دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

سەروەری گەل شەهید برایم تاژانی

سەروەری گەل شەهید برایم تاژانی
کاتێک کە ناوی پێشمەرگە دەبردرێ واتا و مانای لە خۆ ولە قازانج بووردوویی دێتە دڵی ئادەمیزادەوە. کاتێک کە ناوی شەهید دەبردرێ واتاو مانای تیاچوون و شەهید بوونە لە ڕێی ئامانجی ڕەوادا....
کاتێ دەوترێ پێشمەرگە، مەبەست ڕۆڵەی کوردی کەمەر بەستۆ بۆ خەبات و موبارزەیە، کاتێک دەوترێ شەهید مەبەست و مانای ئەوەیە کە سینە بە سینەی دوژمن وێستابێ و شەڕە بەردی مەرگی لەگەڵ دوژمن کردبێ و چێژی لە مەرگی خۆی کردبێ. بەڵام چەند بکرێ مەرگ بە سەر دوژمندا ببارێنێ. کاتێک دەوترێ قارەمان، مەبەست پێشمەرگەی دەست هەڵێن و لێهاتوو و چاو نەترساوە کە وەک بەور دابێتە دوژمن و وەک هەور سامی مەیدانی جەنگ داگرێ. کاتێک دەوترێ شۆڕشگێر مەبەست کەسێکە کە باوەری بە خەباتی گەل هەبێت. بڕەنجێ و شادکرێ، لە شۆڕش هەڵنەبڕێ و قازانجی شۆڕشی بوێ و لە ڕیزی فیداکاران نەچێتەدەر. کاتێک کە دەڵێن پێشمەرگەی شۆڕشگێر و قارەمان، کەوایە شەهید کەسێکە کە ئەو هەموو ماناو مەبەستەی تێدا هاتبێتەدی و بە ئیمان و لێهاتوی و لە خۆبردووییەوە شەهید بووبێ. کاتێک کە ناوی شەهیدی ئاوایی دەبرێ یەکە یەکەی شەهیدان لەناو کۆڕی شەهیدان سەر هەڵدێنن دەڵەی بەناوی خۆیان بانگیان دەکەی و ناویان دەبەی. لە هەرە سەربەرزەکانیان کە گەردی شەهادەت بە ئەندازەی کێلی گلگۆی بەرزە... شەهید برایم تاژانیە، ئەو ڕۆڵە باڵابەرز و بە هێرش و بە هەڵمەتەیە. ئەو ڕۆڵە قارەمانە کە ترس و خاوی نەدەزانی و هەموو هەلێکی بەهەلی خۆی دەزانی، نە ڕامانی بوو نە دامان یەک بە هەزار بوو. لەشکری بێ ژمار بوو سینەی قەڵای بەرگری بوو لە بەری جەنگدا، وە سەری موشەکی ئارپیجی بوو لە هێرشدا. لە ناوی، دوژمن دەلەرزی بە دیمەنی دڵ و جەرگی نەتەوەیی دەتەزی.
شەهید برایم تاژانی کوڕی سەعید لە بنەماڵەیەکی جووتێر و خاوەن زەوی و زار لە ساڵی 1337ی کۆچی خۆڕی لە دێی تاژانی ناوچەی بانە لە دایک بوو.
دایک و باوکی لێی جیا بوونەوەو لە باوەشی گەرمی سۆزی مامەکانی دا گەورە بوو. بەشی خوێندنەوەو نووسینی خوێند. پاشان لە کاری کشتوکاڵ دا لەگەڵ مامەکانی ژیانی مێر منداڵی و شلکە لاوی بردەسەر. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی خەڵکی ئێران و پێک هاتنی هێزی خەڵک، بوو بە یەکێک لە چەکدارانی پاسگای دێی تاژان و هەر لەوێوە ڕێگای پێشمەرگایەتی کوردستانی گرتەبەر.
لە ساڵی 1359 دا هاتە ڕیزی پێشمەرگە خاوەن باوەڕەکانی سازمانی خەباتەوە. شەهید برایم تاژانی ڕۆڵەیەکی لێهاتوو و چاونەترس و چالاک بوو. پێشمەرگەیەکی لە خۆبردوو و فیداکار بوو، لە زۆربەری جەنگەکانی ناوچەی بانە دا بەشداری کردووە. لە هەموو جەنگێ٠Žک دا پەڕێزی دیاربوو. لە دروێنە کردنی دڕک وداڵی دوژمنانی کوردستاندا سەر پاڵە بوو. شەهید برایم 3 جار بریندار بوو بەڵام برینداری ورەی ئەو قارەمانەی بەرزتر دەکرد. شەهید برایم تاژانی لە بانەمەڕی 1362دا کرا بە فەرماندەی لقی شەهیدانی بانە لە هێزی شەهید خەلیل، لە ڕێبەندانی 1363دا کرا بە جێگری فەرماندەی هێزی ناوبراو ماوەیەکی کەمی چەند ڕۆژی لە دەرەوەی ڕیزی پێشمەرگە خۆی دەگرت و بێ ئەو ڕیزە هەڵی نەدەکرد. لەو ماوە کەمە داو بۆ خۆبەخت کردن و زەربەت دان لە دوژمن دەڕۆیی. تیغی جەوهەردار بوو خۆی لە کالان رانەدەگرت و دەستکەوتەکانی بە پاکی هەر بۆ کۆگای خەبات بوو. برایم تاژانی قارەمانی بێ ئەمان بوو، پێشمەرگەی بە جەرگ بوو، ڕۆڵەی تۆڵە بوو، هیواو هومێدی ڕیزی خەبات بوو، ئامانجی خەبات ئاواتی بوو.
برایم تاژانی نازانی چ بوو کێ بوو، دەبێ لە هاوەڵان و خەڵکی ناوچە بپرسی کێ بوو، چۆن بوو؟
ڕێبازی خەبات دەبێ سەری قارەمانی وابکرێ بە پردەبازی سەری ئەوانەی کە بەسەر بەرزی ژیاون و بە سەربەرزی شەهید کراون. گەلی کورد ڕۆڵەی وای زۆرن کە رێی خەبات و شەهادەت بە ئاوەدانی دەهێڵنەوە. شەقامی خەبات بە خوێنی خۆیان دەر دەکێشن، گیانی خۆیان بۆ خەبات دەوێ و سەری خۆیان بۆ پردەبازی ڕێی ئازادی کوردستان داناوە. یادی قارەمانی وەک شەهید برایم تاژانی بۆ شانازی و سەربەرزییە نەک بۆ پەژارەو ژێوانی. قارەمانەکان خۆیان بۆ ئەو ڕێگە دەوێ. گەلی کوردیش بەرخی نێری بۆ قوربانی دەوێ، شەهادەتی سوور خەڵاتە شیاوی ئەوانە، لای قارەمانان مەرگی سەر جێ سووکە و زیانە. بەڵێ هەر بۆیە شەهید برایم تاژانی نەبەزی ونەتەزی درێژەی دا بە خەبات و پێی وابوو شوان تا دانیشێ مەڕی دوور دەکەوێتەوە. ڕۆڵەی کورد نابێت لە خەبات وچان بگرێت. خۆ ئەگەر سەرکەوتنی گەلی کورد نەبینێ خۆسەربەرزی
خۆی وگەل بە شەهادەت دەبینێ، وچانی لە خەبات نەگرت لە ڕۆژی 10/3/1364 لە جەنگێکدا کە زیاتر لە سی کەس لە هێزی دوژمنی تێدا کوژران. بە سەربەرزی و ڕوسووری بەرگی سوورخەڵاتی شەهادەت کردەبەر گیانی پاکی لە ڕۆژئاوای ئارمردەی ناوچەی بانەوە بەرەو بەهەشتی شەهیدان هەڵفڕی وتەرمی پیرۆزی چوونە ناو باوەشی نیشتمانەوە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پڕ لە شانازی شەهید برایم و هاوەڵانی


3 ساڵ و 11 مانگ و 20 ڕۆژ و 9 کاتژمێر و 51 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن