ماردین زاهدی
یەکێک لەو بابەتانەی کە لە ئێستا و لەم قۆناغەی شۆڕشی ژینا خۆی ئەنوێنێت پشتگیری مامۆستایانی ئایینی و نیشتمان پەروەر لەم شۆڕشە مەزنەیە. شۆڕشێک کە تێکڕای چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی گرتۆتەوه و پێکهاتەی ڕژیمی کردۆتە ئامانج و هەنگاو بە هەنگاو ئەو دەسەڵاتە نزیک بە ڕووخانی یەکجاری دەکاتەوە. شۆڕش و ڕاپەڕینی نوێ لەسەر دەسبەسەر کردنی ژینا، کچە کوردێک بە بیانوی حیجاب لە لایەن پۆڵیسی ڕەوشت(گشت ارشاد) و شەهید کرانی ئەو کچە سەری هەڵدا و یەکەم دروشمی سەرکۆنە کردنی ئەو کردەوە و نەهێشتنی گەشتی ئیرشاد بوو. بەڵام پاش ماوەیەکی کەم، ویستی سەرەکی خەڵکی لە نێو دروشمەکان خۆی نواند و تەواوی ڕژیمی کردە ئامانج.
دیارە ڕژیم بۆ بەلاڕێ بردنی ویست و داخوازی خەڵک, وێڕای ئەوەی کە هەڵبژاردنی شێوازی پۆشینی جل و بەرگ که مافی هەر مرۆڤێکە, باسی خۆ ڕووت کردنەوەی ژنانی کرد و تۆمەتی بێ ڕەوشتی لێیان دا کە ئەم سناریۆیە پێشتر و هەر لە دەستپێکی بە دەسەڵات گەیشتنی حکومەتی ئاخوندی و هێرش کردن بۆ سەر خەڵکی کوردستان بە تۆمەتی کۆفار و بێ دین و دژی شۆڕش و هەروەها دانی حوکمی جیهاد دەستی پێ کرد کە لەو سەردەمەدا یەکێک لە ڕێکارە گرینگەکانی دامەزراندنی سازمانی خەبات لە ژێر ناوی نەتەوایەتی و ئیسلامی بوو کە وەک دژ کردەوەیەک بۆ ئەو حوکمە ناڕەوای خومینی بەکار هات. خەڵکی کوردستان و تەنانەت ئێرانیش قەد نەک لە سەردەمی خومەینی و بەڵکوو لە سەردەمی خاندانی ئێران تێکودەرو ئاخوندسازی پەهلەویش، باوڕیان ڕێز گرتن لە هەموو بیر و باوڕەکان بووه. وەک چۆن لە کوردستان موسڵمان و یارسان و قەڵخانی و مەسیحی هتد هەن, نەتەوەی کورد وا ڕاهاتووە کە دژایەتی هیچ باوڕ و ئایینێک نەکات.
وەک چۆن پێشتر کە مامۆستایانی ئایینی وەک قازی محەممەد و مامۆستا شێخ عیزەددین حوسەینی و مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی دامەزرێنەری سازمانی خەبات لە بەرانبەر دوژمن دەوێستانەوەو مزگەوتەکانیان کردە کانگای شۆڕش, لە ئێستادا لە گەڵ بە جێ گەیاندنی فەرزو و واجبە ئیسلامی و ئایینیەکان لە مزگەوتەکان، هەروەها دەنگی سرودی نیشتمانی لە بڵێندگووی مزگەوتەوانەو دەبیستین کە نیشاندەرەی ئەوەیە هەموو ئەو پروپاگاندا و تەبلیغاتە نەرێنیەی حکومەت بوو بۆ جیاکردنەوەی مامۆستایانی ئایینی لە خەڵکی ڕاپەڕیو.
بەڵێ بە خۆشیەوە تێکڕای چین و توێژەکانی کۆمەڵگە پێکەوە خۆازیاری نەمانی ئەو حکومەتەن.
بێگومان شۆڕشی هەمە چەشنەو هەمەلایەن و دوور لە هەستی جیاوازیدانان لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و سەرانسەری ئێران کە ئامانجی پیرۆز و ڕەوایە، گومانی تێدا نیە سەر دەکەوێ و ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی دەهاوێتە زبڵدانی مێژوو.