خولی داهاتووی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ڕژیمی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوە دەچێت
خولی شەشەمی دانوستانەکان کە چاوەڕوان دەکرێت لە نێوان شاندی ڕژیمی ئاخوندی بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕژیم و شاندی ئەمەریکایی بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا، سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ڕژیمی ئێران، ڕاگەیەندرا. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێنجشەممەی داهاتوو گفتوگۆی نوێی ئەمەریکا و ڕژیمی ئێران دەست پێدەکا، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لەو بابەتە ئاماژەی بەوە دا، پێدەچێت کۆبوونەوەکە ڕۆژی هەینی یان شەممە بکرێت. لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمی ئێران ڕایگەیاند "ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو خولی شەشەم لە شاری مەسقەت بەڕێوە دەچێت."بەقایی وتی: حکومتی ئێران بەم زووانە پێشنیارێک دەخاتە بەردەم لایەنی ئەمەریکی، لە ڕێگەی عوممانەوە. پێشتر عەباس عراقچی، ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێڕەوی دیپلۆماسی وەستاو لە بارەی پرسی ئەتۆمی، عوممان بەم نزیکانە بەفەرمی وادەی خولی داهاتووی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ڕژیمی ئێران و ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت."لە بەیاننامەیەکدا، عراقچی ڕوونی کردووەتەوە "مەسقەت بەردەوامە لە ڕۆڵی نێوەندگیری کاریگەر لە نێوان ڕژیمی ئێڕان و واشنتن"، پێداگریی لەوەش کردەوە، خولی داهاتوو لەسەر بنەمای پێشنیارێکی نوێ کە ڕژیمی ئێران بەم دواییە لە لایەنی ئەمەریکییەوە وەریگرتووە دەبێت و ڕژیمی ئاخوندی وەڵامی خۆی ئامادە دەکات."