بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە عیبری و ناوچەییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەقدەسیە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران بە هێرشێکی ئاسمانی ورد کراوەتە ئامانج. ئەم ناوچەیە شوێنی هەندێک لە ناوەندە هەواڵگرییەکانی سپای قودس و شوێنی نیشتەجێبوونی پارێزراوی فەرماندە باڵاکانی سپای ڕژیمە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لەم هێرشانەدا، دەفتەری نافەرمی ئیتلاعاتی سپای قودس لە ئەقدەسیە ڕاستەوخۆ کرایە ئامانج، چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە ناوچەکانی ئەقدەسیە، فەرمانیە و داراباد بیسترا. سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لە ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان و بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ شوێنی ڕووداوەکە دەکەن و شایەتحاڵەکان باسیان لە فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان کردووە و بەرگری ئاسمانی دوای تەقینەوەکە چالاک بووە. هەروەها ڕێگەکانی گەیشتن بە ناوچەکە بە خێرایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم گیراوه.