنانی پێشکەوتوترین چەک و تەقەمەنی نەیانتوانیوە بڕیاری گەلی کورد بۆ تێکۆشان و لە پێناو گەیشتن بە مافی ڕەوا لە چوارچێوەی ئێراندا سست بکەن. گومان نییە کاتێک گەلێگ کە خاوەنی ڕۆڵەی خاوەن هەستی وەک کاک ڕەحمان پوور کەریمی ساردەکۆسانی بێ‌، نیشتمانێک کە قارەمانی وەک کاک ڕەحمان لە داوێنیدا پەروەردە بووبێ‌ هیچ کات دوژمنانی ناتوانن سەرکەوتووبن لە وەدی هێنانی ئامانجی چەپەڵیان. هەر چەند داگیرکەرانی نیشتمانی ڕەنگینمان لە لایەن دەسەڵاتی ستەمگەری ئاخوندی بەردەوامە، بەڵام بوونی قارەمانانی وەک شەهید ڕەحمان کە خوێنی خۆیان دەکەنە چۆڵەچرای ڕێگەی ئازادیی و بەختەوەری گەلی کورد، بۆ هەمیشە خەوی ئاخوندانی ملهوڕ لە گۆڕدەنێن و بە بەخشینی گیانی پیرۆزیان حەقانیەت و ڕەوایی خەباتی کۆڵنەدەرانەی گەلی کورد دەسەلمێنن. بێگومان خۆێنی شەهید ڕەحمان و تێکڕای شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و خەباتی نەپساوەیەو بۆتە هەوێنی شۆڕشی بەردەوام لە بەرانبەر حکومەتی ستەمگەری ویلایەتی فەقێدا.



قارەمانی گەل و ڕۆڵەی بە وەفای کوردو سازمانی خەبات شەهید ڕەحمان پوور کەریمی کوڕی کاک ڕەحیم لە ساڵی ١٣٦٣کۆچی خۆری لە خانەوادەیەکی هەژار و نیشتمانپەروەر و لە داوێنی خاتوو پەریزاد دایکی ڕەنج کێش، لە دێی ساردەکۆسان لە دایک بوو. تەمەنی منداڵی وەک زۆربەی منداڵانی کوردستان بە بێ‌ نازی بردەسەر، لە تەمەنی ٦ ساڵی چووە مەدرەسەی ساردەکۆسان و چەند ساڵی سەرەتایی دەرسی خوێند.



بەڵام بە مەبەستی هاوکاری خانەوادەکەی لە کاری ئاژەڵداری و جوتیاری و بۆ دابینکردنی داهاتی خانەوادە دەستی لە خوێندن هەڵگرت.



زوڵم و ستەمی ڕژیمی ملهوڕی ئاخوندی و هێزە بەکرێگیراوەکانی لە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و خەڵکی ساردەکۆسان و هەروەها ئامانجی کوردایەتی و خزمەت بە ڕێبازی سازمانی خەبات کاک ڕەحمانی هاندا بێتە ڕیزەکانی سازمانی خەبات و هەر بەو مەبەستە لە پاییزی ساڵی ١٣٨٢ کۆچی خۆری ڕووی کردە بنکەکانی سازمانی خەبات و دەورەکانی بارهێنانی سیاسی و نیزامی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد و لە بنکەی سەرەکی سازمان چەکی شەرەف و پێشمەرگایەتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانی لە شان کرد.



بەهۆی بوونی بنکەی تەشکیلاتی و پێشمەرگەیی سازمانی خەبات لە دێی ساردەکۆسان دانیشتووانی ئەو دێیە بە تێکڕا زۆر بە باشی لەگەڵ سازمانی خەبات و ڕێبازەکەی ئاشنا بوون. دێی ساردەکۆسان وەک یەکێک لە دێ‌ و ناوچەکانی کوردستان بە قەڵای سازمانی خەبات دەناسرێ‌ و هەروەها مامۆستا مەلاکەریم سەیادی ناسراو بە مامۆستا ڕاوچی یەکێک لەو کەسایەتیانە بوو کە هاوکاری مامۆستای ڕێبەر مامۆستا سەید جەلال حوسەینی بوو لە دامەزراندنی سازمانی خەبات. ساردەکۆسان یەکێک لە مەڵبەندەکانی کوردایەتی و شۆڕشگێڕیەو خاوەنی چوار شەهیدی سازمان، شەهید سڵێمان سڵێمان نژاد، شەهید سادق زەندی، شەهید مام خدر پوور کەریمی کە مامی شەهید ڕەحمان بوو، هەروەها دێی مامۆستا مەلاکەریم ساردەکۆسانی یەکێک لە دامەزرێنەرانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانە.



ئەو ڕاستیانە بوونە هەوێنی ئەوە تا شەهید ڕەحمان زۆر دڵسۆزانە لە پێناو بردنە پێشی سیاسەتەکانی سازمانی خەبات و گەشەی تەشکیلاتی هەڵسووڕێ‌، و بە چالاکی بەردەوام و نەبڕاوەی پلەو بەرپرسایەتی لە ئورگانەکانی کۆمسیونی سیاسی نیزامی و بەشی پێوەندیە کوردستانیەکانی سازمانی خەبات پێ‌ بسپێدرێ‌. کاک ڕەحمان کەسێکی زمان شیرین و زۆر کۆمەڵایەتی بوو زۆر بە زوویی ناسیاوی بەرینی لە گەڵ خەڵک و کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستانی عێراق پەیدا کردبوو و ببووە خۆشەویستی خەڵک. شەهید ڕەحمان کادری دڵسۆز و خاوەن باوەڕ لە کاتی سەردانی بۆ لای خانەوادەکەی و هەروەها لە ئەرکێکی تەشکیلاتی دوای زیاتر لە سیانزدە ساڵ پێشمەرگەیی و لە ئەستۆگرتنی چەندین بەرپرسایەتی گرینگ لە رۆژی ٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٥ کۆچی خۆری لە لایەن بەکرێگیراوان و خۆفرۆشانی ڕژیم شەهید کرا.



لە بیرەوەری شەهادەتی شەهید ڕەحمان پوور کەریمی ڕۆڵەی گوندی ساردەکۆسان مەڵبەندی کوردایەتی و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو ڕۆژە دێتە دی کە ڕژیمی ملهوڕی ئاخوندەکان لە ئێران بڕوخێ‌ و ئەوکات خەڵکی ئێران و گەلی بەش خوراوی کورد لە نیشتمان و لە ماڵی خۆی بە ئاسودەیی و دوور لە هەڕەشە ژیان بکا.













هەزاران سڵاو لە ڕۆحی شەهید ڕەحمان و سەرجەم شەهیدانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کوردستان.




1 ساڵ و 11 مانگ و 23 ڕۆژ و 19 کاتژمێر و 33 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن