دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

سەروەرانی گەل شەهیدان جەلال سلێمانی و جەلال فاتمی

بەهاری زەنوێرو جێژنی بولبولی دەم بە بلوێر هات.
بەهار دیمەنی زەوی دەڕەنگێنێ، بولبولیش لەسەر تۆڵی نەرم خۆ ڕادەژێنێ، بە بەهارو ئەو دیمەنە ڕەنگینە هەڵدەخوێنێ، بە گوڵانەوە دەگەڕێ، هەرساتە لە هەوایەک دەخوێنێ و بە هەوایەک هەڵدەپەڕێ. کوێ خۆش بوو، دڵی لێی خۆش بوو لێی دەمێنێتەوە، چ لاپەڕەیەکی لە دیمەنی پێ جوان بوو دەیخوێنێتەوە، لەسەر لێوی جۆ باران بە سەر نەخشینی و کلکی ڕەنگینی ئەڵا جوقێنێ دەکات. بە دەسماڵی کلکی ئاوەنگی ڕومەتی گوڵان دەسڕێ و بە دندوکی بچووکی بۆ غونچەی ساوا پس پس دەکاو بزەی دێنێ. ئەو ئەویندارە بەڵام بە ئاوازو ساز ئەویندارە، دڵ بریندارە تا کوێستان گوڵی ما، لە وێیەوە کە زریانی پاییز، وشووی لێ کرد خۆ ناگرێ، لە گەڵاڕێزان دەترسێ و پێی وایە هەموو زەرد و ڕەنگاو ڕەنگێک دەوەرێ. نە لەسەر تەرمی وەریوی گوڵ دەوێستێ و نە لە پرسەی بنەماڵەی پێنج گوڵدا هاوبەشەو نەپەژارە دایدەگرێ ونە ئاگری دووری گوڵ لە دڵی دەگرێ، تا گوڵ هەیە بولبول هەیە، کە گوڵ هەڵوەری ئەویش لەگەڵ مەلان دەبێتە کۆچەر و دەڕواو ئاوڕ ناداتەوە، یاری کۆن و شیعر و ئاوازی لە بیر دەباتەوە. بولبول ئەویندارە، تا بەهارەو گوڵ دیارە نە دڵی داخ بووە بە ئەوین ونە لە مەرگی یاریدا دەکەوێتە شین. نە بۆی لە قوڕ دەنیشێ و نە پەژارەی دووری دەکێشێ. ئەوینداری بە ڕاستی پێشمەرگەی کوردستانن کە وەک پەروانە خۆ لە دەوری کوردستان دەگێڕن. بە باوەڕی شۆڕشی کوردستان دەسووتێن و دادەمرن، پەپولەی گیان لە سەردەست و بولبولی دەم بە سروود و هەڵبەست و هەڵۆی بە سام وسەربەستن. پارێزەری نیشتمانن و بە گیانیان ئەوینداری گوڵ نین ئەوینداری نیشتمانن بە دیار نیشتمانەوە هەن تا بە یەکجار سەر دەنێنەوە. یاری وان گوڵزاری کوردستان نییە، کوردستان یاری وانە، نە بەهار شیرینتری دەکاو نە بە پاییزو زستان بە چاو دەبێزرێ. ئەو کوردستانە یاری بە ئەمەکی کوردەواریە کە بە کوردستان هەڵدەخوێنن و سەری لە پێناو دادەنێن. شلکە لاوی کورد کە باڵای نەو نەمامیان لە نەمامی باغی ساوا نامێنێتەوەو چاوی گەشیان نێرگی ڕەش دەبەزێنێ. باڵای خۆیان لە مەیدانەکانی خەباتدا ڕادەنێن، تا نەمامێکی کوردستان لار نەبێتەوە. نێرگسی چاویان بۆ هەتا هەتایە لێک دەنێن کە نێرگسی کوێستانی کوردستان نە شفڕێ، سینەیان دەکەنە پاردە لە بەرانبەر داگیرکەرانی نامەرددا، لەشی بە خوێن شەڵاڵیان لە بن بەرد، بەردی کوردستان دەکەوێ و خوێناوی تێکەڵ بە گوڵاوی ئاوی لەشیان، داری ئازادی پاراو دەکا، لەگەڵ لای لایە بەگوێ دادەدرێ. بولبولی سرودن و پەروانەی فیداکارین و هەڵۆی پارێزگارین و وردو درشتیان کێوی خەباتن و لوتکەی بەرزی ئاواتن. ڕیزەکانی خەباتی کوردەواری، پڕن داوخوازی مێرمنداڵ کە دڵیان پڕە لە هەستی نیشتمان پەروەری، تیغی دەبانن و خۆ لە کالان دا ڕاناگرن. کاروانی شەهیدانی خەبات ڕازاوەیە، بە شلکە لاوی لە خۆ بردوو کە بە حەماسەیان ماندوان دەحەسێنەوە و تەزیوان دەبوژێنەوەو بەزیوان هەڵدەبڕنەوە. لەوانە باسی دوو شلکە لاوی کوردستان و دوو پاڵەوانی مەیدانی خەبات دەکەین، کە بە دڵی گەرمی پڕ لە حەماسە و هەستی شۆڕشگێریەوە هاتنە ناوڕیزی خەباتی خوێناویەوەو بە کۆڵێک ئاواتی ڕزگاری گەل و ئازادی کوردستان سەربەستی و سەربەخۆییەوە، ڕێبازی خەبات و موبارزەیان گرتەبەر، ئەو دوو لاوە کە هاو ناوو هاو باوەڕبوون و دڵیان بە یەک دەکراوە، دەروازەی شەهادەتیان بە یەکەوە لێ کراوە. شەهید جەلال سلێمانی کوڕی حەمە ڕەسوڵ، لە دێی میراوای ژورو لە ناوچەی بانە لە دایک بوو، دوو ساڵە بوو کە باوکی ڕەنجدەری چاوی بە یەکجاری لێکناو چوار کوڕی لە دوا بەجێما، کە شەهید جەلال سێهەمیان بوو. مامەکانی داژداریان کردن. شەهید جەلال لە شەش ساڵیدا چووە قوتابخانەوە تا دەورەی ڕاهنمایی درێژەی بە خوێندن دا، لە پاشان هێندێ هەل و مەرج بەری لە درێژەدانی بە خوێندن گرت. لە یەکەمی ڕەشەممەی (1364)هاتە ناو ڕیزەکانی سازمانی خەباتەوە. دوای ڕاهێنان و بارهێنان نێردرایە ناو لقی شەهیدانی ساوان، سەر بە مەڵبەندی یەک.
شەهید جەلای فاتمی : کوڕی شەریف، لە دێی سونجی ناوچەی بانە لە دایک بوو. لە شەش ساڵیدا چووە قوتابخانەو سەرەتای خوێند، پاشان لە (5)ی خەزەڵوەری (1364)دا هاتە ناو ڕیزەکانی سازمانەوە. دوای ئەنجامدانی دەورەی فێرگە، نێردرایە ناو لقی(شەهیدانی ساوان)سەر بەمەڵبەندی یەک. لە شەڕی قەبەغڵوی سەقز وسیوچی بانە لە ساڵی (1365)ی هەتاوی دا زۆر قارەمانانە بەشداری کرد وا کە بەتەواوی خۆی دیاری کرد. تا ئەو جوتە لاوە کە هیواو هومێدی هەڤاڵان بوون.لە شەوی 5ی پوشپەڕی (1365)لە مزگەوتی (زەربەنێ)ی ناوچەی بانە بە گوللەی ناپاکانی خۆفرۆش لە میحرابی مزگەوتەکەدا بەجووت پێکران وگیانی پاکیان بۆکۆڕی شەهیدانی سوور خەڵاتی کوردستان فڕی وتەرمی پیرۆزیان لەگەڵ،گۆڕی شەهید تەها سوور و شەهید کەریم زەربەنێ و شەهید هەڵمەت و شەهید نوریان ئاوەدان کردووە و لایوان لە گۆڕستانی زەربەنێ نێژران.

هەزاران سلاو لە گۆڕی رووناک وگیانی پاکیان بێ ورێیان کوێر نەبێتەوە
(مامۆستا پەژار)


1 ساڵ و 10 مانگ و 24 ڕۆژ و 13 کاتژمێر و 9 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن