دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەیەکی گشتی بۆ ئەندامانی سازمانی خەبات لە دەرەوەی وەڵات بەرێوەچوو

کۆبوونەوەیەکی گشتی بۆ ئەندامانی سازمانی خەبات لە دەرەوەی وەڵات بەرێوەچوو

رۆژی شەممە 13ی رەشەمەی 1401ی هەتاوی، رێکخستنی دەرەوەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەیەکی گشتی بۆ بەرێز کاک بابەشێخی حوسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەباتی کوردستانی بەرێوەبرد.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سرودی کوردم ئەمن و دەقیقەیەک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان بەتایبەت شەهیدانی شۆرشی ژینا و ئاخر شەهیدی نەتەوەکەمان شەهید دیارخەبات دەستی بە کارەکانی کرد.
پاشان کاک بابەشێخ حوسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات باسێکی تێروتەسەلی لەسەر هەلومەرجە سیاسیە جیهانیەکان، پرسەکانی ناوخۆی ئێران و دەسەڵاتی ئاخوندیی (شۆرشی ژینا (ژن ژیان ئازادی)، سازمانی خەبات و کۆنگرەی حەوتەمی سازمان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
لە پێوەند بە روداوە جیهانیەکان کاک بابەشێخ ئیشارەی بە دابەشبوونی جەمسەرەکان و بەتایبەت بەرجەستەبوونەوەی جەمسەرەکان لەدوای هێرشی روسیە بۆ سەر ئوکراین کردو و وتی: لە دوای ئەوەی روسیە هێرشی کردە سەر ئوکراین دابەش بوونی زلهێزەکان و بەرەورووبوونەوەکان بە کردەوە چووە قۆناغێکی تازە. بەتایبەت رۆژئاوا بە پشتیوانی کردنی هەمە چەشنە لە ئوکراین، هەوڵیان دا شکستێکی گەورە تووشی روسیە بکەن کە بێگومان درێژە کێشانی شەڕەکە کارەساتی زیاتری بە دواوە دەبێ. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە جێی بایەخە و پێویستە ئاوڕی لێ بدەینەوە بەشداری و پشتیوانی هەمە چەشنەی ڕژیمی ئاخوندی لە روسیە لە جەنگی ئوکراین دایە. کە ئەوەیش خاڵێکی لاوازی دیکەی رژیمی ئێرانە کە هومێدی بە پشتیوانی ڕوسیە هەیەو هەموو هێلکەکانی خستووەتە سەبەتەی روسیە و لە بەرامبەر رۆژئاواداو بە تەواوی چووەتە ژێر رکێفی روسیە.
کاک بابەشێخ لە پێوەند بە شۆرشی ژینا باسێکی تایبەتی پێشکەش کرد و هەڵسەنگاندنی تەواوی خۆی بۆ پێنج مانگ شۆرشی ژن ژیان ئازادی کرد و وتی: لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا و لە دوای شەهیدکرانی ناڕەوای ژینا ئەمینی و لەسەر داوا و بانگەوازی هێزە کوردستانیەکان مانگرتنێکی گشتی لە کوردستان و ئێران بە سەرکەوتوویی بەرێوەچوو. لە دوای مانگرتنەکەیش تێکڕای نەتەوەکانی ئێران و چین و تووێژەکانی ئەو وەڵاتە هاوسۆز و پشتیوانی کوردستانیان بوون و بەو جۆرە خواستی روخانی رژیم و کۆتایی ئەو دەسەڵاتە هەموو شارو ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە و دروشمی ژن ژیان ئازادی بووە دروشمی تێکڕایی. ئێستا کە نزیک بە شەش مانگ لەو شۆرشە تێپەڕ دەبێ دەتوانین ئیشارە بە چەند خاڵێکی بەهێز و لاوازی شۆرشەکەمان بکەین. شۆرشی ژن ژیان ئازادی توانی هەموو نەتەوەکان یەک دەست بکات لەبەرامبەر رژیمدا. توانی کۆی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندان لەرزۆک و لاواز بکات بە جۆرێک کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی بەتەواوی خۆیان بۆ دوای رژیمی ئاخوندی ئامادە دەکرد. هەروەها کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە تەواوی بەو راستی و واقعیەتە گەیاند کە بیر لە دوای رژیمی ئاخوندی بکەنەوە.
لە لایەنە لاوازەکانی شۆرش کاک بابەشێخ ئیشارەی بە نا یەکگرتوویی و دابەشبوون و هاتنە پێشەوەی کەسانی گوماناوی و دۆڕاوی وەکوو رەزا پەهلەوی کە هەموو هەوڵەکانی بۆ بەفیڕودانی بەرهەمی شۆرشی ژینا (ژن ژیان ئازادی)ە و لە ئێستادا دەوری رزگاریدەری ئاخوندان دەبینێ. ناوبراو یەکێکە لە دژمنانی سەرسەختی پرسی نەتەوەیی و ئازادی لە ئێران و ئەوەی وەکوو دروشم دەیڵێ تەنها بۆ کڵاونانە سەر خەڵک و یەک رۆژ بە دەسەڵات بگات دەچێتەوە سەر رێ و رێگەی خواروخێچی باوکی.
هەر لە درێژەی ئەو باسەیدا بەرێز سکرتێری گشتی ئیشارەی بە ئەوەدا کە شۆرشی ژینا پرسی کورد لە کوردستانی ئێرانی جارێکی دیکە بردە نێو کۆڕ و کۆمەڵە جیهانیەکان و زۆرێک لە وەڵاتانی خاوەن هێز و رۆژئاوایی پشتیوانی خۆیان لەو شۆرشە دەربڕی و کەوتنە گەمارۆدانی دەسەڵاتی ئاخوندان. بەداخەوە کورد و هێزە سیاسیەکان بەهۆی پەرتەوازەیی نەمانتوانی کەڵک لەو دەرفەتە وەکوو پێویست وەرگرین.
لە پێوەند بە کوردستانی ئێران کاک بابەشێخ لە تیشکی خستەسەر زۆر پرس و بابەتی پێوەندیدار خەڵک و خاکی کوردستان و وتی: کوردستانی ئێران لە 44 ساڵی رابردوودا زۆرترین هەڵاواردن و جیاکاری و زوڵم و زۆری لێکراوە. لەگەڵ ئەوانەشدا خۆشبەختانە کوردستان بەردەوام بووە لە خۆراگری و مقاومەتی ئازادیخوازانە و رژیمی ئاخوندی نەیتوانیوە بەو زوڵم و زۆرانەی کوردستانیان بە چۆکدا بێنێ بەڵکوو جەسورتر و لێبڕاوتر بوون لە خەبات و بەربەرەکانێ دژ بە رژیمی ئاخوند و شۆرشی مافخوازانە و ئازادیخوازی لە کوردستاندا بەردەوام لە بڵێسەدا بووەو کوردستانیان بۆ ساتێکیش لە خەبات و خۆراگری نەوەستاون. هەر وەکوو لە 6 مانگی رابردوودا دیومانە وێڕای ئەوەی شارە و ناوچەکانی ئێمە میلیتاریزە و لە ژێر فشارێکی زۆردا بوو بەڵام خەڵکەکەمان لە دوای شەهیدکرانی ژینا، بەگوڕ و تینێکی کەموێنە هاتنەوە مەیدان و هاوکات لەگەڵ کردنە ئامانجی کۆی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندی، دروشمی ژن ژیان ئازادیان کردە هێما و سومبول و بەو جۆرە بوونە رژەشکێن و پێشەنگی خەبات بۆ باقی ناوچەکانی ئێران.
کاک بابەشێخی حوسێنی لە درێژەی ئەو باسە ئیشارەی بە دۆخی ژنان لە کوردستان کرد و وتی: وێڕای ئەوەی لە کوردستاندا زوڵم و زۆری نەتەوەیی و سیاسی و مەزهەبی و باقی جۆرەکانی ستەم دەبینین، بەڵام ستەم و چەوسانەوەی ژنان یەکێکی دیکە لەو زۆر و ستەمانەیە لە راست ژنانی کورد پەیرەو دەکرێ. ئەویش بە جۆرێکی ئەوندە نامرۆڤانە هەڵاواردن و جیاکاری و پێخوستکردنی مافەکانی ژنان بەرێوەدەبرێ کە ناخی هەر مرۆڤێکی بەهەست دەهەژێنێ و ناتوانێ چاو لەو هەموو نارەواییەی دژ بە ژنان دەکرێ بپۆشێ. بەڵام لە دوای شۆرشی ژینا، ژنانی کورد بوونە پێشەنگی خەبات و پیاوانیش پشتیوانی ژنانیان کرد بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن لە رێبەری کردنی شۆرش و هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران. بۆیە ژنان ئەورۆکە زۆر باشتر توانیویانە بەرەوڕووی یاسا و رێسا دواکەوتووەکانی رژیم و داب و نەریتە خوار و چەوتەکان ببنەوەو سونەت شکێنیەکی گەورە بکەن. ئێمەیش وەکوو سازمانی خەبات بە خۆش بینیەوە سەیری رەوت ی بەشداری ژنان لە خەباتی مافخوازانە و بەرابەری خوازانە دەکەین و ئەوەی بۆمان بکرێ بۆ پشتیوانی لە ژنان و خەباتەکەیان دەکەین.
لە درێژەی وتەکانیدا بەرێز سکرتێری گشتی سازمانی خەبات باسێکی لە بابەتە سیاسی و تەشکیلاتیەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران پێشکەش بە بەشدارانی کۆبوونەوەکە کرد و وتی: سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران وەکوو هێزێکی شۆرشگێڕ لە بەرەی گەل و بۆ ئازادی و دەرباز بوون لە سیستەمە دواکەوتوو و تاقیکراوەکان لە هەوڵدایە. نزیک بە 3 دەیە لەوە پێش رەوتەکانی شا و ئاخوندمان بە تەواوی رەت کردەوە و رامانگەیاند کە کورد پێویستە هەوڵ بۆ یەکریزی ماڵی خۆی و هەوڵدان بۆ دیموکراتیزەکرنی ئێران و هێنانەگۆڕێ سیستەمێکی تەکەسورگەرا و پارلەمانی بدات کە مافی هەموو نەتەوە، دین و مەزهەب و تێکڕای چین و تووێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران دابین بکات. لە سەر ئەم سیاسەتە سازمانەکەمان بەروڕووی زۆر کێشە و گرفت بوویەوە بەڵام بە خۆراگری و بەردەوام بوون لەسەر ئەو خەت رێبازە، لە ئێستادا راستی و دروستی ئەو بڕیارەی سازمانی خەبات بۆ هەموو لایەک روونتر بووەتەوە و بە خۆشحاڵیەوە ئەوە لایەنی هێز و لایەنی دیکەن ئەورۆکە بەرەو ئەو خەتە هاتوون و داکۆکی لە رەت کردنەوەی رژیمەکانی شا و ئاخوند دەکەنەوە. ئێمە پێویستە بە داکۆکی زیاتر لە سیاسەت و بەرنامە ئوسولیەکانمان، کاری چڕ و بەردەوام بکەین بۆ پێشخستن و بەرینتر کردنەوەی سازمانی خەبات لە هەموو بارەکاندا.
کاک بابەشێخ هەروەها ئیشارەی بە زەروورەتی بەرێوەبردنی کۆنگرەی 7ی سازمانی خەبات لە داهاتوویەکی نزیک دا کردەوە و بە پێویستی زانی گفتوگۆ و باسی زیاتر لەسەر بەرنامەی سیاسی و ئورگانیەکانی سازمان لە نێو بەدەنە و سەرکردایەتی دا بکرێ.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە ئەندامانی بەرێزی سازمان بە پرسیار و تێبینی و رەخنە بەشداریان کرد و لە کۆتایی دا کاک بابەشێخ وەڵامی دانەوە.


1 ساڵ و 2 مانگ و 14 ڕۆژ و 16 کاتژمێر و 2 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

کۆبوونەوەیەکی گشتی بۆ ئەندامانی سازمانی خەبات لە دەرەوەی وەڵات بەرێوەچوو

کۆبوونەوەیەکی گشتی بۆ ئەندامانی سازمانی خەبات لە دەرەوەی وەڵات بەرێوەچوو



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن