دووشه‌مه‌‌ 

24 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

ئەرکی ژنان لە پارێزگاری و پیشتیوانی ۲۵ی نوامبر

ئەرکی ژنان لە پارێزگاری و پیشتیوانی ۲۵ی نوامبر
دەنگی خەباتی کوردستان

ئەفسانە ڕەحیمی
هەندێک لە بۆنەو ڕوداوە مێژووییەكان كە لە كات و سەردەم و ڕۆژە تایبەتەکان هاتونە ئاراوە، دەسکەوتی پڕبایەخن و بەرز نرخاندنی ئەو ڕوداوانەی لەو ڕۆژانەدا تۆمار كراون دەكرێ‌ بكەینە بنەماو دەست مایەی كارەكان و ڕێگەی ژیانی باش و حەوانەی نێوان چینەكانی كۆمەڵگەی لە سەر بنیاد بنێین و دەتوانین بیكەینە هەوێن و سەرچاوە بۆ پارێزگاری لە توێژەكانی كۆمەڵگەی مرۆفایەتی. لە نێوان ئەو بۆنەو ڕۆژە گرینگانەدا چەند ڕۆژێک تایبەت کراوە بە دۆخی ژنان کە بە درێژایی مێژوو چەوساوە بوون و كەوتونە بەر زۆر و زەبری یاسا و ڕێسا دژە ژنەکان چارەنوسێکی نەخوازراو و تاڵیان بۆ دروست کراوە. زوڵمی بەربڵاو لە ژنان و ئافرەتان لە سەرانسەری جیهاندا وای كرد كە هەستی ئازادیخوازی و مرۆڤ دۆستی  و هەستی دیفاع لە ئافرەتان، توانی تا ڕادەیەک پێش بەو جینایەتانە بگرێ و لە ئاكامدا ڕۆژی ۲۵ی نوامبر وەک ڕۆژی بەرەنگار بوونەوەی توند و تیژی دژ بە ئافرەتان دیاری بکرێت.
مێژووی دیاری کردنی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوه بۆ  25ی نوامبری 1960ی زایینی کە سێ خوشکی خەڵکی کۆماری دۆمینیکەن کە بە خوشکەکانی میرابێل، ناسران دوای چەند مانگێک لە شکەنجەدان لە لایەن ڕێکخراوی ئەمنیی سپای ئەو ووڵاتەوە کوژران. تاوانی ئەم سێ خوشکە بەشداریکردنیان لە چالاکییە سیاسییەکان دژی ڕژێمی دیکتاتۆری کۆماری دۆمینیکەن بوو، دوای 21ساڵ و لە ساڵی 1981 لە کۆنفرانسێکدا کە لە شاری بۆگۆتای پایتەختی کۆلومبیا بە بەشداریی داکۆکیکارانی مافی ژنان بەڕێوەچوو بە پێشنیاری ووڵاتانی ئەمریکای لاتین و ناوچەی کارائیب, ڕۆژی کوشتنی خوشکەکانی میرابێل بۆ ڕۆژی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان خرایە بەر باس. مەبەست لەم پێشنیارە ڕێزگرتن بوو لە هەوڵ و بوێری ئەو خوشکانە و جوڵاندنی بیروڕای گشتی زیاتر بەرەو بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
لە ساڵی 1999 نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی 25ی نوامبریان وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ناساند، هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارە دوای ساڵێک ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی 1325ی ساڵی 2000ی کە ناوی ژن، ئاشتی و ئاسایش بوو پەسەند کرد.
كاتێك باس کە لە توندوتیژی دێتە پێشەوە هێندێک بیر و ڕای جۆراوجۆر لەسەر ئەو بابەتە دروست دەبێ. بەڵام دەبێ بزانین کە لە ڕاستیدا توند و تیژی چییە.
ئەگەر بنەماكانی پێناسەی توندوتیژی بکەین  دەکرێ بڵێن هەر جۆرە هەوڵ بۆ داگیرکرانی مافی کەسێک وەک ئازار و زیان پێگەیاندنی دەرونی و لێدان و هەر جۆرە ئازارێکی جەستەیی  هتد....بە توند و تیژی هەژمار دەکرێت کە ئەم شێوانە له توند و تیژی دژی ئافرەتان یەکجار زۆرە و بە شێوە جۆراوجۆرەکان ڕۆژانە ژنان روبەڕوویی دەبنەوە و ئازادییەکانیان لێ زەوت دەکرێ و زۆر جار تا سەر ئێسقان لە مافە سەرەکیەکانیان بێ بەش دەکرێن و دەچەوسێنەوە. بەداخەوە ئەو توندوتیژیانه لە لایەن کەسانی نزیکی خانەوادە وەک باب و برا و مێرد, دەکرێت و لای ئەو کەسانە وەک ئەوە وایە ئافرەت کەسێکی بێ ڕوح و بێ گیان بێ و هیچ دەسەڵاتێکی بۆ بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆیی نەبێت.لێدان لە ئافرەتان چەندین ئاسەواری خراپی هەیە کە بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە.زۆر جار ستەم لە ئافرەتان دەگاتە کوشتن لە ژێر ناوی شەڕەف ،کە کردەوەیەکی دڕندانەیە و ئێستاشی لەگەڵ دابێ لە کۆمەڵگەکان دا ڕوو ئەدات.
بە زۆر بە مێرد دانی ئافرەتان یەکی دیکە لەو توند و تیژیانەیە کە دژی ئافرەتان دەکرێ،زۆر جار دیتومانە کە بە بێ ئەوەی پرس بە کچەکان بکرێت باب یان مام یان برا بڕیار لەسەر پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیان دەدەن ،هەر ئەوەش بۆتە هۆیی زیاد بوونی ئاماری تەڵاق ،خیانەت و خۆ کوژی و کوشتنی ئافرەتان.
دەستدرێژی سێکسی بەشێكی دیکەی توند و تیژی دژی ئافرەتانە کە ڕۆژانە لە هەواڵەکان شاهیدین ئافرەتان لە لایەن پیاوانەوە کە زۆر جار کەسە نێزیکەکانی خۆیانن دەستدرێژیان دەکرێتە سەر و وەک ئامرازێک لە لایەن هێندێك لە پیاوانەوە بە کار دەهێندرێن دەتوانم بڵێم ئەو چەشنە توندوتیژییە قێزەونترین جۆری پێشل کردنی مافی ئافرەتان و دڕندانەترین جۆری توندو تیژیە لە دژیان.
خەتەنە کردن یەکی دیکە لەو بابەتانەیە کە بە دژی کچی منداڵ و میر منداڵ دەکرێت کە زەبر و زەنگی خراپی دەروونی لە سەر منداڵانە بەجێ دەهێڵێت کە بۆ داهاتوویان توشی کێشەی زۆر گەەورە دەبن.
توند و تیژی دژی ژنان زۆرن و ئەگەر بمهەوێ باسیان لێ بکەم لەوانەیە چەندین وتاری بوێت و لەو کورتە باسەی مندا جێگای نەبێتەوە. 
بەڵام ئەوەی کە بۆمن جێگەی سەرسوڕهێنانی زۆرە، توند و تیژی ئافرەتان لە دژی یەکترە کە ئاسەوارێکی زۆر خراپتری هەیەو ئەم کارەساتە جاری وایە لایەن دایک،خوشک،دایەگەورە،پوور،خەسو ،دش, یان دۆست و هەڤاڵی نێزیکی ئافرەتان ، دەکرێت.زۆرجار و لە زۆر شوێن بیندراوە کە ئەگەر ئافرەتێک  توند و تیژی لە بەرانبەردا دەكرێ‌،هاوڕەگەزەکەی خۆیی دڵی پێی خۆش دەبێت ،یان هەوڵی ئەوە دەدەن کە قسەوباس لە دژی یەکتر درووست بکەن و بە هەر شێوەیەک بتوانن دژایەتی یەکتر بکەن،بەداخەوە حەسودی بە بەختەوەری و سەرکەوتنی یەکتر دەبن و بۆ ئاژاوەگیری لە دژی یەکتر ئەوەی پێیان بکرێ دەیکەن.دیسان دەبێ‌ بڵێم بە داخەوە ئەوەی ئافرەت بە ئافرەتی دەکات کەمتر وایە پێاوێک بتوانێ بە ئافرەتی بکات،هەر لە خیانەتەوە بگرە هەتا بەدناو کردن و تێکدانی شیرازەی ماڵێک. توند تیژی دژی ژن لە هەر کۆمەڵگەیەک پەیوەندی زۆری بە ئاستی ووشیاری و ڕوناکبیری کەسەکانی ئەو کۆمەڵگەیەوە هەیە و بەتایبەت لەکۆمەڵگەیی ئێمە کە لە ژێر دەسەڵاتی ئاخوندە خۆێنمژەکان دایە زۆر زیاترە.دەسەڵاتی ئاخوندی هەر یەکەم ڕۆژەکانی دەسەڵاتی بە دڕندانەترین شێوە ستەمی بەرانبەر بە ئافرەتان كردوەو لە ژێر ناوی دین و بنەمای دواكەوتوانەی پێاوسالاری پاراستنی نامووس ژنی کردۆتە کۆیلەو هەموو مافەکانی لێ زەوت کردوون.بە تایبەت لە شۆڕشی  ژینا و لە یەک ساڵی ڕابردودا سەرکووتی ژنان و کوشتنی ئافرەتانی بێ تاوان بە ئاشکرایی بۆ هەموو جیهان سەلمێندرا.ئەگەر بمانهەوێ دژ بە زەبر و زۆر لە دژی ژن ڕابوەستین دەبێت هەوڵ بدەین لانیکەم ئێمەی ئافرەت ئاستی زانیاری خۆمان ببێنە سەرێ ، لە جیات دژایەتی یەکتر هاودەنگ و هاوکاری یەکتر بین. 
بە خوێندنەوە ،بردنە سەری ئاستی زانییارییەکانمان سەبارەت بە مافەکانی ئافرەت بە خۆ بەروپێش خستن ،زیاتر تێبکۆشین و هەر وەها لە بزووتنەوەی ڕزگاری خۆازانەی گەلی ستەم لێ کراوی کورد شان بە شانی یەکتر و هاوتەریبی پیاوانی دڵسوز و ڕوناکبیر تێبکۆشین،بە دڵنیاییەوە دەتوانین پێش بە زۆربەی حاڵەتی زوڵم و زۆر لە دژی خۆمان بگرین و بۆ دابین كردنی مافەکانمان هەوڵ بدەین. ڕاستی ئەوەیە کە ئەو ڕۆژە دەسکەوتێکی هەرەگرینگ بۆ پارێزگاری لە مافی ژنانە و ئەرکی هەموو ژنێکی یەکسان خواز و عەداڵەت خوازە کە ئەوەی لەدەستی دێ بۆ بەرز ڕاگرتن و پەرە پێی دانی ڕەوتی دیفاع لە ئافرەتان كار بکات. ژنانی ئازادیخواز دەبێ بۆ دەرباز بوون لە ڕوانگەكانی بە کویلە زانینیان لە کومەڵگە دژە ژنەکان, پشت و پەنای یەکتر بن کە ئەگەر وانەكەن و دژایەتی یەكتر بكەن زیاتر دەچەوسێنەوە.
پیرۆز بێ‌ 25 نوامبر لە ئافرەتانی تێكۆشەری ڕیزەكانی سازمانی خەبات و ئافرەتانی كوردستان و ئێران و سەرانسەری جیهان.
سەركەوێ‌ خەباتی ئافرەتان بۆ لابردن و نەهێشتنی ستەم و بیعەداڵەتی لە سەر خۆیان و گەلی كورد.

5 مانگ و 18 ڕۆژ و 20 کاتژمێر و 28 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ئەرکی ژنان لە پارێزگاری و پیشتیوانی ۲۵ی نوامبر

ئەرکی ژنان لە پارێزگاری و پیشتیوانی ۲۵ی نوامبر



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن