هه‌ینی 

21 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

قه‌ڵای خه‌بات-قه‌ڵای تێکۆشه‌رانی ڕێی ئازادی

قه‌ڵای خه‌بات-قه‌ڵای تێکۆشه‌رانی ڕێی ئازادی
که‌ریم فه‌یزیان

قه‌ڵای خه‌بات ناوچه‌یه‌کی شاخاوی و دارستانی چڕو لێڕەواری سه‌ر به‌شاری بانه‌یه‌. بنکه‌و باره‌گاکانی سازمانی خه‌بات له‌ کۆتاییه‌کانی ساڵی ١٣٥٧ی کۆچی به‌رامبه‌ر به

که‌‌‌ریم فه‌‌‌یزیان – به‌‌‌شی یه‌‌‌که‌‌‌م

قه‌‌‌ڵای خه‌‌‌بات ناوچه‌‌‌یه‌‌‌کی شاخاوی و دارستانی چڕو لێڕەواری سه‌‌‌ر به‌‌‌شاری بانه‌‌‌یه‌‌‌. بنکه‌‌‌و باره‌‌‌گاکانی سازمانی خه‌‌‌بات له‌‌‌ کۆتاییه‌‌‌کانی ساڵی ١٣٥٧ی کۆچی به‌‌‌رامبه‌‌‌ر به‌‌‌ ١٩٧٩ی زاینی له‌‌‌و ناوچه‌‌‌یه‌‌‌ جێگیر کرابوون. وه‌‌‌ک نووسه‌‌‌ر ده‌‌‌نووسێ ‌ لە بن هەر تەپۆلک و شاخێک بارەگایەکی پێشمەرگەی سازمانی خه‌‌‌باتی لێبووه‌‌‌. قه‌‌‌ڵای خه‌‌‌بات ڕوبه‌‌‌رێکی فراوانی چه‌‌‌ند هێکتاریه‌‌‌، که‌‌‌ سنووره‌‌‌که‌‌‌ی  لە گوندی بانوانەوە ده‌‌‌سپێده‌‌‌کا  تا دەگاتە هەرمێگەورە و بەشێکی سوورکێو لەوێوە بۆ شاوەران و گوندی کانی مامر تا دەگاتەوە گوندەکانی سیسارک و سماقانی له‌‌‌خۆگرتوه‌‌‌. خەڵکی ئەم ناوچە بەزۆری بەئاژەڵداری وەک مڕ و ماڵاتەوە خەریکن شوێنی کشت و کاڵی زۆر کەمە و تاڕادەێک باغداری و وەک میوە و داری چنار و گوێزی زۆرە. بە دیوی کوردستانی باشووردا لە ڕاستای گۆندی شیوەکەڵە و کێوی سورکێویان نێوانە...

کە باس لە قەڵایەکی کوردەواری دەکرێ‌ بیرمان بۆ قەڵایەک دەچێ کە چوواردەوری بە شوورایەکی بەرز گیرابێ‌ بە جۆرێک کە مەگەرباڵندە بتوانێ بە سەریدا تێپەرێ ، قەڵا ئەو شوێنەیە کە هەم زۆردار و هەم شۆرشگێر لە کۆندا بۆ جێگای حەوانەوە و دیفاع لە خۆیان ، ماڵ ومندالیان و شوێنکەوتووەکانیان دروستیان کردوە. قەڵای دمدم یەکێک لەو قەڵایانەیە لە ناوچەی وەمێ کە لە لایەن میرقەرتاج (خانی لپ زێرین) کە بە شان و پیلی شۆرشگێرانی شوێنکەوتووی خان دروست کرا بە نمونە دەیهێنمەوە کە بۆ خۆ پاراستن لە هێرشی شاعباسی سەفەوی دروستیان کردبوو. هەروەها قەڵای هەوڵێر کە قەڵایەکی دێرێنە و چەندین ئیمپراتۆر، شا و زۆردار لەم قەڵایەدا فەرمانرەوایییان کردووە ، دیواری بە ئاسماندا ڕۆچووە و مەگەر لە دەروازەوە ئەگینا لە هیچ شوێنێکەوە ناتووانی بچیە نێو قەڵا . قەڵای خەبات یش هەر وەک قەڵای دمدم و خانی لپ زێرین، بارەگای شۆرشگێران بوو، ئەوەی ئەم دوو قەڵایەی لێک جیا دەکاتەوە دیواری بەرزی قەڵاکەیە،کە قەڵای خەبات ئەو دیوار و شوورایەی نەبوو. قەڵای خەبات لە شوێنێکی شاخاوی بە قەدپاڵی چیاێکی سەرکەش، هەر چواردەوری ئاوەڵا بوو، بەڵام لە سەر هەموو بەرزاییەکانی دەوری ئەم ناوچەیە سەنگەری باش و چەکی قورس دامەزرابوو و لە چەند شوێنەوە پرسگەی لێ‌ بوو. هەر پرسگەیەک چەند کەسێکی لێداندرابوو بۆ ئاگاداربوون لە هاتووچۆ و چاودێری کردنی رێگەوبانەکان کە لە دەوروبەری قەڵای خەبات دا هەبوون،ئەو بنکانە بۆ پاراستن و کۆنترۆل بە سەر ناوچەکەدا کە سەرکردایەتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران واتە قەڵای خەبات لی بوو.

قەڵای خەبات چۆن دامەزراو لە چ ناوچەیه‌‌‌کی کوردستان دابوو ؟

وەک ئاشکرایە گەلی کورد لە دێرزەمانەوە بە دەست ستەمکاری و هێرشی دژمنانیەوە دەنالێنێ،بە داخەوە دوای زیاتر لە سەد ساڵ خەبات و تێکۆشان بە مافی رەوای خۆی نەگەیشتوە ولەسەرەتایی ترین ماف بێ‌ بەش کراوە. سەد ساڵ پێش ئێستا و بە هۆێ‌ خەیانەتی حکومەتە بە هێزەکانی جیهانی و هەروەها بە هۆی بێ‌ ئەزموونی ڕێبەرانی کوردو بە بێ رەزامەندی خۆی بە سەر چەند وڵاتێکدا، دابەشیان کردووین. بە دەیان شۆرش ، راپەرین و سەرهەڵدانی ئەم گەلە چەوساوەیە کە زۆر جار گەیشتۆتە لوتکەی سەرکەوتن وتوانیویەتی کیانێک بۆخۆی پێکەوەنێ، بە فرووفێڵ بە خائینی ناوخۆیی و دەرەکی لەباریان بردووە و نەیانهێشتووە خۆبگرێ . خەڵکی کوردستانی ئێران (رۆژهەڵاتی کوردستان ) قەتمان خێر و خۆشی لەو پێکەوە ژیانە زۆرەملیە نەدیوە . ئەوە بوو کە لە زستانی ساڵی ١٣٥٦ لە شارە گەورەکانی ئیران خۆپیشاندان دەستیپێکرد ودرێژەی کێشا تا لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٧ خەڵکی ئیران بە هەموو نەتەوەکانەوە دژی رژێمی پاشایەتی ڕاپەرین ، گەلی ستەملێکراوی کورد بۆ ئەوەی رزگاریبێ لە چەوسانەوە و ژێردەستی لە هەموو گەلانیتری ئیران ئازایانەتر هاتە مەیدان . خەڵکی ئیران فریوی ئەو بەڵێنە درۆیینەی خومەینی خوارد کە پێش هاتنەوەی بۆ ئیران بە خەڵکی ئیرانی دا ، لە مێدیاکانەوە بە تاییبەت رادوێ‌ بی بی سی، پەیامی خوموینی بە خەڵکی راپەریو دەگەیشت و هەرلەم رادوییەوە کە جەماوەر زۆر بە تامەزرۆیی گوێیان بۆ دەگرت لە هەموو جمووجۆڵەکانی شارە گەورەکانی ئیران ئاگادار دەبوون ،جەماوەر کە تینوی ئازادی بوون خرۆشان و هاتنە مەیدان و مانگرتنیان دەستپێکرد، رێپێوان کرا ،حکومەتی شا کە زانی بە راستی خەلک کۆڵنادا، کەوتە فرووفێل و قەولی چاکسازی و رێفۆرمی دا ، بەڵام خەڵک رۆژ لەدوای رۆژ شێلگیرتر دەبوون، شا خۆی لە تەلەفزیۆنەوە داوای لێبوردنی لە خەڵکی ئیران کرد،بەڵام نە هەرەشە و نە پارانەوە دادی رژێمی نەدا چون چوارچێوەی دەسەڵات و حوکمرانی لە گرێژەنە دەرچووبوو. ماوەی چەند مانگێک هەوڵیاندا وەزعەکە ئارام بکەنەوە ، بەڵام کە زانییان بارودۆخەکەیان بۆ کۆنترۆل ناکرێ و خۆیان لە بەر تورەیی خەڵکی راپەریو پێراناگیرێ ،حەمەرزاشا و بنەماڵەکەی رۆژی ٢٦/١٠ /١٣٥٧ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٦/١/١٩٧٩ بە ناچار وڵاتیان جێهێشت . خومەینی رۆژی ١٢/١١/١٣٥٧هاتەوە ئیران ! رژێمی پاشایەتی لە ٢٢/١١/١٣٥٧ دا بە یەکجارەکی روخا ، جێژن و خۆشی سەرتاسەری ئیرانی گرتەوە . وڵات کەوتە دەست پۆلێک ئاخوندی نەزان و کەلە وشک ، هەر کە جڵەوی دەسەڵاتیان کەوتە دەست، کەوتنە گێچەڵ کردن بە گەلی کورد ، شەریان دژ بە کورد ڕاگەیاند ، خومینی فتوای جیهادی دژ بە گەلەکەماندا. هەر لەو سەروبەندەدا بوو کە خوالیخۆشبوو مەرحوومی مامۆستا شێخ جەلال فەرمووی ئەم رژێمەش وەک رژێمی پێشو چاوی کوێر و گوێی کەرە لە حەننای ماف و داوارەواکانی گەلی کورد ، فەرمووی هێچ دڵم بە گۆرینی ئەم رژێمە خۆش نییە، بگرە ئەم رژێمە لەوەی پێشووش خراپتر دەبێ.



سیاسەتی هەرەشەو سەرکوتی حکومەتی خومەینی بە رادەیەک بەربڵاو زۆر بوو کە مامۆستا شێخ جەلال ی ناچار کرد بکەوێتە هەوڵ بۆ ئەوەی شۆێنی گونجاو بۆ پارێزگاری لە تێکۆشەران دابین بکات، مامۆستا بریاریدا شوێنێکی گونجاو و چەپەک، دوور لە دەستی داگیرکەر بۆ پاراستنی تەداروکاتی دەفتەری مامۆستا و بۆ پشوودانی پێشمەرگە و سەرکردایەتی تەشکیلاتەکەی دابین بکات ، کە ئەو شوێنە گونجاوە بە هاوکاری چەند کەسی شارەزا و دڵسۆزی شۆرش لە ناوچەی بانەو لە بناری کێوی سەرکەشی سوورکێو بە دیوی لە بەرزاییەکانی ناوچەی بلەکێ لە نزیک گوندی کانی مامر دەستنیشان کرا، سەرەتای بەهاری سالی ١٣٥٨ بوو کە بەردی بناخەی ئەووەڵ خانووی بارەگاکە داندرا، لە دۆلێکدابوو بەرانبەر بە ئەشکەوتێکی خۆرسک کە لەو شوێنە هەڵکەوتبوو، هەر زوو ئەشکەوتەکەیان کردبووە جێگای چەک و تەقەمەنی، کە شوێنێکی ستراتیژی بوو لە رووی سەربازییەوە . ئەو کات ئیمە پێشمەرگەی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین حسینی بووین و وەک دەفتەری مامۆستا ئەناسراین ، بەڵام مامۆستا وەک خۆی پێی باشنەبوو هێزی نیزامی هەبێ.مەرحوومی مامۆستا شێخ عێزەدین سەرکردەیەکی سیاسی و ئایینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو .



 با لێرەدا بە خوێنەرانی بەرێزم عەرزکەم کە مەبەستم لەم نوسینە هیچ بە خۆداهەڵدان یا خۆبردنە پێشەوە نییە ، دیارە ئیفتیخار بەوەوە دەکەم کە پێشمەرگەیەکی سازمانی خەبات م و ئەوەی لە توانامدا بووە هەیە بۆ بەرەوپێشچوونی سازمان و سەربەرزی گەلەکەم کردوومە لە داهاتووشدا دەیکەم. مەبەستی من لەم نوسینە زیندوو ڕاگرتنی ئەو ڕابووردووە پر لە سەروەری و قارەمانەتی و خۆراگریەی تێکۆشەرانی سازمانی خەبات کە کردوویانە ، و بەرچاو روونییەک بێ بۆ نەوەی نوێ ، لە هەمانکاتدا بیرەوەری رۆژانی ژیان لە قەڵای خەبات وەک یادە وەریەکی خۆم بۆ مێژووی سازمانی خەباتی بنوسمەوە، و لە هەمانکاتدا ئەو هاوبیرانەی کە ئەو سەردەمەیان نەدیوە یان تازە دێنە ریزەکانی سازمانی خەبات ،با قەترەیەک لە دەریای ژیان و تێکۆشان و جێگاوشوێنی ئەو پێشمەرگە و تێکۆشەرانەی کە ماون یان شەهید بوون بزانن . بەڵکو ببێتە سەرچاوەیەکی بچووک بۆزانیاری جەماوەری گەلەکەمان، یان هیچ نەبێ ئاوردانەوەیەک بێ لە مێژووی سازمانی خەبات . بەڵی دێمەوە سەر باسەکەم، ماوەی نزیک بە دوو ساڵ هێزێکی بەرچاو و کارامە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان تێکۆشانیان بوو لە ژێر ناوی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حسینی. کە مامۆستا لە سەر بریارەکەی سوور بوو ونەیویست لە گەڵ بەرێز مامۆستا شێخ جەلال هاوکار بێت و پێکەوە تەشکیلاتێکی سیاسی کە پێویست بوو دامەزرێنن. بێگومان پێویستییەکی موبرەم هەبوو بە هێزێکی وەک سازمانی خەبات بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرەڕۆییەکانی رژێمی ئاخوندی و بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد ، بۆیە مەرحوومی مامۆستا شێخ جەلال لە گەڵ پۆلێک هاوبیر و تێکۆشەری گەلەکەمان ، کە پێکهاتبوون لە رۆشنبیر، زانا وبلیمەت لەهەموو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک شەهید مامۆستا ئارام ، مەرحومی مامۆستا مەلاکەریمی ساردەکوێسان ، مەرحوومی مامۆستا مەلا خدری عەبباسی ، مەلا عومەری عەسری، کاکاغای ناوچەی رەبەت....هتد، چەندین کۆبوونەوەیان گرت و لە ئاکامدا لە رۆژی ٥ی خەرمانانی سالی ١٣٥٩ی کۆچی خۆری بەرانبەر بە ٢٧ی ئەگۆستی ١٩٨٠ ی زایینی ، پێکهاتنی سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئیران خەباتیان راگەیاند . خەڵکی هەموو ناوچەکانی کوردستان زۆر بە گەرمی پێشوازییان لە راگەیاندراوەکەی سازمانی خەبات کرد ، دوای ڕاگەیاندراوەکە پۆل پۆل جەماوەری کوردستان لە هەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان پەیوەندییان بە ریزەکانی پێشمەرگەی خەباتەوە دەکرد، بۆ ئەوەی ئەرکی شۆرش راپەرێنن . سازمان رۆژلە دوای رۆژ پەرەی دەستاند و گەشەی دەکرد، جەماوەرێکی زۆرلە دەوری کۆبووەوەو جێگا و رێگایەکی زۆری دەویست بۆ حەوانەوەی هەموان. قەڵای خەبات پانتاییەکەی چەند هێکتار دەبوو و روبەرێکی زۆری داگیر کردبو، لە گوندی بانوانەوە تا دەگاتە هەرمێگەورە و بەشێکی سوورکێو لەوێوە بۆ شاوەران و گوندی کانی مامر تا دەگاتەوە گوندەکانی سیسارک و سماقان ، لە بن هەر تەپۆلک و شاخێک بارەگایەکی پێشمەرگەی لێ بوو.


5 ساڵ و 5 مانگ و 24 ڕۆژ و 6 کاتژمێر و 21 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

قه‌ڵای خه‌بات-قه‌ڵای تێکۆشه‌رانی ڕێی ئازادی

قه‌ڵای خه‌بات-قه‌ڵای تێکۆشه‌رانی ڕێی ئازادی



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن