شۆرشی گەلی کورد و گەلانی ئێران نە لەسەر ئەساسی ناکۆکی دەرەکی شکلی گرتووە و نە بەکۆتایی شەری دەرەکیش شۆرش وبەرخودانی کورد کۆتایی پێ دێ، بۆیە کۆتایی هاتنی ئەم ململانێیە بە مانای کۆتایی هاتنی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە.
زیاتر لە ٤٠ ساڵە هەردوو رژیمی ئێران و ئیسرائیل خەریکی شەڕی بە وەکالەت بوون؛ شەڕێک کە هەندێک جار بە نهێنی و هەندێک جار بە ئاشکرا، لە ئاستی ئەمنی و هەواڵگری و هەندێکجاریش سەربازیدا بەردەوام بووە. لەم ساڵانەدا هەردوولا چەندین جار هەڕەشەیان لە بەرامبەریان کردووە و شوێنپێیان گرتووە و تەنانەت یەکتریان کردۆتە ئامانج.
بەڵام ئەوەی گرنگە و پێویستە پێداگری لەسەر بکرێتەوە ئەوەیە کە رژێمی ئێران بە دروشمی "نەهێشتنی ئیسرائیل" و بە خراپ بەکارهێنانی هەستی گشتی هەوڵی داوە زۆرێک لە سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی خۆی پاساو بداتەوە. ڕژێمێک کە بە کردەوە لە بری ئەوەی بەڕاستی پشتیوانی گەلی فەلەستین بکات یان ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە، گروپی بە وەکالەتی لە سەرانسەری ناوچەکەدا پێکهێناوە و تەیاریانی کردووە و نائەمنی و ململانێ و قەیرانی بڵاوکردۆتەوە.
ئەم سیاسەتانە نەک هەر سوودی بۆ خەڵکی ئێران نەبووە، بەڵکو تێچووی قورسیان بەسەر میللەتدا سەپاندووە بە خەڵکی کوردستانیشەوە. جا چ لە شێوەی سەرکوتی ناوخۆ، یان خۆ شاردنەوە لە پشت "پرسی ئیسرائیل" بۆ دوورکەوتنەوە لە وەڵامدانەوەی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان و خەرج کردنی بەشێکی بەرچاوی داهاتی گشتی لەو تەماعە شەرئەنگێزانەیە.
کورد زۆر باش دەزانێت کە ئەم شەڕانە لە بەرژەوەندی ئەودا نییە و ئەوەی رژیم لەژێر ناوی پاراستنی خەڵکی مەزلومی فەلەستین ئەیکا تەنیا رشتنی فرمێسکی تیمساحیە لەکاتێکدا گەلانی ئێران بەگشتی لەخراپترین دۆخی ژیان دا بەسەر ئەبەن.
ئەوەی لەکۆتایش دەستی کەوت خاپوور بوون ولەناوچوون سەدان مۆرەی سەر بەدەسەلات و بە تریلێون دلار پارەی خەرج کراو لەو پرۆژانەدابوو. هەروەها رەزاڵەت و سووکایەتی نێونەتەوەیی بەبۆنەی ئەو شکستە سەربازیی و ئەمنی و ستراتیژیە بەرهەمی ئیدعا گەورەکانی رژیمی ئاخوندی لەماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوو بوو.
جیاواز لەوانە ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە لاوازیی و شکستی بێ وێنەی ئاخوندانە و هێشتاش سورپاریزی تر چاوەروانیان ئەکات و پێویشتە گەلانی ئێران ئەو دەرفەتە لەبارە بە قازانجی بردنەپیشەوەی خەباتی چەندین ساڵەیان دژی دیکتاتوریەتی ئاخوندی بە،کار بێنن.
بێگومان رژیمی تاران زیاتر لەهەر کاتێکی تر لاواز و بێ دەرتانە و رەنگ بێ ئەودەرفەتەی ئێستا هەڵێکی زێرین بێ کە بۆ گەلانی رەنجدیتووی ئێرانی رەخساندووە.