یه‌ک شه‌مه‌ 

9 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەری گەل و پیری سەنگەر شەهید مام شەریفی رەحمانی

یادی سەروەری گەل و پیری سەنگەر شەهید مام شەریفی رەحمانی
دەنگی خەباتی کوردستان

یادی سەروەران
یادی سەروەری گەل و پیری سەنگەر شەهید مام شەریفی رەحمانی
نووسینی:سیامەند
ئەوانەی گیانیان بۆ سەربەرزی گەلەكەیان فیدا ئەكەن و بە بەخت كردنی گیان شیرین و بەخوێنی پاكیان، نیشتمانیان دەپارێزن. بێ شك لە هەموو شتێك پیرۆزترن بۆ گەڵ و كۆمەڵگەكەیان. هەرگەلێك شەهیدانی لە یاد بچێ و رێز لەو دەسكەوتانە نەگرێ كە بە خوێنی شەهیدان هاتۆتە دیی، بێ شك لە میللەتە دواكەوتووەكانی جیهانە. 
باس كردنی شەهید وسەربەرزییەكانیان تەنیا بۆ بیرهێنانەوەیە، نەك پێمان وابێ كە بە تەعریفیان ئەوەی پێویستە و هەڵدەگرێ بۆمان گوتبن و بۆ ڕیبازو ڕۆحی پیرۆزیان كردوومانە چونكە شەهید وەك بیلبیلەی چاو،وەك هەناسەیە،شەهیدان لە پلەی هەرە سەرەوەدان و گەورەیی و بەرزیان بە هیچ شتێكی دیكە پێوانە ناكرێ‌. شەهید جێگای فەخر و سەربەرزی نەتەوەیەو نیشتمانی هەر گەلێك،بە فیداكاری ڕۆڵەكانی و گیانبازی و خوێندانی قارەمانان رزگاری بووەو سەركەوتوون ونیشتمانیان لە دەست بێگانە رزگار كردووە، نیشانی داوە لە لایەن وڵاتانی ترەوە بە چاوی رێز سەیر دەكرێن.
شەهید تەواوكەری گەل ونیشتمانە. ئەگەر شەهید و ئامانجە بەرزەكانی نەبێ‌، گەل ناحەسێتەوەو نیشتمان لە دەست داگیركەرانی چاو چنۆك ناپارێزرێ‌. كوردستان كەساڵهای ساڵە بۆتە مەیدانی غار غارێنی داگیركەران و خۆیان لێ خۆش كردووە تا بەڵكو بتوانن بە یەكجاری داگیری بكەن و ببنە خاوەنی، هەر گیانبازی ڕۆڵە ئازادیخوازەكان و  خوێنی شەهیدانە، نەی هێشتووە نیشتمان ببێتە پارو خۆشە و داگیركەران بە كەڵبەیان و بە بەرداشی ستەم بیهاڕن. بەڵێ نیشتمانمان بۆیە سەربەرزە ڕۆڵەی فیداكاری هەیە. كورد ئەگەر بێ كەس و بێ پشتیوانە بەڵام بە لێبڕاوی و فیداكاری وخوێن بەخشینی ڕۆڵەكانی، فەوتان و لە ناوچوونی حەستەمە و خەوی دژمنان لەو بارەوە نایەتە دیی. داگیركەران، كە ئامانجیان  نەهێشتنی كوردو كوردستانە، بە فیداكاری ڕۆڵەكانی كوردستان قەت ئەو ئامانج و هیوا چەپەڵیان نایەتەدیی.
بەڵێ‌، بە گیانبازی ڕۆڵە قارەمانەكان و پێشمەرگە گیانبازەكان و شەهادەتیان، كوردستان لە شكۆدا دەمێنێ‌ و بە پارێزراوی دەمینێ‌. شەهید نیشانەی عەزەمەتی میللەتە. شەهید چرای سەر فرازی گەلە، ئاڵای هەمیشە بەرزو شەكاوەی نیشتمانە. كورد تا ئێستا كە پارێزراوە، بۆ فیداكاری و لە خۆبردوویی ڕۆڵەكانی دەگەڕێتەوە. ئەگەر فیداكاری و خۆێنبەخشی شەهیدان نەبوایە، دەكەوتە بەر بەرداشی داگیركەران و ناوێك لە كوردستان وكورد نەدەما. لە سەر شانی هەموومانە یادی شەهیدان بەرز ڕاگرین وكۆڵ نەدەین تا بتوانین ئاواتیان بێنینەدیی و نیشتمانمان رزگار كەین. شەهیدانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بێ شك گوڵبژێری باخچەی شەهیدانی كوردستانن، چونكە خۆبەختكەرانێك بوون كە هەم كوردستانیان دەویست وهەم بە باوەری نەتەوەیی و نیشتمانی و دوور لە ڕێ‌ و شۆێنی بیگانەیان هەبوو، وە چاكترین وپاكترین رۆڵەكانی میللەتی كوردن. 
لە یادی شەهیدی ئەمجارە نمونەیەك لەو شەهیدانەیە كە نیشان ئەدات بەراستی سازمانی خەبات رێگەی راستەو ڕەسەنترین رێگەی ڕزگاریی نیشتمانمان كوردستانە. كە ئەویش سەروەری گەل شەهید مام شەریف رەحمانیە. مام شەریف رەحمانی پێشمەرگەی كۆڵنەدەر و لە خۆبردووی سازمانی خەبات تا ئاخرین ساتەكانی ژیانی ئەركەكانی بێ هیچ تێ‌ ڕامان و هیچ گومانێك لە سەر ڕێبازەكەی ئەنجام ئەدا. مام شەریف ساڵی ١٣١٢ لە ئاوایی بەرەجۆی مەهاباد لە خانەوادەیەكی هەرە هەژاری كوردستان لە دایك بوو. خانەوادەی مام شەریف بە جوتێری ژیانیان دەبردە سەر. باوكی مام شەریف بە رەنج كێشانی زۆر  توانای لێ بڕاو دوای چەند ساڵ كەنفتی و نەخۆشی ، ماڵئاوایی لە ژیان كرد. دایكیشی هێندەی پێ نەچوو كۆچی دوایی كرد و شەریفی منداڵیان لەگەڵ چەند خۆشكی بە جێهێشت و مام شەریف كەوتە بەر قەزاو قەدەر و ژیانی قورس و سەخت تر لە ڕابردوو. مامە گەورەی مام شەریف كە زۆری لەگەڵ خراپ بوو خستیە ژێر سەرپەرستی خۆی تا تەمەنی ١٥ ساڵی و زۆر بێ رەحمانە خستیە ژێركارەوە. لە ١٥ساڵیدا، مامیشی مەسئولییەتی بە ئەستۆ نەگرت و لە ماڵ دەری كرد، ئەم مێرمنداڵە بێ سەرپەنایە ناچار ڕووی لەم ماڵ و ئەو ماڵ بۆ پەیدا كردنی كار کرد تا بتوانێ سەرپەنایەك بدۆزێتەوە تا ژیانی لێ بەرێتە سەر، بۆیە بە كاری زۆر ولە توانا بەدەر كاری ڕەنجبەری بۆ ماڵان دەكرد. 
بەڵێ‌ مام شەریف لە مێرمنداڵییەوە كەوتە بەر قورسترین كار كە لە توانای كەسی گەورەش دا نەبوو لە وەرزی سەرما وگەرما دا. ئەو ژیانە سەختەی چەند ساڵ درێژەی كێشا تا كاتی سەربازی هات. لە سەردەمی حكومەتی پاشایەتیدا بە زۆر ناردیانە خزمەتی زۆری سەربازی و لە ماوەی  سەربازیدا لەگەڵ بێ رەحمی وبێ بەزیی بوونی غەیرە كوردەكان دا ڕوبەروو بوو بەردەوام  كێشەیان بۆ دروست كرد. هەموو ئەو نارەواییانە، مام شەریفی وا لێكرد زیاتر ستەمی داگیركەران و دژمنانی كورد هەست پێی بكات و هەر كاتێك دەرفەتی بۆ هەڵكەوێ‌ چەكی پارێزگاری لە نیشتمان لە شان بكات و ببێتە پێشمەرگە. بە دەست پێكردنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی رژیمی پاشایەتی، مام شەریف هاودەنگ لەگەڵ ڕۆڵەكانی تری كوردستان لە سەفی پێشەوەی خەباتی دژی پاشایەتیدا بوو وە شێلگیرانە هەوڵی ئەدا. مام شەریف پێی وابوو كورد بە نەمانی شا رزگاری دەبێت وچیتر ناچەوسێتەوە. زۆر دڵخۆش بوو بە سەركەوتنی شۆڕشی  دژی شا. بە داخەوە ئاواتەكەی مام شەریف نەهاتە دیی و رووخانی دەسەڵاتی شا تەنیا ئاڵوگۆڕ بەستەمگەران و دژی كوردان بوو. ئەوانەی دوای شای گۆڕبەگۆڕ هاتنە سەر حوكم و قۆڵیان بۆ فەوتانی كورد و وێران كردنی كوردستان هەڵماڵی گەلێك دڕندەتر دەرچوون. بەڵێ بە هاتنە سەر كاری حكومەتی ئاخوندی دیكتاتۆر، گەلی كورد كەوتە بەر توندترین و بێ بەزەییانەترین هێرشی پاسدارو چڵكاوخۆڕەكانی ئەو ڕژیمە. مام شەریفی قارەمان كە بەڵێنی بە خۆی دابوو دەبێ سەربازی كوردبێت، چەكی شەرەف و كەرامەتی لە شان كرد و وەك پێشمەرگەیەك شۆڕشگێر و لەخۆبردوو بەو پەڕی لێبڕاوی و دڵسۆزییەوە ئەركە گرانەكانی ئەنجام ئەدا. مام شەریف لەساڵی ١٣٥٨دا چەكی پێشمەرگەایەتی بۆ بەرگری كردن لە هێرشی داگیركەران لە شان كردو لە دامەزراندنی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٩دا یەكێك بوو لە یەكەمین پێشمەرگەكان. مام شەریف بە ئیمان بە موبارزە بۆ گەلی كوردی قارەمان چەكی هەڵگرتبوو بۆیە زۆر مەردانە و دلێرانە ئەركەكانی پێشمەرگایەتی دڵسۆزانە ئەنجام ئەدا. مام شەریف لە ساڵی ٦٠ و ٦١ وەك كادری تەبلیغی بڵاوكراوەكانی سازمانی خەبات ی لە ناوچەكانی پیرانشار و سەردەشت ومەهاباد بڵاو دەكردەوە ولەم ماوەدا لەگەڵ بەرچاوتەنگانی غەیرە خەباتی و خۆ بە زل زان بەرەنگاری دەكرد. چەند كەڕەت گەماڕۆیان دا و ڕێگەی هاتوو چۆیان لێ گرت وبڵاوكراوەكانیان لێ ستاند بەڵام ئەو  كردارە خراپانە بوونە هۆی ئەوە زیاتر و جددیتر كار و تێكۆشان درێژە پێی بدات.
 مام شەریف چونكە لە ژیانی منداڵییەوە بێ پسانەوە كاری كردبوو لە شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا بێ بێز و بۆ بوو هەر كارێكی پیی بسپێردرایە، بە ئی خۆی دەزانی و بە دڵخۆشییەوە ئەنجامی ئەدان. 
سازمانی خەبات جێگەی سەربەرزی گەلی كوردەو پێشمەرگەكانی لە ڕۆڵە لە خۆبردوویەكانی گەلن. ئەوانەی لە سازمانی خەبات دا گیانیان فیدا كردوە لە پاكترین ودڵسۆزترین ڕۆڵەكانی نیشتمانن و نەمونەی چاكی وفیداكارین.مام شەریف نمونەی یەكێك لەو ڕۆڵە گیانبەخشانەی كوردستانە لە ریزی سازمانی خەبات كە ژیانی لە منداڵییەوە بە مەینەت وچارەڕەشی بردە سەر. سازمانی خەباتی بە جێگەی حەسانەوەی خۆی دەزانی وپێی وابوو ئەو ماوەیەی كە لە سازمانی خەباتە ژیانی ئاسوودە بووە. چونكە ویژدانی ڕاحەت بوو. شەهید مام شەریف لە ٧ی ڕەشەممەی ١٣٧٢ دا لە یەكێك لە بنكەكانی سازمانی خەبات لەشاری سلێمانی بە دەستی جاش ترۆریستەكانی رژیمی ئاخوندی لە مانگی رەمەزاندا شەهید كرا و رۆحی بەرەو بەهەشتی شەهیدان لە شەقەی باڵَیدا. 
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید مام شەریف و نەفرین بۆ ترۆریستان و ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی

2 مانگ و 3 ڕۆژ و 8 کاتژمێر و 15 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەری گەل و پیری سەنگەر شەهید مام شەریفی رەحمانی

یادی سەروەری گەل و پیری سەنگەر شەهید مام شەریفی رەحمانی



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن