لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان ئیسرائیل و ڕژیمی ئێران کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی دەستی پێکردووە، بەردەوامە، سپای ئیسرائیل بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی لە کەرتی غەززەی داوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی هارتز، سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، سپای ئیسرائیل بەشێک لەو هێزانەی لە میحوەری غەززە جێگیرکراون بۆ ناوچە سنوورییەکانی باکور و ڕۆژهەڵات دەگوازێتەوە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ئەو ناوچانە.
ئەم سەرچاوانە ئەوەشیان زیاد کردووە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەی ئەو سەربازانەی لە غەززە ماونەتەوە دەگاتە کەمتر لە نیوەی ئەو هێزانەی کە پێش دەستپێکردنی پێکدادانەکان لەگەڵ ڕژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بوون.
کاربەدەستانی سپا ڕایانگەیاند کە مەبەست لەم دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکان نیگەرانییە لە ئەگەری دەستێوەردانی گرووپەکانی سەر بە ڕژیمی ئێرانن و پێداگریان لەوە کردەوە کە ئامانجی دەستبەجێی سپا لەناوبردنی هەر هەوڵێکە بۆ دزەکردنە ناو شوێنە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل یان ژێرخانی سەربازی لە نزیک سنوورەکان.