دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

سەرخستنی‌ خەباتی مافویستی لەپێناو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا

سەرخستنی‌ خەباتی مافویستی لەپێناو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا
شیلان محەممەدی

کۆمەڵگا بە ئازادی و ئارامی ژیان و گەیشتن بە مافەکانی هەردوو رەگەزیەوە دەبێتە کۆمەڵگەیەکی سالم و مۆدێڕن و پێشکەوتوو. لە کۆنەوە و لە سەردەمەکانی پێش مۆدێڕنیتە و


کۆمەڵگا بە ئازادی و ئارامی ژیان و گەیشتن بە مافەکانی هەردوو رەگەزیەوە دەبێتە کۆمەڵگەیەکی سالم و مۆدێڕن و پێشکەوتوو.
لە کۆنەوە و لە سەردەمەکانی پێش مۆدێڕنیتە و سەدەی بیستەم، و هەروەها سەردەم دوای سەردەم، بارودۆخی ئافرەتان و تەنانەت کۆمەڵگاکانیش جیاوازبوون و ڕەفتارو ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ هەریەکە لە چینەکانی کۆمەڵگاو بەتایبەتیش ئافرەتان تایبەت بووە لەگەڵ سەردەمی تایبەتی خۆی، لەکۆندا قۆناغ هەبووە کە ئافرەتان وەک بەردەو کۆیلە لێیان ڕوانراوە و وەک ئامرازێکی بازرگانی بەکاریان هێناون، هەروەها سەردەمیش هەبووە کە ئافرەت سالار و باڵادەست و خاوەن توانا و داهێنان و کارامە بووە. سەردەمیش هەبووە کە هەردو ڕەگەزەکە بە جیاوازییەکی کەمتر لە یەک پێکەوە ژیاون و تا رادەیێک دەوری تەواوکەری یەکدیان گێڕاوه، و ئەوە هیوا و خولیای هەموو ویژدانێکی وەخەبەرە کە سەردەمێکیش بێ بە تەواوی مانای بەرابەری و عەداڵەت لە نێوان هەردوو رەگەز جێگیر بێ و بە مانای ووشە دۆزێک بە ناوی دۆزی ژنان و کێشە و گرفتەکانیان وەک رەگەز بوونی نەمێنێ‌.
ئەگەر بمانهەوی بە وردی باسی سەردەمە جۆراوجۆرەکان بکەین و نادادپەروەری و ناعەدالەتیەکانی سەر ژنان تاوتوێ‌ بکەین، ئەوە کاتێکی زۆر دەخاێنێ‌ و زیاتر مەبەستەکە ئاماژەیێکی خێرا بە بێ مافی و چەوساندنەوەکانی توێژی ئافرەت بە سەردەمی ئێستایە کە بەداخەوە ئەوەی دەبیندرێ‌ بەردەوامی و بنبڕ نەبوونی کێشەکانی ژنان بە تایبەت لە وەڵاتە دیکتاتۆرلێدراوەکانە.
هەر کێشەو گرفت و دیاردەیەکی کۆمەڵگا لەگەڵ بوونی زیان و لێکەوتەو قوربانیەکانی، بێگومان دەکرێ چارەسەر و رێگەچارەی دروست و شیاویشی بۆ بدۆزرێتەوە بەپێی رێژە و چەندوچۆنایەتی ئەو دیاردە و کارەساتانە.
گەورەترین بەربەست لە هەمبەر گەیشتنی ئافرەتان بە مافەکانیان ئەوەی لە کۆنەوە تا ئێستاش بە بەربڵاوی بەرۆکی ژنانی بەرنەداوە، دیاردەیێکە بە ناوی بێدەنگ بوون و قبووڵ کردنی ستەم و چەوسانەوەکانە و بە نۆرماڵ بینی هەموو ئەو توندوتیژی و ستەمانەیە کە لە لایەن خێزان یان کۆمەلگا یان خود دەسەڵاتی سیاسیەوە بەرێوە دەچێ. ئەوە دیاردەیێکی کشندەیە کە هێندەی سورەت مەسەلەکە و خودی کێشەکە کە کێشەی ئافرەت بە گشتیە ئازاربەخشتر و خەمهێنەرترە. لەوانەیە ئاسایی بێ کەسانێک ویستی زێدەخوازیی و قبووڵ نەکردنی ئەوی تر وا بکات دەست بداتە ستم و چەوساونەوە و زوڵم، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە ئەوەیە کە ئەو ویستە نابەجێیە هیچی لەبەرانبەر نەکرێ‌ و بێدەنگ بین و رێگە بە بەردەوامی ئەو کوشتنە روحی و رەوانیە بدەین.
لە ئاستی نێونەتەوەیی دوو حەوتوو دیاری کراوە وەک حەوتووی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەو ماوە زەمەنیەدا بەلێشاو باس لە بێ مافی و سەرکوت و چەوساندنەوەکان و ئەو زوڵمانەی دەرحەق بە ئافرەتان دەکرێ، دەخرێنە بەرباس و لێکدانەوە، کۆڕو سیمینارەکان تەرخان دەکرێن بۆ ئەو باسانە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەو ڕەوتە هەر درێژەی هەیە و کۆتایی نەهاتووە.
بۆ پێشگرتن لەو دیاردەیەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، ناوەندی ژنانی رۆژهەلات کەمپەینێکیان بە ناوی کەمپەینی ((بێدەنگی بشکێنن )) ڕاگەیاندووە و هەوڵەکان بۆ ووشیاری کۆمەلگا و ئاگادارکردنەوەی ژنانی کورد دەستی پێکردووە و ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە بەجددی و بەشێوەیەکی پراکتیکی بکەوینە تێکۆشان لەپێناو بنبڕکردنی زوڵم و زۆر و ناحەقی رەگەزێک بەرامبەر رەگەزێکی دیکە لەهەموو پانتاییەکانی ژیان.
ئەوە حەقیقەتە کە ئافرەت لەگەڵ پیاو بەتەواوی جیاوازە و هەر بەو جیاوازی فیزیکی و ئەقڵیەوە خوڵقاون، کەوایە دەبێ ئەوە ڕوون ببێتەوە کە ئەوە سروشتەو ناکرێ بگۆڕدرێ، بەڵام ئەوە ڕوونە کە هەردوولا هاوکات مرۆڤن و حەق و مافی ژیانێکی ئارام و بێ چەوسانەوەیان هەیە.
ئەوەش ئەو راستیەیە کە پێویستی هەموو تاکێکی کورد چ ژن و چ پیاو بیزانن و نەک هەر زانین بەڵکوو باوەری پێ بێنن و ئەگەر یاساش لە ئێستادا پشتگیری ئەو بۆچوونە نەبێ، پێویستە ببێتە کلتوورێک کە لەناو کۆمەڵگا کاری پێ بکرێ‌.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە تێکۆشانەکانی ئێمە لەو پێناوەدابێ کە هەردوو ڕەگەز ماف و ئەرکی خۆیان بزانن بەرامبەر بەیەکتری لەژیانی هاوسەرگیری داو هەروەها بەرامبەر کۆمەڵگاو خێزان و منداڵ و کەسانی دەوروبەر، لەژیانی هاوبەشدا پێویستە هەردوو ڕەگەز وەک دوو هاوبەشی حەقیقی دەور بگێڕن و ئەرکی ژیانەکەیان بە هاوبەشی و ڕاوێژی یەکتر ئەنجام بدەن، نەک یەکیان فەرماندەر و ئەوی دیکە فەرمانبەر بێ.
هاوکات لە هەر وڵاتێکدا بە ئەندازەیەک هەریەکە لە دەسەڵات، یاسا، کۆمەڵگا، خێزانەکان دەخیلن لە چارەسەرو دۆزینەوەی رێگەچارەی کێشەو گرفتەکان، سەرەتا پێویستە دەسەڵات و یاسا بە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەو هەڵسەنگاندنی تواناکان.... پەیڕەو کردنی سیاسەتی ئاپارتایت و بەپێی عەقاید و عەقڵیەتی خۆیان، یاساکان دانەڕێژن و کاری پێنەکەن.
دواتریش کۆمەڵگا دەبێ هۆشیار بکرێتەوەو پاکسازی بکرێ لەنێوان کولتور و داب و نەریتە کۆن و بەسەرچووە باوەکان و بەپێی سەردەم لەگەڵ بابەتەکان ڕووبەڕوو ببنەوە، ئەو دیاردانەی کە بێزراون و جگە لە سەختی و کارەسات هیچ شتێکی تێدانیە بۆ تاکی ڕەگەزایەتی، وەلا بنرێن و بخرێنە زبڵدانەوە.
وە خێزان کە بناغەی دروستکردنی کۆمەڵگای سالمە، پێویستە پێڕەوی لەو یاسایانە بکات کە نابێ بەهیچ جۆرێک جیاوازی لەنێوان کچ و کوڕدا بکات، پێویستە خانەوادە منداڵەکانیان وا باربێنن کە لەڕووی ماف و ئەرکەوە وەک یەک و هەردوکیان دەتوانن وەک مرۆڤ هەوڵی مافەکانیان بدەن و بۆیان فەراهەم بکرێ، نەک لەپێناو یەکیان، یەکیان بچەوسێندرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە دایک و باوک ببنە ئولگوی منداڵەکانیان بۆ فێربوونی رەفتار و شتی باش.
چونکە یەکەم سەرچاوەی فێربوونی منداڵ دایک و باوکیەتی، و ئەوەندەی بە دیتنی کردەوە و ڕەفتارەکان سیگناڵ وەردەگرێ، ئەوەندە بە قسەو کەلام شت فێرنابێ، کەواتە منداڵ درێژەدەری رەفتاری گەورەکانیەتی.
منداڵێک کە باش پەروەردە کراو تەحویلی کۆمەڵگا درا، ئەوکاتە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و تەندروست بینا دەکرێ.

4 ساڵ و 5 مانگ و 14 ڕۆژ و 14 کاتژمێر و 30 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

سەرخستنی‌ خەباتی مافویستی لەپێناو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا

سەرخستنی‌ خەباتی مافویستی لەپێناو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن