دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

یادی شەهید خالید حەسن نژاد
نوسینی: پەژار
دەردی داگیرکەرانی نیشتیمانی خۆشەویستمان کوردستانی ئازیز دەردە.
دەستە سەری و دەست بەسەری گەلی کورد و ژانی ژێر چەپۆکی و چارەڕەشی گەلەکەمان، دەردێکی ئەوندە گرانە کە بەختکردنی گیانی شیرین لە ڕێگەی موبارزەی ڕزگاریخوازانە لەو هەموو دەردو ژانەدا هەمانە لە لای ڕۆڵەکانی کوردستان، گیان و ژیان کوا نرخی هەیە بە ژێر دەستی و کۆیلەیی، کوا ژیان بە ژیان دەژمێردرێ کە بەند لەسەر دەست و پێ بێ و قفڵی دیکتاتۆران لەسەر دبێ؟
ژیانی [بەژێردەستی] بە ژیان ناژمێردرێ بە تایبەت ژیانی بە ژێردەستی لە نیشتمان و خاک و ئاوی باو باپیران دا، دژمن بۆ بژی لەسەر ئەو نیشتمانە؟ ئەو دوژمنەی کە ژیانی لە ماڵ و حاڵ کردۆتە مەرگی بەزیلەت، چۆن دەبێ لێی گەڕێین بێدەردی سەر درێژە بەستەم بدا؟
ئەو خاوەن نیشتمانە خاوەن ویژدانانەی کە ئاوا لە دەست دوژمن بە ئازارن لە ستەم بێزارن، چۆن دەبێ ئەو گیانە نیوە گیانە و ئەو ژیانە پڕ لە دەردو ژانەیان نەکەنە ئاوری بێ ئەمان بۆ گیانی دوژمنان؟
ئەو دوژمنانە بە ناڕەوا ژیانیان لە خاوەن ماڵ و نیشتمانمان تاڵ کردوە، ژین لەوانیش تاڵ بێ. ئەوە حەقی ستەم لێکراوانە کە دژ بەستەم گەران بیکەن. هەر بۆیە لای ڕۆڵەکانی کوردستانی داگیر کراو لە هەموو لایەکەوە، گیان بایەخێکی نیە لە ڕێی ئامانجی پیرۆز دا، کە تۆڵە ساندنەوە لە ستەم گەروو پاشان ڕاونانیەتی لە کوردستانی خۆشەویستی ئازیز. گیان لە ڕێی خەبات و موبارزە دا بایەخی نیە لای ئەو ڕۆڵە دڵ زیندوانەی کوردستان. بەڵێ هیچ ڕۆڵەیەکی کوردستان کە هەستی مرۆڤایەتی زیندوو بێ کە زۆربەی ڕۆڵەکانی وان، دەربەست بەگیانی خۆی نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەرکام لە ڕوی فیداکاری و ئیسارەوە، گیانی هەڤاڵانی خۆی لاعەزیزە، حەزدەکا گیانی خۆی سوپەری گیانی وان و خوێنی خۆی بکا بە دێڕکێشی ژیانیان، هەڤاڵانیان بمێنن بەسەربەرزی و سەرکەوتویی، خۆی بمرێ و هەڤاڵانی خۆش. هەڕ بۆیە مەرگی هەرکام لە ڕۆڵەکانی کوردستان لە دڵی هەڤاڵاندا بەژانە کە دەشزانن خەبات و موبارزە بە بێ خوێن نابێ. جا لێ گەڕێ و مەپرسە مەرگی هێندێ لە هەڤاڵان هێندە بەژانە. مەرگی ئەو هەڤاڵانەی کە هەموو وجودیان، خزمەت و ماندوویی بۆ شۆڕش و شۆڕشگێڕانە، بێ ئەوە کە قازانجێکی خۆیان لەبەرچاو بگرن و بێ ئەوەی کینە لە هەڤاڵێک لەدڵ بگرن.
دەزانێ چەندە مەرگیان بەژانە و چەندە مەرگیان بۆ شۆڕش زیانە؟
بەڵێ خۆی ئەوکەسانە لە دڵی هەڤاڵان دا لە ڕیزی شۆڕش دا هەر لەو پلە دەمێنێ. مەگەر بە نەسرەوتن و بەگەیشتن بە ئامانجی خۆی ئەو جۆڕە کەسانە لە دڵ و لە ڕیزی هەڤاڵان دا پڕ ببێتەوە. دیارە ئەو دەمە ڕۆحی ئەوانیش لە بە هەشتی شەهیدان دا، دەحەسێتەوە و ئاهێکی دێتەوەبەر. بەڵێ کوردستان ڕۆڵەی وا مەرگ بەژانی زۆرن کە، کەلەبەریان پڕ نابێتەوە، مەگەر بەسەرکەوتن. سازمانی خەباتی خوێناوی زۆری ڕۆڵەی هەرە بەنرخی ئاوای پێشکەش بە خەباتی کوردستان کردوە. دژمنی داگیرکەر کە لەبەرەکانی جەنگی داسەپاودا ناگاتە ئامانجی سپڵەی، لە ڕێگەی ترۆرو ڕەشە کوژیەوە هەوڵ دەدات بۆ زەربەتدان لە کادرە بە هەڵوێستەکانی شۆڕش و ئەو بەرنامە نا ئینسانیەو ترساندنی لەگەڵ ئەندامە بە دڵەکانی شۆڕشی کوردستان بە کارهێناوە.
یەکێک لە ڕۆڵە بە نرخەکانی گەلەکەمان کە بەم شێوە بە دەستی ترۆریستەکانی ڕژیمی ئێران شەهید کرا،
کاک خالیدی حەسەن نژاد ناسراو بە
(خالید سەقزی)
شەهید خالیدی حەسەنژاد کوڕی مەلا عەبدوڵا لە ساڵی 1342 دا لە شاری سەقز لە بنەماڵەیێکی هەژاردا لە دایک بووە. لە 7 ساڵی دا چوە مەدرەسە تا تەمەنی ڕاهنمایی دەرسی خوێند. کە شۆڕشی گەلانی ئێران دەستی پێ کرد، بە هۆی هێرشی نامەردانەی هێزە سەرکوت گەرەکانی ڕژیمی خومەینی بۆ سەر کوردستان نەی توانی درێژە بە خوێندنەکەی بدا. وەک ڕۆڵە بە هیمەت و دڵپاک و شەرەف پەرەستەکانی کوردستان، پاییزی 1358 هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگایەتی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدینەوە. لەگەڵ پێک هاتنی سازمانی خەبات وێرای هەڤاڵانی لە ناو دەفتەردا هاتە سازمانی خەباتەوە و بوو بە ئەندامێکی باوەڕ پێکراو لە سازمان داو درێژەی بەکاری شۆڕش دا، بەو پەڕی پاکی و تێکۆشانەوە کە جێی ڕەزامەندیی دڵسۆزانی سازمانی خەبات بوو.
شەهید خالیدی حەسەنژاد بە هۆی پاکی و شیاوی خۆیەوە پلەی سەر دەکەوت، تا لە کۆنگرەی دووهەمی سازماندا بوو بە ئەندامی دەفتەری سیاسی. کاک خالید لەگەڵ ئەوەش دا کە لاوێکی بە غیرەت و بە جەرگ بوو، لەبەر نیهایەتی پاکی و دروست کاری زۆرتری کاری لە بەشی دارایی و تەداروکاتی سازمان دا پێ دەسپێردرا، لە پاکی و دروست کاری دا کەم وێنە بوو. لە بەهاری ئەم ساڵی 1370 دا بوو بە بەرپرسی کۆمیسیونی کۆمەڵایەتی. کاک خالید ئینسانێکی ڕوو خۆش و دڵپاک بوو، جوێ لەوە لە کاری خۆیا زۆر جیددی و خۆشەویستی عام بوو. شەهید خالید لەو کارە سازمانیانەی کە گوترا و لە چەند جەنگدا بەشداری کرد و لەو سەنگەرە دا ئەو پەڕی ئیمان بە ڕێبازی سازمان و شۆڕشە ڕەواکەی کوردستانی لە خۆی نیشان دا
بەداخێکی گرانەوە ئەو ڕۆڵە بەنرخەی گەل، ئەو قاڕەمانە بە ئیمانەی سەنگەری خەبات و تێکۆشان، لە شەوی سێ شەممە 9/8ی گەلاوێژی 1370کۆچی خۆری، سەعات 7 ی شەو بە کاتی هاوینی تاران بە دەستی عەوامیلی ڕژیمی نا ئیسلامی ئێران لەناو شاری ڕانیەی کوردستانی عێراق دا شەهید کراو چوە ڕیزی کاروانی شەهیدانی گەلەوە.
مەرگی شەهید خالید زیانێکی گەورە بوو بۆ سازمانی خەبات و شۆڕش.
مەرگی شەهید خالید داخێکی گران و بە ژانی بە سەر دڵی هەڤاڵان و دۆستان و ناسیاوان دا هێنا. هەزاران سڵاو لە گیانی نەمری کاک خالید و گشت شەهیدانی ڕیزی ڕزگاری کوردستان.
ڕوخان و نەمان بۆ ڕژیمی ترۆریست پەروەری تاران ، نەفرین و نەعلەتی گەل بۆ خیانەتکارو جاسوسان. دەستی تۆڵەی گەل بە هێزەو خەزانی پاییز گەڵای تەمەنی خۆفرۆشان دەوەرێنێ و دەستی هەموو تاوان باران دە قرتێنێ.
سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان


1 ساڵ و 9 مانگ و 19 ڕۆژ و 11 کاتژمێر و 29 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن