هه‌ینی 

21 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

قه‌ڵای خه‌بات-قه‌ڵای تێکۆشه‌رانی ڕێی ئازادی

قه‌ڵای خه‌بات-قه‌ڵای تێکۆشه‌رانی ڕێی ئازادی
که‌ریم فه‌یزیان

قه‌ڵای خه‌بات ناوچه‌یه‌کی شاخاوی و دارستانی چڕو لێڕەواری سه‌ر به‌شاری بانه‌یه‌. بنکه‌و باره‌گاکانی سازمانی خه‌بات له‌ کۆتاییه‌کانی ساڵی ١٣٥٧ی کۆچی به‌رامبه‌ر به

که‌‌‌ریم فه‌‌‌یزیان – به‌‌‌شی دووه‌‌‌م

قه‌‌‌ڵای خه‌‌‌بات ناوچه‌‌‌یه‌‌‌کی شاخاوی و دارستانی چڕو لێڕەواری سه‌‌‌ر به‌‌‌شاری بانه‌‌‌یه‌‌‌. بنکه‌‌‌و باره‌‌‌گاکانی سازمانی خه‌‌‌بات له‌‌‌ کۆتاییه‌‌‌کانی ساڵی ١٣٥٧ی کۆچی به‌‌‌رامبه‌‌‌ر به‌‌‌ ١٩٧٩ی زاینی له‌‌‌و ناوچه‌‌‌یه‌‌‌ جێگیر کرابوون. وه‌‌‌ک نووسه‌‌‌ر ده‌‌‌نووسێ ‌ لە بن هەر تەپۆلک و شاخێک بارەگایەکی پێشمەرگەی سازمانی خه‌‌‌باتی لێبووه‌‌‌. قه‌‌‌ڵای خه‌‌‌بات ڕوبه‌‌‌رێکی فراوانی چه‌‌‌ند هێکتاریه‌‌‌، که‌‌‌ سنووره‌‌‌که‌‌‌ی  لە گوندی بانوانەوە ده‌‌‌سپێده‌‌‌کا  تا دەگاتە هەرمێگەورە و بەشێکی سوورکێو لەوێوە بۆ شاوەران و گوندی کانی مامر تا دەگاتەوە گوندەکانی سیسارک و سماقانی له‌‌‌خۆگرتوه‌‌‌. خەڵکی ئەم ناوچە بەزۆری بەئاژەڵداری وەک مڕ و ماڵاتەوە خەریکن شوێنی کشت و کاڵی زۆر کەمە و تاڕادەێک باغداری و وەک میوە و داری چنار و گوێزی زۆرە. بە دیوی کوردستانی باشووردا لە ڕاستای گۆندی شیوەکەڵە و کێوی سورکێویان نێوانە...



بنکه‌‌‌و باره‌‌‌گاکانی ناو قه‌‌‌ڵای خه‌‌‌بات و چۆنیه‌‌‌تی پارێزگاری کردنیان

لە زۆربەی بەرزاییەکان، چەکی قورس وەک دۆشکە، خومپارە، تیرباری قەناسە و چەند جۆر چەکێکیکە بۆ پاراستنی بارەگاکان دامەزرابوون و هەریەکەو چەند پێشمەرگە ی بەلاوە بوو . لە گەڵ ئەمانەشدا چەند زرێپۆش کە لە شەری گەردەنەی خان، بەینی بانە و سەقز پێشمەرگەکانی دەفتەری مامۆستا بە غەنیمەت گرتبویان بۆ پاراستنی بارەگاکان کەڵکیان لێ‌ وەردەگیرا. ماوەی نزیک بە چوارساڵ مەقەری سەرکردایەتی و تەداروکاتی سازمانی خەبات لەم شوێنە بوو ، لەو ماوەیەدا چەند جار رژێمی ئاخوندی هێرشی گەورەی دەکردە سەرمان بۆ ئەوەی ناوچەکە داگیر بکات، بەڵام هەموو جارێک لە گەڵ بەرنگاربوونەوەی توندی هێزی پۆڵایینی پێشمەرگە رووبەروو دەبووەوە و بە سەرشۆری دەگەرانەوە . هەموو جارێک پێشمەرگە دەسکەوتی زۆرباشیان دەبوو و بە دەیان بەسیج و پاسداریان لە مەیدانی شەرەکە پێ بەجێ دەهێشتن و زۆر جار بە دیل دەیانگرتن . رژێم کە لەو سەردەمانەدا دەسەڵاتی گرتنەوەی ناوچەکەی نەبو ، چەند جارێک فورسەتی دەهێنا بە هەلیکۆپتەر و فانتۆم بارەگاکانمان بۆمبباران بکات ، بەڵام بە خۆشییەوە لەوەشدا سەرکەوتوو نەبوون ، پێشمەرگەکان و هێزی بەرگری زۆر قارەمانانە بەرپەرچی ئەو هێرشانەشیان دەدایەوە ، جارێکیان غافلگیریانکردین ، بەیانی زوو بوو کە دوو هەلیکۆپتەری شەرکەری حکومەتی خومەینی هاتنە ئاسمانی قەلای خەبات ، چون دەیانزانی هێزی بەرگریمان بەهێزە، زۆربە وریایی هاتبوون، زۆرکوێرانە تەقەیان دەکرد ، پێشمەرگە و هێزی بەرگری ئازایانە لێیان هاتنەدەست و لە ماوەیەکی کورتدا تار و مارییان کردن ، بە خۆشییەوە پێشمەرگەکان هیچ زییانێکی گیانی و مالییان لێ نەکەوت. مریشکێکیان کوشت و لە دوو شوێنەوە شیلانگی ئاوی مقەرەکە قرتابو. قەڵای خەبات لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا لە لایەن پۆلێک پێشمەرگە کە خەدەمەی چەکە قورسەکان بوون وهێزی بەرگری سازمانەوە دەپارێزرا . پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات لە هەموو ناوچەکانی کوردستان لە چالاکی سیاسی و نیزامیدا بون، بۆیە سازمان ئاسایشی قەڵای خەباتی بەژمارەیەک هێزی پێشمەرگەو هەروەها هێزی بەرگری سپاردبوو. لەو سەردەمەدا سازمان بە سەدان کەس هێزی بەرگری هەبوو کە پشتیوانی براپێشمەرگەکانیان بوون لە هەموو کات و ساتێکدا ، زۆرلە هێزەکانی بەرگری بە مانگ لە بنکەو بارگاکانی قەڵای خەباتدا خزمەتیان دەکرد ، سازمان بۆ ئەوەی کەس خەدری لێنەکرێ، بەرنامەیەکی باشی بۆ دانابوون کە هەر پانزە ڕۆژەو هێزی بەرگری ناوچەیەک بۆ پاراستنی قەڵای خەبات بێنە بارگاکان ،کە لەوێ هەر جەماعەتەو بۆ شوێنی دیاەیکراو دەنێردرا ، سازمانی خەبات بە زۆری لە ناوچەکانی بانە، سەقز، بۆکان و سەردرشت هێزی بەرگری هەبوو. کە بە راستی پشتیوانێکی باش بوون بۆ هێزی پێشمەرگە، زۆر جاربۆ بەرەکانی شەر دژی رژێم بەشداری شەریان دەکرد.

 ئەوانەی لە قەڵای خەبات و دەوروبەری دەژیان چ کەسانێک بوون ؟



 با بۆیادکردنەوە و زیندوڕاگرتنی ئەو تێکۆشەرانەی گەلەکەمان کە رەنج ومەینەتییەکی زۆریان کێشا وشایانی ئەوەن کە باسیان بکرێ و رێزیان لێ بگیرێ، لێرەدا ئیشارە بە کۆمەڵێکیان دەکەم ، ناکرێ و ناگونجێ ناوی تاک بە تاکی ئەو پێشمەرگە و بەرپرسانەی لە قەڵای خەبات بوون لێرەدا ناویان ببرێ ، ئەوەش بە مەعنای ئەوە نییە کە ئەوانیکە هیچیان نەکردووە، بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم کە رێز و خۆشەویستیم هەیە بۆ هەمووان و دەبێ لێم ببوورن ئەگەر کەم و کووررییەک لە نوسراوەکەدا هەبێ، ئەوە بزانن ئەوەی راست و درووستە و لەبیرم ماوە نوسیومە . با سەرتا لە بەرێز و پایەبەرز مەرحوومی مامۆستا شێخ جەلال حسینییەوە دەست پێ بکەم ، سەرەتا ماڵی بەرێز مامۆستا شێخ جەلال دوای شەری ٣٧ رۆژەی شاری بانە کە ئاوارە بوون هاتنە بانوان، بەهاری سالی ١٣٥٩ بو، ماوەیەک لەوێ مانەوە . دواتر گواستییانەوە بۆنزیک گوندی کانی مامر کە شوێنەکەی لە باری ئەمنییەوە زۆر باشتر بوو، ئەو شوێنەی کە بەردی بناخەی یەکەم بینای دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدینی حسینی لێداندرا، ئەم مەڵبەندە پێش دامەزرانی سازمانی خەبات، بە بنکە یا مقەری کانی مامر دەناسرا . دواجار بە هۆی بچووکی شوێنەکەیانەوە مالی بەرێز مامۆستا شێخ جەلال گواستییانەوە بۆ هەرمێ گەورە کە ئەوێش هەر بەشێک بوو لە قەڵای خەبات ، کاک بابەشێخ حسینی ئەوکات رانندەی ماشێنێکی بارهەڵگری سازمان بوو کە کار و ئەرکی سازمانیان پێ رادەپەراند ، شاگردی ماشێنەکە، کاک کەریم شەباب بوو. کاک بابەشێخ لە گەڵ ئەوەی رانندەی ماشێن بو، کاری تەشکیلاتی ناوچەی بۆکانیشی لە ئەستۆ بوو . شەهید کاک سەید عەبدول کەریم فەرماندەی نیزامی بوو ، ئەو بە بەرەکانی شەر رادەگەیی هێزێکی تۆکمەی لە گەڵ بوو بەناوی ئەرکانی هێز، باقی پێشمەرگەکان بە شێوەی مەڵبەند و لک و پەل بۆ ناوچەکانی کوردستان دیاری کرابوون . لێرە پاییزی ١٣٥٨( کاک خالید حەسەن نژاد ) خالید سقزی بووە پێشمەرگە، شەهید خالید بە دلسۆزی و لێهاتوویی خۆی لە خزمەتی بنکە و چاییپەزی بۆ براپێشمەرگەکانی دەستی بە خزمەتی شۆرش کرد، و بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی هەموو پلەکانی مەسئولییەت لە دەفتەری مامۆستا وسازمانی خەباتدا بری تا گەیشتە دەفتەری سیاسی سازمان . یەکێکی دیکە لەو پێشمەرگانە مام رەحیم بوو کە ئاگاداری زاخەیەکی چەکوچۆڵ و موهیمماتی سازمانی دەکرد. ئەم زاخەیە هەر وەک تونێل و ئەشکەوت بە شان و پیلی خۆمان و برایانی هێزی پشتیوانی هەڵکەندرابو ، کە مام رەحیم و پشیلەکەی لەم شوێنەدا دەژیان . مام رەحیم ئەو پێشمەرگەیە بو کە لە شەری ٣٧ ڕۆژەی شاری بانە لە بەرزاییەکانی ئاربەبا لە شەرێکی دەستەو یەخەی هێزێکی کۆماندۆی رژێم کە بە هەلیکۆپترلە سەر ئاربەبا دابەزێندرابون بریندار کرا، نزیک بە دە فیشەکی ژێسێی بەرکەوتبو، کەس بە تەما نەبوومام رەحیم بمێنێ ، دوای چاکبونەوەی لەمشوێنە داندرا . کاک ابوبکر سەحرایی کە ئەودەم بەرپرسی بەندیخانەی سازمانی خەبات بو، سازمان بەندی و زیندانیەکی زۆری بوو کە بە دەستی پێشمەرگەکان لە بەرەکانی شەر بە دیل دەگیران و رەوانەی قەڵای خەبات دەکران، لێرە بەند دەکران تا ماوەی سزاکەیان تەواو دەبوو، هێندێک جار دیل بە دیل لە گەڵ ئەو لایەنگر یا پێشمەرگانەی کە دەکەوتنە دەست رژێم دەمانگۆرینەوە . کاک ابوبکر لە گەڵ بنەماڵەکە ببونە پێشمەرگە ، با لێرەدا وەک وەفا و پێزانینێک بۆ زەحمەت وتێکۆشانی پوورە مەحسوم دایکی کاک ابوبەکر ، کە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کە لە قەڵای خەبات بووین بە بێ بەرانبەر وەک پێشمەرگەیەک خزمەتی سازمانی دەکرد، کە ئەرکی نانکردن بۆ ئەو هەموو پێشمەرگانەی لە ئەستۆ بوو، بێوچان نانی دەکرد . حاجی برایم یەکێکی دیکە لەو پێشمەرگانەیە کە زەحمەتی زۆری کێشا، ئەو پیاوەی بە تەمەنێکی زۆرەوە دایم ئامادە و قەت بە بێ رەخت و چەک نەتدەدیت.لەو سەردەمەدا وردە وردە ژمارەی خانوی مەقەرەکان زیادی کرد ، ئەو خانووەی لە سەرەتاوە دروستمانکرد، کردییانە جێگای تەداروکات و حاجی برایم و کاک شێخەمین، سەیید موحەممەد، شێخ حەسەن و چەند پێشمەرگەی لێبو ، کە ئەم شوێنە بە مەقەری حاجی برایم ناو دەبرا . جارێک پێشمەرگەیەک لە حاجی پرسی تەمەنت چەندە؟ حاجی برایم زۆر لەسەر خۆ جوابیداوە، تەنیا سێجار سی ساڵم ، ئەوەی رۆژێکی پێشمەرگایەتی خەباتی کردبێ یا بەسەردان هاتبێتە قەڵای خەبات بە دڵنیاییەوە حاجی برایمی ناسیوە ، حاجی برایم بە شۆخی کردن و قسە خۆشەکانی شەو و رۆژ کۆری پێشمەرگە و هێزی بەرگری دەرازاندەوە، دایم بزە لە سەر لێوی بو. میرزا عیبدوڵای نەعلبەندی . شۆرشگێرێکی بە ئەزموون پیاوێکی سادق، دڵسۆز و لەسەرخۆ بوو ، بەشی ماڵی وکۆمەڵایەتی سازمانی خەباتی لە ئەستۆ بوو، میرزا عبدوللا لە شۆرشی باشووری کوردستان لە ساڵی حەفتاکاندا بەشداری کردبوو وەک پێشمەرگە و کادێری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ناوچەی پشدەرئەرکی شۆرشی لە ئەستۆ بووە . قەڵای خەبات کە بارەگای پێشمەرگەی سازمانی خەبات بوو لە گەڵ ئەوەشدا باوەشی ئاواڵا کردبوەوە بۆ کوردانی ئاوارەی باشووری کوردستان، بە دەیان کەس کە لە دەست زەبرو زەنگی رژێمی دیکتاتۆری سەددام حسین بە ناچار زێدی خۆیان جێهێشتبو، لە لای ئیمە گیرسابونەوە و ببوونە پێشمەرگەی خەبات، زۆر دڵسۆزانە کاری شۆرشیان ڕادەپەراند ، هێندێکیان بۆ بەرەکانی شەردەناردن و زۆر کەسی شارەزا و خوێندەواریان تێدابو، چەند دوکتور وکادری دەرمانی کە بۆ ئەوسەردەمەی شۆرش زۆر کەڵکییان لێوەرگیرا، یەک لە دوکتورەکان لە قەڵای خەبات دەرمانخانەیەکی بۆ کرابووەوە و دوو لەو دوکتورەکانەی دیکە لە سییاومە ناوچەی دەشتەتالی بانە دەرمانخانەیەک و شوێنێکیان بۆ چاوپێکەوتنی نەخۆش لە لایەن سازمانەوە بۆ کرابۆوە . بە پێویستی دەزانم لێرەوە سڵاو و پێزانینی خۆمان بۆ ئەو برا دڵسۆزانە بنێرم کە لە خۆشی و ناخۆشیدا لە گەڵمان بوون، کاک محمد و کاک ئەمیر لە رانیە ناوچەی پشدەر و کاک سەڵام و دوکتور ئەکرەم و دوکتور سابیر لە سلێمانی . سەرهەنگ سمکۆ عەلی یار! کە سەرهەنگێکی دەورانی رژێمی پێشو بوو، بەهیوابوو گروپێک پێکەوەنێ یا حیزبێک دروست بکات، بۆ ئەوەی بەگژ کۆماری ئیسلامی ئیراندا بچێتەوە، ئەویش خۆی لە گەڵ چەند پێشمەرگەیەک کە جەمشید بەرپرسی کارەکانی بوو و کاک عومەری بەهرامی و ئەبوبەکر ناوێک خەڵکی بانە و چەن کەسێکیکە . وەک دەفتەری مامۆستا چەند خێمەیەکماندابونێ و لە نزیک خۆمان جێمانکردبونەوە . دوای ماوەیەک کاک عومەری بهرامی کە زانی ئیمە لای دەفتەری مامۆستاین ئەویش بە چەکەکەیەوە هاتە لای خۆمان دوای کاک عومەر، ئەوانی دیکەش یەک یەک و دوو دوو هاتنە ریزەکانی سازمانی خەبات ، سەرگوردیش بۆخۆی و چەند کەسێکی نزیکی خۆی مابونەوە ئەوانیش لە دەوری ئیمە نەمان و چووبوونە بێژوێ . موجاهیدینی کوردستان! کە ئەوانیش گروپێکی بچووک بون دوای شەری ٣٧ رۆژەی شاری بانە هاتنەدەرەوە و دەفتەری مامۆستا یارمەتی ئەوانیشیدا کە لە نزیک خۆی بیانپارێزی ، هەرچەند ئەوان زۆر خۆیان نەگرت و ئاشبەتاڵیان کرد و زۆربەی پێشمەرگەکانیان هاتنە ناو ریزەکانی دەفتەری مامۆستا . سەرگورد محمودیان ! پیاوێکی بە تەمەن و سەرگوردی دەورانی شای ئیران بو ، لە رژێمی پێشودا وەک سەرگوردێک کاری کردبو ، پێش ئەوەی بێتە ناوریزەکانی سازمانی خەبات، پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات بوو ، لە سازماندا بە هۆی ئەوەوە کە لە ئەرتەشدا خزمەتی کردبوو و شارەزای سیلاح بوو ، ئەرکی چاککردنەوەی چەک و چۆڵی سازمانی پێ سپێردرابو. عوسمان ئاوارە ! ئەم برایەش هەر لە باشووری کوردستانەوە هاتبو، بەڵام خۆی زۆر جیاوازنیشاندا ، خۆی وەک تەکنیسێنیەکی بێسیم لە قەڵەمدا ، دیارە شتێکی کەمی لێ دەزانی،بەڵام ئەوە نەبوو کە خۆی دەیگوت . ئێمەش وەک دەفتەری مامۆستا ئەنواعی بێسیممان لە پادگانی بانە و لە شەرەکاندا بە ‌‌غەنیمەت گرتبو، هەموومان لە دوو هۆدەدا کۆکردبوەوە ، هەر لە راکاڵی گەورەوە بگرە تا بچووک هەمووی لە بەردەستی کاک عوسماندا بوو ، کاک رێبواری حسینی کە ئەوکاتە وەک هاوکارێک لە گەڵ کاک عوسمان کاری دەکرد زۆر زیاتر شارەزایی لە بێسیمەکان هەبوو، چون کاک رێبوار لەوکاتەدا کە پادگانی بانە لە ژێردەستی پێشمەرگەدا بوو، ئەو یەکێک بوولەو پێشمەرگانە کە لەوێ ئەرکی شۆرشی پێ سپێردرابوو، وەک مندال دوو سێ بێسیمی بچوکی وەک هۆکی تۆکی لە ناو بنکەکاندا وەسڵکردبو کە جار جار قسەیان پێ دەکردن ، دوای ماوەیەک کاک رێبوار بە جەماعەتی گوت ئەگەر فریانەکەون عوسمان هەموو بێسیمەکان تێکومەکان دەدا ، بە پەلە لە کارەکەی لایانبرد ، و ئەرکی بێسیمیان بە کاک رێبوار و کاک عومەری زارعی کە پێشتر ئەندامی موجاهیدینی کوردستان بو سپارد .

 لەم مەڵبەندەی قەڵای خەباتی لێهەڵکەوتبو لە بناری سوورکێو بنکە و بارەگای حیزبەسیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و مقەرێکی یەکیەتی نیشتیمانی باشووری کوردستان و مەقەرێکی شێخ کاوەی کوری شێخ لەتیفی شێخ مەحمودی حەفید، ئەویش بە جەماعەتێکەوە کە لە باشووری کوردستانەوە ئاوارە ببوون و لەم ناوچەیە مابوونەوە . بارەگاکانی کۆمەڵە و مەقەری یەکیەتی نیشتیمانی کەوتبونە رۆژهەڵاتی قەڵای خەباتەوە ، لە پشتی بانوان بۆ لای چەمپاراوەوە هەڵکەوتبوون و بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانیش کەوتبونە رۆژئاوای قەڵای خەبات بۆ لای گەرماو و نیروانەوەوە ، جەماعەتی شێخ کاوەش کەوتبووە باکووری قەڵای خەبات لە بەینی سیسارک و سماقان . با لێرەدا ئەوەش بڵێم ، خەڵکی ناوچەکە بە باش باسی ئەو چەماعەتەی شێخ کاوەیان نەدەکرد ، زۆریان لێ نارازی بون، هێندێک کردەوەی نەشیاو و گوماناوییان بەرانبەر ئەو کەسانە دەکرد کە لە باشووری کوردستانەوە بۆسەردانیان ئەهاتن . لە بەر ئەوە سازمان جوابی کردن و دوای ماوەیەک ناوچەکەیان بەجێهێشت .

لێرە لە قەڵای خەبات گەلێک فەرماندەی لێهاتوو ڕاهاتن و بارهاتن و گۆچ کران و خرانە بەرەکانی شەردژ بە رژێمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئیران، وەک شەهید کاک تەها سوور(تەهای ڕۆحی) شەهید کاک خەلیل رەشاش ، شەهید کاک خەلیلی خۆشکەلام ، شەهێد کاک مەلا عەلی رەسووڵی ، شەهید کاک عبدوللا هەمزە . شەهید کاک تۆفیق بڵەسەنی ، شەهید کاک محمد نانەوا، شەهید کاک برایم خوریاوایی ، شەهید کاک ئەبووبەکر چەکوشەیی، شەهید کاک عوسمان عەبو بۆکانی، شەهید کاک عبدوڵلا نستانی و دەیان فەرماندەی ئازا و لێزانی دیکە کە ئێستا لە ژیاندان و خزمەتی خەبات دەکەن لەم بارەگایانەدا لە لایەن دووشەهیدی فەرماندە کاک عەبدول کەریم حسینی و مامۆستا سەیید خەلیل شریفیانەوە ، ڕاهێنانی سیاسی و نیزامییان پێکرا ، یادی هەموو شەهیدانمان بەخێر و جێگایان بەهەشتی بەرین بێت .

لێرەدا با وەک ئەمەک وپێزانین سڵاو بنێرم، بۆ هەمووخەڵکی دەڤەرەکە کە زۆر سادقانە و شۆرشگێرانە ئەو ماوەی بارەگاکانی خەبات لە سەر مڵک و نێو ماڵیاندا بو، بێ هیچ گیر و گرفتێک بۆ سازمان بەوپەری خۆشییەوە پێکەوە ژییاین ، لە هێچ یارمەتیدانێک بۆ سازمان درێخییان نەکرد .

 با تۆزێک باسی سروشت و تەبیعەتی ناوچەکەشتان بۆ بکەم ، شوێنێکی شاخاوی دارستانێکی چڕ، ئاو و هەوایەکی خۆش، لە هاویندا بە هۆی دارستانەکەیەوە زۆر گەرم نەبو، لە زستاندا سارد و بەفرێکی باشی لێدەباری ، زستانی ساڵی ١٣٥٩ بوو، بۆ جەولەیەکی سیاسی نیزامی لە قەڵای خەباتەوە کە زیاتر لە ٧٥ پێشمەرگە بووین ، بە فەرماندەیی شەهیدی نەمر کاک سەیدعەبدول کەریم رێکەوتین بۆ ناوچەی سەقز و بۆکان ، جەولەیەکی گەلێک دژوار بوو، کە رێکەوتین زیاتر لە یەک میتربەفر باریبوو، لە بڕێک شوێن کە باڕنی کردبو زۆر بە زەحمەت رێگات دەبری بە تاییبەت بناری سوورکێو تا گەیشتینە ئاوایی قورنێ و زەربەنە. لەوێوە بەرەو پشت جادە ، ئەوجار هەڵکشاین بەرەو کوێستانەکانی مێرگە نەخشینە....... هتد . لە قەڵای خەبات کانی درۆزنەیەکی لێ بوو کە لە بەهاراندا دەژییایەوە ، دوای ئەوەی بەفری کوێستان و دەورووبەر دەتوایەوە ئەم کانییە دەژیایەوە. ئەویش چ کانییەک ئەو کاتەی کە دەستی پێدەکرد کانییەکە بژیەتەوە گرمەیەکی گەورە دەهات ، دوای ئەو دەنگە زلە زەوییەکە شەقی دەبرد و ئاوێکی زۆر بە خوڕ بە ناو بارەگاکانی سازمانی خەبات دا دەهاتە خوار و دەرژایە ناو چۆمی بلەکێ ، ئەوەی شارەزای ناوچەکە نەبوایە، چون ئاوەکەی ئەوەندە زۆر بوو نەیاندەزانی لە هاویندا وشک دەکات ، لە سەرەتاوە ئەوەندە بە خور دەهات نەتدەتوانی لێی بپەریەوە دەبوایە بۆ پەرینەوە پشت کانییەکە بکەوی، هەرچەند رێگای کاروان بە پشت کانییەکەدا تێدەپەری. کە هاوێنیش دەهات تەرایی لێ دەبرا و چۆرێک ئاوی پێدا نەدەهات ، و نەتدەزانی کە ئەم شوێنە لە بەهاردا بە ئەندازەی چۆمێک ئاوی پێدا ڕۆیوە . لە بەهار و پاییزدا لە سەر تەپۆڵک و لێرەواری ناوچەکە قارچکی (کارگ) زۆرهەبوو، هەرلە دەوری مقەررەکان بەشی خۆمان کۆدەکردەوە . بەهاران لە سەر گردێک لە خوار کانی مامرەوە لە سەر رێگای سماقان کلاوبنە و رێواسی زۆری لێدەردەهات کە پێشمەرگەکان جار جارلەو رێواسەیان بۆ مەقەردەهێناوە ، لە بیرمە لە پشت کانی مامر لە بەینی دۆشکەکەی ئێمە و ناودێدا بەردێکی زۆر گەورە و تەختی لێبو ناویان نابوو بەردە ترخێنە پێموابێ لە کاتی ترخینە دروستکردندا لە سەر ئەو بەردە ترخێنەکەیان دروست کردووە ، بۆ ئەوەی هەم شوێنەکەی پاک و تەخت بوو، هەم بەربەڕۆچک بوو زوو ترخێنەی لێ وشک دەبووەوە . مزگەوتێکی گەورەمان لە ناوەراستی بارەگاکاندا دروستکردبوو، ئەو دارانەی کەوتبونە شوێنی مزگەوتەکەوە هەر ئاوا تەبیعی مابوونەوە و نەمانبریبون، ئەمانە چەند دارێکی زۆر گەورە بوون کە مزگەوتەکەیان تەقریبەن حەشار دابوو ، مزگەوتەکە پانتاییەکی گەورەی گرتبوو کە جێگای زیاتر لە ١٢٠  کەسی تێدا دەبووەوە ، کۆبوونەوەی گەورەمان هەر لەوێدا دەگرت ، وەختیتریش مقەربوو بۆ پێشمەرگە و هێزی پشتیوانی کە لەوێوە ئەرکییان پێ دەسپێردرا و دەناردران بۆ ئێشک کێشان یان کە دەردەچوون بۆ کەمێنی سەر بەرزاییەکان ، کاتی ئاساییش ئەوەی نوێژی بکردایە ئەوە تاعەتی خۆیان لە مزگەوتەکەدا دەکرد.


5 ساڵ و 5 مانگ و 18 ڕۆژ و 1 کاتژمێر و 56 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

قه‌ڵای خه‌بات-قه‌ڵای تێکۆشه‌رانی ڕێی ئازادی

قه‌ڵای خه‌بات-قه‌ڵای تێکۆشه‌رانی ڕێی ئازادی



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن