دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

سەروەرانی گەل: شەهیدان عەبدوڵا هەمزە، خەلیل جەعفەری ناسراو بە (خەلیل ڕەشاش)، تاهیر قادری ناسراو بە (تاهیر یاکوباوایی)

گەلانی ستەم لێکراو و ماف پێشێلکراو، ڕێگەیەکیان هەیە کە ژیان بە سەربەرزی دوایی بهێنن، جوێ لە خەبات و موبارزە، جوێ لە خۆ بە کوشتدان بە دەستی داگیرکەر لە مەیداندا، لە زینداندا بە ئەشکەنجە یان ئیعدام؟بەڵێ‌ ڕێگەیەک بۆ گەلانی ژێر ستەم نیە کە ژیان بە سەربەرزی دوایی بهێنن، جوێ لەوە کە لە دوژمن ڕاپەڕێن و وەڵامی زۆردارانی نازی و بە زۆر دەسەڵات بدەنەوە. خۆ دیارە شەڕ و خوێنڕێژی شتێکی ناڕەوایە و تا بکرێ و چار ببێ نابێ ببێ. بەڵام ئاخر چ ڕەوایە کە دەسەڵاتداران بە بەشی خۆیان دانەمرکێن و چاو چنۆکی هانیان بدا بۆ دارایی ئەم و ئەو. کاتێک کە دڵیان ڕوناکی تێدا نییە. کاتێک تەنیا مەنتقیان بۆ ستەم و ستەمکاری دەچێتە سەر، بێجگە خۆ فیدا کردن چ ڕێگا چارەیەکی دیکە هەیە. ئەوە چارەنووسی هەموو گەلێکی لێقەوماوە کە دەبێ دژ بە داگیرکەر وستەم گەران ڕاپەڕێ. سەرە نێزەی زۆرداران لە سنگی خۆی بنووشتێنێتەوە. گەلەکەمان یەکێک لەو گەلانەی کە زۆر و ستەم خەباتی لەسەر شان فەرز کردوە. کوژرانی ستەمگەرانی کردۆتە تاکە ڕێگەی سەربەرزی، کە نەشگەن بە سەربەرزی و سەربەستی، خەباتیان ببێ و بەختەوەری شەهادەتیان لە چارەنووسیان بنووسرێ. ئەو گەلەی تێ دەگا کۆیلەتی شەرمە بۆ ئادەمیزاد، شەرمەو کۆیلەیی ناکا، ئەویش کۆیلەیی لەسەر ئاو و خاکی خۆی و بە نانی خۆی و ئاوی خۆی لە چوارچێوەی نیشتمانی خۆیدا. دیارە خەبات تاکە ڕێگەیەتی و شەهادەت وبریندار بوون و بە دیل گیران و ئەشکەنجە و ئیعدام، هەمووی چاوەڕوان دەکرێ. هەموو بە سەرهاتە بە سەرهاتی مەردایەتیە، بە سەرهاتی شەرافەتمەندانەیە. جا بۆیە رۆڵەکانی گەلەکەمان ڕێگای خۆیان بەدی کردووە و باکیان لە مەرگ نیە لە رێی خەباتدا، چونکە ئەو مەرگەی هەر لەسەر رێگەی ئادەمیزاد دایە ئاوا و لەو رێگەیەدا شیاوی ئینسانە، نەک مەرگی بە ستەمگەری یان مەرگی بە ژێر دەستی. پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی کوردستان بە تایبەتی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات، بۆ رزگاری گەل، بۆ ئازادی کوردستان لە مەیدانی خەباتدا لە هیچ مەترسییەک سڵ ناکەن. هەروەها کاتێک دەکەونە داوی دوژمنی دژی ئینسانی دیسان شێرانە لە بەرانبەریدا دەوەستن. چرچ لە ناو چاویاندا نابیندرێ و مەترسیان تێدا هەست ناکرێ و سوورن لەسەر ڕێباز و باوەڕ و ئامانج و خەباتیان. دەوەستن لە بەرانبەر ئەشکەنجە و ئازاردا و زمانیان بە زیانی هیچ برا کوردێک ناگەڕێ. شانازی دەکەن بەوەکە لە دەرەوەی زیندان لە بەرانبەر هێزەکانی دوژمندا وەستاون، بە چەکی شەرەفیان سنگی داگیرکەرانیان وەک ڕووی بێژنگ لێ کردووە و شانازی دەکەن بەوە کە لە زیندانی ئەو خوێن مژانەدا زمانیان لە ئاست برایانی کورد گرێ داوە. لەسەر دوژمنایەتی ڕژێم سوور دەوەستن. جا وەرەن هەندێ لە باسی قارەمانی پێشمەرگەی سازمانی خەبات لە زیندانەکانی ڕژێمی خومەینی بدوێین. 5 قارەمانەکەی سازمانی خەبات کە بەدەستی دەستەیەکی خۆفرۆش بە ناوی حیزب الدعوەو،ژمارەیەک چەکداری بزوتنەوەی ئیسلامی کە ئاڵقە لە گوێی ڕژێمی ئێران بوون لە 5ی پوشپەڕی ساڵی 1364 و 1365 دا لە سنووری کوردستانی ئێران و عێراق گیران و برانەوە بانە. ماوەی 3 ساڵ لە زیندانەکانی ڕژێم لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری لەش دابوون. شەهیدان عەبدوڵا هەمزە و خەلیل رەشاش و تاهیر یاکوباوایی و غەفور شیوەڵەیی و حەسەن سەلیمی هەروەها قارەمانێکی تری سازمانی خەبات بە ناوی تالبی مورادی کە لە 18/رەزبەری/1365 کۆچی خۆری لە نزیک دیێ گەورەداری بانە دوایی شەهید بوونی 3 هەڤاڵی بە نرخی، بە دیل گیرا، قارەمانانی ئەم ڕوداوەن. ئەم شەش ڕۆڵە بە نرخەی سازمانی خەبات، قارەمانانە لە بەرانبەر جەلادانی رژێمی خومەینی دا ڕاوەستان، خوێن مژەکانی ڕژێم کە سوور بوون لەسەر ئەوەی کە ئەو ڕۆڵە قارەمانانە لە جەنگە پارتیزانیەکانی سازمانی خەبات دا، ئەوپەڕی لە خۆبردووییان بووە، زۆربەیان برینە کۆنەکانی لەشیان شاهید بوو کە رۆڵەی نەبەزی شۆڕش بوون. ئەشکەنجە و ئازاری زۆر دەکران کە ناوی هاوکاران و یارمەتی دەران بڵێن و نهێنی شۆڕش دەرخەن، بەڵام ڕۆڵە بە شەرەفەکانی خەبات ی خوێناوی لەسەر قارەمانی و گیانبازی خۆیان سوور بوون بێ ئەوە ناوی کەسێک لە خەڵکی کوردستان بە زمانیان دابێ یان نهێنییەک دەرخەن. کاتێک لە ژێر ئەشکەنجە و ئازار دەیانگێرانەوە هاوبەندەکانیان بە دەورووبەری خۆیان کۆدەکردەوە، رۆڵەکانی کوردستان لە دوژمنایەتی رژێمی خوێن مژ ئاگادار دەکردو دەیانگوت: هەی یاران نەچن ناوی کەس بەرن، با هەر ئێمە ڕەنجی زیندان بکێشین، هەر ئێمە ئیعدام کرێین بۆچی کەسیتر پێوە کرێن. ئەوانەی یارمەتی ئێمەیان داوە وەک ئێمە شۆڕشگێڕن، کۆمەکی ئێمەو شۆڕشیان کردووە با ئەوان بمێنن درێژە بە یارمەتی شۆڕش بدەن. ئای چەند سەربەرزییە بۆ گەلەکەمان کە ڕۆڵەی ئاوا بە نرخی هەن.
قارەمانی سازمانی خەبات، بەرگی پێشمەرگایەتیان کە پێوە گیرابوون دەکردەوە بەر، زەنگاڵی پێشمەرگایەتیان هەڵدەکێشاوپشتێنی زۆریان دەبەست و جامانەکانیان وەک ڕۆژانی ئازادی لە کەژ و کێوە زەنوێرەکەی کوردستان لەسەر دەبەست، لەناو هاو زیندانیان وا دەهاتن و دەچوون و دەیان گوت، ئێستا برا پێشمەرگەکان ئەوان و چەکی شەرەفیان لە شاندایە دوژمنانی ئێمە و گەلەکەمان ئا ئەو پاسدار و بەسیج وخوێن مژانە دەکووژن. چەندە جێی شانازییە کە رۆڵە قارەمانەکانی گەلی کورد لە زیندانەکانی دوژمن دا بێ پەروا لە ڕوی جەلادەکان لە دادگا بێ دادەکانی رژێم دا دەیان گوت بەڵێ تۆ دەڵەی سەد پاسدارت کوشتووە نەخێر دووسەدم کوشتووە و ئێستاش بچمە دەر زیاتر دەکوژم. چەندە جێی سەربەرزییە بۆ هەڤاڵەکانیان و برا پێشمەرگەکانیان کە شەهید عەبدوڵا هەمزە و شەهید خەلیل رەشاش و هەڤاڵانیان بایەخێکیان بۆ قازیە جەلادەکانی رژێم تەنانەت بۆ دادستان دانە دەناو لەبەریان هەڵنەدەستان و پوشێکیان قیمەت بۆ دانە دەنان. ئەوەیە باوەڕ بە مافی گەلی کورد، ئەوەیە بێزاری لە ستەم و ستەمگەر.بەڵێ ئاوان پێشمەرگەی بەڕێزی کوردستان، ئاوان ڕۆڵە بە شەرەفەکانی گەلەکەمان کە هەتا دواین هەناسە لە سەنگەری موبارەزە دژ بە ڕژێمی خوێن مژی ئاخوندی دا سەخت و پتەو دەوێستان. تا چەکیان لە دەست دایە و بە چەک، کە چەکیان لە دەست نەما، بە یەقینی پتە و هەڵوێستی بە بڕشتیان تیژتر لە گوللە دڵی دوژمن دەسمن و بە دەنگی دلێریان پەڕی دڵ و پەردەی گوێی دوژمن دەدڕن، لە زیندانان چاکتر عەزەمەتی گەل و حەقانییەتی شۆڕش دەناسێنن. ئەو پێنج ڕۆڵەی کوردستان نمونەیەکن لە پێشمەرگەی قارەمانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران،
کە بەداخەوە دوای شکنجە و ئازارێکی زۆر و هێشتنەوەیان بۆ ماوەی نزیک بە 3سێ ساڵ لە گرتوخانە، لەگەڵ زیندانیانی سیاسی لە ساڵی 1367ی کۆچی خۆری لە سێدارە دران و ڕۆحی پاکیان بۆ بەهەشتی شەهیدان فڕی. ئەم پۆلە شەهیدە بە شەهادەتیان سەنەدی حەقانیەتی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمانیان مۆر کرد و بە خۆراگریشیان لە بەرانبەر جەللادانی ڕژیم ،ئەو ڕاستیەیان سەلماند کە سازمانی خەبات‌ خاوەنی وەها ڕوڵە گەلێکە و تا سەرکەوتن بەبڕشت و بڕست لە بەرانبەر ڕژیمی ئاخوندی ڕادەوەستێ و تاگەیشتن بەمافەڕەواکانی نەتەوەکەمان هەدا نادات .

هەزاران سڵاو لە ڕۆحی سەرجەم شەهیدان کوردستان


1 ساڵ و 9 مانگ و 4 ڕۆژ و 15 کاتژمێر و 51 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن