شه‌ممه‌ 

8 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا نانەوا

یادی سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا نانەوا
دەنگی خەباتی کوردستان

یادی سەروەران
یادی سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا نانەوا

نووسینی مامۆستا پەژار
هەر وەك خوێنی شەهید وشك نابێتەوە و ڕێبازی كوێر نابێتەوە، هەروا ناویان سەر زارانەو یادیان لە دڵاندایە. شەهید ژیانی دانا بۆ هەژاران دەردی مردنی وە ئەستۆ گرت بۆ تیماری دەردەداران. بە خوێنی دێڕی ڕێبازی شۆڕشی كێشا. كە دوا شوێنی كوێر نەبێتەوە. تروسكەی گیانی چۆڵە چرای شۆڕشگێڕانە لە شەوەزەنگی ستەمدا و هەناسەو پشوو دێنێتەوەبەر ماندوان و ورە دەدا بە زیندوان، دەژێنێتەوە دڵی دڵ مردووان. شەهید كۆڵەكەی گەلانە، سەرمایەی ژیانە، سەنەدی نیشتمانە. هەر جێیەك لەو نیشتمانە، سەنەدێكی لە سەرە، كۆرپە شەهیدێكی لە بەرە. خوێنی لە سەر ڕژاوە، كوردێكی خەباتگێڕی لە سەر كوژراوە. لاوی بە ورە و قارەمانی لە سەر داناوە. جوێ لەوە كە هی خۆیەتی چەند جار بەخوێن كڕیویەتی. چ بكەین ئەوە میراتە بۆ كورد بە جێ ماوە نیشتمانی بە خوێن پاراوە، مێشكیان لە سەر بست بەستی پڕژاوە. واش پێمان ڕەوا نابینن. دوژمنان لێمان دابینن لە گشت لاوە تێمان وەردەدەن. وەك گورگی چەشتە بۆمان دێن ناهێڵن تاوێك پشوودەین، ئاورێك لە زوو ڕابردوو وەردەین لە دوا ڕۆژمان بیركەینەوە باری ژینمان لێك دەینەوە. شار و دێمان دەڕوخێنن، بەروو باغمان دەسووتێنن. 
گەلان لە كوێ وئێمە لە كوێین؟
ئەمڕۆكەمان خۆزگە بە دوێنێ. 
بەڵام ئەستۆ كەج ناكەین. خەبات ئەكەین هەتا هەین، با هەر هەڵێن بەزیوان خۆبشارنەوە لە نەدیوان، دیارەخۆفرۆش چەندن و لە ڕێی جۆش بەندن. با بڕۆن بەرهەڵستوو با هەڵێن هەل پەرەست. ئێمە شەهید لە بیر ناكەین و ڕێبازیان كوێر ناكەینەوە، زوو زوو یادیان دەكەینەوە، بە دۆعای خێر یادیان دەكەین، گۆڕیان بە هەڵاڵە پەژرین دەكەین، ئاوی ڕەحمەت لە گیانیان ئاژین دەكەین، ناویان بۆ خەڵك تازە دەكەینەوە ئاوڕ لە مێژوویان دەدەینەوە، با لە بیر بن ودڵگیر بن. تا ببنە چرای بەری دوایی، بەرەو بەهەشت بۆیان ببنە بەرایی. ئەمڕۆ نۆرەی سووكەڵە سوارێكی مەیدانی خەباتی خوێناوییە. نۆرەی نەونەمامێكی باخی شەهیدانە. دەم وشكێكی ناهومێدییە، بەو دەم وشكەش بە خوێنی ئاڵی، خاكی پاكی كوردستانی ئاوداو بە مناڵی و كاڵی و بە شانزدە ساڵی خۆی خزاندە كۆڕی شەهیدانی سازمانی خەباتەوە. شەهید كاك عەبدوڵا نانەوا كوڕی مام حسێن لە بنەماڵەیەكی هەژار و دێ نشین لە گوندی ( بارێی گەورە ) لە ناوچەی سێوەیل لە دایك بوو. پاشان ماڵیان چووە شاری بانە. لەوێ خوێندنی سەرەتایی دەست پێكرد. دوای ڕوخانی ڕژێمی شایەتی و هێرشی ناڕەوای تازە پیاكەوتوو بۆ سەر كوردستان.
هەر چەندە درێژەدان بە خوێندنەكەی لەلا بەنرخ بوو، بەڵام هەستی بە ستەم دەكرد و خۆی ڕانەگرت كە لە بەربەرەكانێی چەكدارانە لە بەرانبەر هێرشی دوژمنی شەڕخوازدا دەست ڕاگرێ. لە ساڵی 1359دا چەكی پێشمەرگایەتی هەڵگرت. هەر چەندە پێیان دەگوت جارێ كوردستان پێویستی بە چەك هەڵگرتنی تۆ نییە. دڵی ڕا نەدەوەستاو لە ڕیزی خەبات نەدەچووە دەر و بۆ چالاكی و جەنگ دەڕۆیی. 
زۆر جار كە فەرماندەكان لەگەڵ خۆیان نەیان دەبرد بە خۆشی ونوكتە دەیگوت منیش بەرن ئەو هەموو پێشمەرگە نانەوایەكیان دەوێ بە شانازییەوە بۆ خۆی و بە داخەوە بۆ هەموو هاوسەنگەرانی لە ڕۆژی 16/خاكەلێوە/1361 دا لە دووڕیانی ( سیاومە ــ ماماڵ ) لە دەشتە تاڵی ناوچەی بانە بە هۆی مینێكی دوژمن كە لە ژێر ماشێنەكەیاندا تەقییەوە شابازی گیانی بەرەو بەهەشتی شەهیدان لە شەقەی باڵیدا و لەشی زەنوێری بە ئاگری كینەی قین لە دڵان هەڵ پڕوكا. 
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید عەبدوڵاو شەهیدانی سازمانی خەبات و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی و كوردو كوردستان

1 مانگ و 7 کاتژمێر و 45 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا نانەوا

یادی سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا نانەوا



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن