چوارشه‌مه‌ 

30 جۆزه‌ردان 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی ٢٢ی رێبەندان و ئەزموونەکانی!

یادی ٢٢ی رێبەندان و ئەزموونەکانی!
عه‌لی به‌هرامی

عەلی بەهرامی

ساڵی ١٣٥٧ی کۆچی خۆری گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران دژ بە زۆر و ستەمی دەسەڵاتی پەهلەوی دەستیان دایە راپەرین و لە دوای چەند مانگ توانیان کۆشکی زوڵم و نادادی وەلەرزە بێنن و محەمەد رەزا شای ئێران مەجبور بە تەرکی ئێران بکەن و لە ٢٢ی رێبەندانی هەمان ساڵدا جێژنی سەرکەوتن لە تێکڕای شار و ناچەکانی ئێران بگێڕن.

راپەرینی گەلانی ئێران بە کورد، فارس، ترک، عەرەب، بەلوچ و تێکڕای پێکهاتە نەتەوەیی و دینی و مەزهەبیەکانی دیکە بەو ئامانجە بوو کە کۆتایی بە زوڵم، جیاکاری و بێ مافیەکان بێنن و هەمووان پێکەوە بە ئازادی و مافی وەک یەک لە ئێراندا سەربەستانە و سەربەرزانە بە برایەتی بژین.

ئەوەی گەلانی ئێران خەباتیان بۆ دەکرد و ئەوەی ئامانجیان بوو بە سەرکەوتنی راپەرین بێتەدی،  بە بەرنامە و پیلانێک کە لەدەرەوەی سنوورەکان دارێژرابوو، ئاخوند خومەینی وەک رێبەری راپەرین هێنرایە مەیدان و بە کەڵک وەرگرتن لە هەستی دینی و مەزهەبی خەڵک رەوتی رووداوەکان و راپەرین بە لارێدا بران. بە پێچەوانەی ویست و ئارەزووی گەلانی ئێران خومەینی و هاوباوەرەکانی دەسەڵات و سیستەمێکی دواکەوتووی سەدە نێوەراستیان دامەزراند و بە زۆری هێز ویستیان ئێران سەدان ساڵ بۆ دواوە بگێڕنەوە.

لەبەرامبەر ئەم رەوتە دواکەوتوو و توندئاژۆیەی بە فرت و فێڵ و زۆر جومگەکانی دەسەڵاتیان لە ئێراندا گرتەدەست، نەتەوەی کورد و باقی ئازادیخوازانی ئێران کاردانەوەیان نیشاندا. نەتەوەی کورد هەر جۆرە خۆسەپێنی و دواکەوتوویەکی رەت کردووەو نەچووە ژێر باری درۆ و دەلەسەکانی ئاخوندان و رێگەی خەباتی رەوای بۆ دیفاع لە دەستکەوتەکانی راپەرین و خەڵک و نیشتمانەکەی گرتەبەر و ئەو خەبات و خۆراگریە لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئاخوندان هەتا ئێستایش بەردەوامەو درێژەی هەیە.

ئێستا کە ٤٣ ساڵ بەسەر دەسەڵاتداری ئاخوندان تێپەڕ دەبێ، دۆخی خەڵکی ئێران لە باری ئابووری، کۆمەلایەتی و زۆر باری دیکە تووشی داکشان و پاشەکشەی بەرچاو بووەو دەیان دیاردە و قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی داوێنی خەڵکی گرتووەو دەسەڵاتیش لەراست دۆخی خەڵک نەک هیچ بەرنامەیەکی بۆ چارەسەر نیە، بەڵکوو بە بەرنامە دەرد و رەنج و مەینەتیەکانی خەڵک رۆژ بە رۆژ زیاتر پەرە پێدەدا.

فەرنامی نارەوای خومەینی و پەلاماری کوردستان و داگیرکردنی بەزۆری هێز و سەپاندنی ئابڵوقەی ئابووری لەسەر ئەو ناوچە، سەپاندنی سیاسەتی یەک زمان و قەدەخەکردنی زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران، هەژاری، بێکاری، تەڵاق، هەڵاتنی مێشکەکان، پەرەپێدانی ئەنفالی سپی (مەوادی هۆشبەر)، کۆڵبەری، سوختبەری، هەڵاوسانی ئابووری، نەدانی حەقدەست و مەزایای کرێکاران و مامۆستایان، خواردنی ماڵی خەڵک بە بیانووی بورس و دامەزراوە ماڵیەکانی نزیک لە سپای پاسداران، دزی و گەندەڵی کە کۆی پێکهاتەی دەسەڵاتی تەنیوەتەوە، فرۆشتنی گۆلی قەزوین روسیە، کەنداوی فارس و دەریای عەممان و فرۆشتنی بەشێکی زۆر لە خاکی ئێران بە چین، دەستێوەردان لە وەڵاتان و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە، تەرخانکردنی سەرمایەی خەڵکی هەژار و برسی ئێران بۆ بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمیەکەی رژیم لە کارنامەی حوکمرانی ٤٣ساڵەی ئاخونداندایە.

رژیمی ئاخوندی لە ٤٣ ساڵی رابردوودا بە قەد هەموو پاشا و حاکمە گەندەڵ و ستەمگەرەکانی ئێران زوڵم و جەوری لەراست گەلانی ئێران ئەنجام داوە، لە هەمانکاتدا سیاسەتی فاشیستی و داگیرکەرانەی رژیمی پەهلەوی لە رژیمی ئاخوندی دا هەر ماوە و پەیڕەو دەکرێت، وەک میراتێک ئاخوندەکان ئەو داب و ڕێ و شوێنانەی دەسەڵاتی پاشایەتیان پاراستووە، بۆ نموونە پێشێل کردنی مافی کەمایەتیە مەزهەبیەکان وەک سوننی و بەهاییەکان، پێشێل کردنی مافی خۆجێیی ئابووری و کەلتووری نەتەوەکانی ئێران، ڕێگەنەدان بە خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکی و مافە ئەتنیکی و نەتەوەییەکان، دەسەڵاتداری بێئەملاولای یەک نەتەوە و یەک مەزهەب و ناوەندگەرایی و بەتاڵانبردنی سەرمایەی دیکەی نەتەوەکان و بردنی بۆ ناوەند و هەروەها هەڕەشە کردن لە وڵاتانی دراوسێ و فیکری فاشیستی و سەرکوتکردنی رۆشەنگەران و ئازادیخوازان ئەو کارنامە شووم و پڕ لە تاوانەی هەر دوو دەسەڵاتەکەن کە نابێ لێمان ون بێ و پێویستە  بە هاوکاری هێزە شۆرشگێڕ و نەتەوەییەکانی ئەو وەڵاتە سیستم و بیری دیکتاتۆری لە گۆڕ بنێین و بیر لە سیستەمێکی دیموکراتیک و خەڵکی لە ئێران بکەینەوە و بە ئەزموون لە رابردوو کار لەسەر وەدیهاتنی ماف و ئازادیەکانی نەتەوەی کورد و باقی نەتەوە ژێردەستەو ئازادیخوازەکانی کوردستان و ئێران بکەین.


2 ساڵ و 4 مانگ و 12 ڕۆژ و 9 کاتژمێر و 16 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی ٢٢ی رێبەندان و ئەزموونەکانی!

یادی ٢٢ی رێبەندان و ئەزموونەکانی!



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن