دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

پلینۆمی سێهەمی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات بەرێوەچوو

پلینۆمی سێهەمی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات بەرێوەچوو

خەباتمێدیا: رۆژانی یەک شەممە و دووشەممە، ٢ و ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتی، پلینۆمی سێهەمی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خ

خەباتمێدیا: رۆژانی یەک شەممە و دووشەممە، ٢ و ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتی کاک بابەشێخ، پلینۆمی سێهەمی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بەرێوەچوو. 


رۆژی یەکەمی کاری پلینۆم، ژمارەیەک له‌‌‌ کادر و بەرپرسانی سازمانی خەبات لە ناوخۆ و دەرەوە بە مەبەستی راوێژکردن بەشدارییان پێکرا. سەرەتای کاری پلینۆمیش بە دەقیقەیێک وێستان و بێده‌‌‌نگی بۆ رێزگرتن لە روحی پاکی شەهیدانی سازمانی خەبات و رۆحی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی دامەزرێنەری سازمان دەستی پێکرد.


بەرێز سکرتیری گشتی سازمانی خەبات راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی خۆی بۆ پلینۆمی سێهەم پێشکەش کرد. له‌‌‌و ڕاپۆرته‌‌‌دا کاک باباشێخ، شیکردنەوە و باسێکی تێر و تەسەلی لەسەر دوایین ئاڵوگۆر و پێشهات و رووداوەکانی جیهانی و ناوچەیی کردو شیکاری به‌‌‌پێزی بۆ کوردستان و ئێران و و بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد و سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران کرد، و لەسەر هەر کام لەو تەوەرانە دید و بۆچوون و خوێندنەوەی خۆی پێشکەش بە پلینۆمی سێهەم کرد.


کاک بابه‌‌‌شێخ حسێنی لە سەرەتای قسەکانی بە ئاوردانەوەیێک لە سەر بارودۆخ و نەخشەی سیاسی جیهان، تیشکی خستە سەر سیاسەتی هەنووکەیی جیهانی و باسی لە سەر بلۆکبەندییە جیهانیەکان، کێشەی نێوان ووڵاتانی خاوەن هێزی جیهان بە تایبەت ناکۆکی لە نێوان ئەمریکا و روسیە لە لایەک و کێشەی ئەمریکا لە گەل چین و هەروەها ناکۆکی نێوان ئەمریکاو ئوروپاو .....هتد کردو ووتی ئەو هەلومەرجە دەرخەری ئاڵۆزی قوڵی سیاسی و ناتەبایی لە پێوەندیەکانی حکومەتە خاوەن هێزەکانی جیهانە کە ئەو ئاڵۆزیانە خۆیان لە کێشە سیاسی و ئابووری و ناوچەییەکان و خاوەنداری جیهاندا دەبینێتەوە. 


لەناو کێشەکان بە تایبەتی تیشکی خستەسەر:


١. ناکۆکی ئەمریکاو روسیە لە پێوەند بە رێکەوتنی مووشەکی و ئەگەری پاشەکشەی ئەمریکا لەو ریکەوتنەو سەرلەنوێ‌ سەرهەڵدانەوەی پێشبرکێ و پەرەپێدانی چەکی مووشەکی و ئەتۆمی. بێگومان ئەو ناکۆکیە سیاسیانە مێژوویێکی دووریان هەیە بەڵام پەرەگرتنیان لە دوای ماوەیەک لە ئاسایی بوونەوەو پێوەندیەکان و کەمبوونەوەی گرژییەکان ئەو ڕاستیە دەردەخا کە هەلومەرجی سیاسی جیهانی بۆ سەردەمی جەنگی سارد دەگەرێتەوە بەو جیاوازیەی کە لە ئێستادا ناکۆکی لە نێوان ووڵاتانی بلۆکی رۆژئاوایی(غەربی) لە ئارادایە.


٢. جیابوونەوەی ئینگلستان لە یەکێتی ئوروپا لە مانگی نوامبر.


٣. نەبوونی هاودەنگی ئەمریکاو ئوروپا هەروەها بوونی کێشەی سیاسی و ئابووری لە نێوانیاندا بە ڕادەیەک پەرەی سەندوە کە توانای سازمانی دیفاعی ناتۆی پێ‌ لاواز بووەو ئەگەر پێوەندیەکانی ووڵاتانی رۆژئاوایی هەر بەو شێوەی ئێستا ساردو ئاڵۆز بێ‌ مەترسی لە سەرداهاتوی رێکخراوی ناتۆ زیاتر دەبێ‌.


٤. بەردەوامی لە دانەمەزراوی ئابووری.


٥. دەور و پێگەی ووڵاتی چین و پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا


٦. حکومەتی ئەمریکاو سیاسەتەکانی.


بەرێزیان لەو بەشەدا ئاماژەی بە سیاسەتی دروستی سازمانی خەبات ی کوردستان و پێداگری لەسەر بەرەوام بوون لەسەر ئەو سیاسەتە کرد و جارێکی تر پێداگری لەسەر ئەوە کرایەوە کە سەرمایەدانان لەسەر سیاسەتی بەرژوەندیخوازانەی نێونەتەوەیی هەڵەیە و لەچاوەروانی مانەوە بۆ هاوتەریب بوونی بەرژوەندییەکانیش بەفیرۆ دانی کات و شوێن کەوتنی خەیاڵ و ناراستیە، جیاواز لەوەی کە لەهاتنە ئارای هەر دەرفەتێکی نێونەتەوەیی پێویستە زۆرترین سوود بە قازانجی نەتەوەکەمان وەدەست بێنین و رەدکردنەوەی هەر جۆرە دەرفەتێکی لەم شێوەیە لەژێر هەیمەنەی فکری دژی ئیمپریالیستی بەهەمان رێژەی سیاسەتی چاوەروانی هەڵە و ناتەبا لەگەڵ سیاسەتی ژیرانەیە. 


کاک بابەشێخ حسێنی لەبەشێکی تری قسەکانی دا بە ئاماژە دان بە بەهاری عەرەبی و ئاکامە باش و خراپەکانی و کاریگەرییەکانی، تیشکی خستەسەر هەلو مەرجی ناوچەکە و لەو پێوەندییەدا ئەو تەوەرانەی خستە روو:


١. کێشەی عەرەب و ئیسرائیل


٢. کێشەی عەرەب و عەرەب


٣. کێشەی کورد و ستەمی حکومەتە زاڵمەکانی داگیرکەری کوردستان


٤. کێشەی سیاسی و هەوڵی خاوەنداریەتی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەن سعودیە و رژیمی ئاخوندی.....هتد 


٥. بوونی بیروبۆچوون و دین و مەزهەبە جیاجیاکان لە ناوچە و دیاردەی توندڕەوی فکری و مەزهەبی لە ناوچەکەدا


٦. کێشەی نەتەوەکانی ژێردەستە و مافخوراو و یەک لەوان کورد


٧. بەهاری عەرەبی لە پێوەند بە ناوچەکە 


بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی باسی لەسەر هەوڵە شەرئەنگێزەکانی رژیمی ئاخوندیی کردو ووتی: دەوری رژیمی ئێران لە ناوچەکەدا دەورێکی تێکدەرانەیه‌‌‌ و بە پێچەوانەی قازانجی گەلانی ناوچەکەیە و هەموو هەوڵێکی دەسەڵاتدارانی ئێران ئەوەیە کە جیهان سەرقاڵ بکەن و له‌‌‌ هه‌‌‌مان کاتیش دا درێژه‌‌‌ به‌‌‌ دەست تێوەردانەکانیان له‌‌‌ ناوچەکە پەرە پێبدەن و ترۆریزم و ئاژاوە بەربلاوتر بکەنەوە. هەر چەند جێگەی خۆشحالیە کە بە وریابوونەوەی گەلانی ناوچەکە ئەو سیاسەتە شاراوەو ئاشکرایانەی دەسەلاتی ئێران رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر لە قاو دەدرێن، هەر بۆیە شاهیدی هەوڵەکانین بۆ بڕینەوەی دەستی تێکدەرانەی ئاخوندان لە ناوچەکەو روبەڕووبوونەوەی تاقمە ترۆریستیەکانی پیوندیدار بە رژیمی ئێران و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەریی لەدژی ڕژیمی ئێران لە عێراق، لوبنان و یەمەن‌.


لەدرێژەی راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات، باسی کورد بە گشتی و بارودۆخی سیاسی هەر کام لە پارچەکانی کوردستانی کردو دۆخی هەنووکەی کوردستانی عیراق و کوردستانی سوریا و کوردستانی تورکیا لە پاش شیکردنەوە و هەلسەنگاندنێکی ورد بە دەرفەت و هەرەشە لێک درایەوە و پرسی یەکبوون و یەکریزی نێوخۆیی بە پارادایمی یەکلایکردنەوەی خوڵقانی هەرەشە یان دەرفەت زاندرا. 


سکرتێری گشتی سازمانی خەبات لە بەشێکی تری راپۆرتەکەی ئاماژەی بە دوایین گۆرانکارییەکانی وەڵاتی ئێران کرد و لەو باسەدا ئەو تەوەرانەی بە تێروتەسەلی شیکردەوە:


١. دەسەڵات و گەندەڵکاریەکانی.


٢. ستەم و بێدادیەکان.


٣. کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام و ئابڵوقەی ئابووری.


٤. کێشە و خەسارە کۆمەڵایەتیەکان.


٥. گرانی و بێکاری.


٦. رژیم یەکێک لە سەرچاوە سەرەکیەکانی ترۆریزمی نێودەوڵەتی.


٧. ئیعدامی تێکۆشەرانی کوردو ئێرانی.


٨. کوشتنی کۆڵبەرانی دەردو رەنج دیتوو.


٩. سەرکوتی نارازیان و گرتن و زیندانی کردن و دادگایی کردنیان، سەرکوتی کرێکارانی نەی شەکری حەوت تەپپە، سەرکوتی کرێکارانی شیرکەتی پۆڵا لە ئەهواز و دەیان کردەوەی دڕندانەی دیکە.


لە ڕاپۆرتی سکرتێی گشتی پێداگری لەسەر ئەو بۆچوونە کردەوە و وەبیری هینایەوە کە سیاسەتی نەرم و نیانی و باس لە ووتوێژ لەگەڵ رژیمی ئێران سیاسەتێکی شکست خواردووە و تەنیا رێگە چارە رووخانی ئەو دەسەڵاتەیه‌‌‌ لە لایەن خەڵکی ئێرانەوه‌‌‌. بەڕێزیان یەکگرتوویی و یەکریزی هێزە دژبەرەکانی رژیمی بە خاڵێکی گرینگ وەسف کردو هاوپەیمانەتی سازمانی خەبات و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شورای میللی مقاومەتی ئێرانی بە گرینگ زانی و بەردەوامی و پەرەدان بەو جۆرە هاوکارییانە بە زامنی زاڵ بوون بە سەر دیکتاتۆری ئاخوندان لێکدرایەوە.


بەرێز سکرتێری گشتی لە باسی کوردستانی ئێران و دۆخی سیاسی و ئالوگۆر و پێشهاتەکانی دا ئاماژەی بەوەدا کە ستەمی نەتەوایەتی لە سەرجەم رەهەندەکانیەوە نەک تەنیا وەک خۆی ماوەتەوە بەڵکو زیاتر پەرەی پێدراوە و روانگەی ئەمنیەتی بەسەر کوردستاندا زاڵە. لەبواری سیاسی رێگە بە بچووکترین نارەزایەتی نادرێ‌ و هەر جووڵەیێکیش سەپاندنی تاوانی زۆر قورس و لە ئەنجام دا ئیعدام و کوشتنی لێدەکەوێتەوە و هەر لەو پێوەندییەشدا ئیعدامە سیاسیەکان لە کوردستانی ئێران گەیشتۆتە بەرزترین ئاست. دوایین ئیعدامە سیاسیەکانیش لەسێدارەدانی رامین حسێن پەناهی و لوقمان و زانیار مورادی بوون کە شاهیدی حەرەکەتێکی نارەزایەتی گشتی لە لایەن خەلکی کوردستان بووین. بەبەردەوامی چالاکانی مەدەنی و کرێکاریی و خوێندکاریی و ژینگە پارێز و هتد.... بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات دەکرێن و دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی وەک مادەی هۆشبەر و فەحشا بێداد دەکات و بە نیسبەت بواری ئابووریش سیاسەتی دەسەڵات لەراست خەڵکی کوردستان ئەوەندەی تر ژیانی خەڵکی تووشی قەیران کردووە و ئەگەر خەڵکانێکیش بە ناچاری روو لە کۆڵبەری لە سنوورەکان بکەن ئەوە لەگەڵ گووللە و دەست بەسەرداگرتنی کەل و پەلەکانیان رووبەروو دەبنەوە. کوردستان لە بواری بێکاری خاوەنی زۆرترین رێژەیە و دەرئەنجامی ئەو بێکاریەش پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لە کوردستانە. هەر لەو پێوەندییەدا سکرتێری گشتی ئاماژەی بە ڕادەی بێزاری خەڵکی کوردستان لە دەسەڵات کردو ووتی کە کوردستان نمونەی خۆراگری لەبەرانبەر دیکتاتۆری ئاخوندییە و بێگومان بە هاتنی هەر دەرفەتێک کوردستانیان لە ریزی یەکەمی خرۆشان و راپەرینەکان دا دەبن.


کاک بابەشێخ لە پێوەند بە باسەکانی : جوڵانەوەی سەرانسەریی و ئەرکی ئۆپوزسیۆن ــ جولانەوەی کورد لە ئێران ـ


ـ ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و هەڵوێستی سازمانی خەبات


ــ سازمانی خەبات و ئەرکی رێبەرایەتی و کادرو ئەندامانی، قسە و باسێکی تێروتەسەلی باس کرد.


لە باسی جوڵانەوەی رزگاریخوازانە بە ئاماژەدان بە هەلوێستی ٤ حیزبی ناوەندی هاوکاریی و لە ئاکامی پێشێلکارییەکان کە بە هەڵوه‌‌‌شانەوەی ناوەندی هاوکاریی کۆتایی پێهات، سکرتێری گشتی نیگەرانی خۆی دەربری و ئەو جۆرە هەڵوێست و سیاسەتەی بە خالێکی مەترسیدار و بیرهێنەرەوەی سەردەمانی یەکتر نەخوێندنەوەی حیزبەکان لە کوردستان شوبهاند. سکرتێری گشتی هیوای خواست کە لە داهاتوویێکی نزیک دا لایەنەکان بە شێوەیێکی گشتگیر تر و بەرفراوانتر و بە روحیەتێکی نەتەوەیی و دیموکراتیک لەدەوری یەک کۆببنەوە و بە بێ سیاسەتی خۆفەرزکردن و خۆسەپاندن شاهیدی بەرەیێکی گشتگیرتری کوردستانی بین لە پێناو دەستەبەرکرانی مافە نەتەوەیی و سیاسیەکانی خەڵکی کوردستان و ڕوخانی رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی. دواهەمین بڕگەی راپۆرتی بەرێز سکرتێری گشتی باسی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بوو کە لەم بەشەدا بە تێروتەسەلی راپۆرتی کار و چالاکی و هەڵسوورانی سازمانی خەبات لە ماوەی نێوان دوو پلینۆم دا پێشکەش کرا و بە پشت بەستن بەو راپۆرتە گۆرانکاریی و پڕکردنەوەی کەموکوورییەکان خرایە دەستووری کاری پلینۆمی سێهەمی ناوەندی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێرانەوە.


لەدوای کۆتایی هاتن بە راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی سکرتێری گشتی قسە و باسێکی گەرم لەسەر ناوەرۆکی راپۆرتەکە لە لایەن بەشدارانی پلینۆم کرا و راپۆرتی سکرتێری گشتی بە کۆی دەنگ پەسەند کرا. هەروەها برگەی دواتر گوێگرتن بۆ راو سەرەنجی کادر و بەرپرسانی دەرەوەی سەرکردایەتی سازمان بوو و هەر کام پیشنیار و بۆچوونی خۆی لە بەش و ئورگانی تایبەت بە خۆیان و هەروەها بە گشتی سازمانی خەبات دەربڕی.


لە رۆژی دووهەمی کاری پلینۆم بەرپرسی هەر کام لە کومیسیۆنەکانی سازمان راپۆرتی کاری خۆیان لەماوەی نێوان دوو پلینۆم پێشکەش کرد و سەبارەت بە هەرکام لە بەشەکان قسە و باسێکی گەرم و تێر و تەسەل کرا و خاڵە ئەرێنیەکان و رەخنەکان لە کاری کۆمیسیۆن و بەشەکانی سازمان و کەند و کۆسپ و رێگەچارەکان لەراست باشتر کردنی کاروباری ئۆرگانەکانی پێشکەش کرا و چەندین ئالوگۆر و رێوشوێنی پێویست بە نیسبەت هەر کام لە ئورگانەکان پەسەند کرا. لەژێر رۆشنایی راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێری گشتی بەرنامە و کاری داهاتووی سازمانی خەبات بۆ بردنە پێشەوەی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان دیاری کرا و بە بەلێنی بەردەوام بوون لەسەر ئەرک و کارە تەشکیلاتیەکان کاری پلینۆم لە دوای 2 رۆژ کۆتایی پێهات.








 


 


5 ساڵ و 4 مانگ و 23 ڕۆژ و 7 کاتژمێر و 27 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پلینۆمی سێهەمی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات بەرێوەچوو

پلینۆمی سێهەمی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات بەرێوەچوو



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن