دووشه‌مه‌‌ 

31 گوڵان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا قەیتولی ناسراو بە(ئاوارە)

سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا قەیتولی ناسراو بە(ئاوارە)
چەندی داگیرکەران لە سەر داگیرکردنی خاکمان سووربن. چەندی دوژمنانی گەل خەیانەت وکوشت وکوشتار بکەن. چەندی بە دەیان و سەدان تەرمی پیرۆزی ڕۆڵە فیداکارەکانی ئەم ئاو و خاکە بە دەستی دوژمنانمان بکەونە سەر عەرز، گەلی قارەمان و کۆڵنەدەری کورد بە چۆکدا نایەت و دەست لە شۆڕش و موبارزە هەڵناگرێت و کاروانی لاوانی کوردستان بەرەو کۆڕی خەبات بێ پسانەوە و حەسانەوە، ڕێگەی خۆی دەپێوێت و تا گەیشتن بە لوتکەی ئامانج درێژە بە ڕێگەی شەهیدە هەمیشە زیندووەکانمان دەدات. دایکانی بە شەرەفی نیشتمان پەروەری کوردەواری لەگەڵ هەر لای لایەو لاواندنەوەیەکی کۆرپەی خۆشەویستیان دەرسی خۆڕاگری و موقاوەمەت لە بەرانبەر دوژمنانی گەل و خۆشەویستی دایکی گەورە نیشتمانی کوردیان فێر دەکەن و هەربۆیە لاوانی بە شەرەفی گەلەکەمان ناتوانن تەحەمولی زوڵم وزۆری داگیرکەران بکەن و چاویان بە داگیرکەرانی کوردستان هەڵنایەو بەبێ دوو دڵی ڕیزی پڕ لە شەرەفی کوردەواری هەڵدەبژێرن و بە گیان و دڵ بۆ پاک کردنەوەی کوردستان لە شوێنەواری داگیرکەر هەوڵ دەدەن و لەو پێناوەدا دەست لە هەموو خۆشیەکی ژیان هەڵدەگرن، تا ڕادەیەی گیان بەخشین دەڕۆن و بەوپەڕی سەخاوەتەوە گیانی پیرۆزیان دەبەخشن . بەڵێ شەهیدە بەرزەکانمان ڕوناک کەرەوەی ڕێگای بێ پەڵەی خەباتن و هەر لاپەڕەیەکی ژیانی سەربەرزانەیان دەرسی فیداکاری و موقاومەت فێری رێبوارانی ئەو ڕیبازی دەکەن. داگیرکەرانی کوردستان بۆ بەچۆک داهێنانی شۆڕشگێڕان و بەناو خەواندنی شۆڕشی ڕەوای کوردستان لە هیچ چەشنە تاوان و جینایەتێک درێغیان نەکردووە و نایکەن. هەر لە زیندان و ئیعدام و کوشت و بڕەوە بگرە هەتا سیخۆڕ دروست کردن لە ڕیزەکانی شۆڕش و مین دانانەوە لە سەر ڕێگای پێشمەرگەدا بۆ چوونە سەری مەبەستە گلاوەکانیان، بەڵام کوا ڕۆڵە فیداکارەکانی گەل قارەمانانی بار هاتوو لە مەکتەبی فیداکاری وخۆڕاگری دا بەو بایانە دەلەرزن تەنانەت مسقاڵێک لە باوەڕی پتەوەیان بە شۆڕش کز ناکات. بۆ چوونە سەری بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد وازیان لە هەر چەشنە قازانجێکی شەخسی خۆیان هێناوە و تا دوا کاتەکانی ژیانی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتیان لە خزمەت شۆڕش و گەلدا بوون لەو پێناوەدا بەو پەڕی شانازییەوە گیانی پاک و پیرۆزیان بەخشی و چوونە ڕیزی شەهیدە سوور خەڵاتەکانی شۆڕشی گەلەوە. لاپەڕەکانی ژیانی هەرکام لەو شەهیدە سەربەرزانە پڕن لە دەرسی فیداکاری و خۆڕاگری، وەک یادگارێکی بە نرخ لە پاشیان بە جێ ماوە و بۆ بەرەکانی داهاتووی ئەو کوردستانە وەک کتێبێکی بە نرخ بۆ فێر بوونی دەرسی پارێزگاری لە بەرهەمەکانی شۆڕش و خوێنی شەهیدان کەڵکی لێ وەردەگرن.


لە یادی سەروەرانی ئەمرۆماندا یادی ڕۆڵەیەکی دیکە لە مەیدانی خەبات و تێکۆشان دەکەین کە سەرەڕای هەژاری و ئاوارەیی بنەماڵەکەی بەوپەڕی لە خۆ بردووییەوە هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگایەتییەوە و لەو پێناوەدا گیانی پاکی پێشکەش بە دایکی نیشتمان کرد. ئەو شەهیدە هەمیشە زیندووە شەهید عەبدوڵا قەیتووڵی ناسراو بە(ئاوارە)یە. 


شەهید عەبدوڵا کوڕی عەلی، لە ساڵ (1348) لە ئاوایی قەیتوڵی سەر بە شاری جوانڕۆ چاوی بە کوردستانی بەش مەینەت و چەوساوە هەڵێنا. کاک عەبدوڵا لە ژێر باری ستەمی گرانی داگیرکەرانی حکومەتی پاشایەتیدا هەر دەهات و گەورە دەبوو کاتێ پێی نایە(7) ساڵی باوکی سەرەڕای ئەوەی کە فەقیرو بێ دەرەتان بوو، بەڵام لە بەر ئەوەی کە جگەر گۆشەکەی وەک خۆی کوێر و بێ دەسەڵات نەبێت ناردیە مەدرەسەو بە فەقیری و هەژاری کەل وپەلی مەدرەسەی بۆ فەراهەم کرد. شەهید عەبدوڵا تا پۆڵی 5ی ئیبتدایی درێژەی بە خوێندن دا.


دوای ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری دەستەیەک ئاخوندی بێ مێشک لە ئێراندا هێرشی لەشکەری دەگیرکەری ئاخوندی بۆ سەر کوردستان و هەروەها دەست پێ کردنی شەڕی ئێران وعێراق لە سنوورەکانی ئاوایی قەیتول یەکێک لەو سەدان ئاواییەی کوردستان بوو کە کەوتە بەر ئاگری سووتێنەری ئەو شەڕە ماڵ وێران کەرەوە. خەڵکی ئەو گوندە زۆربەیان ئاوارەی عێراق بوون کە یەکێک لەو بنەماڵانە، بنەماڵەی شەهید عەبدوڵا بوو. شەهید وێڕای بنەماڵەکەی پاش کێشانی تاڵی و ناخۆشی و دەردی ئاوارەیی و دەربەدەری لە ئۆردوگای ئاوارە ئێرانییەکان لە روومادییە گیرسایەوە، ئە قۆناغەی ژیانی بنەماڵەی شەهید عەبدوڵا زۆر سەخت و دژوار بوو. چونکە پیری وکەنفتی باوکی و خێزانداری بنەماڵەکەیان شەهید عەبدوڵای وادار کرد کە ڕەنج و زەحمەتێکی زیاتر بکێشێ تا بتوانێ بژێوی ئەوان لە ئاوارەیی و دەربەدەرییەوە دابین بکات و موحتاجی کەس نەبن. شەهید عەبدوڵا وێڕای ئاوارەیی و دەربەدەری و هەژاری بنەماڵەکەی بۆ ساتێکیش شۆڕش وپێشمەرگایەتی لە بیر نەکرد. لە ئۆردوگاش وەک لایەنگری سازمان کاری دەکرد و پەیوەندی لەگەڵ سازمان دەوامی هەبوو. پێی خۆش بوو کە زووتر بێتە ڕیزی پێشمەرگایەتی سازمانی خەباتەوە. شەهید عەبدوڵا لە ڕێکەوتی 1/رەزبەری/1368دا بە باوەڕێکی


پتەو بە شۆرش هاتە ڕیزی پێشمەرگایەتی سازمانی خەبات و پاش ڕاهێنان و بارهێنان نێردرایە مەڵبەندی یەکی سازمانەوە. شەهید عەبدوڵا کوڕێکی قسە خۆش و لەبەر دڵان بوو. بەردەوام خەریکی موتالەعەو بردنە سەری پلەی زانیاری خۆی وهەڤاڵانی بوو. شەهید عەبدوڵا بە هۆی دڵسۆزی ودڵپاکی لەو ماوە کەمەی پێشمەرگایەتیدا کە لە خۆی نیشان دا، کرا بە کادری بێ تەلی مەڵبەندی یەک و زۆر دڵسۆزانە ئەو ئەرکەی بەڕێوە برد. شەهید عەبدوڵا لە بەهاری 1369دا لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی مەڵبەندی یەک بۆ گەڕانی سیاسی نیزامی بەرەو ناوچەکانی جنوبی کوردستان بەرێ بوون. پاش گەڕانێکی چەند ڕۆژ لەو ناوچانە شەهید عەبدوڵا لەو مەئمورییەتەشدا زۆر هەڵسوڕاوانە کاری کرد. بەڵام داگیرکەرانی کوردستان کە لە ترسی پێشمەرگە لە هیچ کونێکدا جێگایان نابێتەوە، سەرەڕای مین گوزاری پایەگاکان، ڕێگاوبان و شاخی و کێوی کوردستانیشیان بە مەوادی (تەقەمەنی) ومین پڕ کردبوو تا بەخەیاڵی خاویان بەر لە جموجۆڵی پێشمەرگە بگرن. لە درێژەی گەرانی پێشمەرگەکانی سازمان لە ناوچەی بانە شەوی 20لەسەر21ی جۆزەردان شەهید عەبدوڵا لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی دیکە کە بۆ مەئموورییەتێکی سازمان دەڕویشتن لە ساعەت 12ی شەودا مینێکی تەڵەیی پڕ قودرەتی بەکرێگیراوانی ڕژێمی ئێران کە لە پشت ئاوایی نیروانی ناوچەی بانە نرابۆوە لە ژێر پێیاندا تەقییەوەو شەهید ئاوارە وهەڤاڵێکی دیکەی شەهید بوون و ژیانی پێشمەرگایەتی شەهید عەبدوڵا وەک ژیانی خۆی جوانەمەرگ بوو. تەرمی پیرۆزی شەهید عەبدوڵا بە ڕەنج و زەحمەتی هەڤاڵانی گوێزرایەوە بۆ گۆرستانی ڕۆمادییە و لە خاکی غوربەت و ئاوارەیی چووە باوەشی خاکەوە و گیانی پاکی بەدایکی نیشتمان کوردستانی خۆشەویست بەخشی.


هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید ئاوارەو هەڤاڵانی


3 ساڵ و 11 مانگ و 9 ڕۆژ و 7 کاتژمێر و 46 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن