دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

رۆژی یەکشەممە 30ی رێبەندانی 1401ی هەتاوی، کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کۆبۆوە. لە کۆبونەوەکەدا زۆر بابەتی رۆژ لەوانە دۆخی ناوخۆی کوردستان، ئێران، ناوچەکە و بەتایبەت هەڵسەنگاندنی شۆرشی ژن ژیان ئازادی باس کرا.
کۆبونەوەی کومیتەی ناوەندی بە دەقەیەک بێدەنگی و فاتێحایەک بۆ گیانی پاکی شەهیدان بەتایبەت شەهیدانی شۆرشی ژینا و شۆرشی ژن ژیان ئازادی، و شەهیدی نوێی سازمانی خەبات شەهید دیار ئەحمەدی دەستی پێکرد.
سەرەتای کۆبوونەوەکە کاک بابەشێخ حوسەینی سکرتێری گشتی سازمان راپۆرتێکی لەسەر کارو چالاکی ئورگانەکانی سازمان و هەڵسەنگاندنێکی سیاسی بۆ دۆخی کوردستان و بزوتنەوەکەی، ئێران و بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە سەراسەری ئێران و ناوچەکە بە گشتی پێشکەش کرد.
کاک بابەشێخ حوسەینی لە باسە سیاسیەکەیدا تیشکی خستەسەر شۆرشی ژن ژیان ئازادی و خەباتی نەتەوەکەمان لە کوردستان و هەڵگرتنی مەشخەڵی شۆڕش و تێکۆشانی خەباتکارانەی جەماوەرو پێشکەوتن و پێگەیشتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی دانیشتوانی کوردستان و زوڵم و زۆری ئاخوندان، جیاکاری و هەڵاواردنی نەتەوەیی، رەگەزیی و چینایەتی، بە هۆیەک بۆ ئەو داخوازیەی نەتەوەی کورد دانا و وتی: هەڵگرتنی دروشمی ژن ژیان ئازادی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە پێمان دەڵێ کە نەتەوەی کورد نە ئێستا و نە لە ڕابردودا نەیویستوەو نایهەوێ هەڵاواردنی رەگەزی، نەتەوەیی و چینایەتی هەبێ‌ و هەر لەو چوارچێوەدا روخانی رژیمی ئاخوندی و ئێرانێکی دیموکراتیک، سیستەمێکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بە بێ جیاکاری نەتەوەیی دەوێ. سکرتێری گشتی سازمان ووتی ئەوەش بە مانای رەتکردنەوەی هەرجۆرە سیستەم و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، دژە ژن و گەندەڵە.
بەرێزیان لە پێوەند بە بزوتنەوەی کوردستان لە ئێستادا، وتی: بەهۆی پرش و بڵاوی بزوتنەوەو دابەشبوونیەوە، نەمانتوانی لەو دەرفەتانەی کە شۆرشی ژینا خوڵقاندی کەڵک وەرگرین، لە کاتێکدا کوردستان داینەمۆ و مەکۆی شۆرشەکە بوو، بەڵام بەداخەوە نەیارانی خەڵکی کوردستان و دژمنانی ئازادی لە هەوڵدان خۆ بکەنە خاوەنی ئەو شۆڕشە پیرۆزەی جەماوەری کوردستان و خەڵکی ئێران. هەر وەک لە پێشێشدا سازمانی خەبات زۆرجار رایگەیاندوە پێویستە بزوتنەوەی کوردستان تەبا و یەکگرتوو بێ و بە یەکگرتووییەوە بۆ ماف و ئازادیەکانی نەتەوەی کورد تێبکۆشێ. تەنیا بەو رێگەیە کورد دەتوانێ لە ئێرانی دوارۆژدا بە مافی شیاوی بگا.
سکرتێری گشتی سازمان باسی هێرشە مووشەکی و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کردەوە ترۆریستیەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی بۆ سەر سازمان و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران و شارو ناوچەکان و خەڵکی بێتاوانی هەرێمی کوردستانی عێراقی کردو لە گەڵ مەحکوم کردنی ئەو کردەو ئاژاوەگێری و ترۆریستیانەی دەسەڵاتی ئێران، هەموو ئەو بیانوانەی ڕژیمی ئێرانی بۆ هێرش کردنە سەر هێزولایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان بێ‌ بنەماو بە ناڕاست زانی.

بەرێز سکرتێری گشتی سازمانی خەبات هەروەها لە پێوەند بە خەباتی جەماوەری و بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران وتی: لە پێنج مانگی رابردوودا بزوتنەوەی جەماوەری لە ئێران چووە دۆخێکی تایبەت و لە دوای سەرهەڵدانی شۆرشی ژینا، یەکگرتوویی و هاوئاهەنگیی کەم وێنە لە نێوان گەلانی ئێران دروست بوو و ئەو شۆرشە یەکگرتووەی گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران کۆی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندانی تووشی داروخان کرد و بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەی جیهانی زیاتر لە خواست و داوا رەواکانی خەڵکی ئێران حاڵی بن و سۆز و پشتیوانیەکی بەرین بۆ شۆرشی ژن ژیان ئازادی و هەوڵەکان بۆ ئابڵوقەدان و گۆشەگیرکردنی ئەو دەسەڵاتە لەرزۆکە لە تێکڕای کۆڕ و کۆمەڵە گشتیەکانی جیهان زیاتر پەرە بستێنێ‌.
هەروەها کاک بابەشێخ لەبارەی بزوتنەوەی ئازادیخوازی ئێران، وتی: لە دوای گۆشەگیر و ئابڵوقەدانی رژیم لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانیەوە، بەداخەوە وەڵاتانی رۆژئاوایی وێڕای هەنگاوە باشەکانیان بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتی ئاخوندی، بەڵام بە مەجالدان و هەڵ رەخساندن بۆ کوڕی شا و پاشماوەکانی رژیمی پاشایەتی و کەسانێکی جێگەی گومان، جارێکی دیکە هەوڵیان ئەوەیە خەبات و شۆرشی گەلانی ئێران بکەنە قوربانی قازانج ویستیان. هەر بۆیە لەم بارودۆخەدا پێویستە ئەو بەرە شۆرشگێڕ و دیموکراتیکەی گەلانی ئێران بەهێز بکرێ کە لە بەرامبەر هەر دوو دەسەڵاتی شا و ئاخونداندا زۆرترین خەبات و خۆراگری کردوەو بەها و نرخی زۆری ئینسانی داوەو باوەڕی پتەوی بە ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی گەلانی چەوساوەی ئێران هەیە کە ئەویش شۆرای ملی مقاومەتی ئێران و سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران و سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێرانە.
لەپێوەند بە دۆستایەتی رژیم لەگەڵ روسیە و چین و زیاتر بە فیرۆدانی داهات و سەرمایەی خەڵکی ئێران و زیاتر زیانمەندبوونی خەڵک لە ئەنجامی پشتیوانیەکانی رژیم لە روسیە و پەیمانە ئابووریە ماڵوێرانکەرەکانی ئەو دەسەڵاتە لەگەڵ چین، کاک بابەشێخ وتی: رژیمی ئاخوندی لە کاتێکدا لەلایەن خەڵکەوە بەتەواوی لاواز و بێ توانا کراوە و هیچ پێگەیەکی لە ئێراندا نیە، لە شەڕی ناڕەوای روسیەدا راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشتیوانی لە دەستدرێژەیەکانی روسیە بۆ سەر ئوکراین و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئەو وەڵاتە دەکات و رۆژانە روسەکان بە درۆنی رژیمی ئاخوندی هێرش دەکەنە سەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانی وزە و ئابووری ئوکراین. کە ئەوەش لە ئاکامی هەڵەکانی رۆژئاوا لە هەڵسوکەوت لەگەڵ رژیمی ئاخوندی و باجدان بەو دەسەڵاتە و سازشکردن لەگەڵی و ئیمتیازدان، بووە هۆی چێ کردنی ئاخوندان بۆ هەوڵی پەرەدانبە ئاژاوەگێڕیان. رۆژئاوا بەجێی ئەوەی ڕێگە بگرێ‌ لە دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕی ڕژیمی ئێران لە وەڵاتانی جیرانی ئێران و خۆرهەڵاتی ناوەراست، بەڵام بە سیاسیەتی سازان و ووتوێژ لە گەڵ ئەو دەسەڵاتە، ئەوانی وەها رووقائیم کرد کە ئەورۆکە لە دڵی ئوروپادا، ئوروپاییەکان دەکەنە ئامانج. هەر بۆیە باشتر وایە رۆژئاواییەکان بە سیاسەتەکانی خۆیاندا بچنەوەو بزانن کە تەنیا رێگەی گەیشتن بە ئاسایش لە ناوچەکە و جیهان پشتیوانی لە شۆرشی ئازادیخوازی و دیموکراتیزەکردنی ئێرانە، چونکە تەنیا بە ئێرانیکی دیموکراتیک و ئازاد ئێرانیەکان لەو دۆخە نالەبارو حەستەمە رزگاریان دەبێ و ناوچەکە و جیهانیش بە ئارامی و ئۆقرەیی دەگا.
لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا، کاک بابەشێخ ئیشارەی بە کار و تێکۆشانی ئورگانەکانی سازمانی خەبات کرد و لایەنە بەهێز و لاوازەکان، و بریار و راسپاردەکانی خۆی خستە بەردەم کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی.
لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی بەرێزی کومیتەی ناوەندی را و سەرنجی خۆیان لەسەر باسە سیاسیەکان و ئورگانەکانی سازمانی خەبات خستەڕوو.
لە درێژەی کۆبوونەوەدا، کومیتەی ناوەندی بڕیاری لەسەر بەستنی کۆنگرەی حەوتەمی سازمان داو، هەروەها چالاک کردنەوەی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە و باقی لیژنەکانی دیکە پەسەند کران و ئەندامانی ئەو لیژنانە هەڵبژێردران.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەبیرخانەی ناوەندی
١ی رەشەمەی ١٤٠ ١


1 ساڵ و 2 مانگ و 29 ڕۆژ و 11 کاتژمێر و 10 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

بەرێوەچوونی کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن