سپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ۲۶ی جۆزەردان، ڕایگەیاند کە مووشەکێک کە لە یەمەنەوە تەقێندرابوو پێش ئەوەی بچێتە ناو ئاسمانی ئیسرائیلەوە کەوتە خوارەوە.
ئەم ڕاگەیاندنە دوای چەند سەعاتێک لە دەنگی ئاگادارکەرەوە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئیسرائیل هات.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، سپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: دوابەدوای چالاککردنی ئاگادارکەرەوەکان کە لە چەند ناوچەیەک دەنگی دایەوە، ئەوە ڕوون بووەوە کە ئەو مووشەکەی لە یەمەنەوە تەقێندرابوو پێش ئەوەی بگاتە خاکی ئیسرائیل کەوتووەتە خوارەوە.
گرووپی حوسی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ۲۴ سەعاتی ڕابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی ئێران، چەندین مووشەکی بالیستیکیان بۆ شاری یافا لە ناوەڕاستی ئیسرائیل هاویشتووە.