دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

ژیاننامەی شەهیدی فەرماندە کاک تەها رۆحی ناسراو بە تەها سوور

ژیاننامەی شەهیدی فەرماندە کاک تەها رۆحی ناسراو بە تەها سوور

لە دەفتەری شەهیدانی سازمانی خەبات وەرگیراوە
رۆژگار بە پەلە دەڕوا وقۆناغە جۆراوجۆرەکان دەبڕێ و هەر کاتەی کارە ساتێک دەبینێ. هەر ساتە ڕووداوی تاڵ یان شیرین لە


لە دەفتەری شەهیدانی سازمانی خەبات وەرگیراوە
رۆژگار بە پەلە دەڕوا وقۆناغە جۆراوجۆرەکان دەبڕێ و هەر کاتەی کارە ساتێک دەبینێ. هەر ساتە ڕووداوی تاڵ یان شیرین لە ناو دڵی خۆیدا تۆماردەکا و بۆ وەچەکانی داهاتوو دەیکاتە دیاری ویادگاری. یەکێک لەو شتە گرینگانەی کە مێژوو لە سەر لاپەڕەکانی رۆژگاری نووسیوە و هەتاهەتایە وەک سەرخەتێکی زێڕین خۆی دەنوێنێ، خەباتی گەلانی ژێر ستەم و چەوساوەیە کە گەلی کوردستان بە شێکی بەر چاوی لەو خەباتەی لە ناو دڵی مێژوودا کردۆتە یادگار.
گەلی ئێمە لە پێناو رزگاری و بەختەوەری خۆیدا ولە رێگای پیرۆزی خەباتدا زۆر قوربانی گرینگی پێشکەش کردووە کە هەر یەکەیان شیاوی یادکردن و رێز گرتنن. بەڵام ئەگەر بمانهەوێ هەموویان یاد بکەین و تێکڕای سەروەرەکانمان بە تەواوی باس بکەین لە مەودای نووسین وگوتن دا جێگەیان نابێ بۆیە ناچارین هەرجارەو یادی دانەیەک لەو ڕۆڵە نەبەزو بەڕێزانەمان بکەین ئەویش لە دەریایەک بە دڵۆپێک خۆ قایل بکەین. یادی ئەمجارەمان یادی قارەمانێکی هەڵکەوتووی کوردستان، تێکۆشەرێکی پاک ودڵسۆزە، پارتیزانێکی لێزان و شۆڕشگێڕێکی نیشتمانپەروەر کاک تەها ڕۆحی ناسراو بە تەهاسوورە کە یادەکەی ڕێگای خەباتمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و تین و توانا دەداتە دەماری میرات گرەکانی و لاوە نەبەزو قارەمانە هاوبیرو خەباتیەکانی. کاک تەها سوور بە قارەمانەتی و پاکی وچاکی ودامەزراوی و نەوەستانی و ڕاستی و ئازایەتی، خۆی بە شێوەیەک ناساند بوو کە ئێمە بە پێویستی نازانین تاریفی لێ بکەین. ئەو شەهیدە کرداری زێڕین و شیاوی خۆیەتی کە شاهیدی لە سەر فیداکاری وبەورەیی ونەبەزی و خەباتگێڕی دەدەن و بڵێسەی ئاگری شۆڕشگێری و نووکی گوللەی چەکەکەی و هەڵمەتی بۆ سەر سەنگەری داگیرکەران روونترو تیژترن لە بەیان و قەڵەمی ئێمە و ئەوانن کە ئێمەیان لە ناساندنی ئەو شەهیدە بەرزە بێ خەم کردووە. هەڵمەتی شێرانەو نەترسی و گیانبازی و دڵسۆزی و خاوێنی وخۆشەویستی چەند میراتێکی بەرچاو و بە نرخن کە بۆ هاو بیرو هاوسەنگەرەکانی بە جێماون و بوونە سەرمەشقی ژیانی شۆڕشگێڕی ئەوان. دامەزراوی و دەست و داوێن پاکی و ئەخلاقی جوان بۆتە هۆی جێگیر بوون لە ناو دڵی زۆربەی خەڵکی ناوچەکانی کوردستاندا، بە ڕادەیەک کە باسی ئەو شەهیدە ئێستاش چرا و شەوچلەی مەجلیسانە. کاک تەها رۆحی(تەهاسوور) لە ساڵی 1342 دا لە شاری بانە لە خانوویەکی بچکۆلانە و جێو بانێکی هەژارانە و لە ماڵێکی نەداردا چاوی پڕ ئاواتی بە دونیای پڕ لە مەینەتی کوردستان هەڵێنا. ئەویش بە ریزی نەپساوە و دوور ودرێژی ژێر دەست وچەوساوەکانی کوردستان زیاد بوو. شەهید تەها هەر لە سەرەتای ژیانیدا و لە دەورانی منداڵییەوە تێکەڵ بە مەینەت وئازاری نەداری و چارە ڕەشی کوردەواری بوو. فەرهەنگی رەهەندی بێگانەش سەربارێکی تری ئەو نیشتمانە دابەش کراوەیە بۆ ئەو گەلە بەشخوراوە. کاک تەها لە سەرەتای فام کردنەوەی دا بەرەو مەکتەب وەڕێ کەوت وبە هەوڵی سەنگەری دژی ستەم وزۆرداری دا دابین بوو. بەڵام بە دوای راپەرینی خەڵکی ئێران دژی رژیمی پاشایەتی و دوایەش هاتنە سەرکاری رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی و هێرشی به کرێگیراوانی رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بۆ سەر کوردستان و کوشتاری خەڵک و وێران کردنی بوونە هۆی ئەوەی درێژە بە خوێندن نەداو ئەویش وەک زۆربەی ڕۆڵەکانی کوردستان بۆ دیفاع لە نیشتمان و دانیشتوانی هاتە ریزی پێشمەرگایەتی و بە یەکجاری مەدرەسەو خوێندنی بە جێ‌ هێشت و لە سەرەتادا چووە ریزی پێشمەرگەکان لە دۆڵی کەلیخان و دوایەش هاتە قەڵای خەبات لە نزیک دی بلەکێ‌. بەڵێ‌، شەهید تەها لە تەمەنی مێرمنداڵی و بە هەستی خاوێن و بەتینی کوردایەتی هاتە ریزی پێشمەرگە ئازاو لە خۆ بردووەکانی کوردستان و چەکی شەڕەفی شۆڕشگێڕی لە شان کرد. شان بە شانی پێشمەرگەکانی کوردستان کەوتە بەربەرەکانێی دژی لەشکەری داگیرکەری رژێمی ئاخوندی. لە هەوەڵ رۆژی ڕاگەیاندنی دامەزراندنی سازمانی خەباتدا بوو بە پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و پڕ لە باوەری ئەو سازمانی خەبات. لاپەڕە زێڕینەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی ئەو شەهیدە پڕن لە باسی ئازایەتی، فیداکاری، گەورەیی و بە ورەیی و قارەمانەتی و لێزانین. ئەو تایبەتمەندییە ئەخلاقانەی کە لە شەهید تەهادا بوون ببو بە هۆی جێگیر بوونی لە ناو دڵی هاوبیر وهاوسەنگەرەکانی وهەوەها خەڵکی ناوچەکانی جێگەی هەڵسووڕانی ئەو شەهیدە. شەهید تەها رۆژبەرۆژ پلەی لێزانین و لێهاتوویی باری نیزامی و تاکتیکی شەڕی پاڕتیزانی بەرزتر و بەچاوتر دەبوو ورەی شۆڕشگێڕی وگیانی لە خۆبردوویی وئاکاری پاکی وچاکی بە هێزتر وبە چاوتر دەبوو. هەر بۆیەش بە زوویی لەو تەمەنە کەمەیدا توانی بە پلەی فەرماندەری بگا و بەرەو ژوور بچێ. لە بەهاری ساڵی 1361 دا بوو بە فەرماندەی نیزامی لە ناوچەکانی بۆکان و سەقز ولە 26/6/1363 دا بوو بە فەرماندەری لقی شەهیدانی دەشتە تاڵ لە هێزی شەهید سەید خەلیل و هەتا 19/2/1364 بە فەرماندەری مایەوە وشیاوی بەرەو ژوور چون بوو. چونکە لە تەواوی ماوەی فەرماندەری خۆیدا، زۆربە دڵسۆزی ولێهاتوویی سپاردەکانی خۆی ئەنجام دەدا و لە هەموو ناوچەکانی شوێنی هەڵسوورانی دا ئاگرێکی وەهای بۆ دوژمنانی کردبۆوە کە نێوی تەهاسوور مچورکی مەرگی دەخستە دڵیانەوە و شەو و رۆژ تەنانەت لەناو مۆڵگەکانیشیان دا ئۆقرەیان نەدەگرت و تەمی سام لە سەریان نەدەڕۆیی. لە ئاکامدا لە شەڕێکی توندی 4ساعەتەدا کە لە دژی هێزی بەکرێگیراوی حکومەت و جاشەخۆفرۆشەکان لە نزیک دیی سیاومە لە ڕۆژی 19/2/1364 دا رویدا, کاک تەها بە گوللەی خائینان و داگیرکەران پێکراو پاش ماوەیەک لە کاتێکدا کە بزەی شانازی لە سەر لێوی بوو. لە ئاخرین کاتی ژیانی پڕلە حەماسە و شانازیدا ئەو رستە جوان و پڕلە ورە و دڵسۆزییەی خوارەوەی بە ڕوو خۆشی و ئەوینەوە گوت و بۆ هەمیشە لە ناو دڵی مێژووی خەباتی سازمانی خەباتدا، بوو بە یادگارێکی بە نرخ و مامۆستایەکی ڕاهێنەڕ. ئەوەش رستە جوان و بەڵگە شیاوەکەی شەهید: [سپاس بۆ خودا ئەوە خەریکە لەم ڕێگە پیرۆزەدا، ڕێگەی سازمانی خەبات. رێگەی رزگاری گەلی کورد، گیانی خۆم فیدا دەکەم و بە ئاواتی خۆم دەگەم.] بەو شێوە بە شانازی وبە دەم بە پێکەنینەوە چاوی ئەمین و پڕ لە ئەوینی لەسەر یەک داناو دڵی ئەوینداری بە باوەر بە خودا و پڕ لە خۆشەویستی کوردستانی لە خوێندا شەڵاڵی لە لێدان ڕاوەستا و گیانی پاک و بەڕێزی بەرەو بەهەشتی شەهیدان بەرێ بوو. و ئەرکی پیرۆزی خەباتی بۆ ئێمەی هاوبیرو هاوسەنگەرانی بەجێ هێشت.
(( یادی لە بیرناچێ و فیداکارییەکانی دەبێت بە سەرمەشقی کوردستان و سازمانە خوێناوییەکەی ))
وێنە لە ئارشیوی رێزدار کاک بابەشێخ وەرگیراوە.
لە راستەوە: کاک بابەشێخ و شەهید تەها سوور


5 ساڵ و 10 ڕۆژ و 23 کاتژمێر و 12 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ژیاننامەی شەهیدی فەرماندە کاک تەها رۆحی ناسراو بە تەها سوور

ژیاننامەی شەهیدی فەرماندە کاک تەها رۆحی ناسراو بە تەها سوور



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن